06:50 - 20/03/2020
نێوماڵى شیعه "خراپ شێواوه"
ناكۆكیى لایه‌نه شیعه‌كانى عێراق پێى ناوه‌ته قۆناغێكى توندتره‌وه، زۆرینه‌یان ئاماده‌نین وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ عه‌دنان زرفى بكه‌ن، عه‌بادى له پایه لاوازه‌كانى ماڵى شیعییه و له پشتییهتى، سه‌دریش تا ئێستا له‌گه‌ڵ زرفى كۆكه، ئه‌گه‌رچى گومان ده‌كرێت تا سه‌ر له‌پشتى بمێنێته‌وه، ئێران خه‌تى سورى كۆتایى به‌سه‌ر ناوى زرفیدا هێناوه، به‌ڵام پێى خراپ نییه له رێگه‌ى ئه‌و پیاوه‌وه ماوه‌یه‌ك كات بكوژێت. دۆخى خراپى ئێران به ده‌ست كۆرۆناوه، به‌ردێكى تر‌ى له‌به‌ر ده‌رگاى رێككه‌وتن داناوه.
كۆرۆنا و دانوستانه‌كان
ناكۆكى سیاسییه‌كان له عێراق بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له دۆخێك‌دا له گه‌رمه‌یدایه، كه ڤایرۆسى كۆرۆناى نوێ سێ به‌شى جیهانى به‌گیرهێناوه، ئێران تینى بۆ هاتووه‌و گه‌مارۆكان ده‌ستوپێى ئه‌و وڵاته‌یان به‌ستووه، كۆرۆناش به‌ربووه‌ته گیانى، له چه‌ند رۆژى رابردوو ئێران داوایكرد هه‌ندێك له گه‌مارۆكانى هه‌ڵبگیرێت، به‌ڵام ئه‌مریكا ئاماده نییه ئه‌وه بكات، به رێژه‌یه‌كى زۆر سنوردار له دۆخى زۆر پێویستدا هه‌ندێك كۆتى بانكیى شل ده‌كات، ئه‌وه ئێرانى زیاتر توڕه كردووه‌و كاریگه‌رى له‌سه‌ر دۆخى سیاسى عێراقیش داناوه.
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئه‌مڕۆ له تویتێكدا گوتى، تەنانەت لە کاتی تەشەنەکردنی کۆڤید ١٩ش ئه‌مریكا سه‌رقاڵى سیاسه‌تى گه‌مارۆیه،"کاتی گۆڕینی سیاسەتە شکست خواردووەکەی ئەوان هاتووە".
ئێران له‌م قۆناغه‌دا دۆخه‌كه‌ى له عێراق توند كردووه‌ته‌وه، پلانى ده‌ركردنى هێزه بیانییه‌كانى گهرمكردووهتهوهو به توندیش دژى بوونى هه‌ر كاندیدێكى نزیك له ئه‌مریكایه له ركابه‌رى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، بۆیه‌ش تاران له چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌مدا زۆرینه‌ى نێوماڵى شیعى له پشتیوانى زرفى هه‌ڵگێڕایه‌وه و ئێستا ئه‌و پیاوه چانسێكى لاوازى بۆ ماوه‌ته‌وه. زۆرینه‌ى ره‌هاى شیعه‌كان ده‌نگى پێناده‌ن و كورد و سووننه‌ش كاندیدى هاوبه‌شى نێوماڵى شیعه‌یان ده‌وێت.
گروپه چه‌كداره نه‌یاره‌كانى ئه‌مریكاش ئه‌م چه‌ند رۆژه پلانه‌كانیان چالاكتر كردووه دژى ئه‌مریكییه‌كان له‌سه‌ر خاكى عێراق، له كاتێكدا له دواى كوشتنى قاسم سوله‌یمانییه‌وه جوڵه‌یه‌كى ئه‌وتۆ دژى ئه‌مریكا نه‌كرابوو، به‌ڵام له دوو هه‌فته‌ى رابردوودا چه‌ند جارێك هێرش كراوه‌ته‌وه سه‌ر بنه‌ى سه‌ربازى ئه‌مریكى و باڵیۆزخانه‌ى ئه‌و وڵاته له به‌غدا.
"زرفى تاكتیكه"
له به‌رامبه‌ر نیگه‌رانى و توڕه‌یى ئێران‌دا، بۆچوونێك هه‌یه پێى وایه، كاندیدكردنى زرفى تاكتیكه، چونكه ئێران و شیعه‌كانیش ده‌زانن ئه‌و پیاوه به‌و ده‌نگه كه‌مه‌ى تا ئێستا پشتیوانى ده‌كه‌ن، نابێته سه‌رۆك وه‌زیران، بۆیه ئێران یارى به كات ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى سیناریۆ كۆنه‌كه‌ى زیندووبكاته‌وه (مانه‌وه، یاخود گه‌ڕانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى)، گریمانه‌یه‌كى دیكه‌ش ئه‌وه‌یه ئێران له‌م دۆخه نالهبارەیدا بییه‌وێت مامه‌ڵه‌یه‌ك به بابه‌تى زرفییهوه بكات و هه‌ندێك بارى خۆى له‌ژێر ئه‌و هه‌موو گه‌مارۆیه سوك بكات. ئه‌گه‌رنا یهكخستى ماڵى شیعیى بۆ تاران كارێكى ئه‌سته‌م نییه.
كورد و سوننه له زرفى ساردن
كێشه‌كانى كورد و سوونه له عێراق، ته‌نها له دۆخێك‌دا هیواى چاره‌سه‌ریان بۆ دێته پێشت، كه ئه‌گه‌ر كۆى نێوماڵى شیعه بێنه سه‌رخه‌ت و هه‌ندێكیان له نزیكبوونه‌وه‌ى كورد و سوونه نه‌كه‌ونه ره‌خنه و بۆڵه بۆڵ، هه‌ر سه‌رۆك وهزیرانێكیش به‌شێك یاخود هه‌ندێك له لایه‌نه شیعییه‌كان پێشكه‌شى بكه‌ن، به چاره‌سه‌رى کێشەی شیعه‌كان راناگات تا فریاى كورد و سوننه بكه‌وێت، نه‌یاره‌كانیشى به ئاسانى رێگه‌ى ناده‌ن بۆ كورد و سوونه ببێته نیعمه‌ت.
كورد و سوونه له بابه‌تى ره‌تكردنه‌وه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى ئه‌زموونێكیان بۆ دروستبووه، كه ده‌توانن پێكه‌وه ژماره‌یه‌كى كاریگه‌ر بن به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكى شیعه‌كان كه دێته پێش.
نه‌هرۆ ره‌واندزی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى:"كورد پشتیوانی ئه‌و كاندیده ده‌كات، كه له لایه‌ن زۆرینه‌ی شیعه‌كانه‌وه پشتیوانی بكرێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت باوه‌ڕی به مافه‌كانی كورد و جێبه‌جێكردنی ده‌ستور هه‌بێت، پێشم وایه سوننه پشتیوانی هیچ كاندیدێكی سه‌رۆك وه‌زیران ناكه‌ن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ كورد".
كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ماڵى حه‌كیم
شه‌وى رابردوو له‌ماڵى عه‌مار حه‌كیم كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ره گه‌وره‌كانى شیعه دیسانه‌وه بێ ئه‌نجام بوو، لایه‌نه‌كان كاندیده‌كانى دیكه ره‌تده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له پشتى هه‌موو ئه‌و مشتومڕانه‌وه پلانێكى تهواوكراوى ئێران ئاماده‌یه بۆ مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆیه‌ش ره‌نگه ناكۆكى ماڵى شیعه بۆ ئێرانییه‌كان زیانى ئه‌وتۆى نه‌بێت. له كاتێكدا جگه له سه‌درییه‌كان و عه‌بادى شیعه‌كانى دیكه و كورد و سوننه‌ش مانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدییان پێ خۆشه.
نه‌هرۆ ره‌واندزى گوتى:"ماڵی شیعه به‌خراپیی دابه‌ش بوون و كێشه‌كه هه‌رێمایه‌تییه، پێش ئه‌وه‌ی شه‌ڕی ناو هێزه عێراقییه‌كان بێت، شه‌ڕی ئه‌مریكا و ئێرانه، كامیان زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر دۆخه‌كه‌دا، ناكۆكییه‌كه په‌یوه‌ندی به مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه هه‌یه".
له بابه‌تى راسپاردنى زرفى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، ئه‌وه‌ى زیاتر مایه‌ى سه‌رنجه، ئه‌و لێدوانانه‌ن كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، زرفى به راسپارده‌ى په‌رله‌مانتاره شیعه‌كان راسپێردراوه نه‌ك سه‌ركرده‌ى حزبه شیعه‌كان، ئه‌وه ئه‌و گریمانه‌یه به‌هێزتر ده‌كات كه پرۆسه‌ى راسپاردنى زرفى تاكتیك بێت، له كاتێكدا سه‌رۆك كۆمار و ئێرانیش ده‌زانن بێ پشتیوانى زۆرینه‌ى نێوماڵى شیعه، كه‌س ده‌نگى پێویست ناهێنێت بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران.
ره‌واندزى بۆ په‌یسه‌ر جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، زرفی له‌لایه‌ن كوتله شیعییه‌كانه‌وه كاندید نه‌كراوه، واتا له‌لایه‌ن گه‌وره‌ترین كوتله‌ی شیعییه‌وه كاندید نه‌كراوه، به‌ڵكو په‌رله‌مانتارانی شیعه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆبوونه‌وه و پێنج كاندیدیان له به‌رده‌ست بووه، زۆرینه پشتیوانی عه‌دنان زرفییان كردووه و واژۆیان بۆ كۆكردووەته‌وه و له‌گه‌ڵی چوون بۆلای به‌رهه‌م ساڵح، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رایبسپێرێت،"واتا ره‌فتاری شه‌خسی په‌رله‌مانتارانه و رێككه‌وتنی كوتلهشیعییهكانی له‌سه‌ر نه‌بووه".ئه‌و پێى وایه فراكسیۆنه پهرلهمانییهكانى شیعه بێ‌ئومێد بوون، بۆیه خۆیان به‌و كاره هه‌ستاون.
له مه‌راسیمى وه‌رگرتنى مه‌رسومى كۆمارى له‌لایه‌ن زرفییهوه بۆ راسپاردنى به پێكهێنانى حكومه‌ت، په‌رله‌مانتارانى سائیرون، نه‌سر، ده‌وڵه‌تی یاسا، ره‌وتی حیكمه، به‌شێك له عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق و كوتله‌ی ئیراده، ئاماده‌بوون و پشتیوانی زرفییان كرد. به‌ڵام دواى چه‌ند كاتژمێرێك ته‌نها دوانى یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ زرفى مانه‌وه.
ئێستا كێشه له نێوان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگای فیدراڵیی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وپرسه، به‌جۆرێك دادگای فیدراڵی نوسراوی كردووه بۆ سه‌رۆك كۆمار ده‌ڵێت، ده‌بێت له‌دوای 15 رۆژه‌كه ناوێك بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رابسپێردرێت و ناوه‌كه‌ی دیاری بكرێت، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌ڵێت، سه‌رۆك كۆمار بۆی نییه كاندید ده‌ستنیشان بكات، چونكه ئه‌وه مافی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه.
له به‌رهه‌م ساڵح نیگه‌رانن
دواى راسپاردنى زرفى، زۆرینه‌ى شیعه‌كان نیگه‌رانییه‌كانى خۆیان له به‌رهه‌م ساڵح نه‌شارده‌وه، ته‌نانه‌ت گوتیان سكاڵاى له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وه مافى گه‌وره‌ترین كوتله‌یه سه‌رۆك وه‌زیران دیارى بكات، شیعه‌كان پێیان وایه به‌رهه‌م ساڵح رۆڵێكى هاوسه‌نگ ناگێڕێت و ئه‌ركه دهستورییهكهى وه‌ك خۆى به‌رێوه نابات. هه‌رچى سه‌باره‌ت به كوردە به‌پێى زانیارییه‌كان، سه‌رۆك كۆمار هیچ ههماهەنگییهكى فه‌رمى له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردییه‌كان نه‌كردووه بۆ راسپاردنیى زرفى. ناڕازییه‌كانى شیعه ١٠ خولهك پێش راسپاردنی زرفی په‌یوه‌ندییان به سه‌رۆك كۆماره‌وه كردووه و داوایان لێكردووه و كاندیدی نه‌كات.
بڕیاره له چه‌ند رۆژى داهاتوودا شاندێكى شیعه‌كان بێنه هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر راسپاردنى كه‌سێك یاخود مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كورد بكه‌ن.
زرفى پێشتر دوو جار پارێزگارى نه‌جه‌ف بووه، مهزههبییهكى به مه‌نهه‌ج ئه‌مریكییه‌و له‌سه‌ر خه‌تى ئه‌مریكا حسابه، ناكۆكى توندى هه‌یه له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ى میلیشیاى چه‌كدار، باوه‌ڕیشى به عێراقى یه‌كگرتوو و سه‌ربه‌خۆیى زیاترى وڵات هه‌یه، ئه‌وانه‌ى ده‌یناسن ده‌ڵێن پیاوێكى وشك و راشكاوه‌و بیركردنه‌وه‌كانى میسالین(نموونه‌یین)، ئه‌وكاته‌ى پارێزگار بووه به‌ركه‌وتنى زۆرى له‌گه‌ڵ گروپه چه‌كداره‌كان و سه‌درییه‌كانیش هه‌بووه له شاره‌كه.