ڕاپۆرتی کوردستانی

04:25 - 23/03/2020

بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ زورفی كورد چاوه‌رێی چی ده‌كات؟‌

پەیسەر پرێس

ناو ماڵی شیعه‌ په‌رته‌وازه‌یه‌، كورد چاوه‌رێی رێككه‌وتنی ناو ماڵی شیعه‌ده‌كات ده‌یه‌وێت زرفی له‌ده‌رگای بدات ئه‌و كاته‌ مه‌رجه‌كانی خۆی ئاشكرا ده‌كات، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌فراكسیۆنی پارتی ده‌ڵێت، هیچ هه‌نگاوێك به‌بێ هاوبه‌شه‌كانیان نانێن و كۆبوونه‌وه‌كه‌ی فواد حوسێن و عه‌دنان زرفیش به‌ ئاسایی وه‌سف ده‌كات.

هیچ به‌ره‌وپێش چوونێك نییه‌

ئێواره‌ی رۆژی 18ی ئازار هاوپه‌یمانی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا و كوتله‌ی عه‌قدی نیشتمانی و كوتله‌ی نه‌هجی نیشتمانی له‌به‌غداد كۆبوونه‌وه‌ و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش رایانگه‌یاند،  راسپاردنی عه‌دنان زرفی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراقیشیان به‌ پێشێلكردنی ده‌ستوور تۆمه‌تباركرد، هۆشدارییان دا له‌ مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌ر هیچ به‌ره‌وپێش چوون و گۆڕانكاریه‌ك له‌ بۆچوونی ئه‌و كوتلانه‌دا دروست نه‌بووه‌، عه‌مار حه‌كیم تێبینی هه‌یه‌ و سه‌در و عه‌بادی پشتیوانی زرفی ده‌كه‌ن، و كاری ئه‌و لیژنه‌ حه‌وت كه‌سیه‌ش كه‌ بۆ دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران دروست كرابوو هه‌ڵپه‌سێردراوه‌.

مه‌یاده‌ نه‌جار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند ئه‌وان وه‌ك فراكسیۆنی پارتی تائێستا هیچ لێدوانێكیان ده‌رباره‌ی كاندیدكردن و كابینه‌كه‌ی زورفی نه‌داوه‌  و ناشیانه‌وێت هیچ لێدوانێك له‌سه‌رئه‌و بابه‌ته‌ بده‌ن چونكه‌ بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزه‌ ، چاوه‌رێ ده‌كه‌ین به‌رچاو ڕوونیه‌ك په‌یدا بێت.

كورد مه‌رجی هه‌یه‌

میاده‌ نه‌جار ده‌ڵێت كورد چه‌ند مه‌رجێكی بۆ عه‌دنان زورفی هه‌یه‌ له‌وانه‌ش زورفی كۆده‌نگی هه‌موو لایه‌نه‌ شیعیه‌كان یان زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ شیعیه‌كانی له‌سه‌ر بێت، هه‌روه‌ها كورد نابێته‌ به‌شێك له‌ململانێی ئه‌مریكا و ئێران، هه‌روه‌ها زورفی پابه‌ندی هه‌موو مادده‌كانی ده‌ستور بێت و نه‌ك هه‌ندێك ماده‌ جێبه‌جێ بكات و هه‌ندێك ماده‌ی تر پێشێل بكات، وه‌ ده‌بێت دان به‌مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر كابینه‌ی حكومه‌ت دروست نه‌بێت و ماڵی شیعه‌ له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران رێكنه‌كه‌ون ئه‌وه‌ عێراق به‌ره‌و تونێلێكی نادیار ده‌روات ده‌شڵێت كاریگه‌ری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس له‌سه‌ر شیعه‌كان زۆر به‌ڕوونی دیاره‌ چونكه‌ هه‌بوونی ئه‌و دووكه‌سایه‌تیه‌  زۆر گرنگ بوون له‌نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق و به‌دیاریكراویش شیعه‌كان، كاریگه‌ری ئه‌و دووكه‌سه‌ له‌سه‌ر كورد و سوننه‌ زۆر كه‌م بوو، به‌ڵام ناوماڵی شیعه‌ به‌هۆی نه‌مانی ئه‌و دووكه‌سه‌ زۆر په‌رته‌وازه‌ییان پێوه‌ دیاره‌، شیعه‌كان له‌سه‌ره‌تادا لیژنه‌یه‌كی حه‌وت كه‌سیان پێكهێنا بۆ دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران و ئێستا پێنج له‌و لایه‌نانه‌ به‌كاندیدكردنی زرفی رازی نین، پێویسته‌ شیعه‌كان كۆتایی بهێنن به‌ په‌رته‌وازه‌ی ناوماڵی خۆیان و له‌سه‌ر كه‌سێك رێكبكه‌ون بۆ زرگاربوونی عێراق له‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌.

ده‌بێت زرفی له‌ده‌رگای كورد بدات

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت، به‌پێی ئستحقاقات مافی شیعه‌كان ده‌بێته‌ ئه‌وان هه‌موویان یان زۆرینه‌یان له‌سه‌ری كۆك بن دوای ئه‌وه‌ زورفی كه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت راسپێردراوه‌ ده‌بێت له‌ده‌رگای لایه‌نه‌كان بدات بۆ گفتوگۆ، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ته‌نها بڕیار ناده‌ین و هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانمان هه‌یه‌ و ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وان گفتوگۆ بكه‌ین، ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ مه‌رج و داواكاریه‌كانی خۆمانی پێده‌ڵێین به‌ڵام نامانه‌وێت له‌ئێستادا قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، چاوه‌روان بریاری كۆتایی شیعه‌كانین، ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ده‌نگ بێت و خاوه‌نی یه‌ك بڕیار بێت چونكه‌ ئه‌گه‌ر دۆخی عێراق تێكبچێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ زیان به‌رهه‌رێمیش ده‌كه‌وێت ، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت به‌كه‌مترین زیان له‌و نه‌خشه‌ سیاسیه‌ نوێیه‌ی عێراق ده‌رچین.

كوتله‌ سیاسیه‌كان چاوه‌رێی سه‌در ده‌كه‌ن

به‌پێی زانیاریه‌كان كوتله‌ سیاسیه‌كانی عێراق چاوه‌رێی ره‌زامه‌ندی سه‌در ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌و سێ سه‌رۆك زانكۆیه‌ په‌سه‌ند بكات كه‌ وه‌ك جێگره‌وه‌ی زرفی رێككه‌وتنی لایه‌نه‌ شیعیه‌كانیان له‌سه‌ره‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ كه‌سه‌ ره‌تبكرێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ كاندیدی راسپێردراو به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت.

نه‌سر : هێنانی هه‌ركاندیدێكی نوێ پێشێلكردنی ده‌ستوره‌

رۆژی دووشه‌ممه‌ هاوپه‌یمانی نه‌سر به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی كه‌ زرفی سه‌ر به‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌یه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای كرد ده‌رفه‌تی ده‌ستوری به‌ زرفی بدرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت و راسپاردنی هه‌ر كاندیدێكی نوێش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌، به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی ئێستا ده‌كرێن بۆ دیاریكردنی كاندیدی جێگره‌وه‌ی زرفی ناده‌ستورین، و راسپاردنه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌ ته‌نها ئه‌گه‌ر كاتی ده‌ستوری بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت كۆتایی بێت.

زرفی به‌ نزیكایه‌تی له‌ ئه‌مریكا تۆمه‌تبار ده‌كرێت 

لای خۆیه‌وه‌ مختار موسه‌وی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری رۆژی دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاند عه‌دنان زه‌رفی خاوه‌نی دووره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی- عێراقیه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ قاچه‌كانی ئه‌مریكا، له‌عێراق راشیگه‌یاندووه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كابینه‌كه‌ی زرفی روناكی نابینێت و به‌هه‌مان سیناریۆی عه‌لاویدا ده‌روات.

ده‌بێت هه‌موو ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كان له‌ به‌رچاو بگیردرێت

مه‌یاده‌ نه‌جار ده‌ڵێت ده‌بێت هه‌موو ئه‌گه‌ره‌ خراپه‌كان بۆ دۆخی عێراق له‌به‌رچاو بگیردرێت، ئه‌گه‌ر شیعه‌كان كۆده‌نگ نه‌بوون له‌سه‌ر كاندیدی نوێ بۆچی عادل عه‌بدولمه‌هدیان له‌پۆسته‌كه‌ی دوورخسته‌وه‌؟  شه‌قام له‌گه‌ڵ كاندیدكردنی زرفیدا نیه‌ و ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كاندیدی شه‌قام نیه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدیان بۆلابرد؟

كۆبوونه‌وه‌ی فواد حوسێن و زه‌رفی ئاساییه‌

مه‌یاده‌ نه‌جار به‌په‌یسه‌ری گوت، كۆبونه‌وه‌ی فواد حوسێن و عه‌دنان زرفی وه‌ك وه‌زیری حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ و كاندیدی راسپێردراو بووه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و زۆر ئاساییه‌ كه‌ كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك پارتی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و كاك نێچیرڤان هه‌وڵی دروستكردنی هاوپه‌یمانی ده‌دات له‌هه‌رێم بۆیه‌ هه‌نگاوی تاك لایه‌نه‌ نانێین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌غداد خاوه‌ن یه‌ك بڕیاربین و یه‌ك وتارمان هه‌بێت بۆیه‌ دیداره‌كه‌ وه‌ك كۆبونه‌وه‌كه‌ی فوادحوسێن وه‌ك جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری دارایی بووه‌ له‌گه‌ڵ كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت و كۆبونه‌وه‌كه‌ش له‌سه‌رداوای عه‌دنان زرفی بووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند كۆبونه‌وه‌كه‌ی فوادحوسێن و عه‌دنان زه‌رفی وه‌ك ئاماده‌كاریه‌ك بووه‌ بۆ زه‌مینه‌سازی دانیشتنی به‌رپرسانی پارتی و زه‌رفی، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت زه‌رفی نه‌رمی نواندووه‌ له‌وه‌ی فواد حوسێن له‌پۆسته‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌.

زه‌رفی: هیچ رێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێرم نییه‌

رۆژی دووشه‌ممه‌ عه‌دنان زرفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندكارانی عێراقی كۆبۆوه‌ و تێیدا هۆشداری دا له‌وه‌ی عێراق ڕووبه‌ڕووی سزای نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێته‌وه‌ له‌ ئاینده‌دا، گوتیشی به‌رێگایه‌كی ئاسایی كاندیدكراوه‌ چونكه‌ ماوه‌ی ده‌ستوری كۆتایی ده‌هات و راشیگه‌یاند هیچ رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار نه‌بووه‌ بۆ راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، زرفی ره‌تیكرده‌وه‌ كاندیدی ئه‌مریكا بێت، گوتی ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و وڵاتانی تری جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژوه‌ندی هاوبه‌ش دروست بكات به‌ومه‌رجه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نیشتمانیه‌كانمان له‌پێشه‌وه‌بن.

رۆژی 17ی ئازار به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق عه‌دنان زرفی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت راسپارد و به‌پێی ده‌ستور ماوه‌ی 30 رۆژی له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت.