ڕاپۆرتی کوردستانی

01:33 - 23/03/2020

ئایا مه‌ترسى قه‌یرانى خواردن هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان؟‌

پەیسەر پرێس

مه‌ترسى كۆرۆنا هه‌رێمى كوردستانى خستووه‌ته‌ دۆخێكى تایبه‌ته‌وه‌، كه‌ره‌نتنیه‌كردنى خه‌ڵك له‌ ماڵه‌كانیان و قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ خواستى له‌سه‌ر مادده‌ خۆراكییه‌كان زیاتر كردووه‌، ناوبه‌ناو له‌ ماركێته‌كان قه‌ره‌باڵغى درووست ده‌بێت، به‌ڵام به‌پێى به‌دواداچوونى په‌یسه‌ر پرێس و گوته‌ى وه‌زیرى بازرگانى، به‌هیچ جۆرێك مه‌ترسى دروستبوونى قه‌یرانى خۆراك له‌ گۆڕێ نییه‌.

داواكارییه‌ك كه‌ لاى به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى بازرگانى و شاره‌زایان زۆر گرنگه‌ جێبه‌جێبكرێت، ئەوەیە (خه‌ڵك به‌ رێژه‌ى پێویست شت بكڕن و ئه‌و ماددانه‌ى زوو به‌سه‌ر ده‌چن زیاد له‌ پێویست نه‌كڕدرێن) بۆ ئه‌وه‌ى هەم خه‌ڵك زیانمه‌ند نه‌بن هەم قەیرانیش دروست نەبێت.

به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى بازرگانى جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، سه‌رچاوه‌كانى خۆراك بۆ هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك پێشوون و به‌رده‌وامن، به‌ڵام ته‌نها گۆڕانكارییه‌ك كه‌ كراوه‌، ئه‌وه‌یه‌ رێوشوێنه‌ ته‌ندروستییه‌كان بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى هه‌ر شۆفێر و كۆنتێنێرێك وایكردووه‌ پرۆسه‌ى هاورده‌ هێواشتر به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌گه‌رنا هاورده‌ به‌رده‌وامه‌ و رۆژانه‌ سه‌دان كۆنتێنێر له‌ مادده‌ خۆراكییه‌كان دێنه‌ هه‌رێمى كوردستان.

سه‌رچاوه‌كانى دابینكردنى خۆراك له‌ هه‌رێمى كوردستان، هاورده‌ى ده‌ره‌وه‌، به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌، به‌شێكى كه‌میش خواردنه‌ خۆماڵییه‌كانن. ئه‌و سه‌رچاوانه‌ به‌رده‌وامن و هیچ به‌ربه‌ستێكیان نه‌هاتووه‌ته‌ پێشت. 

كه‌مال موسلیم وه‌زیرى بازرگانى و پیشه‌سازى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاند، خه‌ڵك دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك قه‌یرانى خواردن نه‌ هه‌یه‌ نه‌ دروست ده‌بێت، چونكه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ چۆن پێشتر هەرێمى كوردستان پشتى به‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌به‌ست بۆ خۆراك ئێستاش ئه‌و سه‌رچاوانه‌ وه‌ك خۆیان ماون.

به‌گوته‌ى وه‌زیرى بازرگانى، هه‌موو سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران، ده‌رگایان له‌سه‌ر پشته‌ بۆ هه‌موو كاڵا پێویسته‌كان و له‌ سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌، مادده‌ خۆراكییه‌كان. به‌ڵام جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت شۆفێران پابه‌ندى رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بكەن، چونكه‌ ئه‌و رێكارانه‌ گرنگن و په‌یوه‌ندى به‌ ژیانى هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌. بۆیه‌ش ئه‌و رێكارانه‌ وایكردووه‌ پرۆسه‌ى هاورده‌ خاو ببێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و خاوبوونه‌وه‌یه‌ كاریگه‌رى دروستنه‌كردووه‌، چونكه‌ به‌ به‌رده‌وامى كۆنتێنێره‌كان دێنه‌ هه‌رێمى كوردستان.

رێوشوێنه‌ ته‌ندروستییه‌كان ئێستا له‌ سنووره‌كان به‌ جۆرێكه‌ پشكنین بۆ شۆفێره‌كان ده‌كرێت و به‌پێى ئه‌نجامى پشكنینه‌كه‌ رێگه‌ى پێده‌درێت، بێته‌ نێو خاكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها شۆفێره‌كه‌ نابێت تێكه‌ڵى خه‌ڵك بێت و ته‌نها له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ و كرێكاره‌كان باره‌كان داده‌گرن و له‌ژێر چاودێریدا ئۆتۆمبێله‌كان ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌.

رێوشوێنه‌كان وایانكردووه‌، ئه‌گه‌ر رۆژێك ئۆتۆمبێلێك به‌ یه‌ك رۆژ رێوشوێنه‌كانى ته‌واو بكردایه‌ و بهاتایه‌ نێوخاكى هه‌رێمى كوردستان، ئێستا به‌ سێ رۆژ ده‌توانێت كاره‌كان ته‌واو بكات، بۆیه‌ش هه‌ندێك له‌ شۆفێره‌كان كرێى گواستنه‌وه‌یان زیاتر كردووه‌و ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌ندێك نرخ دروستكردووه‌.

به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى بازرگانى ئه‌گه‌رچى دڵنیایى ده‌ده‌ن، هیچ قه‌یرانێك بوونى نییه‌، به‌ڵام هاوكات داوا له‌ خه‌ڵكى ده‌كه‌ن به‌پێى پێویستى خۆیان شت بكڕن، به‌ تایبه‌ت ئه‌و مادده‌ خۆراكییانه‌ى زوو به‌سه‌رده‌چن، رێژه‌یه‌كى زۆر نه‌كڕن، نەوەک خۆشیان زه‌ره‌رمه‌ند بن و له‌ بازاڕیش نه‌مێنێت، ده‌ڵێن، مه‌عاناتى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، خه‌ڵكى به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر شت ده‌كڕن و خواست له‌سه‌ر خوارده‌مه‌نى به‌ خێرایى زیاد ده‌كات.

بەشەخۆراکی مانگانە 

 
كه‌مال موسلیم وه‌زیرى بازرگانى بۆ په‌یسه‌ر هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌، كۆگاكانى وه‌زاره‌تى بازرگانى رێژه‌یه‌كى زۆر خواردنى تێدایه‌، بریكاره‌كانى خۆراك خواردنى مانگێكیشان بۆ ره‌وانه‌كراوە و خواردنێكى مانگێكى دیكه‌ش ئاماده‌یه‌ و ده‌ست به‌ دابه‌شكردنى ئه‌ویش ده‌كه‌ن.

وه‌زیرى بازرگانى هه‌روه‌ها باسیله‌وه‌كرد، له‌گه‌ڵ وه‌زیرى بازرگانى عێراق قسه‌یكردووه‌و هه‌ماهه‌نگیى توندوتوڵیان هه‌یه‌، وه‌زیرى بازرگانى عێراق سه‌باره‌ت به‌ به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ و گه‌نمى ئاردیش دڵنیایى داوه‌. وه‌زیرى بازرگانى داوایكرد له‌ هاوڵاتیان، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گوێ بۆ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ نه‌گرن له‌ سۆشیال میدیا بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ گوایه‌ سنوور داده‌خرێت، ئێستا ته‌نها له‌ ئیبراهیم خه‌لیل به‌ درێژایى ٥٠ كیلۆمه‌تر ئۆتۆمبیل له‌ سه‌ره‌ى داغڵبوون بۆ ناو هه‌رێمى كوردستان وه‌ستاون.

لاى خۆیه‌وه‌ مسته‌فا عه‌بدولره‌حمان سه‌رۆكى یه‌كێتى هاورده‌و ناردنكارانى كوردستان بۆ په‌یسه‌ر پرێس جه‌ختیكرده‌وه‌، رۆژانه‌ سه‌دان كۆنتێنێر خوارده‌مه‌نى دێنه‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، رێوشوێنه‌ ته‌ندروستییه‌كان هه‌ندێك پرۆسه‌كه‌ى هێواشكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا به‌ به‌رده‌وام هه‌موو كاڵا پێویسته‌كان داغڵ ده‌بن، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ى، كه‌ كۆگاكانیش رێژه‌یه‌كى زۆرو زه‌وه‌ند له‌ خوارده‌مه‌نییان تێدایه‌.