ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:37 - 25/03/2020

گفتوگۆى شیعه‌كان سێ سیناریۆى نوێى هێناوه‌ته‌ پێش‌

پەیسەر پرێس

خولانه‌وه‌ له‌نێو ره‌وتى دانوستانه‌كاندا، شیعه‌كان ده‌باته‌وه‌ به‌رده‌م ده‌رگاى عادل عه‌بدولمه‌هدی، رێكنه‌كه‌وتنیان سیناریۆى مانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ڕێكه‌رى گه‌رمكردووه‌ته‌وه‌. له‌لایكى دیكه‌وه‌ دانوستان له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ زورفى به‌رده‌وامه‌ و زورفیش له‌ هه‌وڵه‌كانى نه‌وه‌ستاوه‌.

عه‌بدوڵا زه‌یدی سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانیی به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند،  :"ئه‌گه‌ر زورفى توانی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی پێكبهێنێت و پشتیوانی لایه‌نه‌ شیعیه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وه‌ باشه‌ و ئه‌گه‌ریش نه‌یتوانی كۆده‌نگی شیعه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وه‌ له‌دوای 30 رۆژه‌كه‌ كه‌سێكی تر راده‌سپێردرێت".

رێككه‌وتن نه‌كراوه‌
تا ئێستا هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێوان لایه‌نه‌ شیعییه‌كان نییه‌ له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام گفتوگۆكان به‌رده‌وامن، ناكۆكییه‌كان زورفى نه‌وه‌ستاندووه‌، به‌ به‌رده‌وامی كار ده‌كات بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی، به‌ڵام كاره‌كه‌ى قورسه‌ و تا ئێستاش به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.

"گه‌شبینم"
سه‌ركرده‌كه‌ی ره‌وتی حیكمه‌ ده‌ڵێت:"پرسی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی پێم وایه‌ ناگاته‌ ئاستی ئیراده‌ی نیشتمانیی و ئیراده‌ی ناوخۆ، بۆیه‌ من گه‌ش بینم چونكه‌ گفتوگۆكان رۆژانه‌ به‌رده‌وامن، ره‌نگه‌ بگاته‌ ئه‌نجامی ئه‌رێنی".

پێویست ناكات خه‌ڵك بترسن
زه‌یدی پێى وانییه‌، عێراق ببێته‌ گۆره‌پانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی وڵاتان،"پێم وانیه‌ پێكدادان و پێكهه‌ڵپژان رووبدات، من گفتوگۆی بونیادنه‌رانه‌ی پێگه‌یشتوانه‌ ده‌بینم، ره‌نگه‌ چاره‌سه‌ریان تێدا بێت بۆ قۆناغی داهاتوو به‌رده‌وام بوونی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دۆخی دیموكراتیه‌كه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌، پێویست ناكات هاوڵاتیان بترسێندرێن به‌ چیرۆكی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی، یان به‌وه‌ی ده‌گوترێت دۆخه‌كه‌ ده‌گاته‌ پێكدادان، پێم وایه‌ هه‌رگیز ئه‌وه‌ رونادات و گفتوگۆ سیاسیه‌كان تائێستا به‌رده‌وامن".

هیچم نیه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیيه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد
عه‌بدوڵا زه‌یدی كه‌ به‌رپرسی دۆسیه‌ی كورد بووه‌ له‌هاوپه‌یمانی نیشتمانیی شیعه‌كان، له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه‌ چی تازه‌ هه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، به‌ په‌یسه‌ری گوت:"هیچم نییه‌، هیچ شتێكی تازه‌ نییه‌ كه‌ بۆ راگه‌یاندنه‌كانی ئاشكرا بكه‌م، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه‌ و هه‌موو جوڵه‌یه‌ك وه‌ستاوه‌".

شیعه‌كان بۆ دوو بژارده‌ كۆده‌بنه‌وه‌
لای خۆیه‌وه‌ ئه‌سعه‌د مرشدی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، له‌چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا لایه‌نه‌ شیعییه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی دوو بژارده‌، بژارده‌ی یه‌كه‌م پێدانی 30 رۆژ به‌ عه‌دنان زورفی، بژارده‌ی دووه‌میش دۆزینه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌كی تر بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.

جێگره‌وه‌كان داوای لێبوردنیان كرد
لیژنه‌ حه‌وت كه‌سییه‌كه‌ی شیعه‌كان بۆ دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران، به‌نامه‌ی فه‌رمی داوایان له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌حمه‌د غه‌بان سه‌رۆكی زانكۆی ته‌كنه‌لۆجی، منیر سه‌عدی سه‌رۆكی پێشووی زانكۆی "العین"ی كه‌ربه‌لا و محسن زاڵمی سه‌رۆكی پێشووی زانكۆی كوفه‌ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی خۆیان له‌سه‌ر راسپاردنیان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت روون بكه‌نه‌وه‌، میدیاكانی عێراق بڵاویانكرده‌وه‌ هه‌ر سێكیان، له‌سێ نامه‌ی جیاوازدا بۆ لیژنه‌ حه‌وت كه‌سییه‌كه‌ داوای لێبوردنیان كردووه‌. 

دوای گه‌رانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی ده‌كرێت
حه‌سه‌ن سالم سه‌ركرده‌ له‌ عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایكرد، جارێكی تر متمانه‌ به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ر بدرێته‌وه‌، ده‌ڵێت:"ژیانی هاوڵاتیان به‌هۆی كۆرۆناوه‌ له‌ دۆخێكی مه‌ترسیداردایه‌، متمانه‌دانه‌وه‌ به‌ كابینه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی ئه‌ركێكی مرۆڤانه‌یه‌".

زورفى ناوه‌ستێ
عه‌دنان زورفی دوای ئه‌وه‌ی بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ كۆده‌نگی له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی دروست نه‌بووه‌، له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌وه‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌ناو ئه‌و لایه‌نانه‌ی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كات.

رۆژی 17ی ئازار به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق عه‌دنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت راسپارد، به‌پێی ماده‌ی 76ی ده‌ستوری عێراق ماوه‌ی 30 رۆژی له‌ به‌رده‌مدایه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی.