ڕاپۆرتی کوردستانی

12:59 - 21/03/2020

پەنابەران و برێگزت.. چارەنووسی پەنابەرانی کورد لە بەریتانیا‌

پەیسەر

دوای ئەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا جیابوویەوە، ئیتر ئەو وڵاتە پابەندی پەیماننامە و رێككەوتنەكانی ئەو یەکێتییە نابێ. لەناو ئەو باسانەدا پرسی پەنابەران یەکێکە لە باسە گەرموگوڕ و جێ مشتومڕەکان.
هەرچەندە تائێستا بەریتانیا هیچ بڕیار و رێوشوێنێکی جیاوازی نەگرتووەتەبەر بۆ مەسەلەی پەنابەران، بەڵام ئەم وڵاتە سەرقاڵی داڕشتنی سیاسەت و یاسای نوێیە سەبارەت بە کێشەی پەنابەران چ ئەوانەی ئێستا لەوێن یان ئەوانەی لە داهاتوودا دەچنە بەریتانیاوە.

برێگزت چی بوو؟
برێگزت پڕۆژەیەكی بەریتانیی بوو بۆ دەرچوونی یەکجاریی لە ئەندامێتی یەكێتی ئەوروپا. ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانێ لە دەرەوەی ئەوروپا، سەربەخۆییەکی ئابووری و سیاسی پەیڕەو بکات.
یەكێتی ئەوروپا یەكێتییەكی گەورەی  ئابووری و سیاسییەو بە بەریتانیاوە 28 وڵات ئەندامی بوو. ناوەندیپەرلەمانەكەیان لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكایە.

ئەو وڵاتانەی ئەندامی ئەم یەكێتییەن، هاوڵاتییەكانیان دەتوانن بەبێ ڤیزە سەردانی وڵاتانی یەکتر بكەن و هەروەها وڵاتانی ئەندام لەم یەكێتییە، پێکەوە ئاڵوێری بازرگانی ئازاد بکەن.
ساڵی 2016  پڕۆژەی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا كەوتە بەر گفتوگۆی گەرمی حكومەت و خەڵكی بەریتانیاوە.
رۆژی23ی حوزەیرانی ٢٠١٦ چوونەدەرەوە یان مانەوە لە یەکێتی ئەوروپا، لە ڕاپرسییەكدا خرایە بەردەم گەلانی بەریتانیاوە. ئەنجامی راپرسییەکە ٥١،٩٪ی بە بەڵێ و 48.1٪ یش بە نەخێر کۆتایی هات. دواجار رۆژی ٣١/١/٢٠٢٠ بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا چووە دەرەوە.

برێگزت پەنابەران
بۆ دەیان هەزار پەنابەر لەو وڵاتە، یەکەم شت ئەوەبوو چارەنووسی پەنابەران (بە تایبەت ئەوانەی کە هێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی ئیقامەن) لە دوای برێگز چی دەبێ؟

بەگوێرە ئامارێکی ناڕەسمی ٢٧٠ پەنابەری کورد لە بەریتانیادا دەژین. لەناو ئەمانە ژمارەیەکی زۆر هەیە کە چاوەڕێی وەرگرتنی مافی مانەوە – ئیقامەن. چاوەڕوانی و دوودڵییەکە زیاتر ئەم کەسانە دەگرێتەوە.

یەكێك لە كێشە هەرە گەورەكانی بەریتانیا، بریتییە لە كێشەی پەنابەرانی بیانییە بۆ ئەو وڵاتە كە لە وڵاتانی  رۆژئاوا و باكووری ئەوروپاوە دەپەڕنەوە بەریتانیا.
بەپێی داتا فەرمییەكانی بەریتانیا، دوو ملیۆن ئەوروپیی و بیانیی لە ناو بەریتانیادا كاردەكەن و پارەیەكی زۆر لە بەریتانیا دەبەنە دەرەوە.
بەریتانیای دوای برێگزت دەیەوێ سنوورێك بۆ ئەو پەنابەرانە دابنێ كە روو لە وڵاتەكەی دەكەن. پێدەچێ دوای سەرکەوتنی برێگزت، بیەوێ پێداچوونەوەیەكی ورد بەو كەسانەدا بكات كە لەوڵاتەكەیدان یان ئەو كەسانەی لەمەودوا دەیانەوێ بچنە بەریتانیاوە.

ئێستا کە دەوڵەتی بەریتانیا خەریکی داڕشتنی یاسا و رێسایە نوێیە بۆ مەسەلەی پەنابەران، یەکێتی ئەوروپاش خەریکی گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیاسایەکە بۆ هەموواری (رێککەوتننامەی دبلن) کە وڵاتانی ئەوروپا لە ساڵی ١٩٩٠ پەسەندیان کرد و کاریان پێکردووە.
مانگی رابردوو مارگارێتس سكەیناس، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا  ئاشکرایکرد رێكکەوتنامەی دبلن گۆڕانكاری تێدا دەكرێ و بەهاری ئەمساڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پەسەندی دەکەن.

كورد و برێگزت
لەسەرو بەندی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، كێشەیەكی زۆر بۆ پەنابەرانی كورد لە بەریتانیا هاتەپێشەوە، كە بریتییە لە دیپۆرتكردنەوە و ناردنەوەی ئەوانەی مافی مانەوەیان پێنادرێ.
بە قسەی كارۆ ئالانی یەكێكە لەو کوردە پەنابەرانەی ئیقمامەی پێدراوە و لە لەندەن دەژی، ئێستا لەناو ئەو پەنابەرانەی جوابیان نەدراوەتەوە، دۆخێكی تێکەڵ بە ترس و شڵەژان دروستبووە کە ئاخۆ دوای برێگزت چارەنووسی ئەوان چی دەبێ؟
محەمەد شەریف مامۆستای (زانكۆی ئێگزیتەر) لە بەریتانیا لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ گۆڤاری پەیسەر ئاماژە بەوە دەکات، بەریتانییەکان پێیانوایە، هەبوونی دوو ملیۆن بێگانە لە وڵاتەکەیان کە بەشی هەرەزۆریان پەنابەرن، کێشەی راستەقینەی بۆ ئابووری بەریتانیا دروستکردووە بۆیە دەیانەوێ دوای برێگزت سنوورێکی بۆ دابنێن.
محەمەد شەریف گوتی: "ئەو بیانیانەی لە بەریتانیا دەژین، قازانجێكی زۆر لە پارەو ئابووری بەریتانیا دەكەن و دواتر دەیبەنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. بەریتانیا پلانی هەیە كە سنوورێك بۆ ئەو چوونە دەرەوەیەی سامانەکەی دابنێ، لەدوای برێگزتەوە تەنیا رێگە بەو بیانیانە دەدات بێنە وڵاتەكەیەوە كە  توانای كاریی زۆر باشیان هەیە و موچەیەكی بەرزیان هەیە".
محەمەد شەریف دەشڵێ: پەنابەرێكی  زۆری كورد لە بەریتانیادا هەیە، لە دوای برێگزتیش هیچ كێشەیەك بۆ ئەو پەنابەرە كوردانە دروست نابێ چونكە پەنابەری كورد  رێژەیەكی هێندە زۆری نییە كە كاریگەریی لەسەر ئابووری و ژمارەی دانیشتووان و هەلی كار لە بەریتانیا کردبێ.

دوو جۆر کورد و برێگزت
هەر سەبارەت بە ئایندەی پەنابەرانی کورد لە بەریتانیا، ئيبراهيم محەمەد مامۆستای زانكۆ لە لەندەن روونی دەکاتەوە، هەرکات باسی برێگزت و پەنابەران بکرێ، دەبێ جیابکرێنەوە چونکە پەنابەر هەیە بووەتە هاوڵاتی رەسمی بەریتانیا، هەموو گۆڕانکارییەکی دوای برێگزت بە ئەندازەی هەر بەریتانییەکی ئاسایی، گۆڕانکاری بۆ ئەوانیش دەبێ ئیتر چاکبێ یان خراپ.
جۆرێکی تر ئەو پەنابەرانەن کە هێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی ئیقامەن، محەمەد ئیبراهیم بۆ پەیسەر گوتی:" ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئەگەر ئەو بیانیانەی لە بەریتانیان و دوای برێگزت دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان. ئەوا بەریتانیا پێویستییەكی زۆری بەدەستی كار دەبێ. ئەوەش ئەو وڵاتە ناچار دەكات كە مافی كار و مانەوە بدات بەو پەنابەرانەی لە بەریتانیان و جارێ ئیقامەیان پێنەدراوە".

 

ئەم راپۆرتە لە ژمارە ٩ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە