ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:11 - 06/04/2020

حه‌رب بۆ په‌یسه‌ر: پێشكه‌شكردنی كاندیدێكی تر ده‌ستوری نییه‌‌

پەیسەر پرێس

تارق حه‌رب شاره‌زای دیاری یاسا و ده‌ستوری عێراق به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، سێ رێگا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عه‌دنان زورفی له‌پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت دووربخرێته‌وه‌، رێگه‌ی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ خۆی ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كردی.

حه‌رب بۆ پەیسەر روونیکردەوە، رێگه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ ماوه‌ی ده‌ستوری كه‌ 30 رۆژه‌ كۆتایی بێت و له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌توانێت كابینه‌كه‌ی دروست بكات، رێگه‌ی سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆببێته‌وه‌ و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ پێدانی متمانه‌ به‌كابینه‌كه‌ی ره‌تبكاته‌وه‌. ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر"چه‌ندین مانگی تریش په‌رله‌مان كۆنه‌بێته‌وه‌ و متمانه‌دان یان نه‌دان به‌كابینه‌كه‌ی یه‌كلایی نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر وه‌ك تاكه‌ راسپێردراوی پێكێهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت ده‌مێنێته‌وه‌ چونكه‌ كه‌مته‌رخه‌می په‌رله‌مانه‌ نه‌ك كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران".

گوتیشى:"جگه‌ له‌و سێ رێگه‌ هیچ رێگایه‌كی تر نیه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی عه‌دنان زرفی و پێشكه‌ش كردنی كاندیدێكی تر. ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت زۆرینه‌ی شیعه‌ له‌سه‌ر كاندیدێكی جێگره‌وه‌ رێككه‌وتوون بابه‌تێكی راگه‌یاندنه‌كانه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستوری نییه‌، ته‌نانه‌ت سه‌رۆك كۆماریش به‌پێی ده‌ستوور مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ پاشه‌كشه‌ی پێ بكات".

ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، عه‌دنان زرفی به‌رنامه‌ی كابینه‌كه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌ و وه‌زیره‌كانی ئاماده‌كردووه‌ بۆیه‌ ئێستا به‌رپرسیاریه‌تی له‌سه‌ر شانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاتی كۆبونه‌وه‌ دیاری بكات و ده‌نگ بدات به‌متمانه‌كه‌ی جا به‌قبوڵ كردنی یان ره‌تكردنه‌وه‌.