ڕاپۆرتی کوردستانی

04:38 - 22/03/2020

پشکنینی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ کۆرۆنا لە چین سەرکەوتنی بەدەستهێنا!‌

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ڕۆژ بە ڕۆژ لە جیهاندا زیاتر بڵاودەبێتەوە و زیاتر لە ١٠ هەزار کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی تووشبووانیش ٢٥٠ هەزار کەسی تێپەڕاند.

 تا ئێستا ڤاکسین یان دەرمانێک نەدۆزراوەتەوە کە ١٠٠% بتوانێت ڤایرۆسەکە لەناو ببات و بەو هۆیەوە پسپۆڕ و زاناکان باسی ئەوە دەکەن، تاکە ڕێگەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە ڤایرۆسەکە، خۆپاراستن، ڕاگرتنی پاکوخاوێنی و مانەوەیە لە ماڵەوە. بە تایبەتی بۆ ئەو وڵات و هەرێمانەی کە کەرتی تەندروستیان لاوازە و خاوەنی دەرفەتی کەمن.

 

ڕۆژئاوای کوردستانیش یەکێک لەو هەرێمانەیە کە دەرفەتی تەندروستی کەمە و بە هۆی ئەو شەڕەی کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە بە بەردەوامی تێیایدا ڕوودەدات، لە دۆخێکی خرابدایە.

ئایا هیچ حاڵەتێک تۆمارکراوە
هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ٢٣ی ئەم مانگەوە لە هەموو شار و ناوچە و گوندەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنن.

ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەکرد، هەموو چێشتخانە، چایخانە و شوێنە گشتیەکان دادەخرێن و بە تەنها نەخۆشخانە دەرمانخانە و هەندێک فڕنی نان و سەمۆن و مارکێت نەبێت هەموو جێگایەک دادەخرێن.

دەستەی تەندروستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش باسی ئەوە دەکات، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا  لە هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا تۆمار نەکراوە، بەڵام مەترسیەکی زۆر هەیە لە داهاتوودا ڤایرۆسەکە بڵاوببێتەوە.

پشکنینێکی سەرکەوتوو و ناردنی بۆ شاری ووهان
لە لایەکی ترەوە دەستەی تەندروستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هاوکاری پەیمانگای (PESA)ی سویدی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شێوە پشکنینێکی نوێیان بۆ نەخۆشەکان ئاشکرا کرد کە لە ماوەی ٣٠ خولەکدا ئەنجامی پشکنینەکە ئاشکرا دەکات و دەزانرێت کەسێک تووشی کۆرۆنا بووەی یان نە.

 

جوان مستەفا هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، کۆمپانیا سویدیەکە شێوەی پشکنینەکەی بۆ شاری ووهانی چین ناردووە و لەسەر ٦٨ کەس تاقیکراوەتەوە ٨٠% ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە.

٩ نەخۆشخانەی تایبەت ئامادەکراون
دەستەی تەندروستی ڕایگەیاند، هەرچەندە هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە بەڵام، ٩ نەخۆشخانەی تایبەت بۆ ئەو کەسانە ئامادەکراون کە تووشی ڤایرۆسەکە دەبن.

بە پێی راگەیەنراوی دەستەی تەندروستی لە قامشلۆ، کۆبانی، ڕەقا، تەبقا، منبج و دێرەزۆر نەخۆشخانەکان ئامادەکراون. هەروەها ڕاهێنان بە ژمارەیەک پەرستیار و پزیشک کراوە.

 

لە هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ٤ ژمارەی تەلەفۆن لەناو هاوڵاتیاندا وەک هێڵی گەرم بڵاوکراونەتەوە و ٢٤ کاتژمێر وڵامی هاوڵاتیان دەدرێتەوە و ژمارەیەک ئامبۆلانسیش بۆ هەر حاڵەتێک ئامادەن و بە هانای هاوڵاتیانەوە دەچن.

بەڕێوەبەرایەتی لە دۆخی کەمپەکان دەترسێت
لە ڕۆژئاوای کوردستان چەند کەمپێک هەن کە ژمارەیەکی زۆر پەنابەری تێدا نیشتەجێکراون. بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوا لەوە دەترسێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو پەنابەراندا بڵاوببێتەوە. بە تایبەتی لە کەمپی بەرخۆدانی شەهبا کە نزیکە لە سنورەکانی ڕژێمەوە.

دەستەی تەندروستی چەند ڕۆژە دەستی بە هەڵمەتی دەرمانڕشتن و پاککردنەوەی کەمپەکان کردووە و خەڵک لەسەر مەترسیەکانی ڤایرۆسەکە ئاگادار دەکرێتەوە.

 

هەرچەندە ڕژێمی سوریاش لە ناوچە و شارەکانی ژێردەسەڵاتی قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاندووە و رێوشوێنی گرتووەتەبەر، بەڵام ترسی ڕۆژئاوا لەوە هەیە، بە هۆی پەیوەندی بەهێزی ڕژێمی سوریا لەگەڵ ئێران ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سوریا بە شێوەیەکی مەترسیدار بڵاوببێتەوە و لەوێشەوە بچێتە ڕۆژئاوای کوردستان.

داخستنی دەروازە سنوریەکان
بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوا هەموو دەروازە سنوریە فەرمی و نافەرمیەکانی داخستووە و هەموو هەوڵێک بۆ ڕێگریکردنی هاوردەکردنی کەلوپەل و خواردن بە قاچاخ دەدات.

یەکێک لەو دەروازانەش، دەروازەی سێمالکای نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستانە کە چەند ڕۆژێکە بە تەواوی داخراوە و جگە لە خواردن و پێداویستیە سەرەکیەکان ڕێگا بە هیچ جموجوڵێکی بارزگانی و سەردانی هاوڵاتیان نادرێت.