ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

08:55 - 12/03/2020

هێرشه‌كه‌ی تاجی ده‌رگاى گێژاوێكى دیكه‌ى به‌ڕووى عێراقدا كرده‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

شه‌وی رابردوو هێرش كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازیی تاجی ئه‌مریكا له‌ باكووری شاری به‌غداد، دوو سه‌ربازی ئه‌مریكی و سه‌ربازێكی به‌ریتانی كوژران، ١٢ سه‌ربازی تریش برینداربوون، زۆری نه‌خایاند به‌ فڕۆكه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنوره‌كانی عێراق و سوریا، به‌هۆیه‌وه‌ ٢٦ چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ند گرووپێكی تر كوژران، میدیاكانی عێراق وا بڵاویانكرده‌وه‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی،  تۆڵه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بووه‌.

"له‌توانای داعش-دا نیه‌"

دواى هێرشه‌كه‌ مشتومڕى ئه‌وه‌ دروستبوو كه‌ كێ هێرشێكى له‌و جۆره‌ى پێده‌كرێت؟ په‌نجه‌ى تۆمه‌ت رووى له‌ داعش و حه‌شدى شه‌عبییه‌، به‌ڵام هه‌نێك بۆچوون هه‌ن كه‌ پێیان وایه‌، داعش تواناى له‌و جۆره‌ى نه‌ماوه‌ سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان به‌ ئامانج بگرێت. 

حه‌سه‌ن ئالی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ په‌یسه‌ر پرێس قسه‌ى كردوو پێى وایه‌، داعش تواناى هێرشى له‌وجۆره‌ى نییه‌،"بۆیه‌ هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌ پشته‌وه‌ بێت. به‌م دواییانه‌ جموجوڵی داعش له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ زانستی سه‌ربازی ئه‌وه‌ لێكبدرێته‌وه‌، هێرشه‌كانی داعش له‌ عێراق سنوردارن".

ئالى هێرشه‌كه‌ى ئه‌مریكاى بۆسه‌ر حه‌شد به‌ به‌ڵگه‌ى قسه‌كانى هێنایەوه‌،"ئه‌مریكا خاوه‌نی تۆڕێكی هه‌واڵگری به‌هێزه‌ و ئه‌گه‌ر دڵنیا نه‌بوایه‌، هێرشی نه‌ده‌كرده‌وه‌ سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی و ژماره‌یه‌ك چه‌كداریان بكوژێت".

ئه‌و هێزانه‌ی هاتوونه‌ته‌ عێراق له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن، رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگریدا هه‌یه‌ و پاراستنی ژیانیان له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقدایه‌.

هێرشه‌كه‌ی تاجی بۆ؟

له‌ دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، له‌ ٣-١-٢٠٢٠ شیعه‌كان چه‌ند جارێك به‌ڵێنی تۆڵه‌كردنه‌وه‌یان دا، به‌ڵام دواتر بێده‌نگ مانه‌وه‌، بۆچوونێك پێى وابوو شیعه‌كان له‌ باسكردنی تۆڵه‌ی سوله‌یمانی و هاوڕێكانی پاشگه‌زبوونه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی رۆژی ٥-١-٢٠٢٠ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كانی په‌سه‌ند كرد به‌ڵام نه‌ حكومه‌ت و نه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه‌ نه‌یانتوانی جێبه‌جێی بكه‌ن، یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م هێرشه‌، به‌شێك بووبێت له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی خوێنی سوله‌یمانی و موهەندیس.

هێرشه‌كه‌ی تاجی و شه‌مخانی

رۆژی ٧ی ئازار عه‌لی شه‌مخانی ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران، به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك گه‌یشته‌ به‌غداد، سه‌عد مه‌تڵه‌بی سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌ی شه‌مخانی بوونی سوپای ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكی عێراق و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جموجوڵه‌كانی داعش بووه‌. دیار نییه‌ نزیكیى ته‌وقیتى سه‌ردانه‌كه‌ى شه‌مخانى و هێرشه‌كه‌ى تاجى به‌ هه‌ڵكه‌وته‌ یاخود گرێدراوى یه‌كن. 

تاڵیبان و تاجی

رۆژی ٢٩ی شوباتى رابردوو ئه‌مریكا و بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان، رێككه‌وتنێكی ئاشتییان واژۆكرد، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌مریكا و ناتۆ له‌ ماوه‌ی ١٤ مانگدا ته‌واوی هێزه‌كانیان له‌ئه‌فغانستان ده‌كێشنه‌وه‌، یه‌ك رۆژ پێش هێرشه‌كه‌ی سه‌ر تاجی میدیاكانی ئه‌مریكا بڵاویانكرده‌وه‌، کە واشنتۆن ده‌ستیكردووه‌ به‌كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ ئه‌فغانستان.

بۆچوونێكى دیكه‌ى چاودێرانى ئه‌و رووداوانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر بنكه‌ی تاجی هه‌وڵێكی شیعه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ناچار بكرێن عێراق جێبهێڵن، به‌ تایبه‌تیش كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و به‌ دیاریكراویش شیعه‌كان له‌وه‌ بێ ئومێد بوون كه‌ له‌ رێگه‌ی بڕیاری په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌مریكا عێراق جێبهێڵێت، به‌ڵام پێناچێت ئه‌مریكا سیناریۆی ئه‌فغانستان له‌ عێراق دووباره‌ بكاته‌وه‌.

له‌ كوێ هێزی بیانی هه‌بێت، كاردانه‌وه‌ش ده‌بێت

زۆرینه‌ى شیعه‌كانى عێراق، سه‌باره‌ت به‌ بوونى سوپاى ئه‌مریكا له‌ خاكى عێراق گوتارى توندیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتدارێتییان له‌ عێراق تاڕاده‌یه‌كى زۆر په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌مریكاوه‌. ریاز مه‌سعودی سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی سائیرون بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى:"ته‌واوی هێزه‌ بیانییه‌كانی ناو عێراق، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر داوای حكومه‌تیش هاتبن داگیركه‌رن، له‌هه‌ر كوێیه‌ك هێزه‌ بیانییه‌كان هه‌بن كاردانه‌وه‌ش هه‌یه‌".

"نازاندرێت كێ ئه‌نجامیداوه‌"

مه‌سعودی ده‌ڵێت:"له‌ راستیدا ئێمه‌ و حكومه‌ت نازانین كێ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر تاجی ئه‌نجامداوه‌، ئایا حه‌شدی شه‌عبی بووه‌ یاخود میلیشاكان؟ یان چه‌كدارانی رێكخراوی قاعیده‌؟ یان داعش؟ یان رێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌كانی دیکە بوون؟ ئێستا عێراق پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ یه‌ك بڕیاری ئه‌منیی هه‌بێت، یه‌ك سوپا و یه‌ك پۆلیس، كه‌ به‌رپرس بن به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی عێراق، له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات. به‌ به‌رده‌وامی ده‌ڵێین لاوازی ده‌وڵه‌ت و فره‌سه‌رچاوه‌یی بڕیار له‌ عێراق، زیان به‌ به‌رژەوه‌ندی گه‌لی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت".

سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ ئیدانه‌یان كرد
سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عێراق( سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران) ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی تاجییان كرد، به‌ڵێنی لێكۆڵینه‌وه‌ و سزادانی به‌رپرسیارانی هێرشه‌كه‌یان دا.

هه‌رچه‌نده‌ هێرشه‌كه‌ى تاجى درێژكراوه‌ى به‌ركه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كانى هاوپه‌یمانان و گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌ له‌ عێراق، به‌ڵام كوژرانى سێ سه‌رباز له‌ یه‌ك كاتدا، دوور نییه‌ عێراق بخاته‌ گێژاوێكى ئاڵۆزتره‌وه‌ له‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌، دۆخى عێراق خۆى له‌ خۆیدا نییه‌ و ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌رى دیار نییه‌، به‌ركه‌وتنى ئه‌مریكییه‌كانیش به‌ردێكى دیكه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر بارى شانى عێراق و دۆخه‌ ئاڵۆسكاوه‌كه‌ى.