ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:57 - 04/04/2020

تەروازووی دانوستانەكانی عێراق بەلای ئەمریكادا خوارە‌

پشدەر بابەكر

عێراق لەنێوان بەرداشی ئەمریكا و ئێراندایە و هەریەكەیان دەیەوێت هاوكێشەكە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایی بكاتەوە بەڵام هێشتا دیار نیە كامیان براوەی یەكەم دەبن، زرفی سورە لەسەر پێكهێنانی كابینەكەی و ملكەچی فشارەكانی تاران نەبووە بۆ كشانەوە..
نوێنەری ئێران بەدەست بەتاڵی گەڕایەوە

 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران گەیشتە عێراق، و لەگەڵ گەیشتنی بەبەغدا دەستیكرد بە دیدار و كۆبونەوەكانی لەگەڵ نوری مالكی و عەمار حەكیم و هادی عامری و موقتەدا سەدر، لەو كۆبونەوانەدا پەیامی تارانی بەڕوونی گەیاندە سەركردە عێراقیەكان كە بە كاندیدبوونی عەدنان زرفی رازی نیە، و دوای ئەو كۆبونەوانەش هەوڵەكان بە ئاراستەی دوورخستنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەستیپێكرد، سەرئەنجام میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە كە پۆستێكی باڵا بۆ زرفی پێشنیاركراوە لەبەرامبەر ئەوەی لەكاندیدبوونی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت بكشێتەوە، بەڵام ئەو هەوڵەش كە دەگوترێت پلاندارێژەرەكەی تاران بووە سەری نەگرت و رۆژی شەممە عەدنان زرفی وەك پێداگری لەسەر پێكهێنانی كابینەی حكومەت كارنامەی كابینەكەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرد، بەوەش جێگرەوەكەی قاسم سولەیمانی بەدەست بەتاڵی گەڕایەوە.


ئێران پلانی دووەمی جێبەجێ دەكات
بەپێی زانیاریەكان لەئێستادا كۆماری ئیسلامی ئێران دەستی كردووە بەجێبەجێكردنی پلانی دووەم ئەویش دروستكردنی فشار لەسەر هێزە هاوپەیمانەكانی بۆ ئەوەی رێگە نەدەن كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان بەكابینەی زرفی سەركەوتووبێت بۆ ئەوەی سیناریۆی محەمەد تۆفیق عەلاوی دووبارە ببێتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا دەیەوێت دڵنیابێتەوە ئەگەر كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش كرا كابینەكەی زرفی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە رەتبكرێتەوە و متمانە بەدەست نەهێنێت، بەڵام دیار نیە كۆتایی یاریەكە بەدڵی تاران دەبێت یان نا.


دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عەلاوی قورسە
ریاز مەسعودی سەركردە لەهاوپەیمانی سائیرون بەپەیسەرپرێسی راگەیاند ئەوان دڵنیان ئەگەر كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت ئەوە كابینەكەی زرفی تێدەپەڕێت و رەت ناكرێتەوە، دەشڵێت كابینەكەی عەلاویش رەتنەكرایەوە بەڵكو ئەنجومەنی نوێنەران كۆنەبۆوە و بەهۆیەوە عەلاوی بڕیاریدا لەپرسی پێكهێنانی كابینەی حكومەت بكشێتەوە، ئەگەرچی نازاندرێت دڵنیایی سەركردەكەی رەوتی سەدر لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام رەنگە پەیوەندیەكانی عەدنان زرفی و نەرمی نواندنی بەرامبەر كورد و سوننە جیاواز بێت لە رەفتارە توندەكانی محەمەد تۆفیق عەلاوی ئەوەش ئومێدی بە هاوپەیمانەكانی زرفی دابێت.


شیعەكان كاندیدی تریان هەیە
سەعد متڵەبی سەركردە لەدەوڵەتی یاسا بەپەیسەرپرێسی راگەیاند ئەگەر زرفی بكشێتەوە یان وادەكەی كۆتایی بێت و نەتوانێت كابینەكەی دروست بكات ئەوە گەورەترین كوتلەی شیعە لەئەنجومەنی نوێنەران كاندیدی ئەوتۆیان هەیە كە كۆدەنگی زۆرینەی شیعەكانی لەسەرە و بەخێرایی پێشكەشی سەرۆك كۆماری دەكەن بۆ ئەوەی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت رایبسپێرێت.


ئەمریكا هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە
بەپێی زانیاریەكان ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهەموو توانایەوە پشتیوانی ئەوە دەكات زرفی لەپێكهێنانی كابینەی حكومەت سەركەوتووبێت، هەموو هاوپەیمانەكانیشی كاری بۆ دەكەن، رەنگە لەبەرامبەر سەرنەكەوتنی عەدنان زرفی واشنتۆن هەڵوێستێكی تری هەبێت، وەك دەگوترێت هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچە شیعیەكان كشاونەتەوە و ڕوویان لەهەرێمی كوردستان و ناوچە سوننیەكان كردووە، بۆیە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا چاوەرێی زرفیە نینۆكی گروپە شیعیەكانی نزیك لەتارانی بۆ بكات بەپێچەوانەوە رەنگە ویلایەتەیەكگرتووەكان خۆی ئەو هەنگاوە بنێت.


دۆخەكە وەك قۆناغی سولەیمانی نیە
نەهرۆ رەواندزی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە پەیسەرپرێسی راگەیاند ناوماڵی شیعە وەك سەردەمی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس نیە و بەتەواوەتی پەرتەوازەییان پێوە دیارە، دەشڵێت رێككنەكەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران بەڵگەیە لەسەر ئەوە.


عێراق نابێتە گۆڕەپان
رۆژی شەممە عەدنان زرفی لەگەڵ راگەیاندنی كارنامەی كابینەكەی رایگەیاند عێراق نابێتە گۆڕەپانی یەكلایی كردنەوەی كێشە و ئاڵۆزیەكانی ناوچەكە، رەنگە ئەوە بەدڵی تاران نەبێت كە دەیەوێت عێراق لەبەری كۆماری ئیسلامیدا بێت بۆ دژایەتی ئەمریكا و ئەوەش لەدوا پەیامی یەحیا رەحیم سەفەوی راوێژكاری عەلی خامەنەیی رابەری شۆرشی ئێران رەنگی دایەوە، بەڵام پێدەچێت بۆ كەمكردنەوەی هەژمونی ئێران سوننەكان پشتیوانی یەكەمی كاندیدی راسپێردراو بن.


زرفی ملكەچی فشارەكانی تاران نەبوو
ئێوارەی رۆژی هەینی عەدنان زرفی كاندیدی راسپێردراو لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند سورە لەسەر هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت و داواشی كرد ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر كابینەكەی، ئاماژەی بەوەشكرد كابینەكەی چوار ئەركی سەرەكی لەسەرشانە كەبریتین لە دۆزینەوەی چارەسەری قەیرانی دارایی و سەپاندنی هەژمون و شكۆی دەوڵەت و سەروەری یاسا و بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاكی ئەنجومەنی نوێنەران و هاوسەنگی لەپەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان.


لەبەرامبەردا هێشتا نەیارەكانی زرفی دەستبەرداری هەوڵەكانیان نەبوون و هاوپەیمانی فەتح بە 48 كورسی و عەقدی نیشتمانی بە 18 كورسی و نەهجی نیشتمانی بە 8 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە رابەرایەتی بەرەیەك دەكەن بۆ ئەوەی نەیارانی زورفی لە یارانی زیاتر بێت و دواجار دووربخرێتەوە.


رۆژی 16ی ئازار بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق عەدنان زرفی لەهاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت و بەپێی یاساش ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی.ران بەدەست بەتالی گەرایەوە دوایی هاتنی نیونەری ئیران بۆ عیراق کوبونەوەی لەگەل زەریفی لەسەر کشانەوەی لە پوستی سەروک 


ئیران وە سیاسەتی ئیران لە عیراق شکستی هیناوە وە لەروویی سەربازی ئەمریکا ریگە نادات ئیران خاکی عیراق دژی ئەمریکا بەکار بهیبی بویە سەرجەم یەکینە سەربازی لەعیراق بەرووی سوریاو کوردستان کشاندەوە تا ئیران نەتوانی هیرش بکاتە سەری لەخواری عیراق لەقوناغی دووەم ئەمریکا هیرش دەکاتە سەر حزبلاو