ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:37 - 21/03/2020

چۆنە تائێستا کۆرۆنا لە سوریادا نییە؟‌

پەیسەر

مانگی رابردوو چاوی دنیا لەسەر سوریا بوو ئەویش بەهۆی بۆردمانی سوپای تورکیا لەلایەن فڕۆکەکانی روسیاوە، بەڵام ئێستا کە کۆرۆنا لە ئارادایە کەس باسی ئەم وڵاتە ناکات.

ئایا سوریا پاکژە لە کۆرۆنا وەکو بەرپرسانی ئەم وڵاتە بانگەشەی بۆ دەکەن؟

دوێنێ هەینی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پارچە ڤیدیۆیەک بڵاوبوویەوە کە تێیدا دەردەکەوێ پیاوێكی بە تەمەن کە توشی کۆرۆنابووە لەناوەڕاستی شەقامێکدا دەکەوێ و هەر لەوێدا گیان لەدەست دەدا.
وابڵاوکرایەوە کە گوایە ئەو رووداوە لەناو جەرگەی دیمەشقدا روویداوە، بەڵام هەرزوو بەرپرسانی دیمەشق رەتیانکردەوە کە ئەو کەسە کۆرۆنای بووبێ و گیانی لەدەستدابێ. وتیان ئەو پیاوە نەخۆشی فشاری خوێنی هەبووەو ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

 

رۆژی ١٢ی ئەم مانگە، هەندێ میدیای عەرەبی بڵاویان کردەوە کە (فەرهاد دەبیریان) یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سوریا بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە

ئیجرائاتی توند
لە رۆژی هەینی ٢٠ی ئازارەوە، حکومەت و سوپای سوریا کەوتوونەتە رێوشوێنی توندی خۆپارێزییەوەو بڕیاریانداوە قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی وڵاتدا رابگەیەنن.

رۆژی شەممە سوپای سوریا بڕیاریدا رێکاری خۆپارێزی توند لەناو سوپادا پەیڕەو بکرێ و سنوورە ئاوی و وشکانییەکان بەتەواوی دابخرێن و رێگە نەدەن کەس بچێتە ناو ئەو وڵاتەوە.

ئەم بڕیارە هاوکاتبوو لەگەڵ راگرتنی سەرجەمی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ چەندین وڵاتی ئەوروپی  وعەرەبی لەلایەن حکومەتی سوریاوە.

لەو نەخشەیەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO بۆ کۆرۆنای داناوە، سوریای تێدا نییە و توشبووی تێدا تۆمار نەکراوە

ئایا سوریا پاکژە لە کۆرۆنا؟
رۆژی ١٢ی ئەم مانگە، هەندێ میدیای عەرەبی بڵاویان کردەوە کە (فەرهاد دەبیریان) یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سوریا بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە. هەرچەندە حکومەتی سوریا و سوپای پاسداران رەتیانکردەوە دەبیریان بە کۆرۆنا مردبێ. بەڵام سەرچاوە ناوخۆییەکانی سوریا جەختیان لەوەکردەوە ئەو فەرماندەیەی پاسداران بە کۆرۆنا مردووە.

وەزیری تەندروستی سوریا (نزار یازجی) رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند: تائێستا سوریا خاڵییە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و هیچ توشبوویەک تۆمار نەکراوە. بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی رێوشوێنی توند نەگرینەبەر. پێویستە قەدەغەی هاتوچۆ لە سوریا رابگەیەنرێ و خەڵک ناچار بکەین لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
سەرباری رەتکردنەوەی بەرپرسانی سوریا لە هەبوونی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیاندا، بەڵام هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەم وڵاتە دەڵێن: هەیە و دەشاردرێتەوە.
لە حاڵێکدا ئەگەر لە سوریا کۆرۆنا نەبێ یان هەبێ بەڵام بە کەمی، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بێجگە لە دیمەشق، دانیشتوانی ئەم وڵاتە کەمترین سەفەر دەکەن یان خەڵک دەچێتە ناو وڵاتەوە. ئەمەش بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنی و بەردەوامی شەڕی ناوخۆو ئیقلیمیی لەناو بەشێکی زۆری ئەم وڵاتەدا.


بەوپێیەی لە رۆژی هەینییەوە حکومەتی دیمەش رێوشوێنەکانی توندکردووەتەوەو دەستیکردووە بە ئیجرائاتی توند، ئەمەش گومانی ئەو کەسانە زیاتر دەکات کە دەڵێن لە سوریا کۆرۆنا هەیە و دەشاردرێتەوە.
رۆژی شەممە ٢١ی ئازار، لە یەک کاتدا ئەم رێوشێنانە گیرانەبەر. راگرتنی سەفەر لە فڕۆکەخانەکانەوە، دەرمانڕێژکردنی شەقامە سەرەکییەکانی ناودیمەشق و بڕیارە هەموو شارەکان بگرێتەوە.


مەحاڵە ئێستا لە سوریا کۆرۆنا نەبێ، چونکە سنوورێکی زۆری بە تورکیا و ئوردن و لوبنان و عێراقەوە هەیە و ئەم وڵاتانەش کۆرۆنا تێیاندا بڵاوەیکردووە

ئامادەکاری نەخۆشخانەکانی دیمەشق بۆ هەبوونی هەر حاڵەتێکی کۆرۆنا، دابەشکردنی دەستکێش و ماسک لەناو سوپا و هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی سوریا. توندوتۆڵکردنی سنوورەکان لەگەڵ عێراق و ئەردەن و لوبنان و تورکیا.

لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی سوریا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرەو کۆنترۆڵی هەموو میدیاکانی وڵاتی کردووە، کەمترین زانیاری هەیە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا. ئەو لێدوانانەیشی کە بەرپرسان و ئۆپۆزیسۆنی سوریا دەیدەن جێی متمانە نین چونکە هەموو لێدوان و قسەکانیان بارگاویکراوە بە سیاسەت و ململانێ و رەتکردنەوە.

ئەو کەسانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن هەیەو دەشادرێتەوە، دەڵێن مەحاڵە ئێستا لە سوریا کۆرۆنا نەبێ، چونکە سنوورێکی زۆری بە تورکیا و ئوردن و لوبنان و عێراقەوە هەیە کە ئەم چوار وڵاتەش کۆرۆنا تێیاندا بڵاوەیکردووە.

هەروەها حکومەتی سوریا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە ئێرانەوە هەیە و رۆژانە فڕۆکە و هاوڵاتی ئێرانی، تا دوێنێ هەینی سەردانی دیمەشقیان کردووە. بۆیە هەموو ئەو رێگایانەی کە کۆرۆنا دەگوازنەوە لە سوریا ئامادەییان هەیە و دوور نییە توشبووی کۆرۆنای تێدابێ بەڵام ئاشکرا نەکرێ.
بەڵام لەو نەخشەیەی کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO بۆ کۆرۆنا دایناوە، سوریای تێدا نییە، واتە ئەم وڵاتە جارێ پاکە و توشبووی کۆرۆنای تێدا تۆمار نەکراوە.