ڕاپۆرتی کوردستانی

08:17 - 04/04/2020

ڕۆژئاوا لەنێوان مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا‌

پەیسەر

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەبەرانبەر شار و ناوچە و گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و ئەوەش دۆخێکی هێناوەتە پێشەوە کە خەڵکی ڕۆژئاوا و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نازانن لەم دۆخەدا کە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، خۆیان لە ڤایرۆسەکە بپارێزن یان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا.

 دەوڵەتی تورکیا سەرقاڵبوونی جیهان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک دەرفەتێک بەکار دەهێنێت و هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان زیاد کردووە، هەروەها گوێ بە بانگەوازی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە سەرتاسەری سوریا نادات.

مانگێکە هێرشەکانی سوپای تورکیا بەردەوامە
بە درێژایی مانگی ئازاردا ناوچەکانی تەل تەمر، زرگان و گرێ سپی و گوندەکانی سەر بە عەین عیسا ڕووبەڕووی هێرشی تۆپخانەکانی سوپای تورکیا بووەنەتەوە. لە لایەکی ترەوە هێرشەکانی بۆ سەر گوندەکانی عەفرین و ناوچەی شەهبا و کەمپی پەنابەران بەردەوامی پێدەدات.

 

لەو بارەیەوە دکتور حەسەن ئەمین بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ناوچەی تەل تەمر بۆ میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاندووە، بە تەنها لە یەکی نیسان تا ٤ی نیسان سوپای تورکیا دەستی بە هێرشی هەڕەمەکی بۆ سەر گوندەکانی سەر بە تەل تەمر و زرگان کردووە و لە ئەنجامدا ٤ هاوڵاتی مەدەنی کە دووانیان ژنن بە سەختی برینداربوون.

لە لایەکی ترەوە ٢ی نیسان دەوڵەتی تورک جارێکیتر گوندەکانی تەل تەمری تۆپباران کردووە و ٢ سەربازی سوریا کوژران و ٥ سەربازی تورکیاش برینداربوون و کەسێکی مەدەنیش برینداربووە.

بە هۆی تۆپبارانەوە هاوڵاتیان ناتوانن لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە
هەرچەندە ىەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی لە تەواوی هەرێمەکە ڕاگەیاندووە و پێویستە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوڵاتیان لە ماڵە بمێننەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سوپای تورکیا و میلیشیاکانی شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان دەکەنە ئامانج، هاوڵاتیان لەوە دەترسن خانووەکانیان بەسەردا بڕۆخێنن، ئەوەش وایکردووە هاوڵاتیان ڕوو لە پەناگاکان بکەن. بەڵام کێشەیەکی تر لەوەدا ڕوویداوە کە ئەویش مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

پێنج جارە هێرش دەکرێتە سەر وێستگەی ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتیان
لە لایەکی ترەوە سوپای تورکیا بۆری و وێستگەکانی ئاوی خواردنەوەی حەسەکە و گوندەکانی دەوروبەری دەکاتە ئامانج کە لەم دۆخەدا بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێویستیەکی زۆر بە ئاوی پاک هەیە.

 

٢ی نیسان دەوڵەتی تورکیا بە موشەک بۆڕی ئاوی حەسەکەی جارێکیتر بووردۆمان کرد. بە تایبەتی بۆڕی ئاوی گوندی ئوم کێف ٥ جارە رووبەڕووی هێرشی سوپای تورکیا دەبێتەوە.

هەرچەندە شارەوانی حەسەکە هەوڵ دەدات بە تەنکەر ئاوی پاک بۆ گوندنیشان دابین بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆپخانەکانی تورکیا بە چڕی ناوچەکە تۆپباران دەکەن، رێگری لە دابینکردنی ئاویش دەکرێت.

لە لێدوانێدا بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار (هاوار نیوز) محەمەد خلۆ هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی تەل تەمر ئاماژەی بەوەکردووە، هەموو ڕۆژێک ناوچەکەیان تۆپباران دەکرێت و بە ئەنقەست هەوڵ دەدرێت ناوچەکە بێئاو بهێڵرێتەوە بۆئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو هاوڵاتیاندا بڵاوببێتەوە.

دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئاوی یەک ملیۆن هاوڵاتی ڕۆژئاوا ببڕێت
تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک (تەڤدەم) کە دەزگایەکی سەرەکی بەڕێوەبردنە لە ڕۆژئاوای کوردستان مەترسی خۆی لەبارەی گرتنەوەی ئاوی وێستگەی ئەلۆکی حەسەکە و کەمکردنی ئاستی ڕووبارەکان پیشاندا.

 

تەڤدەم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا ڕێبازێکی تری بۆ دژایەتیکردنی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بەکارهێناوە کە ئەویش گرتنەوەی ئاوی وێستگەی ئەلۆکی شاری حەسەکەیە کە نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی ڕووبەڕووی کەمبوونی ئاوای خواردنەوەی بوونەتەوە و بەو ڕێگایە دەیەوێت هەوڵەکانی پێشگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمەکە شکست پێبهێنێت.

تەڤدەم لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، ڕۆژئاوای کوردستانی سنورێکی زۆری لەگەڵ ئەو ناوچانە هەیە کە لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادان، ڤایرۆسی کۆرۆناش لە تورکیا زۆر بڵاوبووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاواش دەستی بە ڕێوشوێن کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە گرتنەوەی ئاوی ڕووبار و ویستگەکان دەیەوێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژئاواش بڵاوببێتەوە و هەرێمەکە بخاتە ناو قەیرانێکی گەورەوە.