ڕاپۆرتی کوردستانی

06:40 - 30/03/2020

داعشەکانی ناو زیندانەکانی ڕۆژئاوا بۆمبێکی ئامادەن بۆ تەقینەوە!‌

پەیسەر

لە ناوچە سنوریەکانی عێراق و سوریا و چەند ناوچەیەکی تری عێراق داعش جارێکیتر دەستی بە جموجووڵ کردووەتەوە و خۆی ڕێکدەخاتەوە و هێرش دەکاتە سەر هێزە ئەمنیەکان. ئەو هێزە ئەمریکیەی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش لە ناوچەکە جێگیرببوون لە ئێستادا کشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند و شوێنەکانیان بە هێزەکانی عێراق ڕاسپارد.

لە ئێستادا لایەنە سیاسیەکان لە ناوچەکە هەست بە مەترسی دووبارە خۆڕێکخستنەوەی داعش دەکەن، بەڵام بێ دەنگن و هەوڵی جدی لەو بارەیەوە نادەن.

لە لایەکی ترەوە زیندانیانی داعش کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چەندین ساڵە تیشک دەخاتە سەریان و لەو بارەیەوە هۆشداری دەدات، لە گرتووخانەی حەسەکە ئاژاوەیان نایەوە و راپەڕین.

 

روبار حەسەن بەرپرسی پەیوەندیەکانی گرتووخانەی حەسەکە لە گەڵ هێزە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان قسەی کرد و ڕایگەیاند، زیندانیانی داعش لە زیندانەکەی حەسەکەدا دوێنێ کاتژمێر هەشتی ئێوارە ئاژاوەیان ناوەتەوە و راپەڕیون.

ئەو بەرپرسەی زیندانەکە وتیشی:"چەند بەشێکی زیندانەکە کەوتنە دەستی زیندانیانی داعش. هەندێکیان دەرگاکانیان شکاند و و چوونەتە دەرەوە و لە حەوشەی زیندانەکە خۆیان جێگیر کرد."

ئاسایشی زیندانی حەسەکە لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەپارێزرێت و دەستیان بە جووڵە کرد و هەموو ڕێگاکانی زیندانەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و فڕۆکەکانی هاوپەیمانیش ئاسمانی ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.

دۆخەکە مەترسیدار ببوو
زیندانیانی داعش دەرگای قاوشەکانیان شکاندبوو و خۆیان گەیاندبووە حەوشەی زیندانەکە و بەهۆی تاریکیەوە خۆیان لە هەندێک شوێنی حەوشەکەدا شاردبووە و ئامادەکارییان دەکرد، هێرش بکەنە سەر کارمەندان و پاسەوانانی زیندانەکە. هێزە ئەمنییەکان لە زیندانەکە بەهۆی ئەگەری هێرشێکی چاوەڕوانکراوی زیندانیان لە هۆڵ و قاوشەکان کشانەوە و بۆ دەستێوەردان چاوەڕێی هەڵهاتنی خۆر بوون.

بەرپرسانی زیندانەکە ڕایانگەیاند، دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و کۆنترۆڵکردنی دۆخە قورستر بووە و ئەگەری ئەوە هەیە کۆنترۆڵی زیندانەکە لە دەست دەربچێت.

 

لە زیندانی حەسەکەدا زیاتر ئەو داعشانە زیندانیکراون کە لە باغۆز دەستگیرکران. پێداویستیەکان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریەوە دابیندەکرێت و ئاسایشەکەی لە لایەن قەسەدەوە دەپارێزرێت.

بالەخانەی زیندانەکەش کۆنە. لەبەرئەوەی زیندانەکانی تریش پڕن، بەشێک لە زانکۆی حەسەکە کراوەتە زیندان و ژمارەیەک ئەندامی داعشیش لەو زانکۆیەدا زیندانیکراون.

دۆخەکە کۆنتڕۆڵکرایەوە
کینۆ گابڕیەڵ وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە رووداوەکانی دوێنێ کرد و ڕایگەیاند، دۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و هیچ زیندانیەک هەڵنەهاتووە.

گابڕیەڵ ئەوەی خستەڕوو،  زیندانیانی داعش دوێنێ دەرگای قاوشی زیندانەکانیان شکاندووە و دیواری نێوان ژوورەکانیان ڕووخاندووە و بەشی قاتی خوارەوەی زیندانەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.

 

وتەبێژی قەسەدە وتیشی، "هێزەکانی دژە تیرۆری سەر بە هەسەدە یەکسەر دەستوەردانیان کردووە، دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و ئاژاوەگێڕیان کۆتایی پێهێنا و هەموو زیندانیەکان لە ناو زیندانەکە کۆنتڕۆڵ کران. ئێمە دووبارەی دەکەینەوە، پێویستیمان بە پشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە بۆ ئەوەی بتوانین زیندان و کەمپەکان کۆنتڕۆڵ بکەین."

پێویستی بە دەستوەردانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە
دیلەکانی داعش کە لە زیندانەکانی فیدراسیۆنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادان، نیگەرانی زۆریان دروست کردووە. بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر جار بانگەوازی ئاراستەی دەوڵەتانی جیهان کردووە کە بۆ ئەو داعشانەی کە خەڵکی ئەو وڵاتانەن چارەسەریەک بدۆزنەوە.

تا ئێستا وڵاتانی جیهان وڵامی بەرپرسانی ڕۆژئاوایان نەداوەتەوە  بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری داوای کردبوو دادگایەکی نێودەوڵەتی دروست بکرێت و دیلەکان دادگاییبکرێن.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ٢٣ی ئازار لە یەکەمین ساڵیادی تێکشکاندنی داعشدا ڕاگەیەنراویکی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستەڕوو، بە هەزاران چەتەی داعش لە زیندانەکاندان و لەگەڵ خانەوادەکانیان هەوڵ دەدەن هەڵبێن و ئەوەش مەترسی بۆ سەر داعش دروست دەکات وتی، "داعش هەوڵ دەدات ئەو ئەندامانەیان کە لە زیندان هەڵدێن جارێکیتر رێکیان بخاتەوە و ئەو کەسانەش وەک بۆمبێک بۆ تەقیەنەوە ئامادەن.

لە زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە ١٠ هەزار تیرۆریستی داعش زیندانیکراون و ژمارەیەکی زۆریان خەڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئاسیا و ڕووسیا و تورکیان، بەڵام زۆربەیان خەڵکی عێراق و سوریان.