ڕاپۆرتی کوردستانی

03:44 - 13/03/2020

دوو جار بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو و ١٨ جار دەستگیرکرا‌

پەیسەر

سەرەتای سەدەی ٢٠ تا ناوەڕاستی، لەسەر جۆگرفیای کوردستان بە سەدان کەسایەتی کاریگەر و نیشتیمانپەروەر دەرکەوتوون کە کاریگەری زۆریان لەسەر هەستی نەتەوایەتی لەناو گەلی کورددا دروست کردووە و بووەنەتە بناغەی دەیان شۆرش و ڕاپەرین و یادکردنەوەیان و باسکردنی ژیانیان هەم ئەرکێکی نەتەوایەتیە و هەمیش دەتوانێت ببنە هۆکارێک بۆ زیندووهێشتنەوەی هەستی نەتەوایەتی و ئەزموونێک بۆ ئەمڕۆمان و نەوەی داهاتوو.

یەکێک لەو کەسایەتیە نیشتیمانپەروەر، ڕۆناکبیر، نووسەر و خەباتکاری نەتەوەکەمان عوسمان سەبری (ئاپێ عوسمان)ـە. ئاپێ عوسمان هەر لە سەرەتای گەنجیەوە و تا ئەوکاتەی کۆچی دوایی کرد یەک ساتیش دەستی لە خەباتی هۆشیاری نەتەوەیی بەرنەدا و لەگەڵ ئەوەی دەیان جار رووبەڕووی دەستگیرکردن، ئەشکەنجە و مەترسی مردن بووەوە، بەڵام هەگبەیەکی پڕ لە شانازی و ئەزموونی بۆ نەوەکانی داهاتووی بەجێهێشت.

لەم ڕاپۆرتەدا پێشەکی لە ئاشنابوونی عوسمان سەبری بە شۆرشی کوردیەوە دەستپێدەکەین و لە کۆتاییدا باس لە ساڵی لەدایکبوون و خانەوادەکەیدەکەین.

وەک یەکێک لە گەنجترین شەڕڤانەکان بەشداری شۆرشی شێخ سەعیدی پیران کرد لە ساڵی ١٩٢٦، بەڵام دوای کۆتاییهێنانی شۆرش خۆی و دوو مامی بە ناوەکانی شوکری و نوری لە لایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیردەکرێن و هەردوو مامی لە زیندانی شاری ئامەد لەسێدارەدرێن و بە هۆی ئەوەی گەنجێکی تازەپێگەیشتوو بووە، بڕیاری لەسێدارەدانی هەڵدەوەشێنرێتەوە.

عوسمان سەبری دوو بوو زیندانی شاری دەنیزلی تورکیا دووردەخرێتەوە و تا ساڵی ١٩٢٨ لە زینداندا دەمێنێتەوە و بەر لێبۆردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت.
جەند مانگێک دوای ئازادکردنی پەیوەندی بە کەسایەتیە شۆرشگێرەکان دەکاتەوە، بەڵام جارێکیتر لە گەڵ ٢٦ کەسی تر دەستگیردەکرێتەوە، بەڵام ئەمجارە لەبەرئەوەی هیچ بەڵگەیەک لە دەستی دەوڵەتدا نەبووە دوای چەند مانگێک ئازاد دەکرێت.


ئاپێ عوسمان لە ٢٤ی کانونی دووەمی ١٩٢٩ دا لەگەڵ هەڵدێت و دەچێتە ڕۆژئاوای کوردستان و لەوێ لەگەڵ خانەوادەی بەدرخانیەکان ئاشنا دەبێت. ساڵێک دواتر جارێکیتر دەجێتەوە باکووری کوردستان، بەڵام بە هۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورکیاوە جارێکیترلە هەمان ساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ دیمەش.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٠ دا پەیوەندی بە ئەنجامانی خۆییبوونەوە دەکات و دەست بە کاری رێکخستنی دەکات، بەڵام لەسەر داوای کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا لە لایەن بەرپرسانی ئەو کاتە دیمەشقەوە دەستگیردەکرێت و دوای ئازادکردنی سەرەتای ساڵی ١٩٣١ خۆی دەگەیەنێتە گوندی بارزانی هەرێمی کوردستان و بۆ پتەوکردنی شۆڕشی خۆییبوون و مەلا مستەفای بارزانی هەوڵی زۆر دەدات و دواتر دەچێتە بەغدا، بەڵام لەوێ دەستگیردەکرێت و مانگێک لە بەغدا و دواتر مانگێک لە موسڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە.

عەسمان سەبری پەیوەندیەکانی لەگەڵ میر جەلادەت بەدرخان پتەو دەکات و لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢ دەبێتە نووسەر لە گۆڤاری هاوار و بە پیتی لاتینی دەست بە نووسین دەکات. تا ساڵی ١٩٣٥ لە دیمەشق دەمێنێتەوە، بەڵام جارێکیتر لە لایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە دەستگیردەکرێت و ئەمجارە سەرەتا بۆ عەمان و دواتر بۆ فەڵەستین نەفیدەکرێت.

هەمان ساڵ دەتوانێت بگەرێتەوە و خۆی گەیاندووەتە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناوچەی مڕگەوەری ورمێ چەند مانگێک دەمێنێتەوە، بەڵام جارێکیتر بە هۆی فشارەکانی کاربەدەستانی ئێران ناچار دەبێت دەگەڕێتەوە بۆ دیمەش.


لە دیمەش ماوەیەکی کەم دەمینێتەوە و دیسانەوە بەرپرسان دەستی لێهەڵناگرن و ئەمجارە بۆ نیمچەدورگەی ماداگاسکاری کیشوەری ئەفریقا نەفیدەکەن. لە ساڵی ١٩٣٧ دەیهێننەوە بۆ لوبنان و دوای ساڵێک دەچێتەوە بۆ دیمەشق.

لە ساڵی ١٩٣٨ەوە تا ساڵی ١٩٤١ منداڵانی کورد فێری زمانی کوردی دەکات و دەست بە نووسینی کتێب و شیعر دەکات. بەڵام دەکەوێتەوە بەر شەپۆلی فشار و دەستگیرکردن و لە پاییزی ١٩٤١دا لەگەڵ خێزانەکی دەچێتەوە بۆ باکووری کوردستان. لە باکووری کوردستان دەوڵەتی تورکیا کوڕێکی بە ناوی (وڵات) دەستگیردەکات و دواتر شەهیدی دەکەن.

لە  ساڵی ١٩٤٣ ناچار دەبێت دەچێتەوە دیمەشق و ئەمجارە لەگەڵ جەلادەت بەدرخانا دەست بە دەرکردنی گۆڤاری ڕۆناهی دەکەن. لە هەمانکاتدا وەک کارمەند لە دەزگاکانی سوریادا دەست بەکاردەکات. لە ساڵی ١٩٤٩دا بە هۆی نووسینی کتێب و شیعر بە زمانی کوردی و هپەروەردەکردنی گەنجان و بڵاوکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی، بە بریاری وەزیری ناوخۆی سوریا لە کارمەدنی دووردەخرێتەوە.

عوسمان سەبری لەساڵی ١٩٥٧دا لەگەڵ خەباتگێڕی ناسراوی کورد نورەدین زازا و دەستەیەک لە نیشتمانپەروەرانی کورد پارتی دیموکراتی کوردیان لەسووریا دامەزراند و بەم کارە حکومەتی سوریا چەندین جاریتر ئاۆێ عوسمان و نورەدین زازا و کەسایەتیەکانی تری گرت و ئەشکەنجەدا.


عوسمان سەبری تا ساڵی ١٩٦٢ لە زینداندا مایەوە و دواتر ئازادکرا، ساڵێکی پێنەچوو جارێکیتر دەستگیرکرایەوە و تا ساڵی ١٩٦٤ لە زینداندا مایەوە.

لە ساڵی ١٩٦٤ ئازادکرا و تا ساڵی ١٩٦٩ لە دیمەشق و ناوچەکانی تری سوریا وەک دامەزرێنەرێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا خەباتی کرد و حکومەت جارێکیتر سزای دوو ساڵی زیندانی بەسەردا سەپاند، بەلام خۆی نەدا بەدەستەوە و بۆ باکووری کوردستان هەڵهات.

لە باکووری کوردستانیش جێگای نابێتەوە و بە ناچاری دەچێتەوە سوریا و جارێکیتر تا ساڵی ١٩٧٢ لە زیندانی دیمەشقدا دەمێنێتەوە.

عوسمان سەبری زۆربەی تەمەنی لە زیندان، لە غەریبیدا بەسەربرد، هیچ کاتێک دەستی لە خەباتی نەتەوەیی بەرنەدا. چوار پارچەی کوردستان گەڕا. هەوڵی یەکخستنی پارتە کوردیەکانی دەدا و خەڵکی هۆشیار دەکردەوە.

دەوڵەتی سوریا بڕیاری دا تا ماوە لە ژێر چاودێریدا بێت و ئیدی رێگەی نەدا لە سوریا بچێتە دەرەوە.

بە کورتی ژیانی عوسمان سەبری
لە ساڵی ١٩٠٥ لە گوندی نارنجی پاریزگای سەمسوری باکووری کوردستان لەدایبووە. باوکی سەرۆکی هۆزی مێردێسی بووە. لە ساڵی ١٩١٥ دا کە تەمەنی ١٠ ساڵ بووە، باوکی کۆچی دوای کردووە. لە لای هەردوو مامەکانی (شوکری و نوری) کە لە ئامەد لەسێدارەدران، گەورە دەبێت.

خوێندنی دواناوەندی تەواو کردووە و دواتر بەشداری لە ڕێزەکانی شۆرشی شێخ سەعید کردووە.

عوسمان سەبری لە ١١ی کانونی دووەمی ١٩٩٣ لە گوندی بەرکەڤری کۆبانێ نزیک شاری ڕوحای (عورفا) باکووری کوردستان کۆچی دوایی کردووە.

بەرهەمەکانی (ئاپێ عوسمان)
١٩٥٤ – ئەلفبای کوردی لاتینی
١٩٥٦ – باهۆز
١٩٥٦ – دەردین من / وتار و چیڕۆک
١٩٨٢ – گۆتنێن خاڤ ناپێژن بێتاڤ / شیعر
١٩٨٤ – چوار لەهەنگ / ڕۆمان
١٩٨٢- ئەلفای تەکوز
١٩٩٢- بەرسەڤا هۆشەنگ

شیعرێکی کورتی عوسمان سەبری و واتاکەی بە سۆرانی
ماف
گەر زوڵمی هەنە تۆپ و تفەنگ، کەشتی و لەشکەر
تێکدە دشینە سەر خوەدیماف پێرە دکە شەڕ
ئەو تەڤ نکارن دەستێن وەیێن پۆلا ببەستن
زۆرباز و ستەمکارێن کەلەش تێدە دوەستن
هەر ماف وەک ڕۆ نایێ ڤەشارتن ب تەڤاهی
بایەک تێ، دبە عەورێن ڕەش، زوو دکە سایی

واتای شعرەکە بە سۆرانی
ئەگەر زوڵمکار خاوەن تۆپ و چەک، کەشتی و سەرباز بێت
دەیاننێرێتە سەر خاوەنماف و شەڕی لەگەڵدا دەکات
بەڵام ناتوانن دەستە پۆڵایینەکانتان ببەستن
زۆردار و ستەمکاری خایینیش سەریان سوڕدەمێنێت
ماف وەک خۆرە ناشاردرێتەوە
بایەک دێت و  هەورە ڕەشەکان لادەبات و دەبێتە ساماڵ