ڕاپۆرتی کوردستانی

02:12 - 31/03/2020

لە كاتی مانەوەمان لەناو ماڵەكاندا چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵەكانماندا دەكەین‌

پەیسەر

لە كاتێكدا ژمارەی تووش بوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەڵكشاندایەو مەترسییەكانی مردنیش هەرەشە لە هاوڵاتیانی هەموو جیهان دەكات، بۆ ڕێگریی لەو دۆخە زۆرینەی هاوڵاتیانی جیهان خزاونەتە ماڵەكانیان و كەرەنتینە كراون، دەرگای باخچەی ساوایان و قوتابخانەكان داخراون، سەرجەم یاریی و ئۆڵۆمپیادەكان ڕاگیراون، هەموو جۆرە قەرەباڵغییەك قەدەغەكراوە و دروشمی (لە ماڵەكان بمێننەوە) كرایە ناونیشانی هەموو ماڵێك، مانەوەی هەمووان لەناوماڵەكاندا بەو مانایە دێت كە بەدرێژایی شەووڕۆژ و  تاكۆتایی هاتنی كەرەنتینە هەمووان پێكەوە دەبین، هیچ ڕێگایەكیش بۆ دەربازبوونیش لە ئارادا نییە، بێتاقەتی، بێزاریی، و بەریەك كەوتن و دووبارە بوونەوەی ئەو ڕۆتینە رۆژانەیە كێشەی گەورەی بۆ هەمووان دروستكردووە. شارەزایان بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەند پێشنیازێكیان خستووەتەڕوو لەوانەش:

رۆتینی رۆژانەتان تێك مەدەن:
زۆرێك لە دایكان و باوكان سكاڵای ئەوەیان هەیە كە رۆتین و بەرنامە رۆژانەكەیان تێكچووە، بەجۆرێك خەوی شەوان و خەبەر بوونەوەی بەیانیانیان وەكو پێشوو نەماوەو هەمووی تێكچووە بەسەر یەكدا، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێك لە ئاسایشی رۆژانەی خێزانەكان تێكچووە، بەڵام ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە كە بەرنامەیەكی جێگیر دابنرێت بۆ كاتی خەوتن و هەستان و رۆژانەش پارێزگارییان لێبكرێت و منداڵەكانیش ئاگاداربن لەو بەرنامەیە.

پێداچوونەوە بە وانەكاندا:
بەپێی راپۆرتێكی یونسكۆ زیاتر لە 100 وڵات دەرگای قوتابخانەكانیان داخراوە، بەوەش كاریگەریی زۆر خراپ لەسەر نیوەی قوتابیانی جیهان دروست دەكات، لە هەندێك وڵاتی دیكەش بە پێی پێویست و مەترسی قوتابخانەی ناوچەكانیان داخستووە. داخستنی قوتابخانەو زانكۆو پەیمانگاكان نیگەرانی و نائارامی بۆ هەمووان دروستكردووە و هەمووانیش ناچاردەكەن كە خۆیان بچنەوە سەر وانەكانیان و پشت بە خۆیان زیاتر ببەستن.
لە هەندێك وڵاتانی جیهاندا خوێندنی وانەكان كراون بە (ئۆنلاین)و لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە وانەكان دەخوێنن و مامۆستاكان لەو ڕێگەیەوە وانەكانیان دەڵێنەوە و كاتی خۆیان و قوتابییەكانیشیان بۆ تەرخانكردووە، بەڵام منداڵە بچووكەكان و قۆناغە بنەڕەتییەكان لەوەش بێببەشن، بۆ قەرەبووی ئەوە دەبێت كەس و كارو دایكان و باوكان ئەوەیان بۆ قەرەبوو بكەنەوە. مێزی نانخواردن و ژووی نوستن و باخچەو حەوشەكانی خۆیانیان بۆ بكەن بە شوێنی وانەگوتنەوە با بەشێوەیەكی سەرەتاییش بێت، گرنگ ئەوەیە كە قوتابی لەوانەكانی دانەبڕێت و كەس وكاریش لە ئاستی قوتابییەكەو شێوازی فێربوونیان بزانن. لانی كەم دایك و باوك دەتوانن لەڕێگەی پێگەی فەرمی (هەوەرفێرگە)وە منداڵەكانیان لەسەر خوێندنی وانەكان بەردەوام بكەن.

كشتوكاڵی ناوماڵ:
مانەوە لەناو ماڵەكاندا باشترین كاتە بۆ ئەوی لەناو ماڵەكاندا هەندێك كشتوكاڵ بكەن، چاندنی چەند تۆوێكی كەم لە سەوزە، یان گوڵ و شتی دیكە دەبێـتە سەرقاڵیەكی زۆر باش بۆ خێزان، چوون شارەزایان باسیان لەوە كردووە كەمترین نەخۆشی دەروونی لەنێو كۆمەڵگە كشتوكاڵیەكاندا  هەن، چاندنی چەند جۆرە تۆو لەبەرچاوی منداڵەكان و چاودێریی كردنیان ڕێگەیەك دەكاتەوە بۆ ئەوەی منداڵەكان لەوە تێبگەن ئەو شتانەی رۆژانە بە ئامادەكراوی دێتە بەردەستیان چۆن بەرهەم دەهێنرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی بەگەڕخستنی زیرەكی منداڵەكان، تۆوی جۆ و بیبەر زۆر بەخێرایی دەڕوێن و گەشەدەكەن، لەوانەیە لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا سەردەربهێنن بۆیە ئەگەر لە ئینجانەیەكیشدا بووبێت گرنگی پێ بدەن.

سەیركردنی وێنە خێزانیەكان:
ئەگەر چەند ساڵێك پێش لەئێستا ئەلبوومی وێنەكان لە هەموو ماڵێكدا هەبوون، ئەوا بێگومان تا ئێستەش بەشی هەرەزۆریان ماون و وەك ئەرشیف و یادگاریی هەڵگیراون، كەس و كار دەتوانن لەڕێگەی نیشاندانەوەی ئەو وێنانەو ڕوون كردنەوەی كات و شوێن و قسەكردن لەسەر  كەسەكان خێزانەكە سەرقاڵ بكەن، وێنەی منداڵی و سەردان و سەیران و گەشتەكان بەشێكی زۆر هاوكاریی خێزان دەكات لە دوورخستنەوەیان لە كێشەجۆراوجۆرەكانی مانەوەو كەرەنتینەی گشتی و لە هەمان كاتیشدا كاتێكی خۆش دەیەخشێت بە خێزانەكان.

پێكەوە خواردن ئامادەبكەن:
ئەگەر منداڵەكان تەمەنیان گەشتوەتە ئەو ڕادەیەی دەست و پەنجە لەگەڵ چێشتخانە گەرم بكەن و مەترسی سوتان یان بڕینی جەستەیان لەسەر نییە،ئەوا دەتوانن بەشدارییان پێبكەن، لە شۆردنەوەی سەوزە، میوە، داخستنی سفرە،یان چێشتلینان و فێركردنی چۆنیەتی لێنانیان، ئەوان ڕابهێنن لەسەر دروستكردنی زەڵاتە، دروستكردنی شیرمەنی و كێك و محەلەبی و هتد.. خۆ ئەگەر منداڵن دتوانن وانەی بیركارییان لەسەر شتەكان پێ بڵێنەوە، ئەوان ڕابهێنن لە شەر ژماردنی مۆز، پەتاتە، پرتەقاڵ و گوێز و هتد، یان بابەتی زاست لە چۆنیەتی تواندنەوەی خوێ و شەكر لەناو ئاوو ڕۆن دا و بەوشێوەیە.

دۆزینەوەی شت:
زۆر جار شاردنەوەی شتێكی بچووك لە جێگەیەك بەمەرجێك لە ژێر چاودێریی گەورەكاندا ئەنجام بدرێت كارێكی باشە، منداڵەكان سەرقاڵ دەكات بۆ كاتێكی باش و لە هەمان كاتیشدا چێژ بەخشە.

خوێندنەوە:
هەرچەندە بۆ گەورەكان خوێندنەوە لەم كاتانەدا بەشێك ئەستەمی تێدایەو مرۆڤ ناتوانێت بە باشی هزری ئامادە بكات بۆ تێگەیشتن و چێژوەرگرتن، بەڵام بۆ منداڵەكان هەلێكی باشە فێری كەلتووری خوێندنەوەیان بكەن و لەگەڵ كتێب و رۆژنامەو گۆڤارەكان ئاشنایان بكەن، ئەوان سەرقاڵ بكەن بە ناسینی كتێب و نوسین چوونكە هەلێكی باشە و ئەوانیش بۆ ماوەیەكی باشاشیش سەرقاڵ دەكات.

سەردانی شوێنەوارەكان بكەن:
مرۆڤ هەرچەندە لە ماڵەوەش بێت بەڵام بەهۆی بەردەست بوونی ئینتەرنێتەوە دەتوانێت زۆر كاری گرنگ ئەنجام بدات و بەكەمترین تێچوون زۆرترین زانیاریی بەدەست بهێنێت، بۆ نموونە سەیركردنی مۆزەخانەكانی دونیا، باخچە ئاژەڵیەكان، مۆزەخانەی منداڵان، حەوت سەرسوڕهێنەرەجیهانیەكان، ئەو داهینانەی چوونەتە كتێبی گینس و هەروەها هەزاران شتی دیكەی سوود بەخش. ئەوان دەتوانن وەك سینەمای ناوماڵ مامەڵەی لەگەڵ بكەن، خۆ ئەگەر سینەماڤیژن یان داتاشۆ هەبێت هەر زۆر سەركەوتوو تر و چێژ بەخش تر دەبێت كارەكە.

ئەزموونە زانستیەكان:
لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت هەزاران ڤیدیۆی سادە هەیە كە ئەزموونی داهێنانی بچووك تاقیدەكەنەوە بۆیە دەكرێت بە نیشاندانی ڤیدیۆكان و دوبارەكردنەوەیان ماوەیەكی باش منداڵەكان سەرقاڵ بكەن و سوودی گەورەشی هەبێت بۆ هەمووان.

پەیوەندی دروستكردنەوە:
ئەگەر لە ئێستادا لەڕووی فیزییكیەوە هەمووان لەیەكتری دابڕاون ئەوا دەكرێت لەڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە قسەلەگەڵ كەس و كارو هاوڕێكان بكەن و پێكەوە جەوێكی خۆش بخوڵقێنن .

رێكخستنەوەی ناوماڵ:
هەرچەندە ڕێكخستن و چاككردنی ناوماڵ كارێكی خۆش نیە، بەڵام سەرقاڵی زۆرباش دروست دەكات، مانەوەی زۆر لەناو ماڵەوە هۆكارێكی باشە بۆ ئەوەی هەرمنداڵێك ڕابهێنرێتەوە لەسەر ڕێكخستنی شت و مەكەكانی خۆی بەو شێوەیەی كە خۆی دەیەوێت، بۆ نموونە ڕێكخستنی بە پێی ڕەنگ یان كۆن و نوێی یان بەپێی خواستی منداڵەكە خۆی، لە هەمان كاتدا ئەگەر منداڵەكە مەترسی لەسەر دروست نابێت ئوتووی جل و بەرگەكانی خۆی بكات، هەروەها چنین و دروستكردنی جوانكارییەكان سەرقاڵییەكی باش بۆ منادڵەكان دروست دەكات .

یاریی فۆلكلۆریی زیندوو بكەنەوە:
منداڵ بە سروشتی خۆی حەزی لە جووڵەو سەرقاڵی و یارییە، هەموو دایك و باوكێیش لەسەردەمی خۆیدا یارییەكی كردووە كە ئێستا نەماوە، هەر بۆیە باشتر وایە دایكان و باوكان ئەو یارییانە بۆ منداڵەكان بكەنەوەو سەرقاڵیان بكەن، لەلایەك زیندوو كردنەوەی فۆلكلۆرەو لە هەمان كاتیشدا چێژبەخشە، دایك و باوكیش دەتوانن بەشداریی هەموو ئەو یارییانەبكەن كە منداڵەكان پێشنیاری دەكەن و ئەوان هیچی لێ نازانن، ئیتر با ئەو یارییانەی دیكەش بوەستێت لە نموونەی مارو پەیژەو تاوڵە و شەترەنج و هەر یارییەكی دیكە، بەمەرجێك لەڕووی پەروەردەییەوە زیانی نەبێت و فێری قومار و فڕوفێڵیان نەكات.

فێربوون یان باشتر كردنی زمان:
ئەو ماوەیەی لە ماڵەوەین بۆ خۆمان و منداڵەكان دەتوانین پەرە بەو زمانە بدەین كە كەمێكی لێدەزانین، یان دەمانەوێت شتێكی لێ فێر ببین، بەدانانی بەرنامەیەكی ماوە درێژ دەتوانین نەخشە ڕێگەی فێربوونی ئەو زمانە دابڕێژین، بۆ نموونە هەموو رۆژێك تەنخا یەك وشە لەبەر بكەین و ماناكەوی و سپێڵ و ڕێنووسەكەی فێر ببین، ئەوەش هاوكارییەكی باشمان دەكات بۆ ئێستەو داهاتووی منداڵەكانیش، چوون ئەگەر لەو ماوەیەی لە ماڵەوەین تەنها 100 وشەی ئەو زمانەی دەمانەوێت فێر ببین ئەوا دەكرێت بگوترێت كە كارێكی باشمان كردووە، جگە لەسەر قاڵ بوون و نەهێشتنی فشاری دەروونی.

خولی ڕهێنانی زمان و رۆژنامەنووسی:
منداأ زۆرجار ناتوانێت ئەوەی لەناخی خۆیدایەتی دەری ببڕێت، بۆیە زۆرجار دەشكێنەوەو ناتوانن باسی خۆیان بكەن، یان لەبەرامبەرەكەیان تێبگەن، بۆیە زۆرباشە جاروبار وەك یاریی و جوڵاندنی فیكرییشیان بڵێن با یەكێكتان رۆژنامەنووس بن و پرسیار بكەن، تەوەر دیاری بكەن، یان بابەتێك هەڵبژێرن، راستەوخۆ یان بە تەلەفۆن، یان لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كاری چاروپێكەوتن و ئەنتەرڤیو ئەنجام بدەن، ئەوەش هەم خۆشە بۆ منداڵەكان و هەم دایك و باوكیش ئاستی بیركردنەوەی منداڵەكانیشی دەزانێت.

بەهرەی كەسی:
ئەگەر منداڵەكەت حەزی مۆسیقای هەیەو ئامێرێك یا چەند ئامێرێكی هەیە ڕایان بهێنن لەسەر پرۆڤە، پاشان بەرهەمەكەی پێشكەش بكات ، نەك هەر ئەوە هەیە دەنگی خۆشەو بەهرەی دەنگ خۆشی تێدایە، ئیتر هەرچی دەڵێت گرنگ ئەوەیە دەنگی تاقی بكاتەوە، سروود و گۆرانی، قورئان خوێندن و وتاردان و هتد.

سەربان و باڵەكۆن بەكاربهێنن:
ئەگەر ماڵەكەتان لەشوێنێكدایە بواری چوونە دەرەوەی بچووكیشتان نیەو ناشتوانن بچنە بەردەرگا، یان حەوشەتان نیەو لە شوقەدان، ئەوا سەربان و باڵەكۆنەكان بۆ ئەنجامدانی وەرزش، دووركەوتنەوە لە جەوی ناو چوار دیووار كارێكی زۆر باشە، ئەو كاتانەی دەچنە ئەوشوێنانە ئاگری ماڵەكان بكوژێننەوەو پەنجەرەكان بكەنەوە با كەمێك هەواگۆڕكی بكات، چوون ئەو هەوا گۆڕكێیە سوودی تەندروستی زۆرە.

ئەمانە هەندێك رێنمایی سەرەتایی بوون ، هاوكاریی و بیرخستنەوەی ئێوەبوو، ئەگینا دایكان و باوكان دەتوانن زۆر لەوە باشتر ئەنجام بدەن و خۆشیان منداڵەكانی خۆیان باشتر دەناسن، گرنگ ئەوەیە هەرچیمان كردووە دۆخی مانەوە و كەرەنتینەی خێزان بەشێوەیەك بەسەر ببەین كە نەك هەر زیانی  نەبێـت بەڵكو سوود بەخیشیش بێت.