ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:28 - 14/04/2020

یاسای لێبۆردنی گشتی لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا، بەڵام ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە‌

پەیسەر

پرۆژە یاسایەکی ٧٠ خاڵیی پێوەندیدار بە گۆڕینی هەندیک یاسا و یاسای پێوەندیدار بە رێوشوێنە ئەمنییەکان لە پەرلەمانى تورکیا پەسەند کرا. لەو پرۆژە یاسایەدا ١١ یاسای سزاکانی پەیوەندیدار بە زیندانیانەوە گۆڕانکاریی تیادا کراوە.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) و پارتی باسش (ئیی پارتی) داوایان کرد هەموو پرۆژە یاساکە دەنگدانی ئاشکرای لەسەر بدرێت، بەڵام داواکەیان لەلایەن دەستەى بەڕێوەبەریی پەرلەمانەوە رەتکرایەوە.

دەنگدانەکە بە شێوەی ئەلەکترۆنی ئەنجامدرا و لە کۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار ٣٣٠ پەرلەمانتار بەشدارییان تێیدا  کرد و لەوانەش ٢٧٩ پەرلەمانتاریان دەنگی بەڵێ و ٥١ دیکەشیان دەنگی نایان بەکارهێناوە و لە ئەنجامدا پڕۆژە یاسای ٧٠ خاڵیەکە پەسەند کرا.

 

ئوپۆزیسون لەبارەی ئەو پڕۆژە یاسایەوە داوای گۆڕانکاری لە ٢١٠ یاسای پەیوەندی بە سزادراوانەوە کردبوو، بەڵام داواکەیان بە دەنگی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) و پارتی نەتەوەپەرستی گەل (مەهەپە) ڕەتکرایەوە.

پرۆژە یاساکە کە وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو زیندانەکانی تورکیادا گیراوەتەبەر، کارئاسانیی بۆ زیندانیانى بواری کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ئابووری و کوشتن تیادایە، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی پارتە سیاسیەکان کە بەهۆی بۆچوونی سیاسیانەوە زیندانیکراون و زۆربەشیان کوردن ناگرێتەوە.

لەم یاسایەدا دوو لایەن هەن کە بەهیچ شێوەیەک لێبۆردنی گشتی نایانگرێتەوە، یەکێکیان ئەندامانی هەدەپە و پەکەکەن و ئەوانەی تر ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی تورکن کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک هەواڵ لەبارەی کاروچالاکیەکانی دەزگای هەواڵگری تورکیاوە (میت) دەستگیرکراون.

عومەر فاروق ئەمین ئاغائۆغلۆ دادوەری پێشووی گشتی کۆماری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی دوێچەڤێلای ئەڵمانی باسی ئەوەدەکات، دەوڵەت هەموو کردەوە شاراوە و نایاساییەکانی لە ڕێگای میتەوە ئەنجام دەدات و بە دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لەسەر ئەو بابەتانە کار دەکەن، دەیەوێت ڕای گشتی لە کردەوەکانی بێئاگا بکات.

 

ئەمین ئاغائۆغلۆ لەو بڕوایەدایە، دەوڵەت ڕێگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان بۆ پرسە هەستیارەکان بە مافی خۆی دادەنێت و دەڵێت،"دەسەڵات لەسەر ئەم سیاسەتەی بەردەوام دەبێت و دۆخەکە خرابتریش دەبێت."

لە لایەکی ترەوە مەتیب گوندای پرۆفیسۆری یاسایی لە تورکیا بۆ هەما ماڵپەڕ دەڵێت، "پێویستە لە دۆخە هەستیارەکاندا بە شێوەیەکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ زیندانیاندا بکرێت.

گوندای باسی ئەوەدەکات، یاسای لێبۆردنی گشتی بەهۆی پاراستنی زیندانیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکراوە و بۆیە پێویستە هەموو مرۆڤێک بپارێزرێت و ئەگەر ئەم یاسایە بۆ پاراستنی زیندانیان بێت بۆچی، کەسانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئازاد ناکرێن.

ئەو پڕۆفیسسۆرە پرسیاری ئەوە لە دەسەڵات دەکات کە ئایا دەیانەوێت زیندانیە سیاسیەکان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن و بەو شێوەیە جارێکیتر سزایان بدەن؟

سەندیکاکانی ڕۆژنامەنووسی لەدژی یاساکەن

ڕۆژنامەنووسان و سەندیکاکانی ڕۆژنامەنووسی لە تورکیا و باکووری کوردستان لەدژی یاساکەن و ناڕەزایی دەردەبڕن.

لەو چوارچیوەیەدا، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی چاغداش کە کۆمەڵەیەکی گەورەیە و ئەندامێکی زۆری هەیە ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی یاسای لێبۆردنی حکومەت بڵاوکردەوە.
کۆمەڵەکە باسی ئەوە دەکات، بە پێی یاساکە بەرتیلخۆرەکان، دز، بکوژ و فێڵبازەکان لە زیدان ئازاد دەکرێن.

 

هەروەها دەڵێت، "ئەونەی یاسا دەپارێزن، نووسەران و ڕۆژنامەنووسان کە باس لە ئێش و ئازاری کۆمەڵگا دەکەن و لە خەمی هاوڵاتیاندان، لە زینداندا دەمێننەوە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە."

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا لەبارەی یاساکەوە ناڕەزایی دەربڕی و ڕایگەیاند، پێویستە بەچاوێکی دادپەروەرانە سەیری زیندانیان بکرێت و ئەگەر مەبەستی دەسەڵات پاراستنی گیانی مرۆڤە، زیندانیە سیاسیەکانیش مرۆڤن و دەبێت بپارێزرێن.

ڕاگەیەیاندنێکی تر لە لایەن ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وە بڵاوکرایەوە، ئایشە ئاجار باشاران وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە لەبارەی یاساکەوە وتی، "ئەوانەی دەستدرێژیان کردووە ئازاد دەکرێن و بە هەزاران ژنیش کە بە هۆی بیروبۆچوونیان و بەهۆی ئەوەی بۆ مافی ژنان تێکۆشاون لە زیندانەکاندا دەمننەوە. پێوستە فیگەن یوکسەکداغ، سەباهەت تەنجەل، گولتەن کشاناک و سارا کایا و هەموو هەڤاڵانمان ئازاد بکرێن."