ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:47 - 03/04/2020

ئەمریکا لە عێراق جگە لە ٣ سیناریۆ چارەی دیکەی نییە‌

پەیسەر

سێ سیناریۆی جیاواز لە بەردەم ئیدارەی ئەمەریکایە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکە، لەنێویاندا بژاردەی هێرشی توند و کاریگەر هەیە لە رێگەی لێدانی ئاسمانییەوە، بۆسەر گروپە میلیشیاکانی لایەنگری تاران لە عێراق.

بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەلحوڕە، ئەم بژاردانەی بەردەم ئیدارەی واشنتن، لە کاتێکدایە چوارشەممەی رابردوو جەختیکردەوە، ئێران و بریکارەکانی پلانی هێرشیان هەیە، بۆ سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ترەمپ هۆشداریدا و گوتی ئەوانە"باجێکی قورس دەدەن".

هەروەها پێگەی نیۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا چەند رۆژی رابردوو بڵاویکردەوە، پنتاگۆن فەرمانی بە فەرماندەکانی سوپا کردووە، پلانێک دابنێن بۆ زیادکردنی کردەی سەربازی لە عێراق، وە ئامادەکاری بکەن بۆ کردەیەکی سەربازیی بۆ تێکشکاندنی"گروپە میلیشیاکانی پاشکۆی ئێران".

شرۆڤەکاری سیاسیی هەیسەم هیتی، بە پێگەی ئەلحوڕەی راگەیاندووە، ئێران ئێستا هەوڵدەدات هەلی سەرقاڵیی ئیدارەی ترەمپ بە کێشەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بقۆزێتەوە و ئەو سەرقاڵییەی ئەمریکا بەکاربهێنێت، بۆ هەندێک کردەی ئیستیفسازی ئەمریکا لە عێراق.

هیتی هەروەها گوتوویەتی، تاران بڕوای وایە دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆکی ئەمریکا لەم دۆخەی ئێستا هەڵناسێت بەهیچ کردەیەکی سەربازیی فراوان، لەبەرئەوەی ئامادەکاری دەکات بۆ چوونە ناو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کە بڕیارە لە نۆڤەمبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت، هەروەها رای گشتیش سەرنجیان لەسەر قەیرانی کۆرۆنایە.

دۆخی ئاگرین لە ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی واشنتن و تاراندا، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی دەستیپێکرد لەلایەن ئەمریکاوە، کە شەوی ٣ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن فڕۆکەیەکی ئەمریکییەوە کرایە ئامانج، لەگەڵ ئەبوو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و دامەزرێنەری حزبوڵای عێراق لەساڵی ٢٠٠٣.
دواتر ئێران بە موشەکبارانکردنی سەربازگە ئەمەریکییەکان لە عیراق وەڵامی دایەوەو هیچ سەربازێکی ئەمەریکی نەکوژران، بەڵام زیاتر لە ١٠٠ سەربازی ئەمەریکیی زەبر بەر دەماغیان کەوت.
ئەمەریکییەکان جارێکی دیکەو لە ١١ی ئازار کەوتنە بەر بۆردومانی گروپە چەکدارەکان و دوو سەربازی ئەمەریکی و سەربازێکی بەریتانی کوژران. دواتریش گروپەکان نەوەستان لە ئاڕاستەکردنی کاتیۆشا بۆ باڵیۆزخانە و سەربازگەکانی ئەمەریکا. هەرچەندە دەیان سەربازیان لەم ماوەدا بە بۆردومانی ئەمەریکا کوژران.

پێگەی ئەلحوڕە لەسەر زاری هیتییەوە ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، کە ئەمریکا بۆ چارەسەری ئەم دۆخە ٣ بژاردەی لەبەردەمە. بژاردەی یەکەم ئەوەیە، سەبر بگرێت بەرامبەر بەو کارانەی بەرامبەری دەکرێت، تا کۆتایی قەیرانی کۆرۆنا، ئەم بژاردە ئێستا کاری پێدەکرێت.
بژاردنی دووەم، ئەگەرێکی کەمی هەیە، کەخۆی دەبینێتەوە لە پاشەکشەی ئەمەریکا لە مێزی دانوستان لەعێراق، بەگوتەی هیتی ئەمە بژاردەیەکی قورسە، چونکە وەک پاشەکشەیەک هەژماردەکرێت، بۆ ئیدارەی ئەمریکا.

هەرچی سەبارەت بە بژاردەی سێیەمە، ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم بژاردەیە خۆی دەبینێتەوە لە لێدانێکی توند و یەکلاکەرەوە لە گروپە چەکدارە پاشکۆکانی ئێران لە عێراق، وە تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە بوونیان بهێندرێت، ئەمە ئێستا بژاردەیەکی بەهێزە.

شێوەی لێدانەکە چۆن دەبێت؟
بەپێی راپۆرتەکەی پێگەی ئەلحوڕە، هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیاکان، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک و پێشکەوتوو دەبێت، هاوشێوەی ئەوەی قاسم سولەیمانی پێکوژرا.
ئەمریکا سەرنجی گەورەی لەسەر بەکارهێنانی توانای مرۆیی نییە لەسەر زەوی، بەڵکو سەرنجی سەرەکی لەسەر چەکی زیرەکە، لەپێناو نەبوونی زیان لە ریزەکانی سوپاسی ئەمریکا. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لێدانە یەکلاکەرەوەکە بە لێدان لە پێگەو بارەگا سەربازییە سەرەکییەکانیان دەستپێدەکات، لەرێگەی کردەی هەواڵگری وردەوە.

بەبڕوای هیتی، لەگەڵ پێگە سەرەکییەکان پێگە جێگرەوەکانی گروپە چەکدارەکان بە ئامانج دەگیرێت، ئەو پێگانەی وەک بەدیل بەکاری دەهێنن لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە، کە پێگەی شاراوەو نادیارن.
بەڵام بەپێی راپۆرتەکە ئەمە پێویسیتی بە کاری هەوڵگریی هەیە بەشێوەیەکی گەورەو لە ماوەی مانگێکدا جێبەجێبکرێت، بەڵام ئەنجامەکانی یەکلاکەرەوە دەبن، بۆ تێکشکاندنی میلیشیاکان و رووخاندنی مەعنەویاتیان.

بۆ ئەم پرۆسەیە ئەمریکا پێوستە چی بکات؟

بەپێی راپۆرتەکە ئەمریکا سەرنج دەخاتە سەر دڵنیایی پاراستنی هێزەکانی کە بڵاوەیان پێکراوە لە بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق، لەپێناو کەمکردنەوەی زیانەکان، کە ئەگەری هەیە رووبدەن بەهۆی پەرچەکرداری ئێران و گروپە چەکدارە لایەندارەکانیەوە.
ئەمریکا چەند رۆژی رابردوو چەند رێوشوێنێکی دەستیپێکرد، بە دانانی سیستەمی پاتریۆت بۆ بەرگری ئاسمانی لە عێراق، دوای نزیکەی دوو مانگ لە هێرشی مووشەکی بالیستی ئێران بۆ سەر پێگەکانی، بەپێی سەرچاوەیەکی سەربازی ئەمەریکی لە عێراق بۆ فرانس پرێس.

سیستەمی پاتریۆت گەیشتووەتە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، لەهەفتەی رابردوو ئەمە رێکخراوە، هەروەها سیستەمەکە لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکییەکان لە هەولێر جێگیر کراوە.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، لەچەند بنکەیەکی سەربازیی لە عێراق لە چەند رۆژی رابردوو، کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکران.
بەپێی راپۆرتەکەی ئەلحوڕە، ئەمانە کۆمەڵێک رێوشوێنی تاکتیکین ئامانج لێی پاراستنی سەربازە ئەمریکییەکانە لە هێرشی گروپە چەکدارەکان، بەوپێیە بنکە سەربازییەکانی ئێستا قورسە بەئامانج بگیرێت لەلایەن گروپەکانەوە.

راپۆرتەکە بەوە کۆتایی هاتووە، دوو بژاردەی ئانی لە بەردەست ئەمەریکییەکانەو زۆرتر ئەگەری جێبەجێکردنیان بەهێزە، بۆ ئیدارەکردنی دۆخی ئێستا ئەو دوو بژاردە ئامادەن، یاخود دەبێت سەبر بگرێت بەرامبەر کردەی گروپەکان و هەوڵی کەمکردنەوەی زیانەکانی بدات، یاخود دەبێت ئامادەکاری بکات بۆ لێدانێکی یەکلاکەرەوە لەرێگەی چەکی پیشکەوتوو زیرەکەوە، کۆتایی بە پێگەی ئێرانییەکان بهێنێت.