ڕاپۆرتی کوردستانی

05:04 - 05/04/2020

ڕۆژئاوا ئامێری پشکنینی کۆرۆنا، جیهازی هەناسەدان و پێداویستیەکان دروست دەکات‌

پەیسەر

لەگەڵ ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی سەختدایە، هەموو ڕۆژێک هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە و لە هەموو لایەکەوە گەماڕۆ دراوە، بەڵام توانیویەتی ئامێری پشکنینی ڤیرۆسی کۆرۆنا دروست بکات و سەرقاڵی دروستکردنی ئامێری هەناسەدانە بۆ نەخۆشەکان. هەروەها هەموو پێداویستی وەک دەستکێش و دەمامکیش دروست دەکات.

دەستەی تەندروستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هاوکاری پەیمانگای (PESA)ی سویدی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامێرێکیان دروست کردووە کە لە ماوەی ٣٠ خولەکدا ئەنجامی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا دەکات و دەزانرێت کەسێک تووشی کۆرۆنا بووەی یان نا!

 

جوان مستەفا هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاندبوو، کۆمپانیا سویدیەکە ئامێری پشکنینەکەی بۆ شاری ووهانی چین ناردووە و لەسەر ٦٨ کەس تاقیکراوەتەوە ٨٥% ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە.

ئامێرەکە چۆن کار دەکات
کۆمیتەی تەندروستی ڕۆژئاوای کوردستان ئامێرەکەی پێشکەش بە ژمارەیەک رێکخراوی تەندروستی و وڵاتان کردووە و هەندێک وڵات و رێکخراوەکانیش داوایان کردووە، بەڵام کۆمیتەی تەندروستی قبوڵی نەکردووە، هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش مۆڵەتی بەکارهێنانی ئامێرەکەی بە ڕۆژئاوای کوردستان داوە.


ئینان خەلیل دکتوری نەخۆشیەکانی دڵ و سنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئاژانسی فوراتنیوز لەبارەی چۆنیەتی کارکردنی ئامێرەکە قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئەوان ئامێرەکەیان بۆ چین ناردووە و لە سێ نەخۆشخانەی گەورەی ئەو وڵاتەدا تاقیکراوەتەوە و ٨٥% سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

 

ئینان خەلیل ئاماژەی بەوەداوە، ئامێرەکە پلاستیکێکی باریک و درێژە و لە سێ بەش پێکهاتووە. بەشی یەکەم و سێیەمین بۆ هەوکردنی ئاساییە. بەشی دووەمیش کە ڕەنگی لیکەکە دەگۆرێت ئاشکرایدەکات کە کەسەکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە یان نا.

ئینان خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی هاوڵاتیان سەردانی نەخۆشخانە دەکەن، فۆڕمێک پڕدەکەنەوە و دواتر لیکیان وەک نمونە وەردەگیرێت و لە ماوەی ٣٠ بۆ ٣٥ چرکەدا پشکنینەکەیان دەردەچێت و کەی بەشی دووەمی ئامێرەکە شین بوو ئەو کاتە ئاشکرا دەبێت کە پشکنینەکە پۆزیتیفە و کەی ڕەنگی پشکنینەکە مۆر بێت ئەوا ئەنجامەکەی نێگەتیفە و واتە تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە.

ئەو پزیشکە هەروەها دەڵێت، زوودەرچوونی پشکنینەکە کە ئەم ئامێرە دەیکات بۆ دوو شت زۆر گرینگە. یەکەم، بۆ ئەوەیە کە زوو کەسی تووشبوو جیادەکرێتەوە و ڤایرۆسەکە کەمتر بڵاودەبێتەوە و دووەمیش ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە ناگاتە بەشەکانی تری جەستە وەک گورچیلە و بۆڕی هەناسە و کەسی تووشبوو پارێزراو دەبێت و زوو چارەسەری بۆ دەکرێت. بەڵام ئەگەر زوو چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە و ڕێگری لێنەکرێت، ڤایرۆسەکە بگاتە گورچیلە و بەشەکانی تر، پێویستە چارەسەری قوڕس بەکاربهێنرێت و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی سیستمی تەندروستی لەشی نەخۆشەکە بە تەواوی تێکبچێت.

 

لە لایەکی ترەوە بەهۆی ئەوەی ئامێری هەناسەدان بۆ نەخۆشەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان کەمە، دەست بە دروستکردنی ئامێری هەناسەدان کراوە و ژمارەیەک ئامێر دروستکراون و لەسەر بەرهەمهێنانی ئامیرەکان بەردەوامن.

هەروەها پێداویستیەکانی تری وەک دەمامک و دەستکێشیش لە لایەن کۆمیتەی تەندروستی و ژمارەیەک خۆبەخشەوە دروست دەکرێن و بە خۆڕایی لەناو هاوڵاتیاندا بڵاو دەکرێتەوە.

تا ئیستا هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژئاوای کوردستان تۆمار نەکراوە و بەرێوەبەرایەتی خۆسەری باکووری و ڕۆژهەڵاتی سوریا هیچ شتێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە قەدەغەی هاتوچۆ لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر راگەیەنراوە. هەروەها شارەوانیەکان لە هەڵمەتێکدا دەستیان بە ڕشتنی دەرمانی دژە ڤایرۆسی لە هەموو شەقام و کۆڵانەکان کردووە.

پڕۆسەی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچوو، بەڵام بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و میلیشیاکانی و بەئامانجگرتنی ئاوی خواردنەوە لە ژمارەیەک ناوچە و گوندی ڕۆژئاوای کوردستان پڕۆسەی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لاوازبووە.