ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:34 - 09/04/2020

لە سەرۆكی موخابەرتەوە بەرەو سەرۆك وەزیرانی عێراق‌

پەیسەر

دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی لەكار كێشایەوە، چەند كەسێك دیاری كران بۆ ئەوەی ئەو پۆستە پربكەنەوەو حكومەتی نوێ پێك بهێنن. بەڵام هەریەكەیان بە هۆكاری جیاواز سەركەوتوو نەبوون، لە ئێستادا مصطفی كاظمی بەربژێر و دیاری كراوە، ئەو سەرەڕای ئەوەی تاڕادەیەكی زۆر كۆدەنگی لەسەرە، بەیەكێك لە نزیكەكانی ئەمەریكا دێتە ئەژمارو لە هەمان كاتیشدا پەسەندكراوی ماڵی شیعەكان و عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراقە.

مستەفا كازمی كێیە؟

مصطفی عبداللطیف مشتت ناسراوە بە كازمی ساڵی 1967 لە بەغدادی پایتەختی عێراق لەدایك بووە، بنەماڵەكەیان شەترەیەو سەر بە هۆزی الغریب ەو لە بنەڕەتدا لەناوچەی زیقاری خوارووی عێراقەوە هاتوونەتە ناوچەی كازمییەی شێعەنشینی بەغداد، هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە كۆلێژی ئێوارانی  –تراث- لە ساڵی 2011-2012 بە پلەی پەسەند(59.59%) كۆلێژی یاسای تەواوكردووە، بەیەكێك لە كەسایەتیە نەیارەكانی سەردەمی بەعس دێتە ئەژمارو هیچ ڕەگەزنامەیەكی وڵاتانی نیەو تەنها خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقییە بە پێچەوانەی زۆرینەی بەرپرسانی تری عێراقەوە، هاوسەرگیریی كردووە و خاوەنی دوو منداڵە ، چەند براو خوشكی هەیە.

ساڵی 1985 لەبەرچالاكی سیاسی دژ بە ڕژێمی پێشوو عێراقی بەجێ هێشتووەو لە رێگەی كوردستانەوە چووەتە وڵاتی ئێران، پاشان چووەتە ئەڵمانیاو دواتریش بەریتانیا و تەنها مافی پەنابەری سیاسی وەرگرتووە،

نازناوی كازمی بۆ ئەو كاتانە دەگەڕێتەوە كە سەرقاڵی كاری رۆژنامەوانی بووە و سكرتێری نوسینی گۆڤاری (الاسبوعیة)بووە، پاشان بووەتە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دامەزراوەی (الذاكرة العراقیة)، بەو پێیەی كە خولیای بەداواداچوون بووە و ماوەیەكیش كاری رۆژنامەوانی و میدیایی كردووە ، هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی قوربانییەكانی سەردەمیی  رژێمی پێشوو بكاتە بەڵگەنامەو نیشانی جیهانیانی بدات، لەو بوارەشدا چەندین فیلم و دیكۆمێنتارییان بۆ تاوانەكانی حیزبی بەعس دروست كردووە، هەروەها (الحوار الانسانی) دامەزراندووەو كەكاریان لەسەر نزیككردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكانی عێراق كردووە، چەندین نوسین و بەدواداچوونی هەیە بۆ قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و پێكەوە ژیان لە نێو كۆمەڵگەی عێراقیداو چەند كتێبێكی هەیە .

لە سەردەمی كابینەكەی حەیدەر عەبادی دا مصطفی لە ساڵی 2016 وە هەڵبژێردراوە بۆ سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق و لە ئێستاشدا كاندیدی ماڵی شێعەكانە و پەسەندیی مەرجەعی گەورەی شێعە عەلی سیستانیشی لەسەرە، بە پێی ئاماژەكان پشتگیریی وڵاتانی دراوسێ و كوردەكانیشی بەدەست هێناوە، بە پێی هەندیك لە سەرچاوەكان پەیوەندی بەهێزی هەیە لەگەڵ سەركردەكانی كورد، بە پێی هەندێك لە سەرچاوە عەرەبیەكان مصطفی لە ئەمەریكیەكانیشەوە نزیكەو  ماوەیەكی زۆر كاری رۆژنامەوانی لە (المونیتور)ی ئەمەریكیدا كردووە و بەڕێوەبەری نوسینگەی عێراق بووە، ئەوەش بەو مانایە دێت كە متمانەی تەواویان پێی هەبووە.

لە نێو خۆپیشاندەرانی عێراقدا چەندجارێك ناوی بە گەندەڵكار هاتووەو داواكراوە كە لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت و لەناوەندی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی عێراقیشدا بە كەمتەرخەم هاتووەتە ئەژمار لەبەر ئەوەی بووەتە هۆی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسمی سولەیمانی لەلایەن ئەمەریكیەكانەوە. بە پێی هەندێك لە سەرچاوەكان ئەمەریكیەكان گوتوویانە ئەو كارە بۆ عێراقیەكان خۆیان بەجێدەهێڵین و چی لەبەرژەوەندی ئەواندا بێت پشتگیریی دەكەین، ئەوەش بەو مانایە دێت كە ئەمەریكیەكانیش لەسەر دانانی كەسی یەكەمی موخابەراتی عێراقی ڕازین كە حكومەتی نوێ پێكبهێنێت.