ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:33 - 17/03/2020

ئێرانە بچووکەکەی ناو عێراق.. کێشەیەکی دوو سەد ساڵیی‌

پەیسەر

لە ساڵی ١٨٤٧ەوە تائێستا واتە پەیماننامەی دووەمی ئەرزڕۆم، کەم پەیماننامە هەیە لەنێوان عێراق و ئێراندا، کێشمەکێش و مشتومڕی تێنەکەوتبێ لەسەر ئەو ئێرانییانەی لەناو عێراقدا ژیاون.

 
ئێستا وادەردەکەوێ لە دوای روخانی رژێمی سەدام حسێن، عێراق بووەتە داردەست یان موستەعمەرەیەکی نوێی ئێران، بەڵام ئەم مشتومڕە شتێکی نوێ نییە و نزیکەی ٢٠٠ ساڵە بەردەوامە.
سنوور و زیارەت
لە سەردەمی ململانێێ سەفەوی و عوسمانیی تا رۆژگاری ئەمڕۆ، عێراق و ئێران دوو دراوسێی سەر بەگێچەڵ بوون بۆ یەکتر. ئەم دراوسێیەتییە پڕیەتی لە ناکۆکی و لە یەکچوون، دۆستایەتی و دوژمنایەتی!

سنووری نێوان ئێران و عێراق لە رۆژی ٣١ی ئایاری ١٨٤٧ کە تێیدا پەیماننامەی ئەرزڕۆم " پەیماننامەی دووەمی ئەرزڕۆم" ئیمزا کرا، سنوورێکی تاڕادەیەک ناجێگیربووە، بەڵام سەد ساڵێکە  بە تەواوی خەمڵیوەو دەستکاری نەکراوە. ساڵانی پێشتر هەمیشە ئەو سنوورانە بە خوێن ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دەهێنرا.

لە پەیماننامەی دووەمی ئەرزڕۆمدا، خاڵی یەکەمی گفتوگۆ و دانوستانەکان سنوور بووەو دووەمیان مەسەلەی زیارەتکارانی ئێرانیی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق (نەجەف و کەربەلا و بەغدا) بووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی سەفەوی، ساڵی ١٩١١ زیاتر لە سەد هەزار ئێرانیی لە عێراقدا ژیاون. راپۆرتەکە پێشنیازیکردووە بۆ ئەم ژمارە زۆرە، پێویستە رۆژنامەیەک بە زمانی فارسی بۆ دانیشتووانە ئێرانییەکەی عێراق دەربکرێ.

یەکەم ساڵ و قۆناغی دیار نییە، بەڵام سەدان ساڵە رەوەندێكی شیعەی ئێرانی، بەهۆی ئەو زیارەتانەوە لە عێراقدا جێگیربوون و کۆمەڵگەیەکی نیمچە ئێرانییان پێکهێناوە. بەڵام ئەم رەوەندە هیچکات بێکێشە نەبوون بۆ سیاسەتی هەردوو وڵات.

زیارەتکارانی ئێرانیی کە خۆیان پێی دەڵێن " عەتەبات"  ئەگەر ناوەڕۆکێکی مەزهەبیی و ئاینیی هەبووبێ، ئەوا هەمیشە دەوڵەتی ئێران بۆ مەرامێکی سیاسی سودی لێوەرگرتووەو لەم رێگەیەوە فشاری خستووەتە سەر دەسەڵات لە بەغدا.

لەشکری مەلا و مەرجەع
پێشتر شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا، لەژێر رکێفی ئەو مەلا و مەرجەعانەدابووە کە ئێرانیی بوون. بەگوێرەی راپۆرتێکی کونسوڵخانەی ئێران لە (بەسرە) لە ساڵی ١٩٢٠ کە بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ناردووە دەڵێ: تێکڕای زانایانی ئاینیی و مەرجەعەکانی شیعەی عێراق ئێرانیی و بنەچە ئێرانین.

ئەو زانا و مەرجەعە ئێرانیانە، رۆڵێکی گەورەیان هەبووە بەسەر شیعەی عێراقەوە کە سێیەکی دانیشتووانی وڵات پێک دەهێنن. لەپاڵ کۆنترۆڵکردنی ناوەندە ئاینییەکان، سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتیشیان کۆدەکردەوە کە پێش ئەوەی نەوت لە عێراق بدۆزرێتەوە، شارەکانی شیعەنشین سەرچاوەی داهات ودەرامەتێکی یەکجار زۆربوون.

ساڵی ١٩١١ زیاتر لە سەد هەزار ئێرانیی لە عێراقدا ژیاون و داوای دەرچوونی رۆژنامەیەکی فارسییان کردووە

ئێران لەڕێی ئەو زانا و مەرجەعانەوە، توانیبووی کۆنترۆڵی ئەو خەرجییە زۆرە بکات کە ساڵانە زیاترەتکاران و عەتەبات دەیانبردە ناو عێراقەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف لە ساڵی ١٩٢١، ئەو سەرچاوەو دەرامەتانەی ئێرانییەکان دەیڕژێننە خەزێنەی شارە پیرۆزەکانی عێراقەوە بریتین لە ١٧ جۆر و سەرچاوە کە دیارترینیان: خومسی زەکات، موڵک و وەقفە ئاینییەکان، گومرگ و دیاری و خەرجی مانەوەی ماتەمگێڕانی چلەی حوسێن.

ژنی بێخاوەن
ساڵی ١٩٢٠ لە راپۆرتێکدا کە کونسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەرزکردووتەوە، گلەیی ئەوە دەکات کە بۆچی دەوڵەت رێگە دەدات ئەو هەموو "ژنە بێخاوەنە" لە ئێرانەوە بەبێ کەسوکار بەناوی زیارەتەوە دێنە عێراقەوە؟

ئەو ژنانە بێ کەسوکار و بێ پارەوپوول بوون و خەڵک یارمەتی داون، بۆیە هەندێکیان توشی لادان بوون و لەشفرۆشییان کردووە یان شوویان بە پیاوێکی عێراقیی کردووە. بەباوەڕی دیپلۆماتکارانی ئێران لە عێراق ئەمە " عەیبەیە بۆ شکۆی ئێران و هەروەها نەوەیەک دروست دەبێ کە دواتر خۆی بە ئێرانیی نازانێ"

ئەم مەسەلەی ژن و ژنخوازییەی ژنانی زیارەتکار بە پیاوانی عێراقیی، کێشەیەک بوو کە ریشەکەی دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی عوسمانیی و سەفەوی. لەو ساڵانەدا کێشەیەکی گەورەی نێوان سەفەوی و عوسمانیی پرسی ئەو منداڵانەبوو کە دایک ئێرانیی و باوک عێراقیی بووە.

عوسمانییەکان تا ساڵی ١٩١٤ ئامادەنەبوون ئەو کوڕانە بە سەرباز بگرن کە دایکیان ئێرانییە. ئێرانیش رەگەزنامەی نەدەدا بەوانەی کە باوکیان عێراقییە. بۆیە ئەمە بووبووە کێشەی راستەقینەی خێزانە دوو سەرەکان.

دوای سەدان ساڵ ناکۆکی و مشتومڕی نێوان دەسەڵاتدارانی تاران و بەغدا کە هەمیشە تاران زاڵدەست و براوەبووە، بەڵام بەریتانیا کاتێک عێراقی داگیرکرد لە ١٩١٨ یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی، کورتکردنەوەو بڕینی دەستی ئێران بوو لەم وڵاتەدا.

ئینگلیزەکان پێش هەموو شتێ، لەسەر بنەمای پەیماننامەکانی پێشتر سنووری عێراقیان کێشا و جێگیریان کرد. دواتر بە دانانی یاسای پێدانی رەگەزنامە توانیان سنوورێک بۆ پاوانخوازیی ئێران لە عێراق دابنێن.

ئەو کێشەیەی بە درێژایی دوو سەدەی پێشوو عوسمانیی پێی چارەسەر نەکرا، ئینگلیزەکان سنوورێکیان بۆ دانا ئەویش مەسەلەی جێگیربوونی ئێرانییەکانی ناو عێراق بوو.

بەگوێرەی مادەی هەشتەم لە دەستووری ئەوکاتی عێراق، هەر منداڵێک کە باوکی عێراقیی بێ و لەعێراق لەدایکبێ، ئەوە رەگەزنامەی عێراقیی پێدەدرێ. بەگوێرەی راپۆرتێکی کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف لە ساڵی ١٩٢١ ئەم بڕیارە بە زیانی ئێران دەشکێتەوە "چونکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر ژنی ئێرانیی دێنە ناو عێراقەوەو لێرە هاوسەرگیریی دەکەن، ئەو کات منداڵی ئەم ژنانە نابنە ئێرانیی. بەمپێیەبێ ئیتر لە چەند ساڵی داهاتوو رێژەی ئێرانییەکانی ناو عێراق تەواو کەم دەبنەوە".

ساڵی ١٩٢٥ دەسەڵاتی عێراق بە دنەدانی بەریتانییەکان، شاڵاوێکی دەستبەسەرکردن و نەفیکردنی مەرجەعە باڵاکانی شیعە لە عێراق دەستپێدەکەن و بەرەو ئێران دووریان دەخەنەوە.

ئێرانییەکان بەم شاڵاوە زۆر شڵەژان، چونکە تێگەیشتن ئیتر عێراقی نوێ ئەو وڵاتە نابێ بە ئاسانی تەراتێنی تێدا بکەن.

پاسەوانی شیعەکانی عێراق
دەوڵەتی ئێران چ سەفەوی بووبێ یان پەهلەوی، چونکە تەنیا دەوڵەتی شیعەبوون لە دنیادا هەمیشە خۆی بە پاسەوانی شیعەکانی دنیا زانیوە هەرچەندە سیستمی دەوڵەتیش دینیی نەبووبێ.

ئەم خۆ بەپاسەوانزانینەی ئێران، کێشەی زۆری بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق دروستکردووە جا چ لەسەردەمی عوسمانیی یان دەوڵەتەکانی دواتر.

لە راپۆرتێکی کونسوڵخانەی ئێران لە بەسرە، ساڵی ١٩٢١ داوا لە دەوڵەتی خۆیان دەکات: چونک

ە ئێمە تەنیا دەوڵەتی شیعەکانی لە دنیادا، پێویستە ئاگاداری شیعەکانی عێراق بین کە زیاتر لە نیوەی عێراقی نوێ پێک دەهێنن. بێجگە لە سەدان هەزار ئێرانیی لە عێراقدا، تێکڕای زانایانی ئاینیی و مەرجەعەکانی شیعە لە عێراق ئێرانیی و بنەچە ئێرانین.

کۆتایی پاوانخوازی لە ئینگلیزەوە تا سەدام
ئینگلیزەکان سەرکەوتووبوون لەوەی سنوورێک بۆ ئێران دابنێن لە عێراقی نوێدا ئەویش بەوەی: منداڵخستنەوەی ژنانی ئێرانیی، گەڕاندنەوەی بەشێکی سەرچاوەی داهاتی زیارەتکاران و عەتەبات، بەرتەسککردنەوەی زانایانی ئاینیی و مەرجەعەکان.

هەرچەندە تا ناوەڕاستی سەدەی رابردوو هێشتا ئێران کاریگەری و هەژموونێکی زۆری هەبوو بەسەر شارە پیرزۆەکانی شیعە لە عێراقدا، بەڵام هێدی هێدی ئەم کاریگەرییانە کەمبوونەوە تا سەردەمی هاتنە سەرکاری حزبی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨.

حزبی بەعس زۆر لێبڕاوانە توانی دەستی ئێران کورت بکاتەوە لە عێراقداو هەژموونی شیعە کاڵ بکاتەوە. رژێمی بەعس دڵڕەقییەکی زۆری بەکارهێنا بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییانە. یەکەم زەربەی بەعس بەر کوردە فەیلییەکانی بەغدا کەوت کاتێک ساڵی ١٩٧١ هەزاران خێزانی فەیلی ناردەوە بۆ ئێران.

تەنیا بە مەرجێک ئەم کێشەیە کۆتایی دێت، یان نەجەف و کەربەلا بخەنە سەر ئێران یان ئێران بخەنە سەر نەجەف و کەربەلا!

لە جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراقدا، دوورخستنەوەی کاریگەری ئێران لەسەر عێراق بە تایبەت شارە پیرۆزەکان، لەلایەن رژێمی بەعسەوە گەیەنرایە لوتکەو تا کەوتنی ئەم ژرێمە نەک ئێران بەڵکو شیعەکانی ناو عێراقیش نەیاندەتوانی هیچ گەشە و پاوانخوازییەکی مەزهەبیی بەدی بهێنن.

لە دوای هاتنە سەرکاری سەدام حسێن، دەسەڵاتەکەی هەوڵی دەدا مەرجەعیەتی شارە پیرۆزەکان بکەوێتە دەستی شیعە عەرەبەکانەوە کە ساڵانێکی زۆر لە دەستی شیعە ئێرانییەکاندابووە. بۆ ئەمەش هانی بنەماڵەی (محەمەد باق سەدر) کە بە بنەچە لوبنانین دەدا تا وەکو مەرجەعێکی شیعەکان دەربکەوێ.

ساڵی ١٩٣٥ دەوڵەتی ئێران سەرژمێریی ئەو عێراقییانە دەکات لە ئێراندا دەژین، لە هەموو شارەکاندا نزیکەی ٣٠٠ عێراقیی دەژین

دەستی کورتی عێراق
لە بەرامبەر ئەو هەموو هەژموونە مەزهەبیی و سیاسییەی ئێران بەسەر عێراقەوە، سەرباری ئەوەی لەو وڵاتەشدا چەندین ناوەندی پیرۆزی شیعە و حەوزەی عیلمیی هەیە، کەچی عێراق هیچکات نەیتوانیوە بە شیعەکانی خۆی هەژموون و کاریگەری دابنێ.

ساڵی ١٩٣٥ دەوڵەتی ئێران هەڵمەتێکی سەرژمێریی درستپێدەکات بۆ ئەو عێراقییانەی لە ئێران دەژین، بەڵام ئامارەکە نیشانی دەدات بێجگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەر هەڵمەتەکە ناکەوێ، لە هەموو شارەکانی ئێراندا نزیکەی ٣٠٠ عێراقیی دەژین.

ئەم ژمارە کەمەی عێراقیی لە ئێراندا، هەرگیز هی بەراوردکردن نییە لەگەڵ رەوەندی ئێرانیی لە عێراقدا. بۆیە عێراق رۆژێک لە رۆژان نەیتوانیوە وەکو کارتێکی فشار بەکاریان بێنێ.

یان ئێران یان نەجەف و کەربەلا
دوای روخانی رژێمی سەدام حسێن لەلایەن ئەمریکاو هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی زۆرینە شیعە، زۆر کەس دەیانوت: براوەی ئەم جەنگە ئەمریکا نییە بەڵکو ئێرانە.

سەرەتای سەدەی بیست دەستی ئێران لە عێراقدا کورتکرایەوە، بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستویەکدا عێراق وەکو کێکی ئامادە ئەمجارە خرایەوە بەردەستی ئێران.

ئێرانی ئەم سەدەیە، ئێرانی ویلایەتی فەقیهـ و سەد لە سەد مەزهەبیی، عێراقی ئەم سەدەیەش عێراقی شیعەی خاوەن دەسەڵاتە. بۆیە ئاسان نییە ئینگلیزێکی تر و سەدامێکی تر بتوانێ دەستی ئێران لە عێراقدا کورت بکاتەوە.

نووسەرێک بە تانەوە دەڵێ: ئێران تا رۆژی نەفخی سوور کێشەیە بۆ عێراق، تەنیا بە مەرجێک ئەو کێشەیە کۆتایی دێت ئەویش ئەوەیە یان نەجەف و کەربەلا بخەنە سەر ئێران یان ئێران بخەنە سەر نەجەف و کەربەلا!