09:33 - 28/03/2020
ئه‌مریكا له عێراق "به‌نیازى شتێكه"
جموجوڵى نائاسایى تیمه سه‌ربازیى و دیبلۆماسییه‌كانى ئه‌مریكا له عێراق، دوودڵى خستووه‌ته نێو به‌شێك له به‌رپرسه شیعه‌كانى عێراقه‌وه، ئه‌مریكا بێ زانیارى پێشوه‌خته چه‌ند رۆژى رابردوو هه‌م تیمه دیبلۆماسییه‌كانى له هه‌ولێر و به‌غدا كشانده‌وه‌و هه‌م سێ بنكه‌ى سه‌ربازیى چۆڵكرد و هێزه‌كانى له چه‌ند بنكه‌یه‌كى كه‌متردا خڕكرده‌وه.
بۆچوون و زانیارى جیاواز هه‌ن له‌باره‌ى "جموجوڵه نامۆكان"ى ئەمریکاوە، هه‌ندێك باسیان له پلانى كوده‌تا ده‌كرد به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى شیعه‌كاندا، هه‌ندێك وه‌ك ئاماده‌كارى پێشوه‌ختى ئه‌مریكا ده‌یبینن، بۆ ده‌ستوه‌شاندن له گروپه لایه‌نگره‌کانى ئێران، بۆچوونى دیكه‌ش هه‌یه پێى وایه ئه‌مریكا له‌پێناو خۆپارێزیى په‌رچه‌كردارى گروپه‌كان واده‌كات. هه‌ركام له‌و بۆچوونانه هه‌ڵه‌بن، ئه‌وه لاى شیعه‌كان بڕاوەته‌وه، كه ئه‌مریكا "به نیازى شتێكه" و گومانیان هه‌یه و جموجوڵه‌كان به نامۆ‌و نائاسایى ده‌بینن.
ده‌ستوه‌شاندن له حه‌شد
ماوه‌یه‌كە گروپه چه‌كداره شیعییه‌كان سه‌رنجى زیاتریان له‌سه‌ر هێزه ئه‌مریكییه‌كانه و ناوبه‌ناو به ئامانجیان ده‌گرن، چه‌ند سه‌ربازێكیش كوژراون، له‌وه‌ش نه‌وه‌ستاون كه جارجار كاتیۆشایه‌ك بنێن به باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكاوه له ناوچه‌ى سه‌وز. نێوانی ئێران و ئەمریکا لە دۆخی هەرە خراپیدایە، گەمارۆ و کۆرۆنا و قەیران ئیرانیان لە جوڵە خستووە، هێشتا ئەمریکا ئامادە نییە دەرگایەکی بەڕوودا بکاتەوە، رەنگە تاران بییەوێت لە عێراقەوە هەندێک فشار دروست بکات، بۆیەش گروپەکان کە لەدوای کوشتنی سولەیمانییەوە جۆریك لە وەستانیان پێوە دیار بوو، ئەم چەند رۆژە چالاک بوونەتەوە.
ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت بۆ هه‌ر گورزێك كه له‌و هێزانه‌ى بوه‌شێنێت، گورجوگۆڵتر بێت و زیانى كه‌متر بدات به ده‌سته‌وه، به وردى و سه‌رنجى زیاتره‌وه، هێرش بكات، بۆیه‌ش خۆ رێكخستنه‌وه‌ى دوور نییه له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و ئاماده‌كارییانه بێت، كه بۆ گورزێكى دیكه ده‌یكات. به‌تایبه‌ت ئێستا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تاریكى ده‌كات و گروپه چه‌كداره‌كان زۆربه‌یان باره‌گاى دیاریان پێچاوه‌ته‌وه.
ره‌نگه ئه‌مریكا بیه‌وێت ئه‌م كێشه‌یه له ریشه‌وه چاره‌بكات، به‌نیازه له چەند شوێنێکی عێراق و هه‌رێمى کوردستان، سیستمى دژه موشه‌ك چالاك بكات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هه‌ر مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر هێزه‌كانى.
ئه‌گه‌رى كوده‌تا
شیعه‌كان پێیان وایه ئه‌مریكا له‌رێگه‌ى گروپ و كه‌سایه‌تییه نزیكه‌كانى خۆیانه‌وه، له ژێره‌وه ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن بۆ ئه‌گه‌رى كوده‌تا، ته‌نانه‌ت حكومه‌ت له‌رێگه‌ى بڵاوه‌پێكردنى هێزو توندكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه هه‌ندێك رێوشوێنى گرتبووه‌به‌ر.
چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا رۆژنامه‌ی(جه‌ریده‌ی)ی كوه‌یتی بڵاویكرده‌وه، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئێران زانیاری هه‌واڵگرییان پێگه‌یشتووه، كه ئه‌مریكییه‌كان هاوپه‌یمانه‌كانیان له به‌غداد، ئاگاداركردووەته‌وه، كه پشتبه‌ستن به رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چیتر سودی نییه، به‌بێ جوڵه‌ی هێزه‌چه‌كداره‌كانی نزیك له‌واشنتۆن، بۆ له‌باربردنی هه‌ژمونی ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌عێراق.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، پێكهاته‌ی سیاسی عێراق رێگه به ئه‌مریكییه‌كان نادات كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی نزیك له‌واشنتۆن پۆسته‌كه وه‌ربگرێت، ته‌نها مه‌گه‌ر به كوده‌تاى سه‌ربازى ئه‌وه رووبدات. بەڵام ئەگەری کودەتاش ئاسان نییەو بوونی هێزی حەشدی شەعبی ناو‌کی هەر ئەگەرێکی کودەتای خستووەتە گیرفانی شیعەکانەوە.
فشار بۆ دروستكردنى حكومه‌ت
هه‌ندێك ئه‌و جوڵانه‌ى ئه‌مریكا وا لێكده‌ده‌نه‌وه، كه ده‌یه‌وێت هۆشدارى جددى بدات، به‌و لایه‌نه شیعییه توندڕه‌وانه‌ى به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كاندیدى نزیك له ئه‌مریكا بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌مریكا به‌هه‌ر جوڵه‌یه‌ك ده‌توانێت ئه‌و فشاره دروست بكات، چونكه شیعه‌كان ده‌زانن ئه‌وه‌ى ئابورى عێراقى راگرتووه، دۆلارى ئه‌مریكى و بانكه ئه‌مریكییه‌كانن. ئه‌گه‌رنا عێراق به‌رگه‌ى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكاو به‌تارانبوون ناگرێت. بەڵام ئەمریکا بێ جموجوڵی سەربازیش دەتوانێت ئەو کارە بکات، کورد‌و سوننەو بەشێکی شیعەکانیشی لەگەڵە. سەرۆک وەزیرانێک خەتمی ئەمریکا لەسەر ناوەکەی نەبێت ئەستەمە لە عێراق بێتە سەر تەخت، خۆ ئەگەر مەیل وەربگێڕێت بە دەردی عەبدولمەهدی دەچێت، کە نزیک بوونەوە لە چین سوتاندی.
خۆپارێزیى
ئه‌و بۆچوونه‌ش هه‌یه كه ئه‌مریكا ده‌خوازێت سنوورێك بۆ ئه‌و مه‌ترسییانه دابنێت كه به به‌رده‌وامى له عێراق رووبه‌ڕووى هێزه‌كانى ده‌بێته‌وه و ناوبه‌ناو سه‌ربازیشى ده‌كوژرێت، بۆیه ده‌خوازێت به پلانێكى وردتر و به هه‌ستیارى زیاتره‌وه خۆى رێكبخاته‌وه، بۆیه گریمانه‌ى ئه‌وه‌ش هه‌یه ئه‌م جوڵانه ته‌نها بۆ خۆپارێزى زیاتر بێت و له‌م قۆناغه‌دا ئه‌مریكا نه‌خوازێت له‌وه‌زیاتر دۆخى عێراق ئاڵۆزببێت. بەتایبەت چەک و سیستەمی نوێی پێیەو رەنگە لەچەند بنکەیەکی کەمتردا کاراتر بتوانێت ئەو سیستمانە بەکاربهێنێت.
حه‌شد له‌نێوخۆیان ناكۆكن
ئه‌مڕۆ پێگه‌ى حه‌ل-ى عێراقى بڵاویكرده‌وه، كه هه‌ینى رابردوو گروپه‌كانى حه‌شد به ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى ئێران كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌و گفتوگۆیان كردووه، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چۆن وه‌ڵامى هێرشه‌كانى ئه‌مریكا بده‌نه‌وه، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه به‌یانى هاوبه‌شى كۆبوونه‌وه‌كه بنوسن و بڵاوى بكه‌نه‌وه، چونكه فالح فه‌یاز جێگرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى ناكۆك بووه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كان و پێى باش نه‌بووه له‌م قۆناغه هێرش بكرێت و ئه‌مریكا زیاتر توڕه بكرێت.
فه‌یاز له كۆبوونه‌وه‌كه ویستوویه‌تى ئاستێك بۆ گرژییه‌كان دابنرێت، له‌لایه‌كى دیكه‌وه. سه‌رچاوه‌ى زانیارییه‌كانى ماڵپه‌ڕه‌كه ده‌ڵێت، هه‌وڵى به‌شێك له سه‌ركرده شیعه‌كان و فه‌رمانده ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامه بۆئه‌وه‌ى رێگه بگرن، له‌هه‌ر هێرشێكى دیكه‌ى حه‌شد بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا و سنورێك بۆ گرژییه‌كان دابنێن، به‌ڵام تا ئێستا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له رازیكردنى گروپه چه‌كداره‌كان.
هیشام هاشمى شاره‌زاى كاروبارى ئه‌منى به ماڵپه‌ڕه‌كه‌ى گوتووه، گروپه چه‌كداره‌كان به‌باشى ئه‌وه ده‌زانن كه هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر ئه‌مریكا قوربانى لێده‌كه‌وێته‌وه و وه‌ڵامى ئه‌مریكا توند ده‌بێت، بۆیه ته‌نها هه‌ندێك كرده‌وه‌ى ئیستیفزازى ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى كاتیۆشا ده‌نێن به باڵیۆزخانه‌وه بێ ئه‌وه‌ى زیانى پێبگه‌یه‌نن.
وه‌زاره‌تى خه‌زێنه‌ى ئه‌مریكا چه‌ند رۆژى رابردوو 15به‌رپرسى دیكه‌ى خسته لیستى سزاكانیه‌وه، پێنج له‌وانه عێراقین و سه‌رۆكایه‌تى ئه‌و كۆمپانیا ئێرانییانه ده‌كه‌ن، كه پاره بۆ گروپه چه‌كداره‌كان و ئێران په‌یدا ده‌كه‌ن له عێراق و له دۆسته‌كانى قاسم سلێمانى بوون.
جوڵه‌ى ئه‌مریكا "گوماناوییه"
ریاز مه‌سعودى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له فراكسیۆنى سائیرون ئه‌مڕۆ به‌پێگه‌ى مه‌علومه‌ى راگه‌یاند، كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌چه‌ند سه‌ربازگه‌یه‌ك پلانێكى نوێى دووباره دابه‌شبوونه‌وه‌یه، به‌گوته‌ى ئه‌و، ئه‌مه پلانێكى نوێیه بۆئه‌وه‌ى ئاسانكارى بۆ هێرشه‌كانى خۆى بكات.
مه‌سعودى ده‌شڵێت:"تاراده‌یه‌ك دڵنیاین له نییه‌تى ئه‌مریكییه‌كان، بۆ هه‌ستان به كرده‌یه‌كى سه‌ربازیى له‌نێو عێراق، ئه‌وه له‌سه‌ر حكومه‌تى عێراقه كه ده‌بێت ئاگاداریان بكاته‌وه‌و لێیان بپرسێته‌وه كه به‌نیازى چین و ئه‌م جوڵه گوماناوییانه چین".
ترش له كشانه‌وه
شیعه‌كانى عێراق ته‌نها ترسیان له نیاز‌و پلانى نوێى ئه‌مریكا نییه بۆ هێرش یاخود هه‌ر كرده‌یه‌كى سه‌ربازیى دیكه، به‌ڵكو هه‌ندێكیان لە كشانه‌وه‌ش ده‌ترسن، نە لەگەڵ ئەمریکا هەڵدەکەن نە بێ ئەمریکا، هه‌رچه‌ند تا ئێستا هیچ نییه‌تێكى جددى له واشنتنه‌وه بۆئه‌مه نه‌بینراوه، به‌ڵام كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا عێراق ده‌خاته لێوارى مه‌رگه‌وه. چونكه هه‌م دراوه‌كه‌ى بانكه‌كانى ئه‌مریكا به‌هاكه‌یان راگرتووه، هه‌م ترسى ئه‌وه‌ش هه‌یه له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكییه‌كان شه‌ڕى ناوخۆ له‌عێراق دروست بێت و هاوشێوه‌ى ئێران عێراقیش به‌ر سزا‌و گه‌مارۆ بكه‌وێت.
ئه‌و لایه‌نه شیعییانه‌ى كه نزیكى ئه‌مریكان، له‌گه‌ڵ هه‌ر كشانه‌وه‌یه‌كى واشنتۆن، خۆرى سیاسی‌یان ئاوا ده‌بێت.
ململانێى ئه‌مریكا و ئێران ناسنامه‌ى سیاسى عێراقى نوێیه، ئه‌وه‌ش بووه به دیفاكتۆ بێ لێكتێگه‌یشتنى ئه‌و دوولایه‌نه عێراق به‌ڕێوه‌ناچێت، تا نێوانى ئه‌و دوو وڵاته توندتر بێت، دۆخی عێراق لە قڵیشانەوە نزیکتر دەبێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئاستێك بۆ ئه‌و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شانه‌ى ئێستا دانه‌نرێت، دوورنییه له داهاتوویه‌كى نزیكدا عێراق به‌یه‌ك جارى ببێته وێرانه و گۆڕه‌پانى شه‌ڕێكى فراوانى به وه‌كاله‌ت.