05:40 - 25/12/2018
كێشه‌ی ناوخۆیی و جیابوونه‌وه‌كان بزوتنه‌وه‌یان خسته سه‌ر ساجى عه‌لى
بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى له سەرەتای له‌دایكبوونیه‌وه له سنه، كێشه‌ناخۆییه‌كان به درێژایى ٣١ ساڵ یه‌خه‌ى ئه‌و حزبه‌ى به‌رنه‌داو تائێستاش به‌رپرسه‌كانى خۆى لێهه‌ڵده‌وه‌رن، ناڕه‌زایى و نیگه‌رانى و تۆرانه‌كان، ئه‌و حزبه‌یان له سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتدارێتى فراوان و هێزو پاره‌و رێكخستن و ناوچه‌ى جوگرافى فراوانه‌وه خسته سه‌ر ساجى عه‌لى.
ئه‌مڕۆ شه‌ش ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى له حزبه‌كه دوركه‌وتنه‌وه، له نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان هه‌مان ئه‌و خاڵانه‌یان نوسى كه له ساڵى ١٩٨٩ ه‌وه، له‌نامه‌كانى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه ده‌نوسرێن له‌و حزبه‌داو بیانووى باوى دابه‌زینه له شه‌مه‌نده‌فه‌رى بزوتنه‌وه، ئه‌وانیش "نه‌بوونى شه‌فافیه‌ت ناڕوونى له شێوازى بڕیاردان، دارایى حزب، مه‌ركه‌زیه‌تى بڕیاردانن".
بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى ساڵى ١٩٨٧ له سنه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى گشتیدا دامه‌زرێندرا، له‌دایكبوونه‌كه‌ى بۆخۆى به‌رهه‌مى جیابوونه‌وه‌یه‌كى دیكه بوو، كاتێك عوسمان عه‌بدولعه‌زیز له‌ژێر چه‌ترى ئیخوانه‌كان هاته ده‌ره‌وه‌و مه‌یلى خۆى بۆ خه‌باتى چه‌كدارى راگه‌یاند، سه‌ره‌ڕاى نیگه‌رانى به‌رپرسانى باڵاى ئیخوان و ئاگاداركردنه‌وه‌ى و گه‌ڕانه‌وه‌ى زۆرێك له نزیكه‌كانى بۆ ناو ئیخوان، به تایبه‌ت مه‌لا سدیق عه‌بدولعه‌زیزى براى، ئه‌و هه‌ر سوربوو له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى بۆ دروستكردنى حزبى چه‌كداریى و شێوازێكى نوێى خه‌باتى ئیسلامى.
له‌و كۆبوونه‌وه‌ى سنه‌دا، حزبى په‌یوه‌ندى ئیسلامى كه شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجى به‌رپرسى یه‌كه‌مى بوو له ساڵى ١٩٧٨ دامه‌زرابوو نه‌ماو چووه بۆته‌ى حزبه نوێیه‌كه، بزوتنه‌وه كه عوسمان عه‌بدولعه‌زیز بووه رابه‌رى عه‌لى باپیریش كه‌سایه‌تى دیارى ئیسلامییه‌كان و ژماره‌یه‌ك مه‌لاى دیكه، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌ستیان دایه پرۆژه نوێیه‌كه‌یان، له‌وێوه به په‌یام و پرۆژه‌ى نوێوە گه‌ڕانه‌وه‌و چه‌ند هێزێكى چه‌كداریان دامه‌زراند.
له كوێوه كێشه‌كان سه‌ریان هه‌ڵدا
دواى ته‌نها دووساڵ له دامه‌زراندنى كێشه ناوخۆییه‌كانی حزبه‌كه ته‌قینه‌وه، ناكۆكى سه‌ره‌كى ئه‌وكات له‌نێوان باڵى مه‌لاكان و عه‌لى باپیر و چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا بوو، عه‌لى باپیر و محه‌مه‌د شاره‌زوورى و عه‌بدولقادرى برایه‌تى، ده‌موچاوى دیارى ناڕازییه‌كانى ئه‌و ساڵه بوون، كه دواى عاجزبوون و دانیشتنیان كێشه‌كه كپكراو ده‌ستیان به كار كرده‌وه له‌ناو بزوتنه‌وه، وه‌ك باس ده‌كرێت نیگه‌رانى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى حزبه‌كه له‌سه‌ر ناڕونى سیاسه‌ت و دیارنه‌بوونى ستراتیژى بووه، هه‌روه‌ها كێشه‌یان هه‌بووه له‌گه‌ڵ میكانیزمى بڕیاردان، كێشه‌ى فكریش له‌سه‌رتاوه هه‌ر هه‌بووه، به جۆرێك بزوتنه‌وه تێكه‌ڵه‌یه‌ك بووه له مه‌یلى ئیخوانییانه و سه‌له‌فیانه و جیهادییه‌كان.
بزوتنه‌وه به برینه‌كانیه‌وه به‌رده‌وام بوو له رۆشتن ساڵى ١٩٩٢ عه‌لى باپیر بووه به‌رپرسى مه‌كته‌بى رێكخستن و محه‌مه‌د بازیانى بووه جێگرى، ده‌وترێت له‌و ساڵه‌وه عه‌لى باپیر هه‌وڵیداوه له‌رێگه‌ى دانانى مه‌نهه‌جێكه‌وه بۆ رێكخستنه‌كان، بۆچوونه نه‌رم و تونده‌كان له‌سه‌ر خه‌تێك كۆبكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش كێشه‌ى دیكه‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا، به‌شێك له مه‌لاكان له‌وه نیگه‌ران بوون پێیان وابوو خۆیان سه‌رچاوه‌ى ئیجتیهاد و فتواكانى حزبن، هاوكات به‌شێك له گه‌نجه‌كانیش باوه‌ڕیان به یاخیبوون هه‌بوو، بۆیه ئه‌وه جیابوونه‌وه‌ى به‌داوادات هات.
ساڵێك دواتر باڵێك به‌ناوى مه‌دره‌سه‌ى قورئان جیابوونه‌وه، ئه‌وان به‌شێك له گه‌نجه توندڕه‌وه‌كان بوون، ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسی‌یان له‌گه‌ڵ نه‌بووه به‌ڵام هێزى چه‌كدارى خۆیان هه‌بووه، وه‌ك باس ده‌كرێن ئه‌وان توندڕه‌وبوون و باوه‌ڕیان به جیهاد هه‌بووه دژى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى هه‌رێم، تۆمه‌تبارن به تیرۆركردنى فه‌ره‌نسۆ حه‌ریرى، به‌رپرسى باڵاى پارتى له هه‌ولێر.
بزوتنه‌وه كۆتایى ساڵى ١٩٩٣ و سه‌ره‌تاى ١٩٩٤ كه‌وته شه‌ڕه‌ى خوێناوییه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كێتى، كه دواتر به نێوه‌ندگیرى چه‌ند وڵاتێك و مه‌سعود بارزانى و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى دیكه شه‌ڕه‌كه وه‌ستا، به‌ڵام شه‌ڕه سارده‌كه‌ى ناوخۆى بزوتنه‌وه‌ى هه‌ر به‌رده‌وام بوو له ساڵى ١٩٩٧ گیشته لێوارى ته‌قینه‌وه.
عه‌لى باپیر سه‌رپه‌رشتى باڵێكى دیارى ناڕازییه‌كانى ده‌كرد، هێزى دووى سۆرانیش وه‌ك ده‌وترێت ده‌وڵه‌تى ناو ده‌وڵه‌ت بوون كه دواتر گۆڕان بۆ جوندوالائسلام، و له‌ناوخۆى بزوتنه‌وه پابه‌ندنه‌بوون به بڕیار‌و دیسپلینى حزبه‌وه ئاماده‌كارییان ده‌كرد بۆ جیابوونه‌وه، مه‌لا كرێكاریش كه به‌رپرسى هێزه‌كانى بزوتنه‌وه بوو باڵى ئیسلاحى هه‌بوو، به هه‌مان شێوه ناڕازى بوو به‌ڵام په‌یوه‌ست نه‌بوو به‌و دوو باڵه‌وه.
ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت عه‌لى باپیر و مه‌لا كرێكار، دوان له‌و به‌رپرسانه‌ى بزوتنه‌وه‌ن كه له‌سه‌ره‌تاوه به نوسین و خوێندنه‌وه‌وە سه‌رقاڵ بوون، به رۆشنبیره‌كانى بزوتنه‌وه ده‌ناسران، به‌ڵام ئه‌و دووسه‌ره هه‌رگیز دانویان پێكه‌وه نه‌كوڵاوه له‌و حزبه‌داو پێكه‌وه له باڵێكدا نه‌بینراون.
بۆ راگرتنى هه‌موو ئه‌و ناكۆكییانه‌ى دروست بووبوون له‌و قۆناغه‌دا بیر له دروستبوونى یه‌كبوون كرایه‌وه، دواجار یه‌ك بوون به پارچه چارچه بوون كۆتایى هات، پێكهاتنه‌كه به جۆرێك بوو ساڵى ١٩٩٩ بزوتنه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌هزه، یه‌كیان گرت و ئۆرگانه‌كانیان یه‌كخرا، نه‌هزه مه‌لا سدیقى براى مه‌لا عه‌لى عه‌بدولعه‌زیز رابه‌رایه‌تى ده‌كرد، دواتر بووه جێگرى رابه‌رى بزوتنه‌وه واته جێگرى براكه‌ى.
هه‌موو كێشه‌كان دواى ساڵێك له پێكهێنانى یه‌ك بوون ته‌قینه‌وه، كۆنگرەی ٢٠٠٠ى ته‌وێڵه سه‌ره‌تاى پارچه‌پارچه بوونى ئه‌و حزبه بوو كه به جۆرێك هه‌ندێك به پشت شكانى بزوتنه‌وه وه‌سفى ده‌كه‌ن، له‌و كۆنگره نه‌هزه‌كان و باڵى عه‌لى باپیر یه‌كیان گرتوو زۆرینه‌ى سه‌ركردایه‌تییان برده‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ خه‌تى گشتى بزوتنه‌وه قبوڵكراو نه‌بوو، ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ده‌كرێت كه عه‌لى عه‌بدولعه‌زیز رابه‌رى بزوتنه‌وه له‌كاتى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى كۆنگره بوراوه‌ته‌وه.
باڵه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامى كۆنگره پێكنه‌هاتن دواى چه‌ند مانگێك مشت‌ومڕ، به‌شێكى زۆرى سه‌ركردایه‌تى له بزوتنه‌وه جیابوونه‌وه كه نه‌هزه‌و خه‌تى عه‌لى باپیر بوون و كۆمه‌ڵى ئیسلامی‌یان راگه‌یاند، هه‌روه‌ها هێزى دووى سۆرانى بزوتنه‌وه كه چه‌ند ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسی‌یان له‌گه‌ڵ بوو جیابوونه‌وه‌و چوونه ناوچه سه‌خته‌كانى هه‌ورامان و جوندولئیسلامیان دروستكرد.
باڵى ئیسڵاحى مه‌لا كرێكاریش سه‌یرى دۆخه‌كه‌ى ده‌كرد و ماوه‌یه‌ك له‌ژێر كاریگه‌رى داواكانى عه‌لى عه‌بدولعه‌زیز له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه مایه‌وه، به‌ڵام ئاینده‌ى باڵه‌كه‌ى ئه‌ویش چوونه ده‌ره‌وه‌بوو، كه دواجار له‌گه‌ڵ جوندولئیسلام یه‌كیان گرت و ئه‌نصارولئیسلامیان پێكهێنا كه له ساڵى ٢٠٠٣ به ته‌واوى له‌ناوچوون.
ئه‌و جیابوونه‌وانه كه ئه‌نجامى ته‌قینه‌وه‌ی كێشه ١٣ ساڵییه‌كه‌ى بزوتنه‌وه بوون، هێزى له‌به‌ر بزوتنه‌وه بڕى و چیتر وه‌ك حزبه‌كه‌ى جاران نه‌ما، نه هێز نه‌راگه‌یاندن و نه ناوچه‌و پاره‌كه‌یان وه‌ك خۆى نه‌مایه‌وه، كۆمه‌ڵ پشكى زۆرى میراتى جه‌ماوه‌رى حزبه‌كه‌ى برد‌و ئه‌نصاریش زۆرینه‌ى هێزه چه‌كدارییه‌كه‌ى برد، له‌دواى ئه‌وه‌وه ناوبه‌ناو ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌و دانیشتن له ماڵه‌وه به‌رده‌وام بوو، ساڵى ٢٠١٠ محه‌مه‌د بازیانى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى وازى له بزوتنه‌وه هێناو دواتر ره‌وتى گه‌شه‌ى دامه‌زراند.
له‌دواى په‌رتبوونه‌كه‌ى ته‌وێڵه‌وه بزوتنه‌وه له ریزى حزبه بچوكه‌كان مایه‌وه، هه‌رچه‌نده دواى ئه‌وه توانى دوو كورسى په‌رله‌مانى بهێنێت، به‌ڵام دواتر بوو به یه‌ك كورسى و له‌م خوله‌ش ئه‌و تاقه كورسیه‌یان له ده‌ستدا و نه‌یانتوانى بچنه په‌ڕله‌مان هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو به لیستێكى هاوبه‌ش به‌شداربوون.
محه‌مه‌د بازیانى بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد" من خاوه‌نى یه‌كه‌مین ده‌نگى كۆنگره‌ى سێ بووم له ساڵى ١٩٩٨ به‌ڵام دواتر پرۆژه‌یه‌كم راگه‌یاند بۆ چاكسازى، كه توێژینه‌ویه‌ك بوو له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌و كه‌موكوڕییه‌كانى، دواتریش كه وازم هێنا ململانێ هه‌بوو منیش حه‌زم به ململانێ نه‌بوو بۆیه ده‌ستم له كاركێشایه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتى، كێشه‌كانى بزوتنه‌وه كۆنن و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى حزبه‌كه‌وه سه‌ریانهه‌ڵدابوو"ئێستا سه‌رده‌مى بڕیاردانى مه‌ركه‌زى نه‌ماوه، ده‌بێت به شورا كاربكرێت، به موئه‌سه‌سى كاربكات هیچ جۆرێكى مه‌ركه‌زیه‌تێك نه‌ماوه له دونیا ئێستا ده‌بێت حزبه به‌رنامه‌ى دیار و رونى هه‌بێت".
دوایین ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى بە كۆمه‌ڵ ٢٥ى ١٢ى ٢٠١٨بوو، كه سێ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و سێ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پێكه‌وه ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شیان راگه‌یاند،
ئه‌وان ده‌ڵێن، داهاتى حزب شه‌فاف نیه‌و لاى مه‌كته‌بى دارایى نییه و بڕیارى حزب قۆرخكراوه‌و تاكڕه‌وانه ده‌درێن، ده‌شڵێن سیاسه‌تى بزوتنه‌وه "ناڕوونه و بێسه‌روبه‌ره‌یى له‌ناو حزب هه‌یه"، یه‌كێك له‌و شه‌ش كه‌سه كامیل مه‌حمود وته‌بێژى حزبه‌كه‌یه.
بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى له كۆنگره‌ى ١١ی ته‌موزى ٢٠١٦ى خۆیدا ١٠ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و ٢٥ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى هه‌ڵبژارد، ئێستا له‌و ژماره‌یه پێنج ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و ١٧ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى له پۆسته‌كانیان ماون.
كامیل مه‌حمود، بۆ په‌یسه‌ر گوتى"له‌ماوه‌ى رابردوو چه‌ندین جار داوامان كردووه كه ده‌بێت ئه‌ركه‌كان دابه‌شبكرێت و زه‌مینه‌سازیبكرێت بۆئه‌وه‌ى هه‌ركه‌س ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێبكات، نه‌ك كه‌سێك ببێت به براگه‌وره و ئه‌وانى دیكه دواى بكه‌ون، له جیابوونه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه‌وه هه‌مان داواكارییه‌كانى ئێستاى ئێمه دووپاتكراونه‌ته‌وه به‌ڵام هیچكات جێبه‌جێنه‌كران".
گوتیشى،"پێم وانییه ده‌رفه‌تى ئه‌وه مابێت بزوتنه‌وه بچێته‌وه پێشه‌وه جارێكى دیكه، رێگه نادرێت و عه‌قڵیه‌تى ئه‌وه‌ى كه به‌ڕێوه‌ى ده‌بات بوارنادات به‌وه‌ى كه له چوارچێوه‌یه‌كى ته‌قلیدى بێته ده‌ره‌وه، بۆ چوارچێوه‌یه‌كى رێكخراوه‌یى".