ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:57 - 09/04/2020

دۆخی ڕۆژنامەنووسانی باکووری کوردستان و تورکیا لە سەردەمی کۆرۆنادا‌

پەیسەر

لە تورکیا و باکووری کوردستان لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لێپرسینەوە لە زۆر ڕۆژنامەنووسی کورد و تورک کرا و ژمارەیەکیش دەستگیرکراون و تاوانەکەشیان ئەوەیە کە ڕەخنەیان لە ڕێوشوێنەکانی حکومەت لەبەرانبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتووە.

زۆربەی ڕۆژنامەنووسە کوردەکانیش بەو هۆیەوە دەستگیرکراون کە داوایان کردووە، یاسای لێبۆردنی گشتی بۆ زیندانیان، زیندانیە سیاسیەکانیش بگرێتەوە کە زۆربەیان کوردن و بەهۆی بیروبۆچوونی سیاسیانەوە دەستگیرکراون.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سكاڵای لەدژی فاتیح پورتاکال ڕۆژنامەنووس و بێژەری بەناوبانگی کەناڵی فوکس تی ڤی تورکی تۆمار کرد. فاتیح پورتاکال ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەردۆغانی گرتبوو و ڕایگەیاندبوو، ئەردۆغان لە خەمی هاوڵاتیاندا نییە و بەتەنها دەسەڵاتەکەی دەپارێزێت.

 

هەرچەندە دۆسیەی فاتیح پورتاکال بووەتە ڕۆژەڤی سەرەکی لەناو میدیاکانی تورکیادا، بەڵام ئەو بێژەرە بە تەنها کەسێکە لەو بەدەیان کەسانەی کە لەسەردەمی کۆرۆنادا سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و دەستگێرکراون.

لە شاری ئەنتاڵیا بە تۆمەتی ئەوەی ترسی لەناو خەڵکدا بڵاوکردووەتەوە، ڕۆژنامەنووسان ئیدریس ئوزیوڵ و ئەبرۆ کوچوکئایدن دەستگیرکران. لە شاری زونگولداغ مستەفا ئۆزدەمیر بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی دەنگی گەل و ٤ ڕۆژنامەنووسی ئەو ڕۆژنامەیە بەهۆی هەواڵیک لەبارەی کۆرۆناوە دەستگیرکران. ئیسمەت چیغیت بەرپرسی ڕۆژنامەی دەنگی کۆجائەلی لە شاری کۆجائەلی نیوەشەو بە کەلەبچەکراوی لە ماڵەکەی هێنرایە دەرەوە و ڕاپێچی زیندان کرا. هەروەها هاکان ئایگون بەڕێوەبەری پێشووی هالک تی ڤی بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵیک لە تویتەردا سکاڵای لەسەر تۆمار کرا و دەستگیرکرا.

ماڵپەڕی دوێچە ڤێلای ئەڵمانی ڕاپۆرتێکی لەبارەی فشارەکانی دەسەڵاتی ئەردۆغان لەسەر ڕۆژنامەنووسان بە تایبەتی ڕۆژنامەنووسە کوردەکان ئامادە کردووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس ئەنجامداوە.

یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە نورجان بایسال ڕۆژنامەنووسێکی شاری ئامەدی باکووری کوردستانە کە چەند ڕۆژ لەبەوبەر دەستگیرکرا و دواتر بە کەفالەت ئازادکراوە.

نارجان بایساڵ دەڵێت، لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، هەواڵێکی لەبارەی دۆخی شاری ئامەد لە سەردەمی کۆرۆنادا بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە ئامەد دەمامکی پێویست و دەستکێش  و پێداویستی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەست نییە و هاوڵاتیان ڕووبەڕووی مەترسیەکی گەورە بوونەتەوە. هەروەها داوای کردووە زیندانیە سیاسیەکانیش ئازاد بکرێن و لێبۆردنی گشتی بیانبگریتەوە.

 

بەو هۆیەوە داواکاری گشتی ئامەد سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و دادگاییکرا. نورجان بایساڵ دەڵێت، "دادوەر پێی ڕاگەیاندووە، رۆژنامەنووسان کاریگەری زۆر لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکەن و نابێت ڕەخنە بگرن. بەو هۆیەشەوە پێویستە ڕۆژنامەنووسان لەو جۆرە هەواڵانە خۆیان بەدووربگرن!

فاروق بیلدریجی ڕۆژنامەنووسێکی تری بەناوبانگی تورکیا بۆ دوێچەڤێلا باسی لە فشارەکانی دەسەڵات لەسەر ڕۆژنامەنووسان کردووە و ڕایگەیاندووە، لە لایەک مەترسیەکی زۆر لەسەر ڕۆژنامەنووسان هەیە کە سەرقاڵی کاری ئاسایی خۆیانن و ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆرە و لە لایەکی ترەوە ڕووبەڕووی دەستگیرکردن، هێرش و ئەشکەنجە لە لایەن دەسەڵاتەوە دەبنەوە.

 

فاروق بیلدریجی دەڵێت، "پرسە سەرەکیەکە ئەوەیە، ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژێک تێدەپەڕێت و کۆتایی دێت، بەڵام فشار و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان دەمێنێتەوە!"

کۆمەڵەی پەیامنێرانی دیجلە و فورات کە ناوەندەکەی لە شاری ئامەدە ئاماری مانگی ئازاری لەبارەی توندوتیژی لەسەر ڕۆژنامەنووسان بڵاو کردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی کۆمەڵەی پەیامنێرانی دیجلە و فوراتدا باسی ئەوە دەکرێت کە لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا فشارەکان، دەستگیرکردن، لێپرسینەوە لە پەیامنێران زیادی کردووە و ژمارەیەکی زۆر پەیامنێر و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا زیندانیکراون.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا وەبیرهێنرایەوە کە لە تورکیا و باکووری کوردستان ١٠٣ پەیامنێر لە زینداندان و لە مانگی ئازاریشدا ١٥ پەیامنێر دەستگیرکراون کە هەشتیان ڕەوانەی زیندان کراون و لێپرسینەوە لە ١٢ کەسی تر دەستیپێکردووە.

هەروەها ژمارەیەک کارمەندی ئۆدا تی ڤی، ڕۆژنامەی یەنی یاشام و یەنیچاغیش بەهۆی ئەوەی لەبارەی کوژرانی ئەندامانی میت لە لیبیا هەواڵیان ئامادە کردووە سکاڵایان لەدژیان تۆمارکراوە و ئەگەری دەستگیرکردنیان هەیە.