ڕاپۆرتی کوردستانی

11:22 - 15/04/2020

مستەفا سەلیمی کێ بوو، ئەو پیاوەی زۆرينەى کوردی کرد بە گژیەکدا؟‌

پەیسەر

رووداوەکەی مستەفا سەلیمی دەریخست کە کورد هێشتا لە قۆناغی کلتوریی خێڵەکیدایە کە لە بیانوویەک دەگەڕێن بۆ خۆخۆریی و شەڕ و بەگژیەکداچوون. 

سەیر بکەن لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چی ڕوویدا؟ ئەوەی ئەو رووداوە بە کوردی کرد لەوانەیە دوژمنانی کورد بە ٢٠ ساڵ نەیتوانیبایە بە هەموو توانای خۆیەوە بە کوردی بکات. 

کوردی رۆژهەڵات و باشوری کرد بە گژ یەکدا و هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنراون بە دژایەتیکردنی یەکتر. هەندێک لەحیزبەکانی باشور کەوتنە تاوانبارکردن و هەڵدانەوەی مێژووی یەکتر. حیزبەکانی رۆژهەڵات دەستەوەستان بوون و هیچ قسەیەکیان بۆ وتن پێ نەما، هەر شتێکیان وتبێت ئەوا تەنانەت لەلایەن ئەندامەکانی خۆیانەوە متمانەیان پێنەکراوە. 

هەموو ئەمانە روویدا لەکاتێدا لیژنەیەکی بەدواداچوونی راستی لەنێوان حیزبەکانی رۆژهەڵات و حکومەتی هەرێم پێکنەهات تا دوای بە دواداچوون راستییەکە بۆ خەڵک روون بکەنەوە

. لێرەدا نامانەوێت بیسەلمێنین کە مستەفا سەلیمی هاتووەتە ناو هەرێم و رادەست کراوەتەوە یان نا؟ چونکە ئەمە ئەرکی لیژنەیەکی بە دواداچوونی راستییەکانە، بەڵام مەبەستمانە باس لەوە بکەین کە مستەفا سەلیمی کێیە کە هەموو کوردی کرد بە گژ یەکدا؟ 
ئەو گێڕانەوەی لەم راپۆرتەدا بەرچاوتان دەکەوێت لێدوانی چەند کوردێکی رۆژهەڵاتن بۆ پەیسەر کە داوایانکردن ناوییان نەهێنرێت و لەنزیکەوە ئاگاداری رووداوەکان بوون.

مستەفا سەلیمی کێیە؟ 
مستەفا سەلیمی ساڵەکانی ١٩٨٤ و ١٩٨٥ بۆ ماوەی دوو ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، هەر لەو کاتەدا کەسێکی دیکەش بە ناوی سابیر سەتاری پیشمەرگەی ئەو حیزبە بووە و هاوڕێی مستەفا بووە. لە ساڵی ١٩٨٥ سابیر خۆی تەسلیمی سوپای پاسداران دەکاتەوە و دوای سابیر مستەفاش بە هەمان شێوە خۆی تەسلیم دەکاتەوە و لەگەڵ سابیر بۆ ماوەی چەندین ساڵ پێکەوە دەبن و دەوترێت پەیوەندیی نزیکیان هەبووە لەگەڵ سوپای پاسداراندا. لە ماوەیەدا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە جلی پێشمەرگایەتی لەبەر دەکەن و بە ناوی پێشمەرگەوە دەست دەکەن بە ئازاردانی خەڵک و پارەسەندن لە خەڵک، (حدکا) لەو ماوەیەدا روونکردنەوەی داوە کە ئەو کەسانە بە پلان خەریکی ناوزڕاندنی پێشمەرگەن، ئەمەش دیاردەیەکی باو بووە و بەر لە گروپەکەی مستەفا و سابیر و دوای ئەوانیش چەندین گروپی دیکە بوون بە جلی پێشمەرگەوە و بە پلانی ئێرانەوە خەریکی چەتەیی و ئازاردانی خەڵک و ناوزڕاندنی حیزبەکانی رۆژهەڵات بوون. 

لە کۆتایی نەوەدەکاندا و بەهۆی پاشەکشێی حیزبەکانی رۆژهەڵات و نەمانی شەڕی چەکداری حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە، ئیتر حکومەتی ئێران زۆر پێویستی بەو کەسانە نەما کە لەناو خەڵکدا ناوزڕاوبوون، سابیر و مستەفاش لەم کەسانە بوون، هەربۆیە هەندێک کاریان بۆ سوپا کردبوو و سوپاش پارەکەیانی پێ نەدابوو وەک پێشتر بەڵێنی پێدابوون، وەک کاردانەوەیەک سابیر و مستەفا لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە هاوڕێکانیان یاخی دەبن و لە ناوچەکانی سنووری سەقز و مەریوان دەست دەکەن بە جموجوڵ. 

جاروبار هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی پۆلیس و پشێویی دروست دەکەن. تا دواجار كار دەگاتە ئەوەی لیژنەی ئەمنی سەقز نوێنەرێک دەنێرێتە لایان و دەڵێت ئێوە چیتان دەوێت و کێشەتان چییە؟ ئەوانیش دەڵێن ئێمە کێشەمان نییە و هەندێک کارمان بۆ سوپا کردووە و پارەکەیان پێ نەداوین، ئەگەر پارەکەمان بدەنێ ئەوا واز دەهێنین، دواتر لەلایەن لیژنەی ئەمنی سەقزەوە پارەکەیان پێ دەدرێت و ئەوانیش واز دەهێنن. دوای وەرگرتنی پارەکە هەرچەندە بۆ ماوەی نزیک بە دوو ساڵ دیار نامێنین و هەرکامیان خەریکی ژیانی خۆیان دەبن، کەچی دوای دوو ساڵ یەک دەگرنەوە و وادیارە بڕیاردەدەنەوە دەست بکەنەوە بە یاخی بوون. 

لە ساڵی ٢٠٠١ لە گوندی ئێرانشای نزیک بە سەقز لەگەڵ بنکەیەکی پۆلیس دەبێتە شەڕیان و لە شەڕەکە دوو کەس لە (گروپەکەی سابیر و مستەفا) دەکوژرێن و فەرماندەیەکی پۆلیسیش دەکوژرێت. دوای ئەم رووداوە مستەفا و سابیر خۆیان دەشارنەوە. 

بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سابیر کوڕێکی خۆی دەنێرێت بۆ باشوری کوردستان بۆ لای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە. کوڕەکەی سابیر پەیامی باوکی و مستەفا دەگەیەنێت بە حیزبی دیموکرات کە داوای لێخۆشبوونیان لە حیزبی دیموکرات کردبوو و داواشیان کردبوو کە وەک ئەندام وەریانبگرن، وتبووشیان ئەگەر حیزبی دیموکرات بە داواکەیان رازی بوو ئەوا بۆ دڵنیایی ئەمان لە رادیۆکەیانەوە پەیامێکی نهێنی بخوێنێتەوە کە ناوەڕۆکی پەیامە نهێنییەکە خۆیان دیارییان کردبوو. 

لەم ناوەدا حیزبی دیموکرات کە ساڵانێکە بەدوای ئەم دوو کەسەیەوە کە ناوی پێشمەرگەیان زڕاندووە، بە رواڵەت بە دواکارییەکەیان رازی دەبێت و لە رادیۆکەشیانەوە پەیامە نهێنییەکە بڵاو دەکەنەوە بۆ ئەوەی مستەفا و سابیر سەردانی حیزبی دیموکرات بکەن لە کۆیە. 
دوای بڵاوبوونەوەی پەیامە نهێنییەکە سابیر و مستەفا خۆیان رادەستی حیزبی دیموکرات دەکەن و حیزبی دیموکراتیش دەستگیریان دەکات و دەیانخاتە زیندانەوە. حیزبی دیموکرات دوای دەستگیرکردنیان بە فەرمی لە رادیۆکەیانەوە داوا لە خەڵکی سنوری سەقز دەکات کە هەر کەسێک سکاڵای لەم دوو کەسە هەیە پەیوەندییان پێوبگرێت بۆ ئەوەی دادگاییان بکات. 

دوای راگەیەنراوەکەی حدکا کۆمەڵێک کەس لای حیزبی دیموکرات سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن و دادگای حیزبی دیموکراتیش سابیر بە دە ساڵ زیندان و مستەفا کە تاوانی کەمتری کردووە بە پێنج ساڵ زیندان سزا دەدات. لە ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر داوای کۆمەڵێک دۆستی حیزبی دیموکرات بەبۆنەی جەژنی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەوە، حدکا لێبوردن بۆ مستەفا دەردەکات و دواتریش سابیریش ئازاد دەکات. مستەفا دەگەڕێتەوە بۆ ئێران و بەهۆی ئەوەی مستەفا لە زیندانی حدکا بووە وەک پاکانەیەک بۆ مستەفا سەیر دەکرێت و تاوانی کوشتنی فەرماندەکەی پۆلیس و تاوانەکانی سەردەمی یاخیبوونیان هەموو دەخرێتەسەر سابیر. 

هەربۆیە مستەفا ئازاد دەبێت و سابیریش ناوێرێت بگەڕێتەوە بۆ ئێران. سابیر پەیوەندی بە یەکێتی شۆڕشگێڕانەوە دەگرێت و ساڵی ٢٠٠٥ لە پێنجوێن دەکوژرێت کە روون نییە کێ کوشتوویەتی، مستەفاش دەچێت بۆ شاری نەهاوند بۆ ماڵی خەزووری. کەچی لە پڕێکدا لەلایەن قازییەک بە ناوی قازی (گودینی) بڕیاری دەستگیرکردنی مستەفا دەدرێتەوە و دەستگیر دەکرێت و هەموو ئەو تاوانانەی پێشتر درابوونە پاڵ سابیر دەخاتەوە پاڵ مستەفا و بە تۆمەتی کوشتنی فەرماندەکەی پۆلیس سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنێت دەوترێت بڕیارەکەی قازییەکە کە سەرۆکی دادگای شۆڕشی سەقز بووە پەیوەندی بەکێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە هەبوە کە چەند مانگ دوای دەستگیرکردنەکەشی ژنەکەی داوای جیابوونەوە دەکات و لێی جیا دەبێتەوە. دوابە دوای جیابوونەوەکە قازی گودینی ژنەکەی مستەفا لە خۆی مارە دەکاتەوە و ئێستا ١٦ ساڵە لە تاران پێکەوە دەژین. 

ئێستا کە چارەنووسی مستەفا بەم شێوەیە تراژیدییە کۆتایی هاتووە و بووەتە قوربانی و لەسێدارە دەدرێت، ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ئەگەر بێت و راست بێت مستەفا دوای راکردن لە زیندان هاتبێتە ناو هەرێمەوە لە هەرێمەوە رادەستی ئێران کرابێتەوە، یان هە لەسنووری بانە دەستگیركرابێت و نەهاتبێتە سنووری باشووری كوردستان ، لە سێدارەدانی  تاوانە و دەبێت بۆ رای گشتی روون بکرێتەوە. بەڵام لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی دەبێت کەسێک و دۆسییەیەکی لەم شێوەیە پەیوەندی ئەو هەموو حیزبە ئاڵۆز بکات؟ بۆچی ئەو هەموو ناکۆکییە دروست بووە؟ ئایا کورد بە راستی وەک خێڵە شەڕەنگێزەکانی عەرەبی بەر لە ئیسلام تەنیا موعجیزەیەک دەتوانێت یەکیان بخات؟ یان ئەوەیە ناكۆكی و ناتەبایی وەك دەردێكی دیرۆكیەتی درێژ دەبێتەوەو هەرگیز كۆتایی نایەت؟