ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:09 - 15/03/2020

كۆرۆناو كارەساتە چاوەڕوانكراوەكەی زیندانەكانی ئێران‌

پەیسەر پرێس

ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرجەم یاساو ڕێساكانی جیهانی خستوەتەژێر پرسیارەوە، ئەو وڵاتانەی كە مافەكانی مرۆڤ تیایدا باڵایەو زیندانی هاوچەرخیان تێدایە مەترسی گەورەیان لێنیشتووە كە ئەگەر ئەو ڤایرۆسە بگاتە زیندانەكانیان لەوانەیە نەتوانن چارەسەری بكەن، بەڵام لە ئێران بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە ژیانی سەرجەم هاوڵاتیانی خستوەتە مەترسییەوە و هێشتا بەرپرسان وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ زیندانەكاندا ناكەن و مۆڵەتی كاتییان پێنادەن ، وەك شارەزایان باسی دەكەن دۆخی زیندانەكان لەكاتی ئاساییدا زۆر خراپ بوو ئێستە بگات بەوەی كە هەواڵەكانی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گەشتبێتە زیندانەكان.

چەند رۆژێك بوو كە دەنگوباسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی فەرمی لە ئێران بڵاوكرابوویەوە كە –جاوید رەحمان- دەستنیشانكراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی كرد كە سەرجەم زیندانیانی وڵاتەكەی بەبێ ڕەچاوكردنی تاوانەكانیان بە پێی بەرنامەیەكی تۆكمە ئازاد بكات و پێش لەوەی پێ بنێنە دەرەوەی زیندان پشكنینی تەواویان بۆ بكات.


 رۆژی 10 مارس لە ژنێفی پایتەختی سویسرا ئەو بەرپرسە پسپۆڕەی مافەكانی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكە لەناو زیندانەكانی ئێراندا بوونی هەیە، بۆ ئەوەی كارەساتی گەورەی مرۆیی لێنەكەوێتەوە پێویستە ئێران بە شێوەیەكی كاتی و بە كەفالەتێك كە خۆیان دایدەنێن و گونجاو بێت لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ ئازادیان بكات. ئەوە لە كاتێكدا بوو كە بەرپرسانی قوەی قەزائی ئێران رۆژێك بەر لەوە ڕایانگەیاندبوو كە مۆڵەتی كاتییان داوە بەنزیكەی 70 هەزار زیندانی ، هەر ئەوە وایكرد چاوی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕێكخراوی مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەكگرتوەكان بچێتە سەر زیندانەكان و گومانیان بۆ دروست ببێت لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو زیندانە جۆراوجۆرەكانی ئێراندا كە لەسەرجەم پارێزگاو تەنانەت شارو شارۆچكەكانی ئەو وڵاتەدا بوونیان هەیەو لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە وەك پێویست نین، بەتایبەتی ئەو زیندانانەی تایبەتن بە دۆزە سیاسیەكان و لەناو ئەوانەشدا بەشێكی ئێجگار زۆریان كوردن، لەبەر ئەوەی كێشەی نەتەوەیی كورد لەو وڵاتە بە یەكێك لەو بابەتە هەستیارانە دادەنرێت كە سزای یاسایی و زیندانی جۆراوجۆری بەدواوەیە.

 

 ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتوەكان ئەوەشی ڕوونكردوەتەوە كە نابێت جیاوازییان لەنێواندا بكرێت و هەموویان بەشێویەكی كاتی بنێرنەوە ماڵەوە. ئەوە لە كاتێكدا ئەو بەرپرسە ئەوەشی ڕاگەیانددووە كە بەرپرسانی ئێرانی لە ڕاگەیاندن و بەدەمەوە چوونی ڤایرۆسی كۆرۆنادا كەمتەرخەمیان نواندووە بۆیە بەو شێوەیە بڵاوبووەتەوەو خەریكە لەدەستیان دەربچێت.
سایتێكی ئێرانی بەناوی –ركنا- كە گرنگی بە هەواڵی كۆمەڵایەتی و كێشەكانی دادگا دەدات نوسیویەتی: پیاوێكی 44 ساڵە كە بەهۆی خەڵەتاندن و دەستبڕیی و كڵاولەسەرنانی خەڵكی لە زینداندا بوو، بەهۆی ڤیرۆسی كۆرۆناوە گیانی لەدەست داوە، ئەم هەواڵە و مەترسی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەكە پاڵنەری گەورە بوو بۆئەوەی كەس و كاری زیندانیانی سیاسی نامەیەك ئاڕاستەی –ئیبراهیم رەئیسی- سەرۆكی قوەی قەزائی – ئەنجوومەنی دادوەریی- بكەن و داوابكەن كەس و كاریان مۆڵەت بدەن بگەڕێنەوە ناویان تا كۆتایی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەبەر ئەوەی هەلو مەرجی تەندروستی زیندانە سیاسیەكان بەو شێویە نیە بتوانن خۆیان بپارێزن، لەكاتی ڕوودانی هەر كێشەیەكیشدا بەرپرسیارێتی یاساییان خستۆتە ئەستۆی بەرپرسانی پەیوەندیداری ئەو وڵاتە.


لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستیانەی سەرەوە، هێشتا دەسەڵاتدارانی ئێران ئامادەنین زیندانیانی سیاسی و ئەوەی كە خۆیان نایانەوێت ئازادیان بكەن، بنێرنە ماڵەوەو مۆڵەتی كاتییان پێبدەن، بە پێی هەواڵەكانی ڕێكخراوەی مافی مرۆڤ و ژینگە پارێزەكانیش ئامادە نین مۆڵەت بە چالاكوانانی ژینگە. دراویش گنابادی و چەندان چالاكوانی بواری ژینگە هێشتا لە زیندان ماونەتەوەو مۆڵەتی هاتنە دەرەوەیان پێنەدراوە، هەرچەندە ژمارەیەك زیندانی ئازادكراون و ئیبراهیمی رەیسی ڕایگەیاندووە بە بۆنەی نزیك بوونەوەی یادی نەورۆز و سەری ساڵی ئێرانییەوە ژمارەیەك زیندانی مۆڵەت دەدرێن، بەڵام وەك كەس و كاری زیندانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان باسی دەكەن كەس نازنێت ئەوانە كێن و تاوانەكانیان چیە؟ ئەوان لە پۆستەكانیاندا گوتویانە ئازادكردنی ئەو زیندانییانە بەناوی سەری ساڵەوە شاردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە لەناو زیندانەكاندا، ئەو بەرپرسەی ئێران گوتویەتی مۆڵەت ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە تاوانباری گەورەن یان حوكمەكەیان لە سەروو پێنج ساڵەوەیە، ئەو بڕیارەش لەناو قوەی قەزائیەشدا كێشەو ناڕەزایەتی لێكەوتوەتەوە.

محمد كازمی ئەندامی بەشی مافی مرۆڤ لە قوەی قەزائیە گوتویەتی بڕیارەكە ئەو كەسانەناگرێتەوە كە دۆسیەی ئەمنیەتیان هەیە، لە هەمان كاتدا زۆرێك لە چالاكوانانی بواری ژینگەشی نەگرتوەتەوە كە هیچ پەیوەندییەكیان بە بواری سیاسی و ئەمنیەتی  وڵاتەوە نییە. كە یەكێكی وەك دراویش گنابادی دوو ساڵە نەیانهێشتووە مۆڵەت وەربگرێت و سەرێك لە كەس و كاری بداتەوە.


ژمارەیەكی زۆر لە زیندانیانی ئێرانی ژنانن، چوار ئەندامی پەرلەمان یاداشتێكیان داوەتە وەزیری تەندروستی وڵاتەكەیان كە تیایدا داوایان كردووە ژمارەیەك لە ژنە زیندانیەكان (كەدایكن) و پێویستیان بەوە هەیە لەم هەلومەرجەدا لەناو خێزانەكانیاندا بن و ڕێگەیان بدەن بە مۆڵەت بچنەوە ناو ماڵ و منداڵەكانی خۆیان ، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكیان وەرنەگرتوەتەوە.

سەرجەم كەس و كاری زیندانیان و ئەوانەی بە مۆڵەت هاتوونەتە دەرەوە لە زیندان باس لەوە دەكەن كە زیندانەكانی ئێران هیچ گرەنتیەكی تێدا نیە كە كارەساتی گەورەی كۆرۆنایی تێدا دروست نەبێت و كاری مۆڵەت و هاتنە دەرەوەی كاتیش ئەوەندە بە خراپی بەڕێوە دەچێت كە دوور نیە لەناكاو كارەساتی گەورە تۆمار بكرێت.


حەسەن موسەوی چلك ، سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری هاریكاری كۆمەڵایەتی لە ئێران گوتویەتی لە ئێراندا هەموو كاتژمێرێك (50) پەنجا كەس زیندانی دەكرێت و بەو پێیەش رۆژانە 1200 كەس و ساڵانەش 238 هەزار كەس دەچنە زیندانەكانەوەو دواتر یەكلایی دەبێتەوە كێ بە شێوەیەكی كاتی دەمێنێتەوەو كێش بڕیاری زیندانی و مانەوەی بۆ دیاری دەكرێت. ئەسغەری جەهانگیر سەرۆكی زیندانەكانی ئێران گوتویەتی: لە ئێستادا 225 هەزار زیندانیمان هەیەو بەو پێیەش ئێران لەسەر ئاستی جیهان لە ڕیزبەندی هەشتەمدایە لەڕووی زۆری زیندانیەوە.