04:56 - 13/04/2020
بۆچى ئێران پشتیوانى كازمیى ده‌كات و حزبوڵا هه‌ڕه‌شه‌ى لێده‌كات؟
له كاتێكدا هادى عامرى سه‌ركرده‌ى شیعه‌كان و حه‌شدى شه‌عبى و زۆرینه‌ى هێزه شیعییه‌كان، نوێنه‌ریان له كۆشكى سه‌لام بوو له مه‌راسیمى راسپاردنى مسته‌فا كازمیى و ته‌نانه‌ت ئێرانیش پێشوازى له‌و هه‌نگاوه كرد، به‌ڵام كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا ئه‌و هه‌نگاوه ره‌تده‌كه‌نه‌وه، هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن و پرۆسه‌كه به "پیلانگێڕى" لێكده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڵێن، سه‌پاندنى حكومه‌ت قبوڵ ناكه‌ن.
به‌پێى هه‌ڵوێسته راگه‌یه‌ندراوه‌كانى گروپه جیاوازه‌كانى شیعه بێت، گروپه‌كانى حه‌شد سه‌باره‌ت به‌م پیاوه(مستەفا کازمیی) ناكۆكى قوڵ له‌نێوانیان دروست بووه، له كاتێكدا كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا په‌نجه‌ى تۆمه‌تیان روو له كازمى ده‌كرد، گوایه هاوكارى ئه‌مریكییه‌كان بووه له پرۆسه‌ى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس، وه‌ك كه‌سێكى "گوماناویى" پێناسه‌ى ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆرینه‌ى سه‌ره گه‌وره‌كانى شیعه پشتیوانیی ئه‌و پیاوه "گوماناوییه" ده‌كه‌ن.
هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح دواى راسپاردنى كازمیى گوتی:"پشتیوانى ده‌كه‌ین". ئه‌مڕۆ موختار موسه‌وى په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانیى فه‌تح گوتى، كازمییان ده‌ستكراوه كردووه بۆ هه‌ڵبژاردنى كاندیده‌كان و ده‌سه‌ڵاتى ته‌واویان پێداوه. له كاتێكدا به‌پێى تۆمه‌تى كەتیبه توندڕەوەکان بێت، عامرى سه‌رقاڵى تاج له‌سه‌رنانى هاوكارێكى پرۆسه‌ى كوشتنى قاسم سوله‌یمانییه.
ئێستا دوو به‌ره‌ى جیاواز له گروپه‌كانى حه‌شده‌وه دوو مینبه‌رى جیایان گرتووه، عامرى و نزیكه‌كانى له‌پشتى كازمین و وادیاره قه‌یس خه‌زعه‌لیشیان له‌گه‌ڵ بێت، چونكه به‌یاننامه‌كه‌ى قه‌یس مه‌تاتییه و مه‌جالێكى بۆ جه‌ماوه‌ره تونده‌كه‌ى هێشتووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت، سه‌رۆك كۆمار "هه‌ڵه"ى كردووه، به‌ڵام ده‌شڵێت، هه‌ڵوێستى ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بێت له چوارچێوه‌ى كۆده‌نگى سیاسیى.
هه‌رچى به‌ره‌ى كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا و نوجه‌بایه، بۆ دژایه‌تى كازمیى خۆیان یه‌كلاكردووه‌ته‌وه. یه‌كه‌میان ئه‌بو فه‌دك سه‌رپه‌رشتى ده‌كات كه فه‌رمان له پاسه‌وانى شۆرشى ئێران و سوپاى قودس وه‌رده‌گرێت، دوه‌میشیان ئه‌كره‌م كه‌عبى سه‌رۆكیانه، كه له لیستى سزای واشنتنه و ته‌نها گوێ بۆ ئێرانییه‌كان ده‌گرێت.
ئێران و كازمیى
خاڵى سه‌رنج له پرۆسه‌ى هێنانه پێشه‌وه‌و ناونانى كازمییدا، هه‌ڵوێستى ئێرانییه‌كان بوو، سه‌ره‌تا ڤیتۆیان له‌سه‌رى هه‌بوو به‌ڵام دواى سه‌ردانه‌كه‌ى عه‌لى شه‌مخانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئێران بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵیى له‌گه‌ڵ كازمیى، وه دواتر سه‌ردانى ئیسماعیل قائانى خه‌لیفه‌كه‌ى قاسم سوله‌یمانى بۆ عێراق، ئێران وه‌ك كاندیدى خۆى كارئاسانى بۆ كازمیى كرد و پشتیوانیى زۆربه‌ى شیعه‌كانى خسته نێو مشتییه‌وه.
هه‌ندێك زانیاریش هه‌ن كه پێش راسپاردنه‌كه‌ى له ماڵى نورى مالیكى كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كراوه‌و له‌و كۆبوونه‌وه‌یه واژۆى ده‌ركردنى هێزه بیانییه‌كان به كازمیى كراوه، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌سته‌مه جێبه‌جێبكرێت، دورنییه بۆ راگرتنى جه‌ماوه‌ره تونده‌كه‌یان شیعه‌كان بڵێن، گره‌نتییان له كازمیى وه‌رگرتووه بۆ ده‌ركردنى ئه‌مریكییه‌كان، له‌راستیدا بوونى كازمیى به سه‌رۆك وه‌زیران واته بووژانه‌وه‌ی ئه‌و هێڵه ئه‌مریكییانه‌ى له‌دواى هاتنى عه‌بدولمه‌هدییه‌وه پووكابوونه‌وه.
پشتیوانى تاران و دژایه‌تى حزبوڵا
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران هه‌ر دواى راسپاردنى كازمیى، ئه‌وه‌ی به "هه‌نگاوێكى راست" وه‌سفكرد و پشتیوانى خۆى بۆ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى راگه‌یاند، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه هه‌ڕه‌شه‌و بۆڵه بۆڵی گروپه ئێرانییه‌كانه له‌عێراق، له‌كاتێكدا ئه‌وان فه‌رمان له ئێرانه‌وه وه‌رده‌گرن و ره‌ش و سپى له چاوی تارانه‌وه ده‌بینن. ئه‌م دژییه‌كییه چه‌ند گریمانه‌یه‌ك له خۆده‌گرێت.
*گروپه‌كان به‌دگومانن له كازمیى بۆیه‌ش ناخوازن هه‌موو هێلكه‌كانیان بخه‌نه سه‌به‌ته‌ى كازمى و هه‌موویان پشتیوانى پێشوه‌ختى بكه‌ن و ته‌نها پشت به‌و لێكتێگه‌یشتنه ببه‌ستن كه له‌نێوان ئێران و كازمیى دروستبووه، به تایبه‌ت یه‌كه‌م په‌یامى كازمیى ئه‌وه بوو كه "چه‌ك ته‌نها لاى ده‌وڵه‌ت بێت" به‌ڵام سه‌ركردایه‌تى حزبوڵا به سێ رۆژ پێش راسپاردنى كازمیى له به‌یانێكى فه‌رمیدا، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ست كرد به چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و نه‌مانى مه‌ترسییه‌كانى داعش و دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێکى گونجاو له‌لایه‌ن حكومه‌ت و گره‌نتى ده‌وڵه‌ته‌وه.
*گریمانه‌یه‌كى دیكه ئه‌وه‌یه سه‌ره‌ڕاى رێکكه‌وتنى له‌گه‌ڵ كازمیى، ئێران بیه‌وێت گروپه‌كان وه‌ك كارتێكى فشارى زیندوو به‌سه‌ریه‌وه بهێڵێته‌وه، وه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ركات پێچه‌وانه‌ى خواستى تاران هه‌نگاوى هه‌ڵنا له‌رێگه‌ى گروپه‌كانه‌وه كێشه‌ى بۆ دروست بكات، بۆیه‌ش له ئێستاوه خه‌نجه‌رى گروپه‌كانى پیشان ئه‌دات، وه بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌ى ده‌ردى كازمیى هه‌ر لاى ئێران بمێنێته‌وه، چونكه به‌یاننامه‌ى گروپه‌كان بێ ئۆكه‌ى قودس و پاسه‌وانى شۆرش ده‌رناكرێت.
* گروپه چه‌كداره‌كان ئه‌گه‌ر پشتیوانى كازمیى بكه‌ن، پێگه‌ى جه‌ماوه‌رییان له‌ق ده‌بێت له‌نێو جه‌ماوه‌رى توند و رادیكاڵى شیعه، له‌كاتێكدا هه‌ر خۆیان كازمییان تۆمه‌تبار ده‌كرد، كه وه‌ك سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگرى كارئاسانی بۆ كوشتنى سوله‌یمانى و مه‌هه‌ندیس كردووە. بۆیه ناچارن گوتاره تونده‌یان درێژه پێبده‌بن ره‌تى بكه‌نه‌وه.
*ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر كازمیى، له نیمچه رێككه‌وتنێكى پشت په‌رده‌ى ئه‌مریكى- ئێرانى ده‌چێت، چونكه هاوشێوه‌ى سه‌رده‌مى عه‌بدولمه‌دى سه‌رۆك وه‌زیران راسپێردراو له ئه‌جێنداكانى هه‌ردوولاوه نزیكه، هه‌ر جۆره لێكتێگه‌یشتنێكى له‌م بابه‌ته پێویستى به هێشتنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك كارتى فشار هه‌یه لاى هه‌ر لایه‌كه‌وه، چونكه هیچ متمانه‌یه‌ك له‌نێوانیان نییه. كارتى به‌هێزى ئێران گروپه چه‌كداره‌كان و لایه‌نه شیعییه توندڕه‌وه‌كانن.
*ئاڕاسته‌یه‌كى زاڵ له‌نێو شیعه‌كان هه‌یه كه حه‌شد چیتر له ده‌ره‌وه‌ى چه‌ترى سوپا نه‌مێنێته‌وه، ئه‌مه بڕیارى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌كانى نه‌جه‌فه و لایه‌نگرى زۆرى هه‌یه، ته‌نانه‌ت سیستانى كه‌تیبه‌كانى خۆى خزاندووه‌ته سوپاوه‌و پابه‌ندى كردوون بۆ بڕیارى سوپا. ئه‌گه‌ر ئه‌مه بۆ كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا‌و نوجه‌با راست بێت، ده‌بێت له ئێستاوه كازمیى ره‌تبكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى له‌و دانوستانه‌وه براوه بن و به‌هێزه‌وه بچنه نێو پێكهاته‌ى سوپا.
*گریمانه‌ى دیكه‌ش ئه‌وه‌یه، كه ئێران بۆ هه‌میشه گروپه توندڕه‌وه چه‌كداره‌كان له ده‌رەوه‌ى معاده‌لاتى رێككه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌ت بهێڵێته‌وه، چونكه ئه‌و گروپانه، له‌پاڵ پاراستنى ئه‌جێندا سیاسییه‌كان كارى گه‌وره‌یان پاراستنى لینكه ئابورییه‌كانى ئێرانه له عێرق. ئێران كارى زۆرى پێیانه.
بۆیه تاران چه‌نده پێویستى به هێزى شیعیى میانڕه‌وه تا لینكى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بۆ بهێڵنه‌وه له عێراق، ئه‌وه‌نده‌و زیاتریش پێویستى به هێزه توندڕه‌وه‌كانه. واته پێویستى به هه‌ردوو جۆره‌كه له گوتارى شیعه‌كان هه‌یه. ئه‌م گروپانه كارتێكى زێڕینن بۆ ئێران كه هه‌رگیز ناتوانێت ده‌ستبه‌رداریان بێت، هێشتا عێراقى نوێ، ئه‌نجومه‌نى حوكم و ده‌سه‌ڵاتى فراوانى حزبه شیعییه‌كان له دایك نه‌بووبوون، ئێران گه‌راى ئه‌م گروپانه‌ى دانا.
*حزبوڵا پێى وایه ئه‌مریكا ئاماده‌كارى ده‌كات بۆ گورزێكى قورس، بۆیه‌ش كه‌وتوونه‌ته خۆیان، ئه‌وان بۆ راگرتنى ئه‌م مه‌ترسییه هه‌ر كارتێك هه‌بێت ده‌ستى بۆ ده‌به‌ن، هه‌ڕه‌شه‌كردن له حكومه‌ت و سه‌رۆكه‌كه‌ى و بانگه‌شه‌ى تێكدانی ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا به‌نیازه بنیاتى بنێت، ده‌كرێت كارتێكى دیكه بێت بۆ گرتنه‌وه‌ى دۆخه‌كه له ئاستێكدا، بۆ وه‌ستانى موشه‌كه زیره‌كه‌كانى واشنتن.