ڕاپۆرتی کوردستانی

06:18 - 25/03/2020

دۆخى دارایى عێراق پاشكه‌وتى مووچه‌ ده‌سه‌پێنێت؟‌

پەیسەر پرێس

عێراق به‌دواى چاره‌سه‌رێكدا وێڵه‌، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى زه‌به‌لاحى بوودجه‌، كه‌ به‌هۆى دارمانى نرخى نه‌وت و ڤایرۆسى كۆرۆناوه‌، قه‌باره‌كه‌ى گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكى نائومێدكه‌ر، به‌پێى نرخه‌كانى ئێستای بازاڕ بێت بوودجه‌ى خه‌مڵێندرا و 70 ترلیۆن دینار كورتده‌هێنێت.

پێشنیارێك هه‌یه‌ بۆ گرتنى ئه‌و درزه‌ گه‌وره‌یه‌، گێچه‌ڵ به‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عێراق بكرێت، لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ده‌ڵێت ئه‌وه‌ پێشنیارى شانه‌ى قه‌یرانه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بووه‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، به‌پێى پێشنیاره‌كه‌ سه‌دا 25ى مووچه‌ بۆ دوو مانگ ده‌بڕدرێت، جگه‌ له‌ مووچه‌ى ته‌ندروستى و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

هه‌یسەم جبورى سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، رۆژى سێشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌پێى پێشنیاره‌كه‌ى ئه‌وان (لیژنه‌ى قه‌یرانه‌كانى له‌ په‌رله‌مان) بۆ دوو مانگ لێبڕین له‌ مووچه‌ ده‌كرێت و "ماوه‌كه‌ى كورته‌".

ئه‌و پێشنیاره‌ ناڕه‌زایى لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام عێراق له‌ دۆخێكدایه‌ سێ رێگا زیاترى له‌ به‌رده‌ست نییه‌، یاخود ده‌بێت ده‌ست بۆ یه‌ده‌گه‌كانى به‌رێت، قه‌رز بكات و خەرجی کەمبکاتەوە، یاخود ده‌ست بۆ گیرفانى مووچه‌ خۆران به‌رێت.

بوودجه‌ى 2020ى عێراق گه‌وره‌ترین بوودجه‌یه‌ له‌ مێژووى عێراقدا، به‌هۆى ئه‌وه‌ى داواكارى زۆرى تێدا جێكراوه‌ته‌وه‌. قەبارەکەی ١٦٢ ترلیۆن دینارە.

ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ڵێت، له‌ بوودجه‌ى 2019 بۆ هه‌ر مانگێك مووچه‌، بڕى سێ ترلیۆن و 582 ملیار دینار پێویست بوو، به‌ڵام له‌ بوودجه‌ى 2020 ئه‌و رێژه‌یه‌ زیادیكردووه‌ بۆ چوار ترلیۆن و 400 ملیار دیناره‌.

گرفتى هه‌ره‌ ئاڵۆز ئه‌وه‌یه‌، بوودجه‌ى عێراق به‌رێژه‌ى سه‌دا 93 پشت به‌ نه‌وت ده‌به‌ستێت، وه‌ سه‌دا 77ى بوودجه‌ش بۆ مووچه‌ ته‌رخانكراوه‌، ئێستا نرخى نه‌وت به‌جۆرێك داڕوخاوه‌ بۆ، حكومه‌ت چیتر به‌ سیاسه‌تى نه‌وت به‌ مووچه‌ ئیشى ناڕوات، به‌پێى به‌یاننامه‌ى فه‌رمى عێراق، داهاتى نه‌وتى مانگى شوبات یه‌ك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار كه‌میكردووه‌، به‌راورد به‌ داهاتى مانگى یه‌ك(كانوونى دووه‌م) كه‌ شه‌ش ملیار و 163 ملیۆن دۆلار بوو.

پێشبینى ده‌كرێت داڕمانه‌ گه‌وره‌كه‌ى داهاتى نه‌وت له‌م مانگه‌ بگاته‌ قورسترین ئاستى خۆى، به‌و پێیه‌ى له‌م مانگه‌دا نرخى نه‌وت به‌جۆرێك كه‌وته‌لێژیى تا 25 دۆلار نه‌گیرسایه‌وه‌.
 
حه‌نین قه‌دۆ ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ به‌یانێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌ ئاڕاسته‌ى چاره‌سه‌رى دیكه‌ ده‌ڕوات بۆ چاره‌سه‌رى كورتهێنان، له‌ رێگه‌ى گۆڕینى بوودجه‌ى وه‌به‌رهێنان بۆ به‌كاربردن و كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌ندێك خه‌رجیى.

قه‌دۆ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، حكومه‌ت له‌ داهاتوو قه‌رزى ناوخۆیى ده‌كات له‌ بانكه‌ حكومى و ئه‌هلییه‌كان، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى بوودجه‌ى 2020 كه‌ به‌ گوته‌ى ئه‌و ده‌گاته‌ 70 ترلیۆن دیناره‌.

حكومه‌تى عێراق ته‌نها رێگه‌ى قه‌رز و لێبڕینى مووچه‌ى له‌به‌رده‌م نییه‌، بۆ خۆقوتاركردن له‌ كاره‌ساتى كۆرۆنا و داڕووخانى نه‌وت، به‌ڵكو یه‌ده‌گێكى باشى هه‌یه‌، كه‌ به‌ گوته‌ى مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د راوێژكارى سه‌رۆك وه‌زیران یه‌ده‌گى عێراق 87 ملیار دۆلاره‌. جگه‌ له‌ 20 ترلیۆن دینار زیاده‌ى ساڵى 2018.

ئه‌مڕۆ هه‌یسه‌م جبورى سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران رایگه‌یاند، پێشنیارى لێبڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام دۆخى دارایى عێراق له‌ گێژاوێكى ئاڵۆزدایه‌. عه‌لى عه‌لاق پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق پێشجه‌ممه‌ى رابردوو رایگه‌یاند، عێراق تواناى هه‌یه‌ گره‌نتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان بكات، هه‌رچه‌نده‌ نرخى نه‌وت دابه‌زینى گه‌وره‌ى تۆمار كردوووه‌، نه‌یشارده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ هه‌ندێك دوودڵى هه‌یه‌، به‌ڵام قورس نییه‌. ئه‌و پێى وابوو داته‌پینى نرخى نەوت به‌رده‌وام نابێت به‌ڵام زۆر به‌رز نابێته‌وه‌.