03:54 - 14/04/2020
نمایشى زینی وه‌رتێ دۆخەکە بەرەو کوێ دەبات؟
له‌نێو چه‌ند سه‌د مه‌ترێك، له سارد و سه‌رماى به‌هاره‌ى ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تى، سێ هێزى جیاواز له مشتومڕى گه‌رمى مانه‌وه‌دان، نێوانى په‌كه‌كه، پارتى، یه‌كێتى، له زینی وه‌رتێ تا دێت ئاڵۆزتر ده‌بێت، هه‌ر سێ لا پێداگریى له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه و گه‌ریلاكانیان ده‌كه‌ن و مه‌رجیان بۆ یه‌ك هه‌یه. زینی وه‌رتێ بۆ په‌كه‌كه كلیلى ده‌رگای قه‌ندیل و كاروخه و پێى وایه هه‌رگیز ناكرێت به‌رده‌رگاى خۆى به هێزى دیكه بسپێرێت، گرێى نێوانى یه‌كێتى و پارتیش جارێ نه‌كراوه‌ته‌وه.
18ى مانگى رابردوو هێزێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه كه فه‌رمانده‌كه‌یان پارتییه چوونه زینی وه‌رتێ و جێگیربوون، یه‌كێتیش دواى ئه‌وه باره‌گا چۆڵه‌كه‌ى خۆى له‌وێ دووباره ئاوهدانكردهوهو پێشمه‌رگه‌كانى برده‌وه ئه‌وێ، كه له‌شه‌ڕى داعشه‌وه چۆڵى كردبوون، په‌كه‌كه به ته‌نیش هه‌ردووكیانه‌وه خێوه‌تێكى هه‌ڵداوه‌و چه‌ند گه‌ریلایه‌كى تێدا جێگربوون.
دوایین زانیارییه‌كان
به‌پێى دوایین زانیارییه‌كان، هه‌ڵوێستى كۆتایى په‌كه‌كه ئه‌وه‌یه كه تا هێزى هاوبه‌شى پارتى- یه‌كێتى له‌وێ بن، ئه‌وان له‌وێ ناڕۆن، هێزى په‌كه‌كه چه‌ند كه‌سێكیان سه‌ردانى لیوا هاوبه‌شه‌كه‌یان كردووه‌و له‌گه‌ڵ جێگرى فه‌رمانده‌ى لیواكه كه یه‌كێتییه، كۆبوونه‌ته‌وه‌و پێیان گوتوون، دوا هه‌ڵوێستى ئه‌وان ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ئه‌م ناوچه چۆڵ بكه‌ن. په‌كه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه تونده و پێداگریى كردووه.
یه‌كێتى و پارتى نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجام، یه‌كێتى داوایكردووه لیوایه‌كى دیكه‌ى هاوبه‌ش كه فه‌رمانده‌كه‌ى یه‌كێتی-یه بچێته ئه‌وێ، به‌ڵام پارتى رازى نه‌بووه، ئێستا لیواى حەوتی هاوبه‌ش له‌وێیه كه فه‌رمانده‌كه‌ى پارتییه. پارتى پێداگره له‌سه‌ر مانه‌وه، په‌كه‌كه سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پارتى له‌وێ نه‌مێنێت، یه‌كێتى داواى كشانه‌وه‌ى هێزه هاوبه‌شه‌كه ده‌كات، پارتى نیگه‌رانه له چوونى هێزى یه‌كێتى بۆ ئه‌وێ.
زینی وه‌رتێ بۆ په‌كه‌كه
زینی وه‌رتێ بۆ په‌كه‌كه گرنگییه‌كى تایبه‌تى هه‌یه ده‌رگاى قه‌ندیل و كاروخه، "هه‌رێمه‌كان"ى شاورێ و چیاى كاروخ و قه‌ندیل پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه كه ناوچه‌ى ستراتیژیى جموجوڵى په‌كه‌كه‌ن، په‌كه‌كه ئێستا گرنگى زۆر به چیاى كاروخ ده‌دات به‌هۆى سه‌ختى ناوچه‌كه‌یه‌وه، و بۆ ئه‌وه‌ش سه‌رنج له‌سه‌ر قه‌ندیل كه‌م ببێته‌وه، زینی وه‌رتێ و كاروخ پێكه‌وه‌ن، هه‌ر هێزێك له‌وێ بێت واته له چیاى كاروخیشه. كاروخ بۆ بۆدرومانكردنیش وه‌ك قه‌ندیل ئاسان نییه، ته‌نانه‌ت بۆ پیاده‌ش سه‌خته و ناوچه‌یه‌كى زێڕینه بۆ په‌كه‌كه.
جگه له‌وه‌ش، زینی وەرتێ به‌رزه‌و هاوئاستى قه‌ندیله، هێزێك له‌وێ بێت به ئاسانى ده‌توانێت بگاته قه‌ندیل و چاودێرى بكات. زینی وه‌رتێ شاڕێى هاتوچۆى گهریلاكانى په‌كه‌كه‌یه، بۆیه پێداگره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هیچ هێزێك له‌وێ نه‌مێنێت.
بۆ یه‌كێتى و پارتى
یه‌كێتى و پارتیش به‌هه‌مان شێوه گرنگى زۆر به‌و ناوچه ده‌ده‌ن، زینی وره‌تێ سنورى نێوان ئیداره‌ى راپه‌ڕین و قه‌زاى رهواندزهو هه‌ردوو ناحیه‌ى سه‌ركه‌پكان و وه‌رتێ پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. له شه‌ڕى ناوخۆ به ده‌ست په‌كه‌كه بوو دواتر په‌كه‌كه بێ شه‌ڕ له‌و ناوچه كشایهوهو راده‌ستى یه‌كێتى كردنه‌وه، دواى شه‌ڕى یه‌كێتى و په‌كه‌كه.
ناوچه‌یه‌كى به‌رزه‌و له‌رووى سه‌ربازییه‌وه هه‌ر هێزێك له‌وێ بێت، واته كۆنتڕۆڵى به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كى فراوانى رهواندزو سۆراندا ده‌بێت.
پارتى له‌م دواییه گرنگى زۆر به‌ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تى ده‌دات و هه‌موو بنكه‌و باره‌گاكانى پێشووى كه چۆڵى كردبوون ئاوه‌دانى كردوونه‌ته‌وه‌و پێشمه‌رگه‌ى لێ جێگیركردوون.
زینی وه‌رتێ بۆ توركیا
په‌كه‌كه ترسى له هه‌ژموونى توركیا هه‌یه له ناوچه‌ى زینى وه‌رتێ و دامێنى كارۆخ، ماوه‌ى دوو ساڵه ئه‌نقه‌ره سێ ئۆپه‌راسیۆنى یه‌ك له‌دواى یه‌كى به‌ناوى چنگه‌وه له باشورى كوردستان ده‌ستپێكردووه، له ده‌ڤه‌رى برادۆسته‌وه توركیا گه‌یشتووه‌ته پشتى چیاى هه‌ڵگورد، په‌كه‌كه ئه‌گه‌ر هه‌وارگه‌ى زینی وه‌رتێ چۆڵ بكات و هێزى تر‌ى لێبێت، ترسى هه‌یه كه توركیا ئه‌و ده‌رگایه‌ش بگرێت.
توركیا پلانى درێژخایه‌ن و وردى هه‌یه بۆ گه‌مارۆدانى ته‌واوه‌تى په‌كه‌كه، خواستى هه‌یه له هه‌ڵگورده‌وه له‌سه‌ر سنوره‌كان و له حاجى ئۆمه‌رانه‌وه، خۆیان بگه‌یه‌ننه كۆدۆ و شاخى قه‌ندیل.
له‌رووى سه‌ربازییه‌وه بوونى هێز له زینی وه‌رتێ، واته هێز له قه‌ندیل، چونكه سه‌ختى رێگا نامێنێت له به‌رده‌م هێزه‌كه. به‌هاتنى هه‌ر جهندرمهیهكى توركیا بۆ ئه‌و ناوچه، په‌كه‌كه ده‌كه‌وێته كێشه‌یه‌كى ئاڵۆزه‌وه‌و جموجوڵه‌كانى وردتر ده‌كه‌وێته ژێر چاودێرییه‌وه و به‌رته‌سك ده‌بن.
خه‌ڵك ترسیان هه‌یه
په‌كه‌كه ناتوانێت باره‌گاى جێگیر و دیار دروست بكات، چونكه ده‌كه‌وێته به‌ر بۆردومانى توركیا، به‌ڵام ئێستا له‌دواى چوونى هێزه‌كه‌ى پارتى و یه‌كێتییه‌وه، په‌كه‌كه خێوه‌تێكى له ته‌نیشتیان هه‌ڵداوه، خه‌ڵك ده‌ترسن به‌هۆى بوونى ئاشكراى په‌كه‌كه‌وه توركیا بۆردومانى سنوره‌كه بكات، به‌وپێیه‌ى زینی وه‌رتێ پێنج خولهك به ئۆتۆمبێل له ناوه‌ندى ناحیه‌كه‌وه دووره.
په‌كه‌كه رایگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر هێزه هاوبه‌شه‌كه له‌وێ بمێنێته‌وه ناكشێته‌وه، ئه‌وه‌ش ترسى لاى خه‌ڵك دروستكردووه كه بۆردومانى ناوچه‌كه بكرێت و خه‌ڵك ببنه قوربانى، بۆیه گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ هێزه هاوبه‌شه‌كه ده‌ستپێكردووه، تا ئێستا هه‌ر سێ لا پێداگرى له‌سه‌ر مانه‌وه ده‌كه‌ن. خەڵکی ناوچەکە داوایان لە حکومەت کردبوو زینی وەرتێ بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆری سەردانیکەری هەیە. بەڵام ئێستا ناوچەکە بووەتە شوێنی نمایشی هێزەکان.
بۆ زانینى هه‌ڵوێستى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه، سه‌باره‌ت به كشانه‌وه‌ى هێزه‌كه‌یان په‌یسه‌ر په‌یوه‌ندیكرد، به قاره‌مان كه‌مال جێگرى سوپاسالا و جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه به‌ڵام وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه.
سه‌ره‌تاى قه‌یران یاخود چاره‌سه‌ر
بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان له ناسكترین كاته‌كانیدایه، قهیرانیى دارایى، ڤایرۆسى كۆرۆنا، په‌یوه‌ندییه چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، حكومه‌تیان شه‌كه‌ت كردووه، نێوانى یه‌كێتى و پارتى خراپه، ئه‌گه‌ر نمایشى زینی وه‌رتێ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، مه‌ترسى هه‌یه كێشه‌كه له دهستدهربچێت، به تایبه‌ت هێزه‌كان پێداگرن له مانه‌وه‌و په‌نجه‌یان له‌سه‌ر پهلهپیتكهى تفه‌نگه، ئه‌گه‌ر گرێیى زینی وه‌رتێ بكرێته‌وه، پێده‌چێت چه‌ند گرێیه‌كى دیكه‌ى سیاسى نێوان یه‌كێتى و پارتیش بكرێنه‌وه، كێشه‌ى دیكه‌ش چاره‌سه‌ر ببن.