ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:39 - 06/04/2020

ئاکەپە بە تەنها لە خەمی مانەوەیە لەسەردەسەڵات، هاوڵاتیانی بەلاوە گرنگ نییە!‌

پەیسەر

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە دوایین کۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە هەموو دۆخێکدا لە وڵاتەکەیدا وەبەرهێنان بەردەوام بێت، ئەمەش جیهانی تووشی سەرسوڕمان کردووە، لە دۆخێکدا کە جیهان ڕووبەڕووی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە، چۆن دەبێت سەرۆک کۆمارێک ئەم مەترسیە لەبەرچاو نەگرێت و ئەم جۆرە لیدوانانە بدات.

 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی زۆر خێرا لەناو تورکیادا بڵاودەبێتەوە و بە پێی ئامارە فەرمیەکان تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٤ هەزار حاڵەتی تووشبوونیش تۆمار کراون.

 

بەخێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە تورکیا و زۆری قوڕبانیان و تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وادیارە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی نیگەران نەکردووە، بە هۆی ئەوەی کە کەرەنتینەی زۆرەملێی رانەگەیاندووە. لە کاتێکدا کە سیاسەتمەدارانی تورکیا داوای ڕێوشوێنی توندتر دەکەن و داوا دەکەن وەک وڵاتانی جیهان ڕێوشوێنی هاتوچۆ قەدەغە بکرێت و دەزگا فەرمیەکان و ناوەندە گشتیەکانیش دابخرێن.

 

ئەردۆغان گوێ لە پێشنیارەکان ناگرێت
ئەوەش لە کاتێکدا کە وەک هەموو قۆناغێک ئەردۆغان ڕاو و بۆچوونی ئۆپۆزسیۆن و ڕای گشتی تورکیا پشتگوێ دەخات و گوێ بە داواکاری لایەنەکانی تر نادات و دەسەڵات و بەهێزکردنی خۆی لە هەموو شتێک بەلاوە گرنگترە و بە بەردەوامی هەوڵی کپکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن دەدات، نمونەش بۆ ئەوە دەستگیرکردنی ئەو سیاسەتمەدارانەیە کە بە بەهێزی لەناو گۆرەپانی سیاسەتدا کاریان کردووە.

هەفتەی ڕابردوو حکومەتی تورکیا بەسەدان هاوڵاتی تورکیای بەهۆی ئەوەی لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕەخنەیان لە سیستمی تەندروستی و ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتبوو دەستگیر کرد. حکومەت پزیشک و پسپۆڕانی بواری تەندروستی ناچار کرد کە داوای لێبووردن بکەن، لە کاتێکدا کە داوایان کردبوو، ڕێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر.

 

لە تورکیا پشکنین بۆ هاوڵاتیان ناکرێت
مەترسیەکی تر کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگای تورکیا بووەتەوە، پشتگوێخستنی ئاوارەکانە بە تایبەتی ئاوارە سوریەکان کە ماوەیەک لەمەوبەر لە سنورەکانی یونانەوە گەڕاونەتەوە بۆ ناو شارەکانی تورکیا و هیچ پشکنینێک بۆیان ئەنجامنەدراوە. هەروەها مەترسی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکانی تورکیاشدا کۆمەڵگای تورکیای نیگەران کردووە کە بەهۆیەوە لە ژمارەیەک زیندانی باکووری کوردستان لەدژی هەڵوێستی حکومەت راپەڕین کرا و زیندانەکانیان سووتاند.

 

پڕۆفیسۆر ئیمار ئاڵنیدس مامۆستا لە زانکۆی شاری بوستنی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویورک تایمز دەڵێت، "لە ئیستادا دوو ڕێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا سەرکەوتوو بووە. یەکەمیان ئەوەیە کە کۆریای باشوور ئەنجامی دەدات ئەویش لە ڕێگەی پشکنینی بەکۆمەڵە کە لە ڕۆژێکدا ٢٠ هەزار پشکنین ئەنجامدەدرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە کۆی ٨٠ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا بە تەنها پشکنین بۆ ٩٢٠٠٠ هەزار هاوڵاتی ئەنجامدراوە.

ئەو پڕۆفیسۆرە باسی لەوە دەکات، دووەم ڕێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە لە شاری ووهانی چین جێبەجێکراوە و لە کالیفۆرنیا، فەڕەنسا و شاری بوستنی ئەمریکا تاقیکراوەتەوە کە ئەویش داخستنی کۆمپانیا، سوپەرمارکێتە گەورەکان و دەزگا حکومیەکانە ، بەڵام لە تورکیا تا ئێستاش بە ملیۆنان منداڵ، کارمەند و کرێکار، ناچارن ڕۆژانە بچنە سەر کارەکانیان و لە خوێندنگا بخوێنن و لە چێشتخانە و کۆمپانیاکان کار بکەن. لە ئیستادا بە تەنها ٤ گوندی بچووک بەهۆی کۆرۆناوە کەرەنتینەکراون، بەڵام لە شاری ئەستەنبوڵ کە زیاترین حاڵەتی نەخۆشیەکەی تێدا تۆمار کراوە هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر. هەرچەندە کەسانی گەنج و منداڵان دەچنە دەرەوە و بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەن، بەڵام کە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە مەترسی زۆر گەورە لەسەر دایک و باوک  و خزم و کەسە بەتەمەنەکانیان دروست دەکەن کە ژمارەیەکیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و ئەوەش ڕووبەڕووی مەرگیان دەکاتەوە.

 

ژمارەی تووشبووان زۆرتریش دەبێت
پڕۆفیسۆر ئیمار ئاڵنیدس دەڵێت، لە تورکیا بە پێی ئامارە فەرمیەکان ٢٤ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوای ٦ تا ١٤ ڕۆژ نیشانەکانی نەخۆشیەکە دەردەکەون، تووشبووەکان درەنگ سەردانی نەخۆشخانە دەکەن و ئەوەش وایکردووە لەو ماوەیەی کە تووشێ ڤایرۆسەکە بوون و هەستیان بەخۆیان نەکردووە، ژمارەیەکی زۆر کەسی دەوروبەریان تووش کردووە و بەوەش دەردەکەوێت لە ماوەی هەفتەیەک یان دوو هەفتەی تر ژمارەی تووشبووان بە ڕێژەیەکی زۆر لە تورکیا زیاتر دەبێت.

ئاڵنیدس باسی ئەوەش دەکات دۆخی تورکیا زۆر خراب بووە و خەڵک لە ترسێکی زۆر گەورەدایە. کاتێک سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن، دەیانەوێت پشکنینەکەیان لە هەمانکاتدا دەربچێت، بەڵام پێویستی بە ٤ ڕۆژ هەیە. ئەمەش وا دەکات کە توندوتیژی لەدژی پزیشکان ڕوو لەزیادبوون بکات. لە لایەکی ترەوە بەهۆی ئەوەی کەرەنتینەی بەزۆر لە تورکیا ڕانەگەینراوە، خەڵکەکەش خۆیان ناپارێزن و کەسە تووشبووەکانیش لەناو کۆمەڵگادا بە ئازادی دەگەڕێن و خەڵکی تریش تووشی ڤایرۆسەکە دەکەن.