02:46 - 04/04/2020
حه‌شدی شەعبی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى موهه‌ندیس
پێناچێت گروپەکانی حه‌شدى شه‌عبى دواى كوژرانى موهه‌ندیس و سوله‌یمانى جارێكى دیكه، ده‌سه‌ڵاتى سه‌رده‌مى جارانیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه، گڵۆڵه‌ى حه‌شد له‌دواى ئه‌و دوانه‌وه هه‌ر له لێژیدایه كێشه‌كانى ئاڵۆزتر ده‌بن و ئاڵنگاریى سه‌خت به‌رۆكى گرتوون، ناكۆكیى ناوخۆیى فه‌رمانده‌كانیشى خه‌ریكه سیحریى ئه‌و هێزه مه‌زهه‌بییه پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه و ناوكى ده‌سه‌ڵاته فراوانه‌كه‌یان هه‌ڵده‌كۆڵێت.
حه‌شدى شه‌عبى له هه‌لومه‌رجێكى تایبه‌تدا له فتوایه‌كى نه‌جه‌فه‌وه هه‌ڵتۆقى، هه‌ژموونى تۆقێنه‌رى داعش و پشتیوانى عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌كان بۆ حه‌شد، وایكرد به‌هێزێكى گه‌وره‌وه بێنه مه‌یدانى شه‌ڕ و سیاسه‌تى عێراق. له‌وكاته‌دا كه هه‌مووان سه‌رنجیان له‌سه‌ر خه‌لافه‌ته‌كه‌ى نه‌ینه‌وا بوو چه‌ترى كه‌تیبه چه‌كداره‌كانى شیعه‌كان به‌رده‌وام فراوانتر ده‌بوو، میلیشیاى مه‌زهه‌بى زیاتر له‌بنیدا كۆده‌بوونه‌وه. توانییان خۆیان بخزێننه نێو پێكهاته‌ى فه‌رمیى سه‌ربازیى عێراق و به یاسا ئه‌وه‌ى ویستیان له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران چڕییان.
زیاتر لە ١٠٠گروپی چەکدارن، ئێستا چیتر بۆ حه‌شد فاكته‌ره‌كانى پێشوو نه‌ماون، نه پشتیوانى نه‌جه‌ف، نه شه‌ڕى داعش، ئێرانیش به‌هه‌مان گوڕى جارانه‌وه له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا نییه، ئه‌ندازیاره‌كه‌ى حه‌شد ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس و سوله‌یمانیش كه رابه‌رى تاریكییان بوو له‌گه‌ڵیان نین، به‌ڵكو مردنه‌كه‌یان حه‌شدى خسته شه‌ڕێكى نابه‌رابه‌ره‌وه رووبه‌ڕووى ته‌كنه‌لۆژیاى چه‌كى زیره‌كى ئه‌مه‌ریكى كردنه‌وه. ناكۆكى ناوخۆییش ته‌نگى پێهه‌ڵچنیون.
ناكۆكى ناوخۆیى
له‌دواى موهه‌ندیسه‌وه، به‌شێك له كه‌تبیه‌كان ئاماده‌نین گوێڕایه‌ڵى فه‌رمانى (ئه‌بو فه‌دك) بن، فه‌دك له شوێنى سلێمانى ده‌ستبكاربووه، ناكۆكى هه‌یه له‌نێوان فالح فه‌یاز سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى و فه‌دك وه‌ك جێگرى سه‌رۆك، تانه‌ت چه‌ند رۆژى رابردوو میدیا عێراقییه‌كان زانیارى ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه، كه فه‌رمانده‌كانى حه‌شد له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌یان هاوڕانه‌بوون له‌سه‌ر شێوازى وەڵامدانه‌وه‌ى هێرش و هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مریكا.
فالح فه‌یاز پێى باش نییه، له‌وه زیاتر ئه‌مریكا توڕە بکرێت، پێى وایه ناكرێت له‌وه زیاتر دۆخه‌كه ئاڵۆز بكرێت، به پێچه‌وانه‌وه فه‌رمانده‌كانى دیكه توندن و هه‌ر وه‌ستانێك له شه‌ڕی ئه‌مریكا، به پاشه‌كشه ده‌بینن.
هه‌ندێك له فه‌رمانده‌كانى حه‌شد ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌وه زیاتر جموجوڵ بكه‌ن، ئه‌مریكا به ئامانجیان بگرێت و بیان كوژێت. سه‌رچاوه‌یه‌ك له سه‌ركردایه‌تى حه‌شد به رۆیته‌رزى راگه‌یاندووه، هه‌ندێك له گروپه‌كان بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ركردایه‌تیى هێرش بۆسه‌ر ئه‌مریكییه‌كان ئه‌نجامده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش ناكۆكى نێوخۆیى قوڵتر كردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر شوێنگرتنه‌وه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانى پێشووى موهه‌ندیس به‌رده‌وامن.
كشانه‌وه‌ى مه‌رجه‌عییه‌ت
دواى ئه‌وه‌ى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى عه‌بدولعه‌زیز محه‌مداوى ناسراو به (ئه‌بو فه‌دك) یاخود (خاڵ)يان بۆ شوێنگره‌وه‌ى ئه‌بو مه‌هدى موهه‌ندیس دیاریكرد، یه‌كه‌م گروپى حه‌شد كه دژى ئه‌و بڕیاره وه‌ستانه‌وه گروپه‌كانى سه‌ر به مه‌رجه‌عیه‌تى باڵاى شیعه‌كان بوون.
لیواى ئه‌نسارى مه‌رجه‌عیه‌ت، لیواى عه‌لى ئه‌كبه‌ر، فیرقه‌ى عه‌باس ، فیرقه‌ى ئیمام عه‌لى، كه له نوسینگه‌ى مه‌رجه‌عیەته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن، دوای هاتنى ئه‌بوفه‌دك، به‌یه‌كجارى چونه ژێر فه‌رمانى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه چه‌كداره‌كان و ره‌تیان كرده‌وه پابه‌ندى فه‌رمانى خاڵ بن. له‌رووى ئیداریى و داراییه‌وه چوونه نێو پێكهاته‌ى فه‌رمى سوپاى عێراقه‌وه.
به‌پێى زانیارییه بڵاوكراوه‌كان فه‌رمانده‌ى ئه‌و چوار گروپه‌ى حه‌شد له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى مه‌رجه‌عیه‌تى باڵاى شیعه‌كان عه‌بدولمه‌هدى كه‌ربه‌لایى كۆبوونه‌وه‌ته‌وه، كه‌ربه‌لایى جه‌ختیكردووه‌ته حه‌شدى شه‌عبى لە ئه‌نجامى فتوایه‌ى مه‌رجه‌عیه‌ت دروست بووه، له‌پێناو شه‌ڕى داعش و چاودێرى و پاراستنى ناوچه ئازادكراوه‌كان، وه ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كى پله‌به‌پله بچنه نێو پێكهاته‌ى فه‌رمى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى عێراقه‌وه.
پاشه‌كشه‌ى ئێران
ئێران له زۆنى عێراق و سوریا و لوبناندا، ته‌نها گیرۆده‌ى نه‌مانى سوله‌یمانى نییه، به‌ڵكو قه‌یرانى كه‌مه‌رشكێنى ئابوورى و ڤایرۆسى كۆرۆنا و گه‌مارۆ تونده‌كان ئه‌و وڵاته‌یان ته‌واو شه‌كه‌ت كردووه‌و تا لێوارى داڕمان رۆشتووه، ناتوانێت وەک پێشوو پلانه‌كانى له‌و ناوچانه به‌رێته پێش، لینكه ئابورییه‌كانى له عێراق که‌وتوونه‌ته به‌ر سه‌رنجى سزا‌و گه‌مارۆكانى ئه‌مریكا. هیچ كام له فه‌رمانده ئێرانییه‌كان ناتوانن وه‌ك سوله‌یمانى سه‌ره‌كانى حه‌شد له‌سه‌ر به‌ڕه‌یه‌ك كۆبكه‌نه‌وه.
ته‌نانه‌ت سه‌ردانى ئیسماعیل قائانى شوێنگره‌وه‌ى سوله‌یمانى له ناوه‌ڕاستى هه‌فته‌ى رابردوو بۆ عێراق، هاوكاته له‌گه‌ڵ ناكۆكى توندى لایه‌نه شیعیه‌كان و گروپه‌كانى حه‌شد، ئه‌و پیاوه پێشتر له زۆنى ئه‌فغانستان كارى كردووه‌و هێشتا گروپه ئێرانییه‌كانى عێراق ده‌ستوپه‌نجه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌رمنه‌كردووه. هه‌ر پاشه‌كشه‌یه‌كى ئێران ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونى میلیشاكان له عێراق بێ كاریگه‌ر ده‌كات.
هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مریكا
گروپه‌كانى حه‌شد هیچ كات وه‌ك ئێستا له‌به‌ر هه‌ڕه‌شه و ره‌حمى مووشه‌كه زیره‌كه‌كانى ئه‌مریكادا نه‌بوون، له‌نێو خۆشیان له‌سه‌ر شێوازى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسییه ناكۆكن و مه‌ركه‌زییه‌ت له بڕیاریان له‌ق بووه، هه‌ندێكیان شێوازى هێرش و په‌لامارى لێده‌و ڕاكه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان خۆپارێزى ده‌كه‌ن و بێده‌نگن، هه‌ندێك خۆیان داوه‌ته پاڵ سوپا.
ره‌نگه ئه‌و هۆكارانه‌ى ئێستا حه‌شدیان گیرۆده كردووه، ئه‌و گروپانه بخه‌نه قۆناغێكى ئێجگار جیاوازه‌وه له ساڵانى پێشوو، یاخود ده‌بێت له‌نێو پێكهاته‌ى سوپادا خۆیان ون بكه‌ن و سه‌رنجى ئه‌مریكا له‌سه‌ر خۆیان لابه‌رن، یاخود ده‌بێت له‌شه‌ڕێكى نا به‌رامبه‌ردا بمێننه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان. هه‌ركام له‌و دوو ڕێگایه‌ش به‌جۆرێك ماناى كاڵبوونه‌وه‌ى به‌رچاوى هه‌ژموونى میلیشیایى ئه‌وانه‌و كۆتایى به قۆناغى ئه‌وان وه‌ك هێزێكى فه‌رمى و سه‌ربه‌خۆ ده‌هێنێت.