ڕاپۆرتی کوردستانی

04:37 - 26/12/2018

کێشە ناوخۆییەکانی چوار حیزبەکە رێگرە لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەمدا‌

پەیسەر

پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم لە هەر هەشت کابینەکەی پێش خۆی ئاڵۆزترە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە جگە لە ناکۆکییەکانی نێوان ئەو چوار حیزبەی کە پێدەچێت پێکهێنەری کابینەی نۆیەم بن، ئەم چوار حیزبە واتە پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ لەناو خۆشیاندا ناکۆکی قوڵ هەیە لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان.

لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی پێشوودا کێشەی سەرەکی لەنێوان حیزبەکان و پشکیان لە حکومەتدابوو، کە ئەمەش دواجار لەنێوان کەسی یەکەمی حیزبەکاندا رێککەوتنی لەسەر دەکرا، بۆ نمونە لە کابینەکانی پێنج و شەش و حەوتدا جگە لە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی، هەر کێشەیەکیش هەبوایە، دواجار جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە دانیشتنێکدا یان بە تەلەفونێک کێشەکەیان یەکلایی دەکردەوە، لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمیشدا کاتێک نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی کۆبوونەوە، بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەرکرا، یەکێتی کە لەو کاتەشدا لەناو خۆیاندا کێشەیان هەبوو، لە هەموو حیزبەکان دواکەوت بۆ یەکلاییکردنەوەی چۆنیەتی بەشداربوونیان لە کابینەی هەشتەمدا.

بەڵام ئێستا بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم هەر چوار حیزبەکە لە دۆخێکی هاوشێوەی یەکێتیدان لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤دا و لەناو خۆیاندا دونیایەک کێشەیان هەیە کە رەنگی داوەتەوە لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت.

کێشە ناوخۆییەکانی کۆمەڵی ئیسلامی
کۆمەڵ بەسەر دوو باڵ و ئاراستەدا دابەش بووە، ئاراستەیەکیان سۆران عومەر سەرکردایەتی دەکات و بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و بە تایبەتیش رێکخستەکانی هەولێر و بادینان پشتگیری دەکەن، لەگەڵ ئەوەدانین کۆمەڵ بەشداری لە حکومەتدا بکات، چونکە پێیانوایە زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی کۆمەڵ و سەرکەوتنیان بەسەر یەکگرتووی ئیسلامیدا لە دواین هەڵبژاردندا بەهۆی هەڵوێستەکانی چەند ساڵی رابردووی کۆمەڵەوە بووە کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پارتی سازشیان نەکردوە، بەڵام ئەگەر بێتو کۆمەڵ ئەمجارەیان لەگەڵ پارتی سازش بکات و بچێتە ناو حکومەتەوە ئەوا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پێگەیان لاواز دەبێت.

روویەکی دیکەی ناڕەزایی باڵەکەی سۆران عومەر ئەوەیە کە پێیانوایە رۆڵیان نییە لە بڕیاردانی حیزبەکەیاندا و گلەییان لە عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵ هەیە کە پشتگیری ئەو کەسانە دەکات لە خۆیەوە نزیکن و لە ناوەندی بڕیاری حیزبەکەدان.

ئاراستەی دووەمی ناو کۆمەڵ لەلایەن عەبدولستار مەجیدەوە سەرکردایەتی دەکرێت و بەشێکی بەرچاوی ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵ پشتگیری دەکەن، پێیانوایە ئۆپۆزسیۆن بوونی کۆمەڵ لەم قۆناغەدا لە بەرژەوەندی حیزبەکەیاندا نییە.

لەم نێوانەدا هەرچەندە عەلی باپیر هێشتا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە کە لەگەڵ کام بۆچوونیاندایە، بەڵام باڵە ناڕازییەکەی سۆران عومەر پێیانوایە داواکارییەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارتی بۆ بەشداریپێکردنی کۆمەڵ لە حکومەتدا لەسەر داوای عەلی باپیر بووە و ئەمەشیان والێکداوەتەوە کە ئەمیری کۆمەڵ لەگەڵ بەشداریکردنە لە حکومەت و پشتگیری لە باڵەکەی عەبدولستار مەجید دەکات، هەروەها لابردنی سۆران عومەر لە سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵیش هەر لەم چوارچێوەیەدا لێک دەدەنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیسەرپرێس بەر لە چەند رۆژ عەلی باپیر لە ترسی تەقینەوەی کێشە ناوخۆییەکانی حیزبەکەیەوە پەیوەندیی بە گۆرانەوە کردووە و سپاسی هەڵوێستی گۆڕانی کردووە کە لە خەمی کۆمەڵدابوون، بەڵام داواشی لێکردوون با چیتر ئەم بابەتە نەورووژێت و گلەیی لە گۆڕان ناکەن ئەگەر بەبێ لەبەرچاوگرتنی کۆمەڵ بڕیار بدات بەشداری لە حکومەتدا بکات.

کێشە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان کۆمەڵێک کێشەی کەڵەبووی هەیە کە ئێستا لە پرسی بەشداریکردن لە حکومەتیشدا رەنگی داوەتەوە، هەرچەندە لەسەر ئاستی خوارەوەی بزووتنەوەکە کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی گۆڕان هەن نیگەرانی ئەوەن لە ئەگەری بەشداریکردن لە حکومەتدا پێگەی حیزبەکەیان لەوەی کە هەیە لاوازتر بێت، بەڵام لەسەر ئاستی سەرەوەدا ئەم کێشەیە بە زەقی نابینرێت، بۆ نمونە سەرکردە ناڕازییەکان بە ئاشکرا دژایەتی بەشداریکردن لە حکومەت ناکەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە دواین کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی لەژێر کاریگەری ئەو ئەندامانەی جڤات کە لە سەرکردە نارازییەکانی وەک قادر حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمودەوە نزیکن، جڤات نەیتوانی بڕیار لەسەر بەشداریکردن لە حکومەتدا بدات.

هاوکات کۆمەڵێک هەڵسوڕاو و سەرکردەی گۆڕانیش هەن کە پێیانوایە گۆڕان دەبێت لە یەکێتی نزیک بێتەوە و نابێت بەبێ هەماهەنگی و بەبێ یەکێتی بەشداری لە حکومەتدا بکەن، هۆکاری ئەم بۆچوونەشیان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە ئەگەر بێتو گۆڕان بەبێ یەکێتی لەگەڵ پارتی رێکبکەوێت ئەوا یەکێتی لە سلێمانی دەتوانێت کێشە بۆ بزووتنەوەکە دروست بکات، جگە لەوەش پێیانوایە بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە کوردستاندا لە بەرامبەر پارتیدا نابێت یەکێتی پەراوێز بخرێت.

کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی
بۆ چۆنییەتی بەشداریکردن لە حکومەت، یەکێتی بەسەر دوو باڵدا دابەش بووە، باڵی ماڵی تاڵەبانی و باڵی کۆسرەت رەسوڵ، ئەم دوو باڵە لەسەر سێ ئاستدا ناکۆکن و تا ئێستا رێکنەکەوتوون.
ئاستی یەکەم: ئاستی پەرلەمانی کوردستانە، تا ئێستا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی یەکلابووەتەوە و هیچ حیزبێک لاری لەوە نییە کە سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی بێت، بەڵام دوو باڵەکە ناکۆکی قوڵیان هەیە لەسەر ئەوەی کێ کاندید بکەن بۆ پۆستەکە، کاندیدی باڵی ماڵی تاڵەبانی بێگەرد تاڵەبانییە و باڵی کۆسرەت رەسوڵیش پشتگیری لە ڕێواس فایق دەکەن.

ئاستی دووەم ناکۆکییە لەسەر کۆنگرەی یەکێتی و ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر چۆنییەتی بەشداریکردنی یەکێتی لە حکومەتدا، کۆسرەت رەسوڵ داوا دەکات هەرچی زووە کۆنگرە ببەسترێت، بەپێی زانیارییەکان کۆسرەت رەسوڵ نیگەرانە لە تەندروستی خۆی و دەیەوێت بەر لەوەی دۆخی تەندروستی تێکبچێت کێشەکانی یەکێتی یەکلایی بووبێتەوە و بە تایبەتیش پێگەی کوڕەکانی لە داهاتووی حیزبەکەیدا مسۆگەر کردبێت، لە بەرامبەردا باڵی ماڵی تاڵەبانی هیچ پەلەیەکیان نییە لە بەستنی کۆنگرە و پێیانوایە تا پێگەی قوباد تاڵەبانی لە حکومەتدا یەکلایی نەبێتەوە نابێت کۆنگرە ببەستن، چونکە قوباد تاڵەبانی زیاتر مەیلی لە کاری حکومییە تا کاری حیزبی، بەڵام ئەگەر بێتو لە حکومەتی داهاتوودا پێگەیەکی باشی بەرنەکەوێت، ئەوا دەبێت لەناو حیزبەکەیدا پێگەیەکی قورسی هەبێت.

ئاستی سێیەم: باڵی ماڵی تاڵەبانی دەیانەوێت پۆستەکانی  کێشەکانیان لەگەڵ پارتی لە بەغدا و کەرکوک و هەولێر بکەنە یەک پاکێج و بە یەک پاکێچ دانووستان لەگەڵ پارتیدا بکەن، لە دواین کۆبوونەوەی نێوانیشیاندا هەمان داوایان لە وەفدەکەی پارتی کردبوو، بەڵام وەفدەکەی پارتی رازی نەبوون بە داواکەی یەکێتی و وتبوویان ئەم وەفدە تەنیا دەسەڵاتیان هەیە لەسەر پۆستەکانی حکومەتی هەرێم دانووستان بکەن و دەسەڵاتی ئەوەیان پێنەدراوە لەسەر کەرکوک و بەغدا قسە بکەن، هەربۆیە کۆبوونەوەکە بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هاتبوو.

مەبەستی باڵی ماڵی تاڵەبانی ئەوەیە ئەگەر بۆ نمونە پۆستی وەزارەتی داد لە بەغداد لە دەست بدەن، ئەوا دەبێت پارتی رازی بێت کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە بەرژەوەندی یەکێتی یەکلایی بکاتەوە یان خود لە حکومەتی هەرێمدا بۆی قەرەبوو بکاتەوە، بۆیە دەیانەوێت بە یەک پاکێج لەگەڵ پارتی رێکبکەون، بۆ ئەمەش چاوەڕوانی ئەوەن بە نزیکبوونەوە لە گۆڕان فشاری زیاتر بخەنە سەر پارتی بۆ رازبوون بە داواکارییەکانی یەکێتی.

لە بەرامبەردا باڵی کۆسرەت رەسوڵ پێیانوایە لە بەرژەوەندی یەکێتیدا نییە هەموو کێشەکان لە کەرکوک و هەولێر و بەغدا تێکەڵ بە یەکتر بکرێن چونکە مەحاڵە پارتی بەم داوایە رازی بێت، هەربۆیە پێیانوایە نابێت ئەم پرسە بکرێتە کێشەیەکی سەرەکی لە دانووستانەکانیان لەگەڵ پارتیدا، چونکە نیگەرانن پارتی هەوڵ بدات بە ئیمتیازدانی زیاتر بە گۆڕان و لایەنەکانی دیکە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی بباتە پێشەوە و لەم حاڵەتەشدا یەکێتی دەستکەوتێکی ئەوتۆی نابێت، جگە لەمەش پێدەچێت کۆسرەت رەسوڵ بیەوێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت یان جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ یەکێک لە کوڕەکانی خۆی یەکلایی بکاتەوە.

کێشە ناوخۆییەکانی پارتی
هەرچەندە پارتی هەوڵ دەدات خۆی وەک حیزبێکی یەکڕیز و بێ کێشەی ناوخۆیی پیشان بدات و تەنانەت داوا لە حیزبەکانی دیکەی دەکات کە دوای خۆساخکردنەوە و یەکلاییکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانیان لەگەڵ پارتی دانووستان بکەن، کەچی پارتیش هاوشێوەی حیزبەکانی دیکە کێشەی جدی ناوخۆیی هەیە، کە ئەویش بۆ ناکۆکییەکانی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە، ئەم ناکۆکیانەش کەریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت.

یەکەم کێشەی ئەم دوو ئامۆزایە بریتییە لە کێشەی دانانی وەزیرەکانی پارتی، بەپێی زانیارییەکان مەسرور بارزانی دەیەوێت لە ناو وەزیرەکانی پارتی لە کابینەی هەشتەمدا، تەنیا پشتیوان سادق پۆستی وەزارەتی پێ بدرێتەوە، کە ئەویش سەر بە باڵەکەی خۆیەتی، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە تایبەتی پێداگری دەکات لەسەر مانەوەی ئاشتی هەورامی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وادیارە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لەڕێی ئاشتی هەورامییەوە کابینەی نۆیەمیش بەردەوام بێت لەسەر هەمان سیاسەتی نەوتی کابینەی هەشتەم کە فرۆشتنی نەوتە لەڕێی تورکیاوە ئەگەر بەغداش رازی نەبێت، کەچی مەسرور بارزانی و باوکی دەیانەوێت لە کابینەی نۆیەمدا لەگەڵ بەغدا رێکبکەون لەسەر پرسی نەوت.

کێشەیەکی دیکەی نێوان دوو ئامۆزاکە ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی پێداگرە لەسەر ئەوەی کە هەتا ئەو کاتەی خۆی وەک سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی نەخوارد نابێت کابینەی نۆیەم پێکبهێنرێت، بۆ ئەمەش پێویستە پارتی سەرەتا لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵاتەکانی سەرۆک رێک بکەون، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت سەرەتا لە دەسەڵاتەکانی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم دڵنیابێت، چونکە ئێستا نیگەرانی سەرەکی ناوبراو ئەوەیە کە گۆڕان و یەکێتی لەگەڵ ئەوەدانین کە پۆستی سەرۆکی هەرێم ئەو دەسەڵاتانەی هەبێت کە تا ئێستای هەیبووە، پێشوایە لەم قۆناغەدا مەسرور بارزانیش یارمەتیدەری گۆڕان و یەکێتی دەبێت بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، کەچی مەسرور بارزانی پێچەوانەی ئامۆزاکەی پەلەیەتی هەرچی زووە کابینەی نۆیەم پێک بهێنرێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا بەپێی زانیارییەکان بەر لە دوو رۆژ باڵی مەسرور بارزانی داوای لە گۆڕان و یەکێتی کردووە، هەرچی زووە خۆیان ساخ بکەنەوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتوودا بە سێ قۆڵی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت ئیمزا بکەن، بەو واتایەی لە یەک دانیشتندا هەم لەسەر بەرنامەی کابینەی نۆیەم و هەم لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان رێکبکەون، بەپێی ئەم زانیارییە بێت مەسرور بارزانی ئامادەیە لەپێناو هەرچی زوو پێکهێنانی حکومەتدا سازش بۆ داواکارییەکانی گۆڕان و یەکێتی بکات، ئەمەش بەو واتایە دێت مەسرور بارزانی لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەناو حیزبەکەیدا زیاتر ئامادەیی ئەوەی تێدایە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە سازش بکات تا ئەوەی لەگەڵ ئامۆزاکەیدا سازش بکات.

کاریگەری ناکۆکی ناوخۆییەکانی حیزبەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت
هەموو ئەو ناکۆکییانەی ناوخۆی حیزبەکان بووەتەهۆی ئەوەی هیچ کام لە حیزبەکان کاتێک لەگەڵ یەکتر دادەنیشین بەرچاویان وەک پێویست روون نەبێت، هەربۆیە کۆبوونەوەکان تا ئێستا بەرهەمێکی وای لێنەکەوتووەتەوە.

 هەتا ئەو کاتەی هەر حیزبێک لەناو خۆیدا لەسەر پرۆژەیەک ساخ نەبووبێتەوە و کاندیدی پۆستەکانی یەکلایی نەکردبێتەوە، دانووستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت ناکەونە قۆناغێکی جدییەوە، هەربۆیە پێناچێت بەم زووانە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پێک بێت، هەرچەندە مەسرور بارزانی بە پەلەش بێت لە پێکهێنانیدا.