ڕاپۆرتی کوردستانی

05:09 - 25/03/2020

ئایا تورکیا دەیەوێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوبکاتەوە؟‌

ڕۆژ بە ڕۆژ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا زیاتر بڵاودەبێتەوە و سیاسەت و ڕێوشوێنەکانی حکومەتی ئەنقەڕەش بەرانبەر ڤایرۆسەکە بووەتە هۆی نیگەرانی هاوڵاتیانی تورکیا بە تایبەتی هاوڵاتیان و ڕێکخراو و پارتە کوردیەکانی باکووری کوردستان.

  لە لایەکی ترەوە ڕۆژئاوای کوردستانیش لە کردەوەکانی حکومەتی تورکیا نیگەرانە و بە هۆی گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەکان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان مەترسیەکی گەورەی دروست کردووە.

دەوڵەتی تورکیا ئەمڕۆ ئاوی وێستگەی ئەلۆکی سەر بە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە و ئەو شارە ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاوای خواردنەوە بووەتەوە. هەروەها بە پێی میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات کەمیکردووە و ئەوەش بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستانی نیگەران کردووە، لە کاتێکدا کە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە پێویستی بە ئاوی خواردنەوە و پاکوخاوێنیەکی زیاتر هەیە.

 

لە لایەکی ترەوە بە درێژایی سنورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان سوپای تورکیا دەستی بە جموجووڵ کردووە و ژمارەیەک ناوچە و گوندی تۆپباران کردووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست کردووە.

تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک (تەڤدەم) کە دەزگایەکی سەرەکی بەڕێوەبردنە لە ڕۆژئاوای کوردستان مەترسی خۆی لەبارەی گرتنەوەی ئاوی وێستگەی ئەلۆکی حەسەکە و کەمکردنی ئاستی ڕووبارەکان پیشاندا.

تەڤدەم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا ڕێبازێکی تری بۆ دژایەتیکردنی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بەکارهێناوە کە ئەویش گرتنەوەی ئاوی وێستگەی ئەلۆکی شاری حەسەکەیە کە نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی ڕووبەڕووی کەمبوونی ئاوای خواردنەوەی بوونەتەوە و بەو ڕێگایە دەیەوێت هەوڵەکانی پێشگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمەکە شکست پێبهێنێت.

تەڤدەم لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، ڕۆژئاوای کوردستانی سنورێکی زۆری لەگەڵ ئەو ناوچانە هەیە کە لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادان، ڤایرۆسی کۆرۆناش لە تورکیا زۆر بڵاوبووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاواش دەستی بە ڕێوشوێن کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە گرتنەوەی ئاوی ڕووبار و ویستگەکان دەیەوێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژئاواش بڵاوببێتەوە و هەرێمەکە بخاتە ناو قەیرانێکی گەورەوە.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی میلیشیا توندڕەوەکانی تورکیاش لە گرێ سپی و سەرێکانی زیادی کردووە و لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەو گروپانەدا ٤ هاوڵاتی گوندەکانی گرێ سپی برینداربوون .

لە شارەکانی باکووری کوردستان ڕێوشوێنی پێویست نەگیراوەتەبەر
لە لایەکی ترەوە لە شارەکانی باکووری کوردستان ڕێوشوێنی پێویست نەگیراوەتەبەر. هەرچەندە شاری وانی باکووری کوردستان وەک یەکێک لە شارە مەترسیدارەکان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دیاریکراوە، بەڵام تا ئێستاش قەدەغەی هاتوچۆ لەو شارە ڕانەگەیەنراوە. دوکانەکان دانەخراون و جموجووڵی بازرگانیش لە سنورەکانی وانەوە لەگەڵ ئێران بەردەوامە.

بە پێی ئامارە نافەرمیەکان بە تەنها لە شاری ئامەد نزیکەی ٥٠٠ حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا تۆمارکراون، بەڵام حکومەت تا ئیستاش هیچ ئاماریکی شارەکانی باکووری کوردستانی بڵاونەکردووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو بۆچوونە لەلای کوردەکانی باکووری کوردستان دروست ببێت کە دەوڵەت دەیەوێت کۆرۆنا لە باکووری کوردستان بڵاوببێتەوە.

 

لە شارەکانی باکووری کوردستان هیچ چاودێریەک لەسەر بازارەکان دانەنراوە، نرخی خواردن و پێداویستیەکان بۆ خۆپاراستن چەندین جار زیادیان کردووە. لە ئێستادا قەیرانی دەستکێش، دەماک و پێداویستی پاکوخاوێنی دروست بووە و شارەکانی باکووری کوردستانیش لە ڕووی هەژاریەوە لە ڕیزبەندی سەرەوەی شارەکانی تورکیادان.

دۆخی ئەو زیندانانەی کە هاوڵاتی کوردیان تیدایە
٩٠%ی زیندانیانی سیاسی لە تورکیا کوردن و بە هۆی بۆچوونی سیاسی سزادراون. لە زیندانەکاندا هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر و ئەو لێبۆردنە گشتیەش کە بڕیارە دەربکرێت، زیندانیە سیاسیەکان ناگریتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا باسی ئەوە دەکرێت، ڤایرۆسی کرۆنا لەناو زیندانەکانیشدا بڵاوبووەتەوە. هەروەها باسی ئەوە دەکرێت زیندانیان لە هەندێک زیندانی ئەنقەرە و شارەکانی تردا دەستیان بە ڕاپەڕین کردووە و ناڕەزاییان بەرانبەر پشتگوێخستنیان لە لایەن حکومەتەوە دەربڕیوە.

شارەوانیە کوردیەکان دەستیان بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەی ڤایرۆسەکە کرد بەڵام دەستیان بەسەرداگیرا
لە کاتێکدا کە شارەوانیەکانی باکووری کوردستان دەستیان بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و هەوڵیاندا لە هەر ناوچەیەک کۆمیتەیەکی تەندروستی بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە پێکبهێنن، بەڵام لەو سەروبەندەدا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی گشتگیر لەبەرانبەر شارەوانی و هاوسەرۆکی شارەوانیەکان کرد.

 

بە گشتی تا ئێستا ٨ شارەوانی دەستیان بەسەرداگیرا و هاوسەرۆکی شارەوانیەکانیان دەستگیرکران.

لەوبارەیەوە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ڕایگەیاند، "لە ڕۆژی دەستپێکی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئێمە دەڵێین مرۆڤایەتی لە ژێر مەترسیەكی گەورەدایە. ئێمە بە پێویستی دەزانین کە پشتیوانی یەکتر بکەین،  تەنیا بە پشتیوانی یەکتر دەتوانین بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا  سەربکەوین، بەڵام حکومەتی ئاکەپە بە پێچەوانەوە بەردەوامەی بە سیاسەتی دووژمنایەتی دژی کوردان دەدات. ئاکەپە بەو بریارە مرۆڤایەتی دەخاتە ناو مەترسیەکی گەورەوە و بە تەنیا بیر لەدەسەڵاتداری خۆی دەکاتەوە، جگە لە خۆی بیر لە هێچ کەسی تر ناکاتەوە."

لەلایەکی ترەوە هاوسەرۆکایەتی کەجەکە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەت جگە لە بەردەوامی دەسەڵاتەکەی و شەڕی دژی گەلی کورد و هێزە دیموکراتەکان بیر لە هیچ شتێکی تر ناکاتەوە، بۆیە گەلانی تورکیا لە ئێستادا ڕووبەڕووی مەترسیەکی گەورە بوونەتەوە. بەم شێوەیە تاوانێکی گەورە لەدژی گەلانی تورکیا دەکەن. تا ئێستاش ژمارەی نەخۆشەکان و ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە کەمتر ڕادەگەیەنن. بەم شێوەیە هەستیاری هاوڵاتیان لەبەرانبەر بابەتەکە لاواز دەکەن و بەردەوامی بە تاوانەکەیان دەدەن.

 

کەجەکە دەڵێت، " لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا لێبۆردنی زیندانیان و سزادراوان و ئازادکردنیان لە زیندانەکان بوو بە ڕۆژەڤ. بەلام نایانەوێت ئەو زیندانیانەی کە بە هۆی ڕاووبۆچوونی سیاسی و بە بڕیاری سیاسی دەستگیرکراون ئازاد بکەن. بە بۆچوونی ئەم دەسەڵاتە ئەوان دەبێت بەهۆی نەخۆشیەوە بمرن!"

بەم شێوەیە بۆچوونێک لە لای بەرپرس و هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان و پارت و ڕیکخستنەکانی باکووری کوردستان دروست بووە کە حکومەتی تورکیا بە هۆی کردەوەکانی لەم دۆخە هەستیارەدا، دەیەوێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باکووری و ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوبکاتەوە.