ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:47 - 29/03/2020

تورکیا پارە و کارمەندی تەندروستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا نییە‌

پەیسەر

ڕێوشوێنەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە لەبەرانبەر ئەو قەیرانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرناوە لە تورکیا دروست بووە، کۆمەڵگای کۆمەڵگای نیگەران کردووە. بە ڕای پسپۆران حکومەت هیچ ڕێگایەکی نەماوە جگە داواکردنی قەرز لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی یان چاپکردنی پارە، لەبەرئەوەی پارەی پێویستی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نییە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کاریگەری لەسەر ئابۆری تورکیا دادەنێت. بە هەزاران کۆمپانیای بیناسازی، گەشتیاری و خزمەتگوزاری لەکارکەوتوون، حکومەت تا ئێستاش هیچ قسەیەکی بۆ بوژاندنەوەی ئابۆری وڵات نییە.

ئەرینچ یەڵدان ئەندامی دەستەی بەشی ئابوری زانکۆی بیلکەنتی تورکیا دەڵێت، ئەم قەیرانە هاوشێوەی هیچ قەیرانێکی تر نییە. قەیرانەکە کاریگەری لەسەر هەموو کەرتەکانی تورکیا دروست کردووە. بۆیە ئەمە قەیرانی بەتەنها، قەیرانی هەناردەکردن، یان گواستنەوە، یان گەشتیاری و یان کەرتەکانی تر نییە، بەڵکو هەموو کەرتەکانی گرتووەتەوە. تورکیا ناتوانێت کات بە فیرۆ بدات، پێویستە پلانێکی هەبێت کە هاوکاری هەموو کەرتەکان بکات و بیانبوژێنێتەوە. لەبەرئەوەی ئەگەر چەند مانگێکی تر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ناتوانێت مووچەی کارمەندانی حکومەتی بدات.

 

ئەو پسپۆڕەی ئابۆری تورکیا باسی ئەوەش دەکات، لە وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئەوروپای قەیرانێکی ئابۆری دروست بووە، بەڵام لە تورکیا لە ئاستێکی باڵادایە و دەتوانرێت بگوترێت، ئەگەر ڕێوشوێن نەگیرێتەبەر ساڵی ٢٠٢٠ دەبێتە ساڵی تێکچوونی ئابۆری تورکیا کە کاریگەری خرابی بەسەر هەموو کەرتەکاندا هەیە.

لە لایەکی ترەوە پرۆفیسۆر دکتور ئەگە یازگان بەڕێوبەری ناوەندی لێکۆلینەوەی ئابۆری لە زانکۆی بیلگی ئاماژە بەوەدەکات، تورکیا بۆ بوژاندنەوەی کۆمپانیاکان لەبەرانبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا قەرزی بە کۆمپانیاکان داوە، بەڵام لە ئێستادا ناتوانێت ئەو کارە بکات. حکومەت پێویستە لەمەودوا بیر لە ڕێگا چارەیەک بکاتەوە.

دەڵێت، بە بۆچوونی ئەو حکومەت یەک ڕێگای لەبەردەمە ئەویش سندوقی نێودەوڵەتی قەرزە. ئەگەر پەلە نەکرێت، دۆخەکە زۆر خرابتر دەبێت. بەو شێوەیە کۆمپانیاکان لەسەر پێ دەمێننەوە و دەتوانن بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن، بەڵام پێویستە بزانرێت پارە بە کام کۆمپانیانە دەدرێت، چونکە ئەگەر حکومەت هاوکاری ئەو کۆمپانیانە بکات کە بە ڕاستی پێویستیان بە پارەیە، دۆخی ئابۆری ڕادەیەک ئاسایی دەبێتەوە.

گەورەترین قەیران لە کەرتی تەندروستیدایە
لە لایەکی ترەوە تورکیا بە هۆی کەمی کارمەندی تەندروستی و نەبوونی پلانێکی باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕووی توندروستیەوە دەناڵێنێت.

 

بە ڕای زۆر پسپۆڕ ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە تورکیا گیراونەتەبەر کەمن. لەم دۆخەدا کە قەیرانەکە گەورەیە، یەکێک لەو کارانەی کە بە خێرایی پێویستە ئەنجامبدرێت گەڕاندنەوەی ئەو ١٥ هەزار کارمەندەی تەندروستیە کە لە کاتی دۆخی نائاساییدا بە بڕیاری تایبەت لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

فاروق گەرگەرلیئۆغلۆ پەرلەمانتاری هەدەپە لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، کێشە دوورخستنەوەی ئەو کارمەندانەیە کە بە بڕیارنامەیەک چەندین ساڵە دوورخراونەتەوە و لە لایەن ڕای گشتیەوە باسیان دەکرێت. بە دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکەوت کە ئەو کارمەندانە چەندە گرنگن. 

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە کە خۆی یەکێک لەو پزیشکانەی نەخۆشی هەناسە بووە و لە لایەن حکومەتەوە لە کارەکەی دوورخرابووەوە باسی ئەوە دەکات، لەنێو ئەو کەسانەی دوورخراونەتەوە ژمارەیەکی زۆر پزیشکی پسپۆر هەن. هەروەها زانیار و پسپۆڕی وایان تێدایە کە لە جیهاندا باسی وتارەکانیان دەکرا. لە ئێستادا بێکارن، هەروەها ژمارەیەک پزیشک بە بیانۆی بێمانا دەستگیرکراون. لە جێگەی ئەوەی لە ئیستادا ژیانی زۆر کەس ڕزگار بکەن، لە زینداندان، بەداخەوە ئەو هەڵانە دووبارە دەکرێنەوە.

 

گۆنول ئەردەن هاوسەرۆکی گشتیی سەندیکای زەحمەتکێشانی تەندروستی و سۆسیال (SES) رایگەیاند، پێویستی بە ژمارەیەکى زۆرتر لە کارمەندانى تەندروستی و تیمەکانى فریاکەوتن و پێداویستیی خۆپاراستنی کەسی هەیە، ئەم دۆخە سیاسەتی تەندروستیی ئاکەپە هەڵدەوەشێنێتەوە.

ئەردەن باسی ئەوەشیکرد، یەکێک لە کێشە گەورەکانیان کەمیی کارمەندانى تەندروستییە و ئەوەشی وت "خزمەتی تەندروستی هەر پێش ئێستاش لە ئێستادا لەلایەن ژمارەیەکى کەمی کارمەندی تەندروستییەوە پێشکەش دەکرا، ئێستاش بەهاتنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) و کە دۆخەکە رۆژ لە دواى رۆژ قورستر دەبێت دۆخەکەى بۆ کارمەندانى تەندروستی قورستر کردووە، چونکە لەم دۆخی بڵاوبوونەوەى پەتایەدا هەم زانایان و هەم رێکخراوەى تەندروستیی جیهانی دەڵێن، دەبێت کاتژمێرەکانى کارکردن کەم بکرێتەوە و باری قورسیی کارکردن کەم بکرێتەوە و کاتژمێرەکانى پشوو و مۆڵەت وەرگرتن زیاتر بکرێن و هاوکات ژمارەی تیمەکانى تەندروستی و قەرەوێڵەکان و مێزەکانى تەندروستی زیاتر بکرێن، دەبێت ئێشکگری ٢٤ کاتژمێری قەدەغە بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ لەو رووانەوە لە تورکیادا کەموکوڕیی زۆر زۆر هەیە".

ئەوەش لە کاتێکدایە فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا نوێترین ئاماری ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە هەموو تورکیا ١٣١ کەس بە هۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ٩ هەزار و ٢١٧ حاڵەتیش تۆمارکراون.