ڕاپۆرتی کوردستانی

03:27 - 24/03/2020

چارەسەری کێشەکانی کارکردن لە ماڵەوە لە سەرمی کۆرۆنادا‌

پەیسەر

ئەگەر لە ماڵەوە بە لاپتۆپ یان بە مۆبایلەکەت کار دەکەی، بەدڵنیاییەوە سیستم و نەزمی ئیشکردنت گۆڕاوەو تاڕادەیەکی زۆر هەست بەبێزاری دەکەی. بەڵام ئەوە بزانە کە هەر تۆ وانیت بەڵکو لە تەواوی جیهاندا ئێستا ئەم رێکارە گیراوەتەبەر.
ئێستا هەرێمی کوردستانیش وەکو زۆربەی وڵاتان، دەوامی حکومیی راگیراوە. بەڵام کەرتی گشتیی بەشی زۆری کارمەندەکانی ناردووەتە مالەوەو لەوێوە کار بکەن.

ئەم شتە جیهانییە، ئەوەتا هەر لە گوگڵەوە بیگرە تا مایکرۆسۆفت،‌ تویتەر، هیتاچی، ئەپڵ و زۆرێكی تر لە کۆمپانیا گەورەکانی دنیا،  لە بەریتانیاو ئەمریکاوە تا ژاپۆن و کۆریای باشوور، بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا، بەشێکی زۆر لە کارمەندەکانیان ناردووەتە ماڵەوەو لەڕێی ئینتەرنێتەوە کارەکانیان رادەپەڕێنن.

شارەزایان دەڵێن، هەلومەرجی ماڵەوە زۆر کەم بۆ ئیشکردنی رۆژانە دەست دەدات بەتایبەت بۆ کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنان

کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنان لە دنیادا ناچارانە ئەم رێکارەیان گرتووەتەبەر، ئەگەرنا مەترسی کۆرۆنا لەسەر کارمەندەکانیان دروست دەبێ و ئەو کاتە بەشێکی زۆر لە توانا مرۆییەکانیان لە دەست دەدەن.

وەڕزبوون و بێتاقەتی
بەڕێوەبەر و هەڵسوڕێنەر و کارمەندانی ئەو کۆمپانیانە دەڵێن: چونکە کارکردن لە ماڵەوە ئەزموونێکی تازەیە، کاری کردووەتە سەر چۆنێتی ئیشوکارەکانیان بەڵام نەیوەستاندووە.

شارەزایان دەڵێن، هەلومەرجی ماڵەوە زۆر کەم بۆ ئیشکردنی رۆژانە دەست دەدات بەتایبەت بۆ کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنان، بۆیە ئاساییە لە هەفتەکانی سەرەتای مانەوە لە ماڵەوە تۆزێک ئەستەم و هەراسانکەرە. هەروەها کاریش دەکاتە سەر کوالێتی بەرهەمەکانیان.

کارکردن لە ماڵەوە بۆچی زۆر سەرکەوتوو نییە، چونکە ساڵەهایە ئەو کەسانە لە ماڵەوە راهاتوون پشوو بدەن، لەگەڵ خێزان و میواندا سەرگەرم بن. کەچی ئێستا دەبێ لە هەمان ئەو شوێنانەی لەگەڵ خێزان و میوانەکانی بە سەری دەبرد کار بکات. ئەمەش وایان لێدەکات هەست بە تەنیایی بکەن لە ماڵەوە.

کارکردن لە ماڵەوە شتێکی تر لە دەست دەدات، ئەویش هەستی پیشبڕکێ و باشترکردنی بەرهەمهێنانە یان چاودێریکردنی سەرکارە بەسەر کارمەند و فەرمانبەرانەوە. ئەم دوو شتە وادەکەن کەسەکە هەست بە تەنیایی و زوو بێزاربوون بکات.

بەرپرس و بەڕێوەبەران ئاگاداربن
باربارا لارسن، پسپۆڕی بەڕێوەبەردن و کارگێڕیی لە زانکۆی نۆرس وێستن لە بۆستن دەڵێ:" بۆ ئەوەی هەستی کێبرکێت بۆ بگەڕێتەوە یان هەست بکەی سەرکارەکەت چاودێریت دەکات، ئەوا داوا لە بەرپرسەکەت بکە ئەگەر بۆ ١٠ خولەکیشبێ سەبارەت دەسپێکردن و تێکڕای کاری رۆژ، بە تەلەفۆن قسەت لەگەڵدا بکات".

لارسن روونی دەکاتەوە، زۆربەی کارمەند و فەرمانبەران رۆژانە لەگەڵ سەرکار و بەڕێوەبەرکانیاندا کاریان کردووە، ئەمەش بە مانای ئەوەی کە ئاسوودتر و بێکێشەتربوون ئەو رۆژانەی چوونەتە شوێنی کار.

ئەم پسپۆڕەی بواری کارگێڕی و بەڕێوەبردن ئامۆژگاری بەڕێوەبەر و سەرکار و بەرپرسان دەکات، لانیکەم رۆژانە بە تەلەفۆن یان بە ڤیدیۆچات و ڤیدیۆکۆنفرانس لەگەڵ هاوکار و کارمەندانیاندا پەیوەندی بکەن و قسەیان لەگەڵدا بکەن.

لە توێژینەوەیەکدا کە دوو ساڵ لەمەوبەر کراوە سەبارەت بە کارکردن لە ماڵەوە یان لە دەرەوەی شوێنی کار، دەرکەوتووە بەشی زۆری بەشداربووانی توێژینەوەکە وتوویانە: هەست بە تەنیایی دەکەن کە لە دووری شوێنی کار کاردەکەن.

توێژینەوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ئەو هەستکردن بە تەنیاییە، بێتاقەتی و وەڕزبوونی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش کاریگەری هەیە بۆ سەر کوالێتی کارکردن و جۆرێکیش لە شپرزەیی و بێ نەزمیی دێنێتە ناو کاری گروپ و کۆمپانیاکانەوە.

بۆ ئەمەش چارەسەر هەیە
بۆ رەواندنەوەی ئەو هەستکردن بە تەنیاییەو کەمکردنەوەی وەڕزبوون، شارەزایان ئامۆژگاری کارمەند و فەرمانبەران دەکەن، کە رۆژانە یان لانیکەم هەفتەی سێ جار، بۆنەیەک دروست بکەن بۆ دواندنی یەکتر لەڕێی تەلەفۆنەوە یان ڤیدیۆچاتەوە. ئەمەش وزەو ئێنرژی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوانەی زۆر بێتاقەتن.

هەروەها پێشنیاز دەکەن کە بۆ ئەوەی بەشێک لە هەستی تەنیاییت لە ماڵەوە کەمبێتەوە، ئەوا بچۆ حەمام و دوشێک بکە، دواتر جلی دەرەوە لەبەر بکە و دەست بکە بەکار هەروەکو ئەوەی دەچووی بۆ نووسینگە و شوێنی کارەکەت، نەک بە بیجامە و جلی خەوەوە کار بکەی.

بۆ ئەوەیشی کە لە کاتی کارکردن لە ماڵەوە، زۆر بە قسە نەگیرێی لەلایەن ئەندامانی خێزانەوە، سنوورێک دابنێ لەنێوان خۆت و خانەوادەکەتدا و ئاگاداریان بکەرەوە تۆ لەسەر کاریت نەک وەکو رۆژانی تر بۆ پشوو لە ماڵەوەیت.
بەڕێوەبەر و سەرکار و بەرپرسان پێویستە رۆژانە بە تەلەفۆن یان بە ڤیدیۆچات و ڤیدیۆکۆنفرانس لەگەڵ هاوکار و کارمەندەکانیاندا پەیوەندی بکەن

رێگایەکی تر بۆ کەمکردنەوەی ناخۆشی کارکردن لە ماڵەوە، بەیانیان بەر لەوەی دەست بەکار بکەی، نیو سەعات وەرزش بکە و دواتر چایی یان قاوە بخۆرەوە ئەوسا دەست بەکار بکە. نەک دوای هەستان لە خەو خێرا دەست بەکار بکەی.
ئەمەش هەستێکت پێدەبەخشێ کە تۆ وابزانی چووی بۆ سەرکار لە نووسینگەکەی خۆت.

شارەزا و پسپۆڕانی ئیدارەدان و بەڕێوەبردن، بەرچاوڕوونی دەدەنە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی کۆمپانیاکان و خاوەن کارەکان یان ئەو کەسانەی لە ماڵەوە کاردەکەن، کە تێکچوونی سیستمی ئیشکردن و کەمبوونەوەی کواڵێتی کارەکان، بە شتێکی زۆر خراپ وەر نەگرن. چونکە ئەوە هەلومەرجێکی تایبەتە و دەستی کەسی تێدا نییە.

بۆیە تێکچوونی سیستم، ئۆتۆماتیک کار دەکاتە سەر بەرهەمهێنان و کارکردن و دوای نەمانی بارودۆخە تایبەتەکە، هەمووشت دەچێتەوە شوێنی خۆی کاتێ گەڕانەوە نووسینگە و شوێنی کارەکانتان.