ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:01 - 12/03/2020

ئەمریکا و حەشدی شەعبی.. دۆستی باوک دوژمنی کوڕەکانییەتی!‌

پەیسەر

ناوەڕاستی مانگی پێنج – ئایاری ٢٠١٧ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کاتێ چوو بۆ سعودیە، لە بەردەم بەرپرسانی باڵای سعودیەدا وتی: وا داعش لە عێراق بەرەو کۆتایی دەچێ، پێویستە ئیتر حەشدی شەعبیش بچنەوە ماڵ و وڵاتی خۆیان!
ئەم قسانەی ترەمپ ئاماژەبوون بەوەی کە ئەندامانی حەشدی شەعبی، ئێرانین و ئیتر لە عێراقدا رۆڵیان نەماوە.

 
ئایا بۆچی ترەمپ لە بەردەم شا و شازادەکانی سعودیە وایوت؟ هەر بەڕاستی ئەمریکا دژی حەشدی شەعبییە و بە مەترسی دەزانێ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی؟

هێزێکی شەرعێنراو
حەشدی شەعبی کە تێکەڵەیەکن لە چەندین هێز و گروپی جیاواز کە خاوەنی ملیشیای تایبەتن، ئێستا بەڕەسمی بەشێکە لە سوپا و سیستمی بەرگریی عێراق. مانگی ١١ی ٢٠١٦ پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ وەکو هێزێکی نیزامیی پەسەندی کردووە. لە هەمووی گرنگتر بۆ ئەوان، فتواو پشتیوانی (ئایەتوڵڵا سیستانی)مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراقی هەیە.

عێراقییەکان شانازی بەوەوە دەکەن کە داعش لەسەر دەستی حەشدی شەعبیدا کۆتایی پێهێنرا، لەم پێناوەدا ئەم هێزە هەزاران کوژراو و برینداریدا.

باشە هێزێک ئەو هەموو بەڵگە یاسایی و نیزامیی و تایفییەی هەبێ، بۆچی ئەمریکا ئەوەندە رقی لێیەتی؟ ئەمریکا کە دەست و دۆستێکی هەرەباڵای حکومەتی عێراقە، چۆنە لە کوڕی ئەم دۆستە چووە بە قیندا و ئەوەندە بە خوێنی سەریان تینوویەتی؟

کەنداو ئامانجە یان ئەمریکا؟
هاوینی ساڵی ٢٠١٦ وەزیری دەرەوەی سعودیە (عادل جوبەیر) رایگەیاند: چەکدارانی میلیشیای حەشدی شەعبی نزیک بوونەتەوە لە سنوورەکانمان. لەبەر ئەوەی ئەم هێزە ملیشیایەکی تایفییە، ریاز نیگەرانەو ناڕەزاییەکانی خۆمان گەیاندووە بە بەغدا.

ئەم هۆشداریدانەی سعودیە لە کاتێکدابوو کە هێشتا حەشد بە رەسمی نەناسێنرابوو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە.

سعودییەکان بێ پەردە دەیانوت ئەم هێزە بەکرێگیراوی ئێرانەو لەژێر پەردەی پاسەوانی سنوورەکانی عێراق، هێنراونەتە نزیکی سعودییەوە. تەنانەت وەزیری دەرەوەی سعودیە وتی: " ئێمە دەمانەوێ بزانین ئایا ئێران دەوڵەتە یان شۆڕش.. ئەگەر دەوڵەتە میلشیای بۆچیە؟"


چەند رۆژ پێش ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی سعودیە، قەیس خەزعەلی فەرماندەی (کەتیبەکانی ئەهلی عەسایب) کە هێزێکی سەرەکی حەشدی شەعبییە وتبووی: "حەشدی شەعبی ئامادەیە بۆ پاراستنی مافی مافخوراوان بچێتە وڵاتانی کەنداو و بەرگریی لەو موسڵمانانە بکات کە لەلایەن دەوڵەتەکانیانەوە ستەمیان لێدەکرێ" ئەوەش ئاماژەبوو بە شیعەکانی بەحرەین و سعودیە و کوەیت.

دوای ئەو قسانەی خەزعەلی و نزیکبوونەوەی حەشدی شەعبی لە سنوورەکانی سعودیە، ئیتر سعودیە و هاوپەیمانەکانی سێرەیان لە حەشدی شەعبی گرت و وەکو " دوژمنی داهاتوو" حسابیان بۆ دەکرد.

ساڵی ٢٠١٦ – ٢٠١٧ ساڵی پێناسەکردنی حەشدی شەعبی بوو بە دوژمنی وڵاتانی سوننەی کەنداو، ئەمەش بە مانای دوژمنی دۆستەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا دێت. بۆیە لەو کاتەوە تائێستا نێوانی کۆشکی سپی و بەغدا، ئەگەر کێشەی گەورەی تێکەوتبێ، یەکێک لە هۆکارەکانی حەشدی شەعبییە.

دوای داعش نۆرەی حەشدە؟
برێت مەکگۆرگ نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش، کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ لە تویتێکدا ئەم پرسیارەی کردبوو:
"دوای داخستنی دەرگای داعش، ئایا ٢٠١٧ نۆرەی کردنەوەی دەرگای حەشدی شەعبیە؟"
پرسیارەکە بۆ ئەو کات، تەنیا وەکو هەواڵێکی رۆژنامەوانیی مامەڵەی لەگەڵدا کرا. بەڵام رووداو و پێشهاتەکان دەریانخست، ئەمە ستراتیژێکی کۆشکی سپییە لە ساڵانی داهاتوودا.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ و سەرەتای ٢٠٢٠ دا، نێوانی حەشدی شەعبی و سوپای ئەمریکا خوێنڕژانی تێکەوت. لە مانگی ئابی ٢٠١٩ لە زنجیرەیەک هێرشدا بۆ سەر بارەگاکانی حەشد لە چەند ناوچەیەکی عێراق، سەدان چەکداری ئەم گروپە کوژران.

سەرەتا وا راگەیەنرا سەرچاوەی هێرشەکان نادیارە، بەڵام دواتر ئاشکرابوو فڕۆکەکانی ئەمریکا ئامانجەکانیان پێکاوە.

لە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر تا کۆتایی ساڵ، حەشدی شەعبی گەمارۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکایاندا لە بەغدا. دوای ئەم رووداوە ئیتر گرژییەکان گەیشتنە ئاستێکی توند.

بەڵام بە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، دوژمنایەتییەکان گەیشتنە لوتکە و حەشدی شەعبی رایگەیاند: لەمڕۆ بەدواوە لەگەڵ ئەمریکادا دەکەونە شەڕەوەو لە هەموو شوێنێکەوە هێرشیان دەکرێتەسەر.

دوایین رووداوی ئەم خوێنڕشتنە، هێرشکردنەسەر سەربازگەی ئەلتاجی بوو لە نزیک بەغدا کە سەربازانی ئەمریکای لێیە لە شەوی ١١ی ٣ی ٢٠٢٠ هەرچەندە هیچ لایەک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام ئەمریکا دەستبەجێ حەشدی شەعبی تاوانبار کرد و بە هێرشێکی ئاسمانیی وەڵامی دایەوە.

لەو هێرشەدا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە نزیک سنوورەکانی سوریا، زیاتر لە ١٨ چەکداری حەشد کوژران و چەند کەسی تر برینداربوون.

بەغدا گیرۆدەیە
ئێستا کێشە هەرەگەورەکە بۆ حکومەتی عێراق ماوەتەوە، ئایا دەتوانێ دەستبەرداری ئەمریکابێ بۆ حەشدی شەعبی؟ ئەگەر ئەم بڕیارە بدات، دەوڵەت چی پێدەکرێ؟
ئەی دەتوانێ دەستبەرداری  حەشدی شەعبی بێت بۆ ئەمریکا؟

حەشدێک کە مەرجەعی باڵا فتوای بۆ دەرکردووەو پەرلەمان پەسەندیکردووە، بە یاسا بەشێکە لە سیستمی بەرگریی وڵات و لەژێر فەرمانی فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکاندایە، چۆن دەتوانێ هەڵیوەشێنێتەوەو بڵاوەیان پێ بکات؟

ئەی ئەمریکایەک کە ئابووری و تاڕادەیەک ئەمنیەت و سومعە نێودەوڵەتییەکەی بۆ دەپارێزێ، چۆن دەکرێ وازی لێبهێنرێ و بکرێتە دەرەوە؟

بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر سەختە کاتێ دەبینێ کوڕەکانی بە دەستی دۆستەکانی دەکوژرێن، ناتوانێ هیچ شتێ بڵێ لەبەر ئەوەی دارێکی بە دەستەوەیە، هەردوو سەرەکەی ئاگرە.

دوای نزیکەی چوار ساڵ لە پرسیارەکەی مەکگۆرگ، ئێستا تەقریبەن وەڵامەکە دەرکەوتووە، بەڵ دوای داخستنی دەرگای داعش، نۆرەی کردنەوەی دەرگای حەشدبوو. بەڵام هێشتا یارییەکە کۆتایی نەهاتووە.