ڕاپۆرتی کوردستانی

05:57 - 19/03/2020

كۆرۆنا ئێرانى شپرز كردووه‌‌

پەیسەر پرێس

ره‌نگه‌ ئه‌و كاته‌ى حكومه‌تى ئێران گه‌یشتنى كۆرۆناى به‌ وڵاته‌كه‌ى راگه‌یاند، كۆرۆناى نوێ گه‌راى زۆرى دانابێت و په‌لى هاوشتبێته‌ كون و قوژبنى پارێزگاى قومه‌وه‌، بۆیه‌ش له‌ دواى دركاندنى گه‌یشتنى كۆرۆنا به‌ ئێران، به‌ خێراییه‌كى ترسناك كۆرۆنا هه‌ڵده‌كشێت و ئه‌و ڤایرۆسه‌ بێره‌حمانه‌ ئێرانییه‌كان ده‌دات به‌ زه‌ویدا. 

حكومه‌تى ئێران مانگێكى ته‌واو پێش ئێستا (١٩ى شوبات) یه‌كه‌م حاڵه‌تى كۆرۆناى له‌ وڵاته‌كه‌ راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ى مانگێكدا ئاماره‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كان به‌رزبوونه‌وه‌ى نا ئاساییان پێوه‌ دیاره‌، به‌پێى دوایین ژماره‌ى راگه‌یه‌ندراوى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئێران تا ئێستا كۆرۆناى نوێ له‌ سه‌رتاسه‌رى ئێران، ١٨ هه‌زار و ٤٠٧ توشبووى كۆرۆنا هه‌ن و له‌و ژماره‌یه‌ش هه‌زار و ٢٨٩ نه‌خۆشیان مردوون.

ئه‌مڕۆ ئیرەج حەریرچی جێگرى وه‌زیرى ته‌ندروستى ئێران، هه‌واڵێكى ناخۆشى به‌ ئێرانییه‌كان گه‌یاند، به‌پێى قسه‌كانى حه‌ریرچى له‌ هه‌ر كاتژمێرێك سێ كه‌س به‌هۆى كۆرۆناوه‌ له‌ ئێران ده‌مرن، واته‌ لە ٢٤  كاتژمێردا ٧٢ توشبووى كۆرۆنا ده‌مرن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش تا ئێستا ئه‌و گومانه‌ ئاماده‌یه‌ كه‌ پێى وایه‌ هێشتا حكومه‌ت ئاماره‌ راسته‌قینه‌كه‌ نادركێنێت و ئه‌وه‌ى بڵاوده‌كرێته‌وه‌ به‌شێكى قوربانییه‌كانن.

ئێران ئێستا پله‌ى سێیه‌مى ریزبه‌ندى وڵاتانى جیهانى گرتووه‌، له‌ گیرۆده‌بوون به‌ ده‌ست ڤایرۆسى كۆرۆناى نوێوه‌، رۆژانه‌ سه‌رووى هه‌زار و ٢٠٠ حاڵه‌تى نوێ له‌ ئێران تۆمار ده‌كرێت، ئه‌م به‌ڵایه‌ له‌ دۆخێكدا یه‌خه‌ى ئێرانییه‌كانى گرتووه‌، كه‌ حكومه‌تى وڵاته‌كه‌یان گه‌مارۆى سه‌ختى له‌سه‌ره‌. پێش كۆرۆناش دۆخى ئێران خۆى له‌ خۆیدا نه‌بوو ئێستا گه‌مارۆ و داڕمانى چه‌ند هێنده‌ى دراوه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده‌ى دیكه‌ ژیانى سه‌خت كردووه‌.

سێ سیناریۆى ترسناك

پێگه‌ى تین-ى هه‌واڵیى ئێرانی راپۆرتێكى نهێنى ژماره‌یه‌ك زاناو مامۆستاى زانكۆى ئێرانى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ سێ سیناریۆییان سه‌باره‌ت به‌ كۆرۆنا و ئێران خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ هیچ كام له‌ سیناریۆه‌كان قوربانى كه‌مى تێدا نییه‌. و خراپترین سیناریۆى به‌ بۆچوونى زانا ئێرانییه‌كان مردنى سێ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار ئێرانییه‌ له‌ حاڵه‌تى كه‌ره‌نتینه‌ نه‌كردنى وڵات و جێبه‌جێنه‌كردنى رێنماییه‌كان.

به‌پێى راپۆرته‌كه‌ سیناریۆى یه‌كه‌م باشترین سیناریۆیه‌، به‌ جۆرێك ئه‌گه‌ر كه‌ره‌نتینه‌ى گشتى خه‌ڵك له‌نێو ماڵه‌كانیان رابگه‌یه‌ندرێت به‌ رێژه‌یه‌ك سه‌دا ٨٠ى خه‌ڵك له‌ هاتوچۆ داببڕێت و رێنماییه‌كانى خۆ پاراستن جێبه‌جێبكه‌ن، ئه‌وا تا یه‌كى مانگى داهاتوو ١٢٠ هه‌زار كه‌سى ئێرانى توشى كۆرۆنا ده‌بن و ١٢ هه‌زار كه‌س ده‌مرن.

سیناریۆى دووه‌م؛ به‌پێى ئه‌م سیناریۆیه‌ له‌ حاڵه‌تى جێبه‌جێنه‌كردنى كه‌ره‌نتینه‌كردنى خه‌ڵك به‌و شێوه‌ى كه‌ داواكراوه‌، وه‌ جموجوڵ له‌نێوان خه‌ڵك به‌رده‌وام بێت به‌ رێژه‌ى سه‌دا ٥٠ ئه‌وا تا یه‌كى مانگى داهاوو ٣٠٠ هه‌زار كه‌س دووچارى ڤایرۆسى كۆرۆنا ده‌بن و ١١٠ هەزار کەس دەمرن.

سیناریۆى سێیه‌م؛ ئه‌مه‌ سیناریۆ خراپه‌كه‌یه‌، به‌ جۆرێك ئه‌گه‌ر كه‌ره‌نتینه‌كردن و دابڕانى خه‌ڵك جێبه‌جێنه‌كرێت و خه‌ڵك پابه‌ند نه‌بن به‌ رێنماییه‌كانى خۆپارێزییه‌وه‌،  ئه‌وا سه‌دا ٦٥ى خه‌ڵك ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌گرن و سێ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار كه‌س ده‌مرن.

چاره‌سه‌رێكى ئێرانى

ئێران دره‌نگ كه‌وت له‌ ئاشكراكردنى حاڵه‌تى كۆرۆنا تا خۆى گیرۆده‌بوو، ره‌زا مه‌له‌ك زاده‌ جێگری وه‌زیرى ته‌ندروستى ئێران بۆ توێژینەوە و تەکنەلۆژیا ١٣ی ئه‌م مانگه‌ رایگه‌یاند، ماوەیەکی زۆر پێش راگه‌یاندنى، ئەم پەتایە لە ئێران-دا بڵاوبووەتەوەو نیشانەکانی دەرکەوتوون. بەڵام نەزانراوە کۆرۆنایە.

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانى ئێرانه‌ بۆ دروستكردنى ده‌رمان، به‌ گوته‌ى مه‌له‌ك زاده‌،"کاراترین دەرمانی کۆرۆنا لە ئێران بەرهەم هاتووە". ئه‌و گوتانه‌ى مه‌له‌ك زاده‌ له‌ كاتێكدایه‌ تا ئێستا رۆژانه‌ ٧٢ كه‌س له‌ ئێران ده‌مرن به‌هۆى كۆرۆناوه‌.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ موستەفا قانعی سه‌رۆكى لیژنه‌ى زانستی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای تاران، ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند، به‌پێى توێژینه‌وه‌یه‌كى زانكۆیى ئێران ده‌ركه‌وتووه‌، سێ دەرمانی کێشەکانی سی لەسەر باشتر بوونی نەخۆشی کۆرۆنا کاریگەریان هەیە. به‌ گوته‌ى قانعى ده‌رمانه‌كان له‌سه‌ر دوو گرووپ تاقیكراونه‌ته‌وه‌و كاریگه‌رى باشى هه‌بووه‌.

به‌پێى ژماره‌كان بێت، تا ئێستا ئه‌و ده‌رمانانه‌ى به‌رپرسه‌ ئێرانییه‌كانى باسى ده‌كه‌ن، كاریگه‌رى گه‌وره‌یان نه‌بووه‌ له‌سه‌ر دۆخه‌كه‌.

چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كى ئێران

چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كى حكومه‌تى ئێران وایكرد، كۆرۆنا له‌ كۆنترۆڵ ده‌ربچێت و پێ بنێته‌ قۆناغه‌ ترسناكه‌كه‌یه‌وه‌.

*دره‌نگ گه‌یشتنى كۆرۆنا به‌ ئێران ئاشكرا كرا، ئه‌وه‌ش وایكرد خه‌ڵكى خۆپارێزى نه‌كه‌ن و ڤایرۆسه‌كه‌ كاتى زۆرى له‌ به‌رده‌م بوو بۆ بڵاوبوونه‌وه‌.

*ئێران ته‌وقى شاره‌كانى دواخست و دره‌نگ ئه‌و بڕیاره‌یدا، جگه‌ له‌وه‌ش قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى رانه‌گه‌یاند تا ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ته‌واوى بڵاو بوویه‌وه‌.

* ئێران نه‌یتوانى ئالوگۆڕه‌ بازرگانییه‌كانى له‌گه‌ڵ چین سنووردار بكات، رێوشوێنه‌كانى كه‌ره‌نتینه‌ى په‌یڕه‌ونه‌كرد تا كار له‌كار ترازا. 

تا ئێستا ئه‌نجامى رێكاره‌كانى حكومه‌ت، به‌ دۆخه‌ شپرزەكه‌وه‌ دیار نییه‌ و ژماره‌كان به‌ خێراییه‌كى نا ئاسایى له‌ هه‌ڵكشاندان، حكومه‌ت له‌ هه‌وڵدایه‌ هه‌ندێك له‌ گه‌مارۆكان بشكێنێت، بۆ ئه‌وه‌ش بیانووى بارى نا ئاسایى دۆخى ته‌ندروستى هه‌یه‌، رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى بۆئه‌وه‌ هه‌ندێك نێوه‌ندگیرى كردووه‌.

سه‌رۆكى رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى ئادهانوم گەبیریسۆس به‌ مه‌یادینى راگه‌یاندووه‌، قسه‌ى له‌گه‌ڵ مایك پۆمپیۆ كردووه‌و داوایكردووه‌، هاوكارى ئێران بكرێت، گوتیشى:" ئەمریکا بە ڕاگرتنی هەندێک گەماۆر دژی ئێران رازى بووه‌".

ئێران ئه‌گه‌رچى سێیه‌م قوربانى ده‌ستى كۆرۆنایه‌ له‌ رووى ژماره‌وه‌، به‌ڵام به‌راورد به‌ چین و به‌ ئیتالیاش رێكاره‌كانى ساردوسڕییان پێوه‌ دیاره‌، به‌پێى ژماره‌ و ئاماژه‌كانى ئێستا بێت پێده‌چێت كۆرۆنا زیانى قه‌به‌تر له‌ ئێرانییه‌كان بدات، ئه‌گه‌ر رێكاره‌كان توندتر نه‌كرێن و وڵاتانیش ده‌ستى ئێران نه‌گرن بۆ ده‌رچوون له‌و دۆخه‌.