ڕاپۆرتی کوردستانی

05:47 - 18/03/2020

دیدگای مۆسکۆ بۆ کوردستان گۆڕاوە‌

پەیسەر پرێس

روسیا، یەکەم ئەندامی پێنج وڵاتە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو کە نوێنەرایەتی و دواتر کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێری پایتەخت کردەوە لە ساڵی ٢٠٠٧  تەنانەت ئەمریکایش.

ئێستا دوای نزیکەی ١٥ ساڵ لەم هەنگاوە دیپلۆماسییە، کۆمپانیا روسییەکان بوونەتە هەڵسوڕێنەری سەرەکی کەرتی نەوت و بەشێک لە کێڵگەکانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان.

یەکەم هەنگاوی روسیا بۆ هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٠٧ لەڕێی دیپلۆماسییەوە دەستیپێکرد، ساڵی ٢٠١٠ ئەم پەیوەندییانە گۆڕان بۆ ئابووری و وزە، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ گەیشتنە لوتکە کاتێ روسنەفت و گازپرۆم بە گرێبەستی گەورەوە هاتنە گۆڕەپانی وزەو سامانەسروشتییەکانی هەرێمەوە.

روسەکان هەرکاتێک باسی کوردستان بکەن، هەمیشە دەگەڕێنەوە بۆ مێژوو و دەڵێن: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کورد رەگی لە مێژوودا هەیە. بەڵام گەڕانەوەی ئەمجارەی روسیا بۆ کوردستان و عێراق بە گشتیی، بارگاوییە بە سەرمایەگوزاریی زەبەلاح لە کەرتی نەوت و گازدا.

هەردوو کۆمپانیای روسنەفت و گازپرۆمی روسی، بە قەبارەی زەبەلاح کار دەکەن لە بەرهەمهێنان و رەوانەکردن و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتی کوردستان


ژمارەی چەور

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ساڵی 2011 رایگەیاند، یەدەگی نەوتی هەرێم مەزەندە دەکرێ بە 70 ملیار بەرمیل. بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەو یەدەگە لەنێوان ٤٥ بۆ 60 ملیار بەرمیلدایە ئەوەش دەكاتە 4,5 % ی تێکڕای یەدەگی جیهان كە 1138 ملیار بەرمیلە.

هەروەها بەپێی داتاکانی وەزارەتی سامانەسروشتییەکان، هەرێمی کوردستان بڕی 200 ترلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی گازی سروشتی هەیە کە ئەمەش 3% ی تێکڕای یەدەگی جیهان دەکات.

روسەکان کاتێک ئەم ژمارە چەورو زەبەلاحەیان دەکەوێتە بەردەست، ساڵی ٢٠١٧ دەستوبرد گرێبەست لەگەڵ هەرێمی کوردستان مۆر دەکەن کە بەشێک لە شارەزایان ئەم هاتنە پێشەوەیان بە " سەرکێشیی" ناوبرد، چونکە ئەو کاتە هەرێم کەوتبووە ژێر باری قەرزێکی زۆر و قەیرانێکی قوڵی ئابووری و سیاسییەوە.

ئێستا هەردوو گەورە کۆمپانیای روسنەفت و گازپرۆمی روسی، بە قەبارەی زەبەلاح کار دەکەن لە بەرهەمهێنان و رەوانەکردن و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتی هەرێمی کوردستان. بەجۆرێک گازپرۆم
لە سێ‌ کێلگەی گەرمیان، هەڵەبجە و شاکەل روسنەفتیش لە پێنج کێڵگەی تر کار دەکەن.

وەبەرهێنەرانی روس کە لە کوردستانن لە سیاسەتی دەرەوەی روسیادا گرنگیی و بایەخی زۆرە

گرێبەستەکان سێ ساڵ لەمەوبەر مۆرکراون لەگەڵ حکومەتی هەرێم، بەڵام تادێت گەرموگوڕی زیاتر بەکارەکانی ئەو دوو کۆمپانیا روسییەوە دیارە. وابڕیارە ئەمساڵ بەو بۆرییەی روسنەفت دروستی دەکات، گازی سروشتی هەرێم رەوانەی دەرەوە بکرێ کە خەمڵێنراوە بەوەی ٦٪ی پێویستی ئەوروپا بە گاز دابین بکات.


دیدگای مۆسکۆ گۆڕاوە
ئیکباڵ دوڕە شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستای زانکۆ لە مۆسکۆ، سەبارەت بە وەرچەرخانی سیاسەتی روسیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری دەڵێ: گەشەی بەردەوامی کوردستان لە پرۆسە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، گرنگیی سیاسەتی دەرەوەی روسیا و کۆمپانیا روسییەکان بە کوردستان زیاتر دەباتە سەرەوە.

ئیکباڵ دوڕە بۆ گۆڤاری پەیسەر گوتی:" لەچەند ساڵی رابردوودا بەرژەوەندییە ئابوورییەکان رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە لە سیاسەتی دەرەوەی روسیادا. ئەوەی کە ئێستا وەبەرهێنەرانی روس لە کوردستانن بایەخی زۆرەو لە سیاسەتی دەرەوەی روسیادا، گرنگیی کوردستان زۆر هەڵکشاوە".

بۆ ئەوانەی چاودێری بارودۆخی عێراق و کوردستان دەکەن، چاوتێبڕینی زلهێزەکانی وەکو بەریتانیا و ئەمریکا و روسیا لەلایەک و تورکیا و بەغدا لەلایەکی ترەوە بە نەوت  وزەی کوردستان، گومانیان هەیە حکومەتی هەرێم بتوانێ هاوسەنگی رابگرێ.

ئەم ئاستە بەرزەی پەیوەندییە ئابووری وسیاسییەکان لەناو میدیا و کۆمەڵگەی روسیدا رەنگدانەوەی ئەوتۆی نەبووە

سەبارەت بەم هاوکیشە ئاڵۆزە، ئیکباڵ دوڕە لە مۆسکۆ شرۆڤەیەکی تری هەیە و دەڵێ: " ئامادەبوونی وەبەرهێنانی روسی لە کوردستان، رەهەندی ستراتیژیی هەیە بەوپێیەی پەیوەستن بە پەیوەندییەکانی روسیا لەتەک تورکیادا. چونکە ئێمە دەزانین کە روسیا نەوت و گاز لە کوردستان بەرهەمدەهێنێ بەڵام بۆ ساخکردنەوەیان دیسان پێویستی بە تورکیایە تا لێیەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێ. بۆیە هەبوونی وەبەرهێنەرانی رووس لە کوردستان کاریگەری ئەرێنییان هەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا هەرچەندە ئێستا ئەو پەیوەندییانە لە ئاستێکی باشدان. بەڵام لەوانەیە هەلومەرجێک بێتە پێشەوەو ئاڵۆزییان تێبکەوێ، من گرفتێکی ئەوتۆ نابینم کە ببێتە کۆسپ لەبەردەم راگرتنی هاوسەنگیی لەنێوان ئەمریکا و روسیادا".

ئیکباڵ لەوباوەڕەدایە چونکە ئێستا هەوڵ هەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندی نێوان ئەمریکاو روسیا، ئەوا گرژی زیاتر نایەتە ئاراوە لەنێوان بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە زلهێزەدا.

رەنگدانەوەیەکی سنووردار
لەپاڵ ئەو بایەخدانە بە کەرتی وزەو سامانی سروشتی کوردستان، بەرپرسانی روسیا لەسەر ئاستی باڵادا چەندینجار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. تەنیا لە سێ ساڵی رابردوودا دوو جار وەزیری دەرەوەو نوێنەری سەرۆکی روسیا و چەندین بەرپرسی تر، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

هەروەها ساڵی ٢٠١٧ لە کۆڕبەندی ئابووری سان پرتسبۆرگدا، ڤلادیمێر پوتین لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێم کۆبوویەوە. بەڵام ئەم ئاستە بەرزەی پەیوەندییە ئابووری وسیاسییەکان لەناو میدیا و کۆمەڵگەی روسیدا رەنگدانەوەی ئەوتۆی نەبووە.

تەنانەت ئائێستاش زۆرجار میدیاکانی روسیا هەر "ناوچە کوردییەکانی باکووری عێراق" بەکار دەهێنن و نانووسن هەرێمی کوردستان.

دانەر ئەبوبەکر کاربەرێکەری حکومەتی هەرێم لە روسیا دەڵێ: بایەخەکانی روسیا بۆ کوردستان هەر لەبواری نەوت و گازدا نییە، بەڵام زۆینەی هەرە زۆری بایەخدانەکان لەم بوارەدایە.

دانەر بۆ گۆڤاری پەیسەر گوتی:" هاتن و پەیوەندییە ئابوورییەکانی روسیا و کوردستان، لەناو ناوەندە سیاسی وئەکادیمییەکان و کۆڕبەند و کۆنفرانسەکاندا بەگرنگییەوە باسیان دەکرێ. روس لایانوایە پەیوەندی لەگەڵ کورد مێژووییە، چەند جارێک سەرۆک پوتین و لاڤرۆڤ و چەند رۆژێک لەمەوبەر جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لە هەولێر باسی ئەو بابەتەیان کردەوە. بۆیە لایان گرنگە پەیوەندییان لەگەڵ کورد و کوردستان زۆر باشبێ و پرسی کورد دەبێ چارەسەر بکرێ نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە تورکیا و وڵاتانی تریشدا". 

گۆڕەپانەکە بۆ روسیا چۆڵە
بایەخەکانی روسیا تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو بە هەموو عێراقی دەدات. زیاتر لە دوو مانگە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە رەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق بەڕادەیەکی زۆر ئاڵۆزبووە، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەكی زۆری کۆمپانیا و دیپلۆماتكارانی رۆژئاوایی لە عێراق بچنە دەرەوە. بەڵام روسیا بەپێچەوانەوە تادێت ئامادەیی کۆمپانیا و دیپلۆماتکارانی خۆی لەعێراق زیاتر كردووە.

هەروەها نوێنەر و بەرپرسانی كۆمپانیا گەورەکانی وەکو گازپرۆم، رسنەفت، سوێزنفەتگارد، لۆك ئۆیڵ، تەكنۆپرۆم ئێكسپۆرت سەردانەکانیان بۆ عێراق زیاتر کردووە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق مانگی رابردوو ئاشکرایکردبوو کە سەردانی وەزیری دەرەوە لە سەرەتای مانگی شوبات بۆ بەغدا و هەولێر، تەنیا بۆ ئەوە بووە کە دڵنیابێ لە پارێزراوی سەرمایەگوزاری کۆمپانیاکانیان لە عێراق.

ئەو سەرچاوەیە گوتووشیەتی:" لە نۆ ساڵی رابردوودا روسیا ١٠ ملیار دۆلاری لەكەرتی وزەی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە خەرجكردووە. بۆیە دەیەوێ ئەو سەرمایەگوزارییەی دەستیان داوەتێ لە عێراق نەک هەر پارێزراوبێ بەڵکو زیاتر پێش بکەوێ".

ئەم راپۆرتە لە ژمارە ٩ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە