ڕاپۆرتی کوردستانی

03:15 - 21/03/2020

مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا‌

پەیسەر

لەبەرئەوەی حکومەتی تورکیا لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا ڕێوشوێنی پێویستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەگرتووەتەبەر، مەترسیەکی گەورە لەسەر زیندانیان دروست بووە و خانەوادەی زیندانیانیش داوای ئازادکردنیان دەکەن.

لە جیهاندا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و ڕێژەی ئەو کەسانەش کە بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە ١٠ هەزار کەسی تێپەڕاند.

 

لە تورکیا بە پێی ئامارە فەرمیەکان تا ئێستا نزیکەی ٧٠٠ حاڵەت تۆمارکراون و ٩ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمیەکان و هەندێک بەڵگە و گرتەی ڤیدیۆیی لە تورکیا بە هەزاران حاڵەت تۆمارکراون.

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە شێوەیەکی زۆر خێرا لەناو تورکیا و باکووری کوردستان بڵاودەبێتەوە، مەترسیەکی زۆریشی لەسەر زیندانەکان دروست کردووە. لە ئێران ٨٥ هەزار زیندانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەناو زیندانەکاندا ئازادکران.

لە تورکیا ٣٥٥ زیندانی گەورە هەن کە ٣٠٠ هەزار کەس تێیایاندا زیندانیکراون و ١٥٠ هەزار کارمەندیش کار لەو زیندانانەدا دەکەن. بە هۆی نەبوونی پێداویستی تەندروستی و پشتگوێخستنی حکومەت بە تایبەت لە زیندانەکانی باکووری کوردستاندا مەترسیەکی زۆر هەیە زیندانیان تووشی ڤایرۆسەکە ببن.

بە پێی دوایین ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا کە لە کۆتایی ٢٠١٩دا بڵاویکردەوە، لە زیندانەکانی باکووری کوردستاندا نزیکەی ١٣٣٤ زیندانی نەخۆش هەن کە دۆخیان زۆر خرابە و بە هۆی کاری سیاسیەوە دەستگیرکراون. لە لایەکی ترەوە کۆمەڵەی دەستپێشخەری گەل کە کار لەسەر باشکردنی دۆخی زیندانەکان دەکات ڕایگەیاندووە، لە زیندانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان نزیکەی ٨٠٠ منداڵ هەن کە لە گەڵ دایکیاندا لە زینداندان.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی بڵاوبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا خانەوادەی زیندانیان داوای ئازادکردنی کەسوکاریان دەکەن.

ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکای ئۆپۆزسیۆن لە ڕاپۆرتێکدا باس لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە زیندانەکاندا دەکات و دەڵێت، لە زیندانەکانی سیلیڤری، دوزجە و تەکرداغ کە زیاتر ئەو کەسانە تێیایاندا زیندانیکراون کە بەهۆی کاری سیاسیەوە دەستگیرکراون و زۆربەیان کوردن، دۆخەکە زۆر خرابە.

ڕۆژنامەکە باسی ئەوە دەکات، تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتە بەر و دەست بە هەڵمەتی دەرمان ڕشتن و پاککردنی زیندانەکان نەکراوە و هاتوچۆش بۆ زیندانەکان بەردەوامە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی زیندانیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

خەدیجە ئوناران ئەندامی کۆمسیۆنی زیندانیان و سزادراوانی سەر بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا بۆ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا ڕایگەیاندووە، ئەوان پەیوەندیان بە زیندانەکان و خانەوادەی زیندانیان کردووە و دەرکەوتووە تا ئێستا هیچ رێوشوێن نەگیراوەتە بەر و ئەگەرێکی زۆر هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ڤایرۆسەکە لە ناو زیندانیاندا بڵاوببێتەوە.

 

ئوناران دەڵێت،"هەرچەندە چەندین جار داوایان کردووە تەندروستی زیندانیان بپارێزرێت و پێداویستی خۆپاراستن بۆ زیندانەکان دابینبکرێت، بەڵام تا ئێستا تەنانەت کلێنس و دەمامک و دیتۆڵیش بۆ زیندانیان دابین نەکراوە.

ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئەوەشی خستووەتەڕوو، زیندانەکان زۆر قەڵەباڵغن و بە بەردەوامیش هاوڵاتیان دەستگیردەکرێن و کەسی نوێ دەهێنرێتە ناو زیندانەکان و پشکنینی کۆرۆنایان بۆناکرێت و ئەوەش ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ناو زیندانەکاندا زیاتر دەکات.

مەترسیەکی تریش لە زیندانەکان ئەوەیە کە هەندێک کەس دەتوانن چەند مانگ جارێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سەردانی خانەوادەکانیان بکەن و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ زیندانەکان. ئوناران لەوبارەیەوە دەڵێت، "لەم ماوەیەدا زۆر کەس سەردانی خانەوادەکانیان کردووە و گەڕاونەتەوە بۆ زیندانەکان کە پشکنینیان بۆ نەکراوە. لەناو زیندانەکانیشدا هەندێک کەس نەخۆشی درێژخایەن و شێرپەنجەیان هەیە. ڤایرۆسی کۆرۆناش زیاتر کاریگەری لەسەر کەسانی نەخۆش دروست دەکات و ئەوەش دەبێتە ئەگەری ئەوەی زیندانیە نەخۆشەکان گیانیان لەدەست بدەن.

بەو هۆیەوە خانەوادەی زیندانیان و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی داوا دەکەن، زیندانیان ئازاد بکرێن و ڕێوشوێنی توندی تەندروستی لە زیندانەکاندا بگرێتەبەر.