ڕاپۆرتی کوردستانی

05:22 - 19/04/2020

دوو ئیداره‌یى رووده‌دات؟‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

هه‌ركاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى ئاڵۆز ده‌بێت، بانگه‌شه‌ى دوو ئیداره‌یى و به‌شكردنى هه‌رێمى كوردستان و لێكدابڕینى، وه‌ك بژارده‌یه‌كی حازر به‌ده‌ست گه‌رم ده‌كرێته‌وه‌. له‌ رواڵه‌تدا دوو ئیداره‌یى به‌ بژارده‌یه‌كى قورس و گریمانه‌یه‌كى مه‌حاڵ نابینرێت، به‌ تایبه‌ت ئێستا بۆچوونى زاڵ هه‌یه‌ پێى وایه‌ له‌ واقیعدا هه‌ر دوو ئیداره‌ى جیا بوونى هه‌یه‌، دوو هێزى ده‌سه‌ڵاتدار چه‌ك و ده‌زگاى ئه‌منیى خۆیان هه‌یه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان خۆیان به‌ حكومڕانى ناوچه‌یه‌كى جوگرافى ده‌زانن، چ كاتێكیش ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانیان گه‌یشته‌ ئاستێك به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ پێكه‌وه‌بوون نه‌بوو ده‌توانن هه‌رێمى كوردستان دووله‌ت بكه‌ن.

له‌ ناواخندا بژارده‌ى دووئیداره‌یى ئاسته‌نگ و ئاڵنگارى زۆرى له‌پێشه‌ و گره‌وكردن له‌سه‌رى سه‌ركێشى ده‌وێت. جێبه‌جێكردنى بانگه‌شه‌كان گرێوگۆڵى زۆرى له‌ پێشه‌. 

ئه‌مریكا

له‌ عێراق جیا له‌ زۆرێك له‌ ده‌وڵه‌تان، ده‌ستوه‌ردان و ئیراده‌ى ده‌ره‌كى خاڵ له‌سه‌ر دێڕه‌كان داده‌نێن و هاوكێشه‌كان یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه‌و قسه‌ى كۆتایى ده‌كه‌ن، راسپارده‌ى ئه‌مریكا بۆ ئیداره‌دانى عێراق قسه‌ى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌. سیاسه‌تى فه‌رمى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌رێمێكى یه‌كگرتووه‌ بۆ باشوورى كوردستان، ئه‌وان دژ به‌ هه‌ر هه‌وڵێكن بۆ دوو كه‌رتكردنى هه‌رێمى كوردستان.

ته‌نانه‌ت كاتێك ده‌ستپێكى ساڵى رابردوو رێكنه‌كه‌وتنى یه‌كێتى و پارتى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و ناكۆكییه‌كانیان گه‌یشته‌ ئاستى باسكردن له‌ ماڵجیاكردنه‌وه‌ و دوو ئیداره‌یى، ئه‌مریكا له‌رێگه‌ى باڵیۆزخانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ عێراق به‌نامه‌ى فه‌رمى هۆشداریداو ئه‌و هه‌نگاوه‌ى به‌"هه‌ڵه‌ى دووه‌م" له‌ دواى ریفراندۆمه‌وه‌ وه‌سفكرد.

واشنتن پێى وایه‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكى له‌و جۆره‌ زۆنێكى ئێرانیى شیعى له‌ ناوچه‌یه‌كى گرنگ و هه‌ستیارى وه‌ك هه‌رێمى كوردستان قوت ده‌كاته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وان له‌دواى گۆڕانكارییه‌ تازه‌كانى عێراق و چۆڵكردنى چه‌ند باره‌گایه‌كى سه‌ربازیى گه‌وره‌یان له‌ خوارووى عێراق سه‌رنجى زۆریان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانه‌. ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا توندتر ده‌كات له‌و بابه‌ته‌ به‌رپرسانى واشنتن گومان ده‌كه‌ن، ئێران له‌ پشتى ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌وه‌و بێت و پلانى بۆ هه‌بێت.

بانگه‌شەکارانى دوو ئیدارەیى

ئه‌وانه‌ى بانگه‌شه‌ى دوو ئیداره‌یى ده‌كه‌ن و زۆرجار وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ به‌یانى ده‌كه‌ن، وه‌ك كارتى فشار به‌كاریده‌هێنن نه‌ك پرۆژه‌یه‌كى جددى و روئیاى روونیان نییه‌ بۆ ئیداره‌دانى ئیداره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ. هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌شیان له‌ هه‌ردوولا هه‌یه‌ و له‌ ئابوورى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان سودمەندن. 

ئه‌نقه‌ره‌ و تاران 

ئێران و توركیا ئه‌و دوو وڵاته‌ن كه‌ فایلى كورد وه‌ك دۆسیه‌یه‌كى گرنگ و په‌یوه‌ندیدار به‌ ئاسایشى خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن، له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م سیاسەته‌دا ئه‌و بۆچوونه‌ زاڵه‌ كه‌پێی وایە دوو ئیداره‌یى خواستى ئه‌و دووڵاته‌یه‌. به‌ڵام له‌ڕووى واقعییه‌وه‌ هه‌ركام له‌ ئێران و توركیا به‌رژه‌وه‌ندى گه‌وره‌یان له‌ یه‌ك ئیداره‌یى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌. 

ئێران هه‌رگیز ناخوازێت زۆنێكى دابڕاوى له‌ هه‌ولێر و دهۆك بۆ دروست بێت و وه‌ك ناوچه‌ى جێ پێگه‌ى توركیا و ئه‌مریكا یه‌كلاببنه‌وه‌، به‌ڵكو پێى وایه‌ ئێستا ئاسانتر ده‌توانێت كاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌رێم و حكومه‌ته‌كه‌ى دابنێت و ده‌توانێت به‌ربه‌ستیش دابنێت و بڕیار دروست بكات، ئێران پێى وایه‌ له‌رێگه‌ى سلێمانییه‌وه‌ زۆرتر ده‌توانێت ده‌ستى به‌ هه‌ولێر بگات. ئه‌وه‌ى تاران له‌ دوو ئیداره‌یى ده‌ستى ده‌كه‌وێت ئاسته‌نگ نییه‌ له‌ یه‌ك ئیداره‌ییشدا به‌ ده‌ستى بهێنێت. له‌رووى واقعییه‌وه‌ ئه‌منییه‌تى هه‌ر ناوچه‌یه‌كى هه‌رێم به‌ ده‌ست یه‌كێك له‌ دوو هێزه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كه‌وه‌یه‌. جگه‌ له‌وه‌ش ئێران له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هێزه‌كه‌ په‌یوه‌ندى توندوتۆڵى هه‌یه‌، تاران بۆ مامه‌ڵه‌ حه‌زى به‌ فره‌مه‌رجه‌عى نییه‌.  

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نقه‌ره‌یه‌ هه‌رچه‌ند دووله‌تبوونى باشوورى پێخۆش بێت، به‌ڵام پێناچێت هه‌رگیز حه‌ز بكات زۆنێكى دابڕاوى بۆ دروست بێت و پێى وایه‌ په‌كه‌كه‌ له‌و زۆنه‌دا چالاكتر ده‌بێت و له‌رووى ئه‌منییه‌وه‌ ناوچه‌یه‌كى داخراو له‌ هه‌ڵكه‌وته‌یەكى جوگرافى هه‌ستیاردا مایه‌ى دڵه‌راوكێیە بۆ ئه‌نقه‌ره‌ و ناتوانێت وه‌ك پێشوو چاودێرى هه‌بێت. 
هه‌رچى له‌رووى ئابورییه‌وه‌یه‌ ئه‌نقه‌ره‌ سودمه‌ندى گه‌وره‌ى سیاسه‌تى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانه‌ و هه‌ر دابه‌شبوونێكى هه‌رێم زیان به‌ ئابوورى توركیا ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ تایبه‌ت چاوى له‌ كاركردن له‌ كێڵگه‌ غازییه‌كانیشه‌.

ده‌ستوور

ده‌ستوورى عێراق له‌ چه‌ند بڕگه‌ و مادده‌یه‌ك به‌ربه‌ستى قورسى له‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌رى دوو ئیداره‌یى داناوه‌. پێش ده‌رچوونى ده‌ستوورى عێراق وڵات به‌ یاساى ئیداره‌دانى ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌چوو. یاسایه‌ك كه‌ ره‌هه‌ندى ده‌ستووریى هه‌بوو.

بڕگه‌ى یه‌كه‌مى مادده‌ى ٥٣ ى ئه‌و یاسایه‌ به‌روونى پێناسه‌ى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌و به‌و پێكهاته‌ جوگرافییه‌ى ئێستایه‌وه‌ دانى پێداناوه‌ وه‌ك سنوورى هه‌رێمى كوردستان، پارێزگاكانى هه‌ولێر، سلێمانى و دهۆك و ناوچه‌كانى دیكه‌ له‌ پارێزگاكانى موسڵ، كه‌ركوك و دیاله‌. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان مادده‌ى ٥٨ى یاساكه‌ هه‌بوو بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌یان. پێناسه‌ى په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێمى كردووه‌و وه‌ك یه‌كه‌یه‌كى یه‌كگرتوو.

دواى ده‌رچوونى ده‌ستوورى عێراق له‌ ساڵى ٢٠٠٥، ده‌ستوور هه‌موو ئه‌م یاسایه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، جگه‌ له‌ بڕگه‌ى یه‌كه‌مى مادده‌ى ٥٣ و مادده‌ى ٥٨ واته‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ى كه‌ پێناسه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات نه‌ك هه‌ر به‌ كارایى مایه‌وه‌، به‌ڵكو كرایه‌ مادده‌كى ده‌ستوورو له‌ مادده‌ى ١٤٣ دا جێگه‌ى كرایه‌وه‌.

هه‌ر هه‌وڵێك بۆ دوو ئیداره‌یى پێویستى به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش كارێكى قورسه‌، به‌ تایبه‌ت هه‌ر هه‌موارێك ده‌بێت ریفراندۆمى له‌سه‌ر بكرێت و سێ پارێزگا ره‌تى نه‌كه‌نه‌وه‌.

ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان

ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان یارمه‌تیده‌ر نییه‌ بۆ بژارده‌یه‌كى له‌و جۆره‌، حزبه‌كانى دیكه‌ كه‌ خاوه‌نى كورسى په‌رله‌مانیین، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، نه‌وه‌ى نوێ، سۆسیالیست، سیاسه‌تى فه‌رمییان مانه‌وه‌ى قه‌واره‌ى ئێستاى هه‌رێمى كوردستانه‌ و ئاماده‌نین به‌ هه‌ر به‌شكردنێكى رازى ببن و باشوور بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى دوو ئیداره‌یى. هه‌ر یه‌ك له‌م حزبانه‌ش جه‌ماوه‌ریان له‌ هه‌ردوولا هه‌یه‌ و یه‌كێتى نیشتمانیش به‌شێكى زۆر له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى له‌ هه‌ولێرن. له‌دۆخێكى وادا كه‌ تێكڕاى حزبه‌كان دژى دووئیدارەیین ئه‌سته‌مه‌ یه‌كێك له‌و دوو حزبه‌ ئه‌مه‌ بكاته‌ واقیع. 

به‌ڕێوه‌بردنى ئیداره‌

به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانى هه‌ر ناوچه‌یه‌ك زۆر جیاوازه‌ له‌وه‌ى له‌سه‌رده‌مى دوو ئیداره‌یى پێشوو هه‌بوو، ئێستا بێكارى زیاتره‌ و پابه‌ندیى پێدانى مووچه‌ى مووچه‌خۆران ئه‌ركى قورسى حكومه‌ته‌، هه‌ر ئیداره‌یه‌ك ده‌بێت ئه‌مه‌ له‌ كاره‌ پێشینه‌كانى بێت، پێناچێت رووئیایه‌كى روون بۆ ئه‌مه‌ بوونى هه‌بێت، كه‌ هه‌ركام له‌و ناوچانه‌ به‌ڕێوه‌ببرێن، چۆن مووچه‌ بدرێت و پرۆژه‌ ئه‌نجام بدرێت و هه‌لى كار بره‌خسێندرێت، ئەمە لە دۆخی قەیراندا دووجار قورسە. چۆن له‌رووى یاساییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێن و یاساكاریى و فه‌رمانه‌كان له‌كوێوه‌ بن. 

له‌ قۆناغى دووئیدارەیى نه‌وه‌ده‌كان یه‌كێتى له‌ سنورى سلێمانى مام جه‌لال-ى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم راگه‌یاند، له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ ئیداره‌ى سلێمانى له‌ بۆشایى یاسایى رزگارى بوو، به‌ڵام ئێستا ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان له‌ شاره‌كان به‌ وه‌زاره‌ت و سه‌رۆكایه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌، دادگاكانى پێداچوونه‌وه‌و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریش به‌ هه‌مان شێوه‌، هه‌ر ئه‌گه‌رێكى دووئیداره‌یى رووبه‌ڕووى كێشه‌ى په‌یكه‌رى یاسایى و ئیداریى ده‌بێته‌وه‌ و ده‌ره‌چه‌ى یاسایى بوونى نابێت بۆ به‌رده‌وامیپێدانى، ره‌نگه‌ ته‌نها چاره‌سه‌ر له‌م كاته‌دا راگه‌یاندنى حكومى سه‌ربازیى بێت ئه‌وه‌ش گریمانه‌یه‌كى قورسه‌.

به‌غدا

ره‌نگه‌ بۆ به‌غدا مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دوو پارێزگا باشتر و خۆشتر بێت وەک له‌گه‌ڵ هه‌رێمێكى یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵێك حزب كه‌ یه‌كڕیزبن، به‌ڵام ئێستاى عێراق جیاوازه‌ و حزبه‌ گه‌وره‌ شیعییه‌كان به‌یه‌ك مه‌ودا یاخود هه‌ندێك كه‌متر یا زیاتر له‌ یه‌كێتى و پارتییه‌وه‌ نزیكن، سوننه‌كانیش زۆرتر له‌ پارتیه‌وه‌ نزیكن.

گره‌وكردن له‌سه‌ر دۆخى ئاڵۆزى به‌غدا قورس و پێشبینى نه‌كراوه‌، هاوكێشه‌ى سیاسى عێراق ساده‌ نییه‌ و ته‌نها هێزێكیش قسه‌ى كۆتایى لانییه‌. دۆخى ئابوورى عێراق له‌ قه‌یرانى قوڵدایه‌ و ته‌نها له‌ هه‌رێمى كوردستان باشتره‌. تا ئێستاش به‌غدا دانى به‌ لیستى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا نه‌ناوه‌و به‌ لیستى خۆى مووچه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌كات. جگه‌ له‌وه‌ى دابه‌زینى نرخى نه‌وت و ڤایرۆسى كۆرۆنا حكومه‌تیان ئفلیج كردووه‌، بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی خۆشی کێشەی بۆ دروست بووە.

كه‌ركوك 

دوو ئیداره‌یى هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ى كه‌ركوك ئاڵۆزتر ده‌كات، یه‌كێتى و پارتى كه‌ پێكه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ شتێكى ئه‌و تۆبكه‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ و یاخود ته‌نانه‌ت بۆ ئاسییكردنه‌وه‌یان، به‌ جیا زۆر ئه‌سته‌مه‌ هیچ شتێكیان پێبكرێت، چاره‌نووسى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان زۆر لێڵتر ده‌بێت. ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا تا ئێستا هه‌ژموونى كورد له‌ كه‌ركوك به‌ مه‌ترسى ده‌زانن. 

خه‌ڵك

راى گشتى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ دوو ئیداره‌یى ناكه‌ن، چونكه‌ خه‌ڵك دواى چه‌ند ساڵێكى قه‌یران چاوه‌ڕێى باش بوونى دۆخه‌كه‌و سه‌قامگیرى دۆخى هه‌رێمى كوردستان، بژارده‌ى دوو ئیداره‌یى ده‌رگاى دۆخێكى نادیار به‌ڕووى خه‌ڵكدا ده‌كاته‌وه‌و هاوڵاتیان به‌رچاو روونیان نییه‌ دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌ كوێ ده‌گه‌یه‌نێت. ته‌نانه‌ت له‌نێو جه‌مارى ئه‌و دوو حزبه‌ نه‌یارى زۆره‌. 

پارچه‌كانى دیكه‌

كوردانى پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان، دوو ئیداره‌یى باشوورى كوردستانیان له‌سه‌ر دڵ قورسه‌، ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ى خه‌ونى سه‌دان ساڵه‌ى كورد بوونه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیى و ماڵجیایى له‌ وڵاتان نه‌ك له‌ خۆى، بۆیه‌ كوردان پێشوازى له‌ وه‌ها بژارده‌یه‌ك ناكه‌ن.