ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:01 - 08/04/2020

چارەنووسی سوپای قودس لە دوای قاسم سولەیمانی‌

پەیسەر

ئیسماعیل قائانی بۆ یەکەمجار وەکو فەرماندەی هێزەکانی سوپای قودسی پاسداران ڕۆشتە عێراق و لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەژێر چاودێری چڕی ئەمنیەتی و بەڵام بەنهێنی پێشوازی لێکرا. 
هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە سێ ئۆتۆمبیل فڕۆکەخانەکەی بەجێهێشتووە، بەڵام دیار نیە لەکوێ ماوەتەوە و گفتوگۆی لەگەڵ کێ کردووە و کەی عێراقی بەجێهێشتووە.

ئەم جۆرە زانیارییانە بەگشتی لەدوای کۆتایی هاتنی گەشتەکە و بەپچڕ پچڕ و پلەبەپلە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نزیک لە سوپای پاسداران لەناوخۆی ئێران یاخود لە تۆڕەکانی نزیک بە گرووپەکانی حەشدی شەعبی ژێردەستی حکومەتی ئیسلامی ئێران بڵاودەبێتەوە.
وردەکارییەکانی ئەم جۆرە گەشتانە و زانیاری پەیوەست بەو بابەتەوە بەگشتی لەبەیناوبەینی گفتوگۆ و گوتار و یادگارییەکانی فەرماندەکانی سوپا یاخود لەو گفتوگۆیانەی کە لە سایتی (هەواڵبەری فارس و تەسنیم) لەگەڵ فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لەکاتی گەشتکردنیان بۆ ئێران بڵاودەبێتەوە.

لەم جۆرە هەواڵانەدا کە بڵاودەکرێنەوە هەوڵی ئەوە دەدرێت کە وردترین و ئاساییترین  وردەکارییەکانی گەشتەکە بەکاربهێنن بەمەبەستی دەرخستنی هێز و دەسەڵات و ئاستی ئازایەتی و سەرکەوتنی چالاکی فەرماندەکانی سوپا لە وڵاتانی عێراق و سوریادا ، لەچوارچێوەی جەنگی دەروونی سوودی لێ وەردەگرن.

بەڵام ئایا بەڕاستی جموجۆڵی سوپای قودس لە عێراق و سوریا لەپاش قاسم سولەیمانی چی لێهاتووە؟ ئایا سوپای قودس لەدوای کوژرانی قاسم سولێمانی توانیویەتی دەسەڵاتی خۆی لە عێراق و سوریا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت؟ داهاتووی سوپای قودس و فەرماندە نوێكەی، ئیسماعیل قائانی چۆنە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەتوانین لە چاوخشاندنی بارودۆخی سوپاسی قودس لە عێراقەوە دەست پێبکەین:

شکستهێنان لە یەکخستنی گروپە شیعەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، چوار مانگە دەستی لەکار کێشاوەتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا نەیتوانیووە گروپە شیعەکانی نزیک لە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ یەکبخات. سێ مانگ لەم چوار مانگە لە سەردەمی فەرماندەیی قائانی بووە.
قاسمی سولێمانی وەکو فەرماندەیەک باس دەکرێت کە دەیتوانی ڕابەرانی گروپە جیاوازەکانی شیعەی عێراق بەتایبەت فەرماندە بەهێزەکانی گروپە میلیشیاکانی ناچار بکات پێکەوە هاوکاری یەکتر بکەن و یەک هەڵوێست بن. جێی گومان نییە کە زۆرێک لە ڕابەرە شیعییەکان وەکو نوری مالکی، حەیدەر عەبادی، موقتەدا سەدر، هادی عامری، و عەمار حەکیم ناکۆکی جۆراوجۆریان لەگەڵ یەکتردا هەیە و بوونی چەندین گروپی جیاواز لە شیعەکان خۆی ئاماژەیەکی ڕاستەخۆیە بۆ هەبوونی ناکۆکی. پێکهێنانی گروپی میلیشیایی شیعەیش کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە هاوکاری سیاسی و دارایی دەکرێن، ئەم ناکۆکییانەی زیاتر کردووە.

قاسمی سلێمانی هەوڵی ئەوەی دەدا کە لە بوونی گروپە جیاوازە شیعییەکان و نیازی ئەو گروپانە بۆ دەستکەوتنی پشکی زیاتر لە هاوکاری و پشتیوانی ئێران، وەکو ئامرازی هێز و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەم گروپانەدا سوود وەرگرێت و ئەو گروپانە لە چوارچێوەی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناچاربکات هاوکارییان بکەن.
بەلەبەرچاو گرتنی سێ مانگ ناکۆکی لەنێوان گروپە شیعییە جیاوازەکان لەسەر دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ، ئەوە دەردەخات کە ئیسماعیل قائانی نەیتوانیووە فشاری کاریگەر بخاتە سەر گروپە شیعییەکان. گرنگترین ناکۆکیش بریتیە لە ناکۆکی نێوان ڕەوتی فەتح بەسەرکردایەتی هادی عامری و ڕەوتی دەوڵەتی یاسا بەسەرکردایەتی نوری مالکی لەلایەکەوە، هەروەها ڕەوتی سائیرون بەسەرکردایەتی موقتەدا سەدر لەلایەکی دیکەوەیە، کە نەیتوانیووە لەسەر پشتگیری کردن لە سەرۆک وەزیرانێک، وەک عەدنان ئەلزەرفی سەرۆک وەزیرانی نوێ، بگەنە ڕێککەوتن.
زەرفی وەکو سیاسەتمەدارێکی سیکۆلار لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە پشتگیری لێ دەکرێت، بەڵام هادی عامری و نوری مالکی پشتگیری لێ ناکەن. ئەم ناکۆکییە هێشتا بەردەوامی هەیە و فەرماندە تازەکەی سوپای قودس هێشتا نەیتوانیووە گروپە سەرەکییە شیعییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لەسەر دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێی نزیک لە ئێران یەکبخات.

قائانی بەپێچەوانەی سلێمانییەوە، بەهۆی دەرکەوتنی کەمتر بووە لەچاو قاسم سولێمانی لەڕووی مەیدانییەوە، بۆیەش تێکەڵی و پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ کارەکتەرە شیعی و سونی و کوردییەکانی ناو عێراقدا نییە.
ئەگەر هات و ئێران و لەڕاستیدا سوپای پاسداران نەتوانن سەرۆک وەزیرانێکی نوێ لە عێراقدا بخەنەسەر کار، ئەوا ئەمە دەبێتە ئاشکراترین شکست بۆ ئیسماعیل قائانی لە سەرەتای فەرماندەیی لەناو سوپای قودسدا، و دەبێتە گورزێکی جدی بۆ بوون و دەسەڵاتی ئێران و سوپای قودس لە عێراقدا.

لاوازی قائانی لە کۆنترۆڵکردنی موقتەدا سەدر

موقتەدا سەدر لە عێراقدا لەپاش سەدام حوسێن هەمیشە کارەکتەرێکی گرنگ بووە. سەدر لەناوچەی پڕلە خەڵکی شیعی عێراق، وەکو شارۆچکەی سەدر لەبەغدا، زۆر بەدەسەڵاتە و لایەنگری زۆری هەیە. بۆچوونی دژ بە ئەمریکا و هەندێکجاریش دژ بە ئێرانی هەیە. بنەمای یاریکردنی سەدر لە بواری سیاسیدا تێکەڵەیەکە لە نەتەوەگەرایی عێراقی و لایەنگری شیعەگری.

بەپێچەوانەی سیاسەتمەدارانی وەک هادی عامری و نوری مالکی کە گوێڕایەڵی زیاتریان لە کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسداران هەیە و وەکو کارەکتەری سەرەکی ئێرانن لەناو عێراقدا، موقتەدا سەدر بەو شێوە نییە. ئەو لە سەردەمی فەرماندەیی قاسم سولێماندا وەکو سیاسەتمەدارێکی توندڕەو ناسرابوو کە بە ڕێککەوتنی کاتی لەگەڵ ئێران هەبوو و هەندێکجاریش دژایەتی سوپای پاسدارانی دەکرد. هەندێکجار بەتوندی ڕەخنە لە ئێران دەگرێت و هەندێکجاریش سوود لە دەمارگری عەرەبی و نەتەوەیی وەردەگرێت بۆ جووڵاندنی عێراقییەکان لەدی ئێران و هەندێکجاریش بەتوندی خۆی وەک هاوپەیمانی ئێران دەردەخات. کۆنترۆڵکردنی کارەکتەرێک بەم تایبەتمەندییانەوە بۆ ئێران کارێکی زۆر قورس بووە و تەقریبەن هیچکات کارەکتەرێکی جێمتمانە نەبووە بۆ ئێران لە عێراقدا.
ئێران هەمیشە لەهەوڵدا بووە موقتەدا سەدر قایل بکات بۆ ئەوەی هاوکاری ئێران بکات و بنەمای ئێرانیش بۆ نزیککردنەوەی سەدر لەخۆی بریتی بووە لەو تێڕوانینە دژەئەمریکاییەی کە سەدر هەیەتی. قاسم سلێمانی لە ماوەی شانزە ساڵدا، لە ٢٠٠٣ هەتا ٢٠٢٠ کە کوژرا، هەوڵی داوە لەڕووی مەیلی دژەئەمریکاییەکەی موقتەدا سەدر ئاڕاستە بکات و مامەڵەی لەگەڵ بکات.

لەساڵی ٢٠٠٤ سوپای ئەلمەهدی لەژێر فەرمانڕەوایی موقتەدا سەدر یەکەم گروپ بوو کە لەگەڵ ئەمریکییەکانی ناو وڵاتی عێراق چووە جەنگەوە لەپاش ڕووخانی سەدام حوسێن. جەنگی شەقام بەشەقامی سوپای مەهدی لەدژی هێزەکانی ئەمریکا لە نەجەفدا هەلێکی گەورە بوو بۆ سوپای پاسداران و سوپای قودس. کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسداران نیگەرانی ئەوە بوون لەپاش تاڵیبان و سەدام حوسێن، هێزەکانی ئەمریکا ئێران وەکو ئامانجی سێیەمی خۆیان دیاری بکەن بۆ هێرشکردنە سەریان، بۆیە هەوڵیاندا عێراق بکەنە شوێنی نەپارێزراو بۆ ئەمریکییەکان، لەبەرئەمەش بەخێرایی خۆیان لە موقتەدا سەدر نزیک کردەوە.

لە بیست ساڵی ڕابردوودا هەرکاتێک موقتەدا سەدر هەوڵی بدایە سواری شەپۆلی هەستی دژەئێرانچێتی بێت لە عێراقدا، قاسم سلێمانی هەوڵی دەدا بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ بکات. لە دواهەمین هەڵبژاردنەکانی عێراقدا کە موقتەدا سەدر پێی دادەگرت لەسەر وروژاندنی هەستی دژەئێرانچێتی وەکو هەڵمەتێکی بانگەشەیی بۆخۆی، هەژموونی ئیران لە عێراقدا بەتەواوەتی کەوتە مەترسییەوە. بەتایبەت کاتێکیش لەناو گەلی عێراقیشدا شەپۆلێکی جدی لەدژی دەستێوەردانەکانی ئێران لەعێراقدا وەگەڕکەوت، و تەنانەت باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرییەکانی ئێرانیش بەر هێرش و پەلاماردان کەوت.

شەپۆلە دژەئێرانییەکان لە شەقامەکانی عێراقدا ئەگەرچی تەنها لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پەل وپۆ کەوت، بەڵام پێش ئەوە قاسم سلێمانی و سەدر دیسان مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر کردبوو. سەدر بانگهێشتی ئێران کرابوو و چەندین وێنە لە یەکەمین دانیشتنەکانی ئەو لەنێوان قاسم سلێمانی و عەلی خامنەیی لە ماڵی ڕابەری ئێراندا بڵاوکرایەوە.
لەبارودۆخی ئێستاشدا موقتەدا سەدر دووبارە ڕووبەڕووی سیاسەتمدارانی وەک هادی عامری و نوری مالکی بووەتەوە و بەسەرەکیترین ڕێگر دەژمێردرێت لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نزیک بە ئێران لە عێراقدا. گومانی تێدا نیە کە ئامانجێکی ئەم گەشتەی کۆتایی قائانی بۆ عێراق بریتیە لە قایل کردنی موقتەدا سەدر بۆ یەکگرتنی لەگەڵ هادی عامری و نوری مالکی. بەم حاڵەشەوە قائانی هێشتا نەیتوانیوە مەودای سەدر لەگەڵ ئێران و سوپا کۆنترۆڵ بکات. شکستهێنانی قائانی لە نزیکردنەوەی سەدر لە ئێران، گەر بەتاکتیکیش بێت، دەتوانێت ببێتە زیادبوونی کێشەیەکی جدی بۆ قائانی و سوپا لەناو عێراقدا. 

لاوازی سوپا لە دۆزینەوەی جێنشینێکی بەهەژموون بۆ ئەبومەهدی موهەندس

کێشەیەکی دیکەی ئێران و سوپای قودس لە عیراقدا ئەمەیە کە هەروەک چۆن قائانی نەیتوانیووە ببێتە فەرماندەیەک لە ئاست و پێوەری قاسم سلێمانی بۆ سوپای قودس، حەشدی شەعبیش لە عێراقدا لەپاش کوشتنی ئەبومەهدی موهەندس نەیتوانیووە فەرماندەیەک لە ئاست و پێوانەی ئەو بدۆزێتەوە.

ئەمە نەک هەر بووە بە کێشە بۆ حەشدی شەعبی، بەڵکو بووە بۆ کێشە بۆ بەردەوامبوونی هەژموونی ئێران و سوپای قودس لە عێراقدا. لەگەڵ ئەوەی کە بەپێی یاسای بنەرەتی عێراق سەرۆک وەزیران وەکو فەرماندەی هەموو هێزەکان و فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبییە و لەپاش ئەویش صالح ئەلفەیاز ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، سەرۆکی لیژنەی باڵای حەشدی شەعبییە، بەڵام کەم کەس لە عێراقدا گومانی هەبوو کە فەرماندەی ڕاستەقینەی حەشدی شەعبی ئەبومەهدی موهەندس بێت و پۆستی سەرەکی ئەو جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی بوو.

ئەبوهەمدی نزیک چل ساڵان، فەرماندەیەک بوو کە پێشینەی سەربازی هەبوو. زۆرێک لە فەرمانەکانی ئێستای حەشدی شەعبی لە ساڵانی هەشتاکانەوە کاتێک لە ئێران فەرماندەی لەشکری بەدر بوو، لەژێر دەستی ئەم بوون. بۆنمونە هادی عامری فەرماندەی ئێستای گروپی بەدر کە لە پاش ئەبومەهدی و پێش ڕووخانی حکومەتی سەدام حوسێن فەرماندەی لەشکری بەدربوو، چەندین ساڵ لەم لەشکرەدا لەژێر دەستی ئەبومەهدی بووە.

ئێستا ولەدوای کوشتنی ئەبوموهەندس، یەکێک لە کێشە جدییەکانی سوپای قودس بریتیە لە دۆزینەوەی فەرماندەیەک کە گروپەکانی ژێردەسەڵاتی حەشدی شەعبی فەرماندەبوونی ئەویان قەبوڵ بێت و گوێڕایەڵی فەرمانەکانیان بن. ئەزموونی سێ مانگی ڕابردوو دەریخستووە تەنانەت ئەگەر هەموو گروپەکانی حەشدی شەعبی لەسەر فەرماندەیەکی وەها ڕێکبکەون، ئەوە دیسان ئەو فەرماندە تازەیە هەرگیز ناتوانێت لەماوەیەکی کورتدا هەژموون و دەسەڵاتی ئەبومەهدی هەبێت.

حەشدی شەعبی لەدوای کوشتنی ئەبومەهدی، لەسەرەتاوە ڕایگەیاند کە هادی عامری بووە بە جێگرەوەی ئەو. سەرئەنجام مانگی ڕابردوو عەبدولعەزیز محەمەداوی، ناسراو بە ئەبوفەدەک، وەک جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی لەجێی ئەبومەهدی هەڵبژێردرا. گومانی تێدا نیە کە محەمەداوی لەئاستی ئەبومەهدییەوە زۆر دوورە. 
ڕاستییەکە ئەوەیە کە محەمەداوی تەنها بەشێوەیەکی فەرمی لەجێگای ئەبومەهدی دانراوە. ئەو پێشینە و هەژموونی بەهێزی نییە بۆ فەرماندەیی کردنی کەسانێکی وەکو هادی عامری، فەرماندەی گروپی بەدر، قەیس حەزعەلی فەرماندەی عەسائیب ئەهل حەق، و زۆربەی گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی.

ڕەنگە بەهێنانەوەی ئەم نموونەیە ئەم جیاوازییە زیاتر دەربکەوێت، ئەبومەهدی سەردەمێک فەرماندەی هادی عامری بووە بەڵام محەمەداوی لە سەردەمێکدا ئەندامی گروپی بەدر بووە و هادی عامری فەرماندەی ئەو بووە. لەڕاستیدا نەک تەنها کوشتنی قاسم سلێمانی گورزێکی جدی و توندی لە سوپای قودس داوە، بەڵکو کوژرانی هاوکاتی ئەبومهدی موهەندس، هەژموون و دەسەڵاتی سوپای قودسی بەسەر حەشدی شەعبیدا لاواز کردووە و ئێستا سوپای قودس و قائانیش وەک فەرماندەی تازەکەی دەبێت هەوڵی بونیادنانی پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ حەشدی شەعبی و بونیادی نوێی فەرماندەیی حەشد بدەن.

هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەر بە سوپای قودس و حەشدی شەعبی هێرشبەرانەتر بووە

پێش کوژرانی قاسم سلێمانی، وەک لەکاتی سەرۆکایەتی جۆرج بۆش، باراک ئۆباما و تەنانەت سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ هەتا پێش بڕیاردانی کوشتنی قاسم سلێمانی، سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق لەبەرانبەر بە سوپای قودس و حەشدی شەعبی هێندە هێرشبەرانە نەبوو.
لەکاتێکدا پشتیوانی هەموو گروپەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران(نزیک بە ئێران) و مانەوەی دەوڵەتەکەی پێویستە، کەچی هیچ ئاماژەیەک بەدی ناکرێت بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێز و کەسیی لەنێوان قائانی و ڕابەرە کورد و سووننەکانی عێراق. بەتایبەت کە لە وڵاتانێکی وەک عێراق لەزۆر بواردا، پەیوەندی کەسیی کاریگەری لەسەر بواری سیاسی دادەنێت.

هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و کوشتنی هاوکاتی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندس بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ ئەم بارودۆخەی بەتەواوەتی گۆڕی. ئەمریکا تەنانەت بەمەشەوە نەوەستا و هەڵسا بە بۆمببارانکردنی ئاشکرای ئۆردوگاکانی کەتائیب حیزبوڵڵا کە لە نزیکترین گروپەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانە. تەنانەت کۆمەڵێک ئاماژە هەن کە دەریدەخەن ئەمریکا بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی فەرماندەکانی حەشدی شەعبی. ئەم هەڵوێستە تازەیەی ئەمریکا لەبەرانبەر بە سوپای قودس بەتەنها لە عێراقدا قەتیس نەبووە و ئەمریکا هەوڵی دا عەبدولڕەزا شەهلایی بەرپرسی دۆسییەی یەمەن لە سوپای قودس لە هێرشێکی هاوشێوەی ئەوەی قاسم سلێمانی بەئامانج بگرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

ئەم هەڵوێستانەی ئەمریکا کە هێرشبەرانەترە لەبەرانبەر بە سوپای قودس جیاوازی جدی دروست کردووە لەنێوان سەردەمی فەرماندەیی قاسم سلێمانی و قائانی لەناو سوپای قودسدا. لەکاتێکدا لەئەنجامی ئەم هەڵوێستە هێرشبەرانەی ئەمریکاوە قاسم سلێمانی کوژرا، قائانی بەم هەڵوێستەی ئەمریکا وەک میراتێکی مەترسیدار تووشی کێشەبووەتەوە.
ئەم هەڵوێستە بووەتە هۆی ئەوەی کە ژیانی قائانی و ئەو فەرماندانەی لە حەشدی شەعبی ماون بکەوێتە بەر هەڕەشە و ئەم ترسەش کاریگەری هەبووە لەسەر ئاستی جووڵانەوە و چالاکییە مەیدانییەکانی سوپای قودس و حەشدی شەعبی و فەرماندەکانی. ئەگەرچی ئەوان ڕاکێتی زۆرتریان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراقدا هاوێشتووە.

نەبوونی پەیوەندی بەهێزی و کەسیی قائانی لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی عێراق

کوردەکان، بەتایبەت هەردوو گروپی سەرەکی واتە پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی، کارەکتەری گرنگن لە عێراقدا. تەنانەت ئەگەر شیعەکانی عێراق بەفشاری قائانی و سوپای قودس لەسەر دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ بگەنە ڕێککەوتن(کە جارێ بەدوور دەزانرێت)، هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران لە قۆناغی کۆتاییدا پێویستی بە پشتگیری و ڕەزامەندی کوردەکان و سوونییەکانی عێراق دەبێت.

لەکاتێکدا کە ئەم پشتگیرییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران و مانەوەی حکومەتەکەی پێویستە، کەچی هیچ ئاماژەیەک بۆ بوونی پەیوەندییەکی بەهێز و کەسیی قائانی و سەرکردە کوردەکان و سونییەکانی عێراق بەدی ناکرێت. بەتایبەت کە لە وڵاتانێکی وەک عێراق لەزۆر کاتدا، پەیوەندییە کەسییەکان کایگەری لەسەر سیاسەت دادەنێن.

پەیوەندی قاسم سلێمانی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان بەتایبەت مەسعود بارزانی، سەرۆکی حیزبی پارتی دیموکرات و سەرکردەی ڕاستەقینەی بارزانییەکان، و تەنانەت نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستانی عێراق، پەیوەندییەکی کەسیی پتەو بوو و سوودی لەم پەیوەندییە وەردەگرت بۆ ئەنجامدانی کارەکانی سوپای قودس، لەکاتێکدا قائانی ئەمەی پێناکرێت.

تەنانەت ئیرەجی مەسجدی، باڵیۆزی ئێستای ئێران لە عێراق، وەکو ئەفسەرێکی باڵای سوپای قودس لە سەرکردە کوردەکان نزیکترە لەچاو قائانیدا. قائانی بەپێچەوانەی قاسم سلێمانی بەهەر هۆکارێک بێت، وەکو ئامادەبوونی لاوازی ئەو لەناوخۆی ئێران و ئامادەبوونی کەمتری لە بوارەکانی مەیدانیدا ئەم تایبەتمەندییەی نییە. نەبوونی ئەم پەیوەندییە کەسییە پتەوانە لەگەڵ کارەکتەرە شیعی و سووننی و کوردییەکان، بەدڵنیاییەوە بۆ قائانی خاڵێکی لاوازی جدییە و هەتا کاتێک ئەو لەتوانایدا نەبێت ئەم پەیوەندییە دروست بکات، سوپای قودس و خودی خۆی لە عێراق ڕووبەڕووی کێشەی زیاتر دەبێتەوە.

ئەنجام

سێ مانگ لەمەوبەر کە قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس بەهێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لەناو عێراقدا کوژرا، ئایەتوڵڵا خامنەیی وەک سەرۆکی هەموو هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، بەخێرایی ئیسماعیل قائانی وەک فەرماندەی نوێی سوپای قودس ناساند.
سوپای قودس کە لەپاڵ توانای موشەکی، ئامراز و کەرەستەی  سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێستا و لە دوای کوژرانی قاسم سلێمانی لە قورسترین سەردەمی ژیانی سی ساڵەی خۆیدایە.

ئەو خێراییەی خامنەیی لە هەڵبژاردنی قائانی نیشانەی بەردەوامبوونی پشتیوانی خامنەیی بوو لە سوپای قودس. فەرماندەکانی دیکەی سوپاش پشتگیری خۆیان بۆ قائانی ڕاگەیاند و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەش ڕایگەیاند ئامادەی هاوکاری کردنە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە جیا لەو کێشانەی لەناوخۆ و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی قائانی و سوپای قودس بووەتەوە، تەنانەت لەناوخۆی ئێرانیش ئەو لە ڕێکخستنی پەیوەندی لەگەڵ خامنەیی و فەرماندەکانی دیکەی دەوڵەت و وەزارەتی دەرەوەشدا لەئاستی قاسم سلێمانیدا نیە.

ئەو پەیوەندییە کەسیی و متمانە تایبەتییەی کە خامنەیی بۆ قاسم سلێمانی هەبوو، هێشتا بۆ قائانی دیارنیە. فەرماندە باڵاکانی سوپا کە لە سەردەمی زیندووبوونی قاسم سلێمانی، لەژێر سێبەری ناوبانگی ئەو لەناو لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بوون و تەنها ڕۆڵی لۆجستیکی و پشتیوانییان هەبوو لە سوپای قودس، کەچی ئێستا خۆیان وەک فەرماندەی باڵا و بەرزتر لە قائانی و سوپای قودس دەبینن و نەک تەنها وەک پشتیوانی سوپای قودس بن. دەوڵەت و وەزارەتی دەرەوە کەوا ساڵانێک لە ژێر سێبەری سوپای قودس و قاسم سلێمانی بوون، ئێستا هەلێکیان دەست کەوتووە تاوەکو هەوڵ بدەن بەهەڵوێستێکی باشترەوە لەگەڵ سوپای قودس لەژێر فەرماندەیی قائانی بچنە پەیوەندییەوە.

بەبوونی ئەم کۆمەڵە کێشە ناوخۆییانە، لەگەڵ ئەو کێشە و هەڕەشانەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەردەم سوپای قودسدایە، ئەم هێزە و قائانیش وەک فەرماندەی نوێی، بەچڕی بەدوای پیشاندانی تواناکانی خۆیانەوەن. واتە سەرکەوتنێک بەدەستبهێنن تاوەکو بۆ هەمووانی دەربخات سوپای قودس لەپاش قاسم سلێمانیش هەر بەهێز و کاریگەرە.

لاوازییەکانی سوپای قودس و قائانی لە سێ مانگی ڕابردوودا و نەگەیشتنیان بە سەرکەوتنێکی گونجاو، تەنانەت ئەگەری هەیە ئەوان هانبدات بۆ هەڵوێستی توندتر لە عێراق و ناوچەکە. بەڵام کێشەی سەرەکی لەبەردەم سوپای قودس و قائانی ئەوەیە کە ئەگەر ڕەوتی سێ مانگی ڕابردوو بەردەوام بێت، دەبێتە هێزێکی لاوازبوو لەپاش قاسم سلێمانی و ئەگەریش هەڵوێستێکی توند بەتایبەت لەدژی ئەمریکا ئەنجام بدات، ئەگەری هەیە ئەمریکا وەڵامی توند و هەڵوێستی هێرشبەرانە لەدژی حەشدی شەعبی و سوپای قودس و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام بدەن.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا