ڕاپۆرتی کوردستانی

03:26 - 27/03/2020

١١ هەزار ساڵ بەر لە زایین ئێمە پەرستگامان هەبووە!‌

پەیسەر

میزۆپۆتامیا بێ دوودڵی وەک لانکەی شارستنای و خاکی پیرۆز لەقەڵەمدراوە. یەکەمینجار مرۆڤایەتی لەسەر ئەم خاکە بەرەو شارستانی هەنگاوی ناوە و زۆر نیشانەش دەریانخستووە کە سەرەتا لە میزۆپۆتامیا مرۆڤ دەستی بە ژیانی کۆمەڵایەتی کردووە.

یەکێک لەو نیشانانەش پەرستگای خەرابڕەشکی شاری ڕوحای (ئورفا) باکووری کوردستانە. ئەم پەرستگایە ١٤ ساڵ لەمەوبەر لە لایەن جۆتیارێکی کوردەوە دۆزراوەتەوە کە خەریکی کێڵانی زەویەکەی بووە.

 

دوای ئەوەی شارەزایانی بواری شوێنەوارناسی لێکۆلینەوەیان لە پەرستگەی خەرابڕەشک ئەنجامدا دەرکەوت کە کۆنترین و گەورەترین پەرستگایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و ئەو شانازیەش بۆ خاکی کوردستان گەڕایەوە کە جارێکیتر ئاشکرایکرد ئەم خاکە، لانکەی مرۆڤایەتیە.

مێژووی خەرابڕەشک بۆ ١١ هەزار ساڵ بەرلە زایین دەگەڕێتەوە
شوێنەوارناسان ڕایدەگەیەنن، لێکۆلینەوەیان لەسەر ئەو بەرد و پەیکەرانە کردووە کە بۆ دروستکردنی پەرستگاکە بەکارهێنراون کە وێنەی ئاژەڵ و جۆتیارەکانی لەسەر کێشراون و ئەوەش دەریخستووە کە مێژووی پەرستگاکە دەگەڕێتەوە بۆ ١١ هەزار ساڵ بەر لە زایین. ئەوەش جارێکتر تەئکید لەسەر ئەو بۆچوونە دەکاتەوە کە دەوترێت،"ڕوحا خاکی پێغەمبەرانە".

دکتور کلاوس سچمیدت بەرپرسی دەستەی شوێنەوارناسانی خەرابڕەشک کە لێکۆلینەوەیەکی وردی لەسەر ئەو پەرستگەیە کردووە دەڵێت، "پیشتر ئەوان ئاگاداری ئەوە بوون کە یەکێک لە گەورەترین پەرستگاکانی جیهان لە شاری ڕوحای باکووری کوردستانە، بەڵام دوای دۆزینەوەی پەرستگاکە و لێکۆلینەوەیەکی ورد دەرکەوت کە نەک یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارەکانە، بەڵکو گەورەترین و کۆنترینیانە و پێشبینیدەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە پەرستگا و شوێنەواری تریش لە ژێر خاکی ئەو هەرێمەدا چاوەڕێی ئێمە بن کە بیاندۆزینەوە و لێکۆلینەوەیان لەسەر بکەین."

دکتور سچمیدت ئاماژە بەوە دەکات، وێنەی ئاژەڵی کێوی، دووپشک، ڕێوی، مار، شێر، کەری کێوی، قازی کێوی و دار و گوڵ و گیاکان کە لەسەر دیواری پەرسگاکە کێشراون، دەریدەخەن مرۆڤی ئەو سەردەمە لە ڕووی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانەوە زەحمەتیەکی زۆریان بینیوە و بە بەردەوامی ڕووبەڕووی هێرشی گیانەوەرە کێوی و دڕندەکان بوونەتەوە.

 

شوێنەوارناسان دەڵێن، خەرابڕەشک نیشانەی سەرەتایی بە کۆمەڵایەتیبوون مرۆڤە و دەتوانرێت بگوترێت، سەرەتا و بناغەدانەری ئایینە ئەوەش لە هیچ شوێنەوار و پەرستگەیەکی تردا نەبینراوە.

خەرابڕەشک کانگای شارستانییە
دکتور سچمیدت لەو بارەیەوە دەڵێت، "خەرابڕەشک دەریدەخات بەر لە قۆناغی شارستانی و دروستکردنی خانەوادە، مرۆڤەکان بە کۆمەڵ بەیەکەوە لە پەرستگاکاندا ژیاون".

بە بۆچوونێکی تر خەرابڕەشک وەک خاکی ئەدەنیش پێناسە دەکرێت کە لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ئەدەن بەو خاکە دوترێت کە ئادەم و حەوا لەسەری ژیاون. هەرچەندە ئەمەش گریمانەیەکە، بەڵام ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خەرابڕەشک کانگای شارستانی و گەورەبوونی مرۆڤە.

 

یەکێکیتر لەو دەستکەوتانەی مێژوو کە لە پەرستگەی ١١ هەزار ساڵەی بەر لە زایین (خەرابڕەشک) دا دۆزراوەتەوە پەیکەرێکە.

پەیکەرێکی کەسێکە کە گوریسی بەرانێکی بەدەستەوە. هەروەها تیر و کەوانیشی پێیە. بە پێی لێکۆلینەوەکان ئەو پەیکەرە نیشانەی (بەرەکەتە) واتە پەیکەرەکە خوداوەندی (بەرەکەت)ـە.  چوونکە لە زانستی شوێنەوارناسیدا (بەران، پەیکەر، تیروکەوان) نیشانەی ئەوەیە کە مرۆڤەکان لەو سەردەمەدا لە پرستگاکان داوای پژێوی و بەرەکتیان لە خوداوەندەکانیان کردووە.

خەرابڕەشک شوێنەروا و پەرستگایەکی زۆر گرنگە بۆ مێژووی کوردستان. دۆزینەوەی ئەم جۆرە پەرستگە و شوێنەوارانەش ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکەنەوە کە شارستانی لە خاکی میزۆپۆتامیا سەری هەڵداوە و دواتر لە هەموو جیهان بڵاوبووەتەوە.

خەرابڕەشک گوندێکی نێوان شاری ڕوحا و مێردینی باکووری کوردستانە. دوای دۆزینەوەی پەرستگا مێژووییەکەی خەربڕەشکیش لە ئێستادا گرنگیەکی زۆری پێدەدرێت و هەوڵ دەدریت بکریت بە شوێنێکی گەشتاری. هەروەها یونیسکۆش خەرابڕەشکی وەک یەکێک لە شێنەوارە هەرە کۆنەکان و میراسی جیهانی پەسەند کردووە.