ڕاپۆرتی کوردستانی

05:43 - 22/03/2020

گەڕانەوە بۆ بەر شاشە و کتێب لە سەردەمی کۆرۆنادا‌

پەیسەر

لە پاڵ ترس و شڵەژان و نیگەرانی لە کۆرۆنا، بەڵام مانەوە لە ماڵدا هەندێ سوودیشی هەبووە کە ئەگەر دۆخێکی وا نەبوایە، بە ئاسانی نەدەبوونەوە جێی باسوخواسی خەڵک.

بەشێک لە بەشداربووانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینستاگرام، بە دانانی هاشتاگ و چالێنج، داوا لە هاوڕێیانیان دەکەن کە ئەم ماوەیە کتێب بخوێننەوە یان سەیری فیلم بکەن.

گفتوگۆی ناوتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەڕێی ماسنجەر و پۆستەوە، بێجگە لە باسی کۆرۆنا، پڕبوون لە باسی خوێندنەوە یان سەیرکردنی فیلمەوە کە پێشتر ئەم دیاردەیە زۆر کەم بوو.

لەتیف حسێن لە شاری سلێمانی، بە چالێنجێک زیاد لە ١٠ هاوڕێی خۆی بانگێشتکردبوو بۆ خوێندنەوەی کتێبێكی دیاریکراو لەگەڵ ئەو فیلم و درامایانەی کە لە ماوەی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لە ماڵەوە سەیری کردوون.

 

چالێنجی کتێبخوێندنه‌وه‌و ته‌ماشاکردنی فیلم و کاره‌کانی رۆژانه‌ی ناو ماڵ و خێزانم کردبوو، به‌ده‌مه‌وه‌هاتنێکی باش هەبوو بۆ چالێنجەکەم

لەتیف کە دەڵێ لەم ماوەیەدا خۆی سەیری ٨ فیلمی کردووەو ٧٠٠ لاپەڕەیشی خوێندووەتەوە بۆ پەیسەر وتی: به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنی ئه‌و هاوڕێیانه‌ی چالێنجی کتێبخوێندنه‌وه‌و ته‌ماشاکردنی فیلم و کاره‌کانی تری رۆژانه‌ له‌ناو ماڵ و خێزانم کردبوون، به‌ده‌مه‌وه‌هاتنێکی باش بوو. من ویستم به‌تایبه‌ت ئه‌و هاوڕێیانه‌ی که‌ وه‌ک من به‌رده‌وام به‌ده‌ر له‌م بارودۆخه‌ ده‌خوێننه‌وه‌و فیلم ته‌ماشا ده‌که‌ن، هان بده‌م که‌ ئه‌وانیش خه‌ڵک هان بده‌ن، خۆشحاڵانه‌ به‌مه‌ کارێکی باشمان کردو له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا،  سه‌رووی ١٠٠ که‌س به‌شداریان تێدا کرد.

لەتیف بۆ خۆی توێژەری کۆمەڵایەتییە لەمبارەیەوە دەشڵێ: پێموایه‌ به‌شێکی زۆری ئه‌وانه‌ی که‌ خوێنه‌ربوون و که‌مته‌رخه‌میی و سه‌رقاڵیی ژیان دوری خستبوونه‌وه‌ له‌ خوێندنه‌وه، ئێستا‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سەر خوێندنەوەی کتێب. خۆشحاڵانه‌ ڕۆژانه‌ من نامه‌م بۆ دێت و ده‌ڵێن که‌ ئه‌وه‌نده‌مان خوێندووەته‌وه‌ یان سه‌یری فڵانە فیلممان کردووه‌، ئه‌مه‌ش جێی خۆشحاڵیه‌و ده‌بێ به‌رده‌وام بین.

دیوە خراپەی ئەم دیاردەیەی ئێستا ئەوەیە کە بۆ پڕکردنەوەی کاتی بەتاڵیی رەنگە دوای نەمانی دەستبەتاڵییەکە واز لە خوێندنەوە بهێننەوە

زۆربەی ئەو کەسانەی بەشداری هەڵمەتی هاندانن بۆ خوێندنەوەو تەماشاکردنی فیلم، نایشارنەوە کە هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵمەتە، زۆر مانەوەیە لە ماڵەوە. بۆیە دەیانەوێ بەرچاوڕوونی بدەنە هاوڕێیانیان تا کامە کتێب و کامە فیلم سەیر بکەن.

توێژەرانی توێژەرانی کۆمەڵایەتی دەڵێن، لەگەڵ ئەوەدا کە گەڕانەوە بۆ سەر خوێندنەوەی کتێب و تەماشکردنی فیلم و بەرنامەی تەلەفزیۆنیی زۆر باشە، بەڵام بەودیوەدا خراپە کە بۆ پڕکردنەوەی کاتی بەتاڵیی بێ. ئەمە دەبێتە هۆیە ئەوەی کە دوای نەمانی دەستبەتاڵییەکە واز لە خوێندنەوە بهێننەوە.

نەوزاد عەلی رەفعەت، توێژەری کۆمەڵایەتی لە هەولێر سەبارەت بە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی کۆرۆنا دەڵێ، ئەو هەموو کاتە مانەوەی ژن و پیاو لە ماڵەوە، جۆرێک لە رۆتینات و دووبارەبوونەوەی شتەکانی بەدوادادێت. بۆیە ئاساییە هەرکامیان پەنا بباتە بەر هۆکارێک بۆ خۆسەرقاڵکردن.

نەوزاد بۆ پەیسەر وتی: ساڵانێكی زۆرە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییەکی نەوعی بەسەردا هاتووە. بەهۆی کار و دەوامەوە تێکەڵاوبوون کەمیکردبوو، زۆربەی هەواڵپرسی و ئاگادارییەکانی رەوشی یەکتری لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام دەدران. ئێستا کە زیاتر لە دوو هەفتەیە بەهۆی کۆرۆناوە چوونە دەرەوە کەم بووەتەوە، خەڵک بە ئاسانی ناتوانن لەگەڵ بارودۆخەکەدا رابێن، بۆیە هەریەکە و بە رێگای خۆی هەوڵ دەدات کات تێپەڕێنێ و خۆی پێوە سەرقاڵ بکات.

سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ کتێبخوێندنەوەو تەماشاکردنی فیلم و دراما، نەوزاد دەڵێ: منیش هەست بە زۆربوونی کتێبخوێندنەوە و سەیرکردنی فیلم و گەڕانەوە بۆ کاری خۆبەخشی دەکەم لەم چەند رۆژەی دواییدا. ئەمانە دیاردەی جوانی ناو کۆمەڵگەن کە ساڵانێکە بەهۆی سەرقاڵی زۆری خەڵکەوە، کەمیان کردبوو. بەڵام بەشە خراپەکەی ئەم دیاردانە ئەوەیە کە شتەکە بەهۆی هەبوونی فەراغی زۆرەوەیە. واتا شتەکە لە پەرۆشی و هەستکردن بە پێویستییەوە نییە کە خەڵک بگەڕێتەوە بۆ کتێبخوێندنەوە یان کارێکی تر.

بەڵام د. هەردی مەهدی مامۆستای زانکۆی سلێمانی دەڵێ: لەم هەڵمەتەدا کە دەبینرێ، عەقڵانییەتێکی باش هەست پێدەکرێ، ئێستا کتێبخوێندنەوە و کاری خۆبەخشی و سەیرکردنی فیلم هەیە، وا بڕوات لە داهاتوودا دەبنە نەریت. لانیکەم ئەمە هەنگاوێکە.