ڕاپۆرتی کوردستانی

05:44 - 12/03/2020

ڕۆژئاوای کوردستان لە راپەرینی قامشلۆوە بۆ خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتی‌

پەیسەر

راپەرینی خەڵکی شاری قامشلۆ ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٤دا کە هەموو دامودەزگاکانی ڕژێمی سوریا بۆ چەند ڕۆژێک کۆنتڕۆڵکران، بوو بە بناغەی شۆڕشی ساڵی ٢٠١٢ی ڕۆژئاوای کوردستان.

لە ١٢ی ئازاری ساڵی ٢٠٠٤ دا خەڵکی شاری قامشلۆ و هەوادارانی تۆپی پێ لە یاریگای بەلەدی قامشلۆ چاوەڕێی یاری نێوان تیپی جیهاد و تیپی فەتوایان دەکرد کە لە چوارچێوەی خولی پلە یەکی سوریادا بەڕێوەدەچوو.

ڕووداو نەبوو پیلان بوو
پێش چەند خولەکێک لە دەستپێکردنی یاریەکە، لایەنگرانی یانەی فەتوا کە لە دێرەزۆرەوە هاتبوون، دەستیان بە وتنەوەی دروشم بۆ پشتگیریکردن لە سەدام حسێن سەرۆکی ئەو کاتەی عێراق و حزبی بەعس کرد و کوردیان وەک پیاوی بێگانە لەقەڵەمدا و سووکایەتیان  بە هەرێمی کوردستان کرد و بەو شێوەیە ئاشکرا بوو کە پێشتر پیلانەکە دارێژراوە.

هەرچەندە کوردەکان هەستیان بە پیلانەکە گرت و دانیان بەخۆیاندانا بەڵام لایەنگرانی یانەی فەتوا بە دار و بەرد کە بۆ ناو یاریگاکە هێنرابوون، هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیە کوردەکان و لەنێوان هەردوولادا شەڕ ڕوویدا. هەرچەندە عەرەبەکانی دێرەزۆر پەلاماری کوردەکانیاندا بەڵام بە فەرمانی قایمقامی قامشلۆ هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیە کوردەکان و دەستیان بە تەقە کرد و لە ئەنجامدا ٣ گەنجی کورد شەهید بوون و بە دەیان گەنجیش برینداربوون.

 

ڕۆژی دواتر بە هەزاران کەس بەشداریان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو ٣ گەنجە کرد، بەڵام هێزە ئەمنیەکان دیسان هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیە کوردەکان و لەنێوانیاندا شەڕ ڕوویدا و بە دەیان کەس کوژران و برینداربوون.

ڕژێم لەوەدەترسا ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژئاوا دووبارە ببێتەوە
لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەمریکا هێرشی کردبووە سەر عێراق و دەسەڵاتی سەدام حسێنی ڕووخاندبوو، بەو هۆیەشەوە ڕژێمی بەعسی سوریا لەوە نیگەران بوو و بە هیچ شێوەیەک دانی بە دەسەڵاتی فیدڕالی کورد لە هەرێمی کوردستانی دانەدەنا و چەندین جاریش کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان چالاکی و خۆپیشاندانیان بۆ پشتگیری لە سیستمی فیدڕالی عێراق پیشاندابوو کە کورد لە باشووری کوردستان ببووە خاوەن پێگەیەکی خۆی و ئەو سیستمەشیان بۆ سوریا پێشنیاز دەکرد.

 

لەبەرئەوە ڕژێمی بەعسی سوریا ڕووداوی یاریگاکەی بەلەدی کە بووە هۆی هەڵگیرسانی ڕاپەرینێکی گەورە وەک دەرفەتێک بینی بەو شێوەیە ویستی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان چاوترسێن بکات.

هەرچەندە ڕژێم وایدەزانی بە چاوترساندن و کوشتن و ئەشکەنجەدان دەتوانێت گەلی کورد لە داواکاری مافی نەتەوەیی، ناسنامە، زمان دووربخاتەوە، بەڵام پیلانەکانی دوژمن پێچەوانە بوونەوە و ڕووداوەکانی قامشلۆ بۆ ڕاپەرینی گەل گۆڕا و هەموو ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە و هەرچەندە راپەرینەکە چەند ڕۆژێکی خایاند و ڕژێم توانی دۆخەکە کۆنتڕۆڵبکاتەوە، بەڵام بووە هۆی ئەوەی هاولاتیە کوردەکان خۆیان بەڕێکخستن بکەن و هوشیاری نەتەوەیش زیاتر پەرەیسەند.

دوابەدوای ڕاپەرینی قامشلۆ گەنجانی کورد لە ژێر ناوی جیاوازدا لە زانکۆ و پەیمانگە و شارەکاندا دەستیان بە ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە کرد و هەموو ساڵێک لە ساڵیادی ڕاپەرینی قامشلۆدا خۆپیشاندان و چالاکیان ئەنجامدا و یادی شەهیدانی قامشلۆیان دەکردەوە.

ڕاپەرینی قامشلۆ بووە بناغەی شۆڕشی ٢٠١٢ی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان
دوای نزیکەی ٨ ساڵ و تێکچوونی دۆخی سوریا و شەڕی ناوخۆیی سوریا، گەنجانی کورد بە پێشەنگایەتی پارت و رێکخراوە کوردیەکان لە ١٩ی تەموزی ٢٠١٢ دەستیان بە ڕاپەرین کردەوە.

گەنجان بە دروشمی زیندووکردنەوەی راپەرینی قامشلۆ ڕژانە ناو شەقامەکان و وێنەی شەهیدانی قامشلۆیان بەرزکردەوە و هەڵیانکوتایە سەر دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس و سەرەتا لە شاری کۆبانێ و دواتر لە قامشلۆ و شارەکانی تر ڕژێمی سوریا لە ڕۆژئاوای کوردستان وەدەرنرا و سیستمێکی کوردستانی دامەزرا کە لە ئێستادا وەک خۆبەڕێوەبەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە.

 

بەو شێوەیە ڕاپەرینی گەنجانی قامشلۆ لە ١٢ی ئازاری ٢٠٠٤دا بوو بە بناغەی شۆڕشی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ قۆزتنەوەی دەرفەتی لاوازبوونی ڕژێمی سوریا، توانرا ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕژێمی بەعس پاکبکرێتەوە.

لە ئێستادا و لەدوای ١٦ ساڵ پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە کورد، عەرەب، ئاشووری و ئەرمەنەوە بەشداریی لە ساڵیادی ڕاپەرینی قامشلۆ و یادکردنەوەری شەهیداندا دەکەن.