ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:04 - 26/03/2020

بۆچی دەوڵەتی ئێران هاوکاری پزیشکی ڕێکخراوە بییانیەکان ڕەتدەکاتەوە؟‌

پەیسەر

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێن، وڵاتەکەیان پێویستی بە کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت بە ڕیکخراوی پزیشکانی بێسنوور نییە. لایەنگر و بەرپرسانی حکومەت تۆمەتی سیخوڕیکردن دەدەنە پاڵ ئەو پزیشکانە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەگوترێت، ئێران هاوکاری و کەلوپەلی پزیشکی ڕەتدەکاتەوە و بەڵام داوای پارە دەکات و ئەوەش بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی خۆیەتی.

 

تیمێکی سەر بە رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە شاری ئەسفەهانی ئێران ئۆفیسێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو هاوڵاتیانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون کردەوە، بەڵام بە پێی میدیاکانی ئێرانی ئەندامانی تیمەکە دیپۆرتکراونەتەوە.

ئارش نەجیمی گوتەبێژی زانکۆی زانستی پزیشکی ئەسفەهان بۆ میدیاکانی ئێران ڕایگەیاند، ئەو گروپە سەرقاڵی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی کاتی ٥٠ قەڕەوێلەیی بوون لە ئەسفەهان بۆ ئەوەی تووشبووانی کۆرۆنا چارەسەر بکەن و گوتی، "ئەو گروپەی پزیشکانی بێسنوور لە فەڕەنساوە سەردانی ئێرانیان کردبوو و دەرمان، دەماک، جلوبەرگ و پێداویستی پزیشکی زۆریشیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو، بەڵام بە فەرمانی سوپای پاسداران دیپۆرتکرانەوە."

ئارش نەجیمی باسی ئەوەشی کردەوە شاری ئەسفەهان کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ٥ ملیۆن کەسە یەکێک لەو شارانەی ئێرانە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار تێیایدا بڵاوبووەتەوە.

 

عەلیڕەزا وەهابزادە ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستی ئێران لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە پڕۆژەی بەسیج و سوودوەرگرن لە هەموو دەرفەتەکانی هێزی بەسیج، لە ئێستادا هیچ پێویستیەک بە کردنەوەی نەخۆشخانەی بیانی لە ئێران نییە.

میدیاکانی سەر بە دەوڵەت ڕایانگەیاندووە، سوپای پاسداران دەتوانێت لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا نەخۆشخانەی ٢ هەزار قەڕەوێلەیی دروست بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئێران لە دۆخێکی زۆر خرابدایە و ڕۆژ بە ڕۆژ ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر بڵاودەبێتەوە، تا ئێستا سوپای پاسداران هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

ماڵپەری دوێچەڤێلای ئەڵمانی لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند، ڕەتکردنەوەی هاوکاریەکانی تیمی پزیشکانی بێسنوور دوای ئەوە هاتووە کە عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی بەوەداوە، ئێران ڕووبەڕووی هێرشێ بایۆلۆژی ئەمریکا بووەتەوە و ئەوان هیچ متمانەیەکیان بە ئەمریکا و هێزە بیانیەکان نییە. هەروەها بانگەشەی ئەوەشی کردووە، ئەگەری ئەوە هەیە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڤایرۆسی نوێی و زیاتریش لەناو کۆمەڵگای ئێراندا بڵاوبکەنەوە و کۆمەڵگای ئێران ژەهراوی بکەن.

حسێن شەریعەتمەداری بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی کەیهانی سەر بە سوپای پاسداران کە یەکێک لەو کەسانە بوو ڕەخنەی لە سەردانی تیمی پزیشکی بیانی گربوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانس فارسنیوز ئەوەی خستووەتەڕوو، فەڕەنسا خاوەن مێژوویەکی ڕەشە لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەرچەندە پڕۆسەی هاوکاریکردن هەنگاوێکی مرۆییە، بەڵام نابێت ئێران ئەگەرەکان پشتگوێخات و دەڵێت، "هیچ بەرپرسێکی ئێران لەگەڵ ئەوە نییە کە پزیشکی بیانی هاوکاری خەڵکی ئێران بکەن."

 

مێژووی ڕەتکردنەوەی هاوکاری پزیشکی و تیمی پزیشکی لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١١ کە ئەو کاتە لە پارێزگای سیستان و بەلوجستانی ئێران رێکخراوێکی پزیشکی دوای ١٠ ساڵ لە خزمەتکردن داخرا و ئەندامانی ئەو رێکخراوە دیپۆرتکرانەوە.

دەوڵەتی ئێران هاوکاری پزیشکی ڕەتدەکاتەوە، بەڵام داوای قەرز دەکات!
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدا کە کردنەوەی نەخۆشخانەی بیانی لە ئێران ڕەتدەکەنەوە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی داوای قەرز لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە سندوقی نێودەوڵەتی دراو کرد، لە ڕووی پێدانی قەرزەوە هاوکاری ئێران بکات.

سەرۆکی گشتی بانکەکانی ئێرانیش لە نامەیەکدا داوای لە سەرۆکی سندوقی نێودەوڵەتی دراو کرد ٥٠ ملیارد دۆلار وەک قەرز بە وڵاتەکەی بدرێت.

 

جۆزێف بورل سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، وڵاتانی ڕۆژئاوا گفتوگۆ لەسەر دەستپێشخەریەک دەکەن کە ٢٠ ملیۆن یۆرۆ وەک هاوکاری پێشکەش بە کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێت.

هاوڵاتیان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕەخنەیەکی زۆر لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەگرن و دەڵێن، " ئێران هاوکاری و کەلوپەلی پزیشکی ڕەتدەکاتەوە و بەڵام داوای پارە دەکات." ئەوەش گۆمانی ئەوەی دروستکردووە کە دەوڵەت نایەوێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی کۆرۆنادا هاوکاری هاوڵاتیان بکات، بەڵکۆ دەیەوێت بەو پارەیەی وەری دەگرێت، پێگەی خۆی بەهێز بکاتەوە!

ڕەتکردنەوەی هاوکاریە پزیشکیەکان لە لایەن بەرپرسانی دەوڵەتی ئێرانەوە لە کاتێکدایە کە لەو وڵاتە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ٢ هەزار کەسی تێپەڕاند.