ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:30 - 11/04/2020

ئێس ٤٠٠ی ڕووسی دەبێتە شەرمەزاری بۆ ئەردۆغان‌

پەیسەر

هەرچەندە پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو میدیا جیهانیەکانی گرتووەتەوە، بەڵام پرسی چالاککردنی سیستمی دژە موشەکی (ئێس ٤٠٠)ی ڕووسی لە لایەن تورکیاوە، خەریکە دەبێتەوە بە ڕۆژەڤی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ساڵی ڕابردوو رایگەیاندبوو، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا سیستمی (ئێس٤٠٠) کە دەوڵەتی تورکیا لە ڕووسیای کڕیبوو، چالاک دەکرێت. لە لایەکی ترەوە مانگێک لەمەوبەر میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاندبوو، سیستمی دژو موشەکی ئێس ٤٠٠ لە فڕۆکەخانەی سەربازی مورتەدی ئەنقەڕە جێگیرکراوە و مانگی ئازار چالاک دەکرێت، بەڵام لە مانگی ئازاردا تورکیا ئەو هەنگاوەی نەناوە و لە ناوەڕاستی مانگی نیسانیش نزیک دەبینەوە، بەڵام بە پێجەوانەی قسەکانی ئەردۆغان هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ چالاککردنی سیستمە نەنێراوە.

ئایا ئەنقەرە پەشیمان بووتەوە؟
لەگەڵ ئەوەی باسی ئەوەدەکرا لە مانگی نیساندا سیستمەکە چالاکدەکرێت، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی تورکیا هیچ لێدوانێکی فەرمیان لەبارەیەوە نەداوە. بە پێی سەرچاو دیپلۆماسیەکان کە قسەیان بۆ میدیا جیهانیەکان کردووە، ئەگەری زۆری ئەنقەڕە پەشیمان ببێتەوە و هەنگاو بەرەو دواوە بنێت.

تیمور ئەحمەدۆف پسپۆڕی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێودەوڵەتی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی تورکی ماڵپەڕی دوێچەڤێلای ئەڵمانی دەڵێت، "تا ئێستا هیچ ئەگەرێک نییە کە ئەنقەرە لەو هەنگاوەی پەشیمان ببێتەوە، بەڵام بێدەنگی ئەنقەڕەش جێگەی گۆمانە."

ئارۆن ستەین ئەندامەی ئینیستیتۆی هزری ئەمریکی و بەرپرسی پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئینیستیتۆکە بۆ هەمان  ماڵپەڕ ئاماژە بەوەدەکات، "حکومەتی ئەنقەرە بە شێوەیەکی زۆر ئاشکرا و بێ دوودڵی باسی چالککردنی سیستمەکەی دەکرد، بەڵام من گۆمانم لەو قسانەی بەرپرسانی ئەنقەرە هەیە."

ستەین وەبیریهێنایەوە کە چالاککردنی سیستمی ئێس ٤٠٠ بە شێوەیەکی زۆر جددی پەیوەندیەکانی تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا تێکدەدات و وتی، "لەو دۆخەدا تورکیا ڕووبەڕووی سزای گەورەی دۆناڵد تڕەمپ و ئیدارەی ئەمریکا دەبێتەوە و پێویستە ئەوەش لەبیرنەکرێت پڕۆژەی سزاکانی تورکیا تا ئێستاش لە کۆنگرێسی ئەمریکادایە."

 

ئەو پسپۆڕە ئەمریکیە ئاماژە بەوەدەکات، وڵاتانی ڕۆژئاوا لەو هەنگاوەی تورکیا نابۆرن و نمونەی ئەوەش دەرکردنی تورکیابوو لە پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەی ئێف ٣٥، هەروەها زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا فرۆشتنی چەکیان بە تورکیا قەدەغەکرد  و پەیوەندیە سەربازیەکانیان لەگەڵ سوپای تورکیادا ڕاگرت.

ڕووسیا هەوڵ دەدات پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەمریکا تێک بدات
تیمور ئەحمەدۆف پسپۆڕی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێودەوڵەتی ڕووسیا ئەوەی خستووەتەڕوو، ڕووسیا لەبەرانبەر دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، سیستمی ئێس ٤٠٠ی بە تورکیا فرۆشتووە و ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ڕووسیا کە بتوانێت ئەو بڕە پارەیە لە ئەندامێکی ناتۆ دەستبکەوێت و دەڵێت، "ڕووسیا و چین و هەندێک هێزی تر دەیانەوێت جەمسەرێکی بەهێز لەدژی ئەمریکا دروست بکەن و بۆ شکاندنی هێزی ئەمریکا لە ناوچەکە ئەم هەنگاوەی تورکیا کارێکی زۆر گرینگە و پێویستە تورکیا ئەوە بسەلمێنێت کە سەربەخۆبوونی تورکیا پرسێکە لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا گەورەترە."

ئایا ئەردۆغان تفەکەی دەلێسێتەوە؟
ئەردۆغان چەندین جار ڕایگەیاند، 'ئەوان ئەو تفەی کە کردوویانەتە سەر زەوی، جارێکی تر نایلێسنەوە'، بەڵام دۆخی ئێستای ئابۆری تورکیا وایکردووە ئەردۆغان دووچاری شەرمەزاری بکاتەوە.

قەدری تاشتان پسپۆڕی ئابۆری لە بانکی ماڕشاڵی ئەڵمانیاش ئەوەی خستووەتەڕوو، دۆخی سوپای تورکیا لە سوریا و بە تایبەتی ئیدلب و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا وایکردووە، دۆخی ئابۆری تورکیا تێک بچێت. ئەگەر سیستمی ئێس ٤٠٠ چالاک بکرێتەوە، بە دڵنیاییەوە، تووشی قەیرانێکی گەورە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا دەبێتەوە و ئەوەش وادەکات سزای نوێ بەسەر تورکیادا بسەپێنرێت و تورکیا دەکەوێت دۆخێکی ئابوری نالەبارەوە.

لە لایەکی ترەوە ڕووسیا و ڕژێمی سوریا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە ئیدلب و ناوچەکانی پێشڕەوی دەکەن و هەرچەندە لە ئیستادا ئاگربەستیش لەنێوانیاندا ڕاگەیەنراوە، بەڵام ڕژێمی سوریا سوورە لەسەر ئەوەی هەموو ناوچەکان کۆنتڕۆڵ بکاتەوە و بۆیەش چەندین جار لەنێوان سوپای تورکیا و سوپای سوریادا ڕاستەوخۆ شەڕ و پێکدادان ڕوویدا.

 

هەرچەندە چەندین جار تورکیا داوای لە هاوپەیمانەکانی لە ناو رێکخراوی ناتۆدا کرد کە هاوکاری و پشتگیری بکرێت، بەڵام ناتۆ بەرانبەر ئەو شەڕە بیدەنگی هەڵبژارد.

هەفتەیەک لەمەوبەر ڤیدیۆکۆنفراسێک لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا ئەنجامدرا و پرسی ئێس ٤٠٠ و سوریا بەشێک لە بابەتی کۆنفرانسەکە بوون. وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا هەڵوێستی هاوبەشیان دەربڕی و ڕایانگەیاند، ئەگەر تورکیا دەیەوێت پشتگیری وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بۆ پرسی سوریا بەدەستبهێنێت، پێویستە دەست لە سیستمی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی هەڵگرێت، بەڵام لە ئەگەری ئەو کارەدا، پێدەچێت سوپای تورکیا میلیشیا چەکدارەکانی لە سوریا ڕووبەڕووی ئۆپەراسیۆنێکی سەختی ڕژێمی سوریا بە پشتگیری هێزی ئاسمانی ڕووسیا ببنەوە و بەو پێیەش تورکیا لە سوریا دەدۆرێت.