ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:45 - 14/03/2020

ئایا ڕێوشوێنەکانی تورکیا لە کۆرۆنا بەهێزترن؟‌

پەیسەر

بە پێی ئامارە فەرمیەکان لە تورکیا تا ئێستا ٥ حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە. لەچاو وڵاتانی تری ناوچەکە و جیهان تورکیا درەنگتر دەستی بە ڕێوشوێنەکان لەدژی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کرد. ئایا تورکیا درەنگ دەستیپێکرد، یان لە ڕاستیشدا ڤایرۆسەکە لە تورکیا بڵاونەبووەتەوە.

بە هیچ شێوەیەک نابێت نەخۆشی بەتەمەن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا تایبەت بە کۆرۆنا ڕایگەیاند، دەوڵەتەکەی دەستی بە ڕێوشوێنەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوی نەخۆشیەکە کردووە و وتی، "هیچ ڤایرۆسێک لە ڕێوشوێنەکان تورکیا گەورەتر نییە". 
ئەردۆغان بەو شێوەیە هاوڵاتیانی تورکیای دڵنیاکردەوە کە ئەوان دەتوانن ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە لە تورکیا بکەن.

فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا، عەبدولحەمید گیول وەزارەتی داد و محەمەد جاهید توران وەزیری گەیاندن دوای کۆبوونەوەیەکی داخراو کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و بڕیار و ڕێنمایییەکانیان بۆ ڕیگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاند.
وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت هاوڵاتیان سەردانی نەخۆشەکانیان لە نەخۆشخانەکاندا بکەن و هەروەها نابێت بە هیچ شێوەیەک خەڵکی بەتەمەن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و دەتوانن لە ڕێگەی خزم و کەسوکاریانەوە دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشیەکانیان بەدەست بهێنن.

 لە تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ زیاد دەبێت 

وەزیری گواستنەوەش رایگەیاند، لە ١٤ی ئەم مانگەوە تا ١٧ی نیسان سەردانی هیچ گەشتیارێک بۆ تورکیا قبوڵناکرێت و بە تەنها هاوڵاتیانی تورکیا دەتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. هەروەها داواشی لەو هاوڵاتیانەی تورکیا کرد کە لە دەرەوەی وڵاتن، تا ١٤ رۆژی تر بە هیچ شێوەیەک نەچنە دەرەوە و خۆیان بپارێزن.
دکتور ئوزلەم ئازاپ سەرۆکی گشتی زانکۆی پزیشکی نەخۆشیە ڕاگوێزەرەکانی ئەنقەرە کە یەکێک لەو کەسانەیە وەک بەرپرس لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دیاریکراوە بە ماڵپەری بی بی سی تورکی ڕایگەیاندووە، لە ڕاستیدا نابێت بە هیچ شێوەیەک هاولاتی ئاسایی سەردانی ئەو نەخۆشخانانە بکەن کە نەخۆشی ڕاگوێزیان تێدایە و بە تایبەتی لەم قۆناغەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

ئازاپ ڕاشیگەیاند، ئەو کەسانەی بە سووکی تووشی سەرئێشە، هەڵامەت دەبن، پێویست ناکات، سەردانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا بکەن و هێڵێکی گەرم لەبەردەستە و دەتوانن ڕێنماییەکان وەربگرن. بە تایبەتی ئەو کەسانەی لە تەمەنی گەنجێتیدان و کێشەی تری تەندروستیان نییە، دەتوانن بە هەوانەوە لە ماڵەوە و بەکارهێنانی خواردنی سروشتی خۆیان بپارێزن و سەردانی نەخۆشخانەکان نەکەن، بەڵام پێویستە کەسە بە تەمەنەکان لە حاڵەتی بچووکترین نیشانەی ڤایرۆسەکەدا بخرێنە ژێر چاودیری پزیشکەوە.
هەروەها پێی وایە، لە تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ زیاد دەبێت و ئەوەش کاریگەریەکی زۆر خراب لە سەر کەرتی تەندروستی تورکیا دروست دەکات.

 لە کۆی ٨١ پارێزگای تورکیادا بە تەنها ٢٥ نەخۆشخانەی تایبەت بە تورکیا ئامادەکراون 

لە ئێستادا زانکۆ و پەیمانگاکان تا باخچەی ساوایان لە تورکیا تا ٣ هەفتەی تر داخراون. هەرچەندە ناڕەزایی ئەوە دروست بووە کە دواتر ناتوانرێت، خوێندنەکە قەڕەبوو بکرێتەوە بەڵام بە پێی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا چارەسەری دواکەوتنی خوێندن لە چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر ئاسانترە.

فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی لە نوێترین لێدوانیشیدا رایگەیاندووە، ٤ بۆ ٥ مانگی داهاتوو بۆ تورکیا زۆر مەترسیدارە و پێدەچێت ژمارەی تووشبووان ڕوولەزیادبوون بکات.
لەو بارەیەوە پرۆفیسۆر ئازاپ دەڵێت، "دۆخی ئیتاڵیا لەبەرچاوە، لەبەرئەوەی درەنگ دەستیان بە ڕێوشوێنەکان کرد، لە ئێستادا ١٣ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و نزیکەی ١٥٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بە پێی بۆچوونی ئازاپ، لە تورکیاش پێویست بوو زووتر حکومەت ئەو کارە بکات، لەبەرئەوە نازانرێت لە ئێستادا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە چ ئاستێکدایە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە کۆی ٨١ پارێزگای تورکیادا بە تەنها ٢٥ نەخۆشخانەی تایبەت بە تورکیا ئامادەکراون کە توانای ئەوەیان نییە ژمارەیەکی زۆر نەخۆش لەخۆیان بگرن، لە کاتێکدا کە تورکیا دراوسێی ئێرانە کە نەخۆشیەکە لەو وڵاتە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و تا هەفتەیەک لەمەوبەریش گەشتەکانی نێوان تورکیا و چین کە ناوەندی نەخۆشیەکەیە بەردەوام بوون.