01:50 - 27/12/2018
"ترس و به‌رژه‌وه‌ندى"هه‌رێمى كوردستانى له هه‌مبه‌ر دۆخى رۆژئاوا بێده‌نگكردووه
بڕیارى دۆناڵد تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى له سوریا و جێهێشتنى شه‌ڕڤانان یاده‌وه‌رى تاڵى به‌بیر كوردان هێنایه‌وه له مێژوودا كاتێك كورد پاڵى به دیوارى زلهێزه‌كانه‌وه داوه كه‌م جار به مه‌به‌ست گه‌یشتووه، به‌ڵام بۆ كورد یاده‌وه‌رى له‌وه‌ش تاڵتر هه‌یه، ئه‌ویش دووره‌به‌ره‌كى و هاوپشت نه‌بوونه، ئه‌و ناكۆكییه‌ى هه‌رگیز نه‌یهێشتووه كورد له سێبه‌رى دیوارى برایه‌تى خۆیدا پشوو بدات.
رۆژئاواى كوردستان له‌به‌رده‌م رۆژانێكى سه‌خت و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دایه، رۆژانێك مه‌ترسى واى هێناوه‌ته گۆڕێ ئه‌وه‌ى به خوێنى هه‌شت هه‌زار شه‌ڕڤان و شه‌ڕى شه‌ش ساڵ بنیاترا له ده‌ستبچێت، چاوه‌كان له جیهانه‌وه له‌سه‌ر رۆژئاوان، به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسییه جوڵه‌ى له باشورى كوردستان لاى دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان و حزبه‌كانیش دروستنه‌كردووه‌و به‌بێ ده‌نگى سه‌یرى رووداوه‌كان ده‌كه‌ن هه‌ندێك واى بۆ ده‌چن"ترس و به‌رژه‌وه‌ندى"ده‌سه‌ڵاتى باشورى كوردستانى بێده‌نگ و بێ‌باك كردووه به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌ترسییانه‌ى له‌سه‌ر رۆژئاوان.
له سه‌روبه‌ندى راگه‌یاندنى بڕیارى كشانه‌وه‌ى سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له سوریا، توركیا به راشكاوى پلانى خۆى بۆ جێبه‌جێكردنى نیازه كۆنه‌كه‌ى راگه‌یاند، ئه‌ویش كۆتاییهێنانه به ده‌سه‌ڵاتى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى كوردى له‌رۆژئاواى كوردستان، ئه‌و بڕیاره له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى واته سفركردنه‌وه‌ى ده‌ستكه‌وته‌كانى كورد له رۆژئاوا، به‌ڵام له باشورى كوردستان بێده‌نگى شوێنى قسه‌و هه‌ڵوێست و كردارى گرتووه، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، دامه‌زراوه‌كانى دیكه و حزبه‌كانیش له ئاست ئه‌و دۆخه متن.
ته‌نانه‌ت شه‌قامى باشورى كوردستانیش تا ئێستا ده‌نگى لێوه‌نه‌هاتووه، پێشتر ئه‌گه‌ر ناوبه‌ناو له سنورى سلێمانى چالاكى رێكبخرایه بۆ پشتیوانى باكور و رۆژئاوا، ئێستا ره‌نگه ئه‌وه‌ش ئاسان نه‌بێت، به‌هۆى مه‌یلى زۆرى یه‌كێتى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ توركیا، ئه‌و حزبه مانگێك پێش ئێستا هه‌موو باره‌گاكانى ته‌ڤگه‌رى ئازادى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى داخست، توركیا پێشوازى له‌و هه‌نگاوه كرد، به‌ڵام هێشتا پێى به‌س نه‌بوو داواى هه‌نگاوى دیكه‌ى كرد.
هۆشه‌نگ ده‌روێش نوێنه‌رى ئه‌نجومه‌نى هێزه‌كانى سوریاى دیموكراته له هه‌رێمى كوردستان، به گله‌ییه‌وه باسى بێده‌نگى باشورى كوردستانى كرد له هه‌مبه‌ر رۆژئاوا‌و باسى به‌رپرسیارێتى نیشتیمانى و ئه‌خلاقى كرد، نیگه‌رانییه‌كانى ئه‌و نوێ نین به‌ڵام وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێم ده‌توانن زۆرشت بكه‌ن و نایكه‌ن، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ش بۆ هۆشه‌نگ چاوه‌ڕوانكراوبوو.
هۆشه‌نگ بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، ئه‌وان خۆیان به نیازن شاندێك پێكبهێنن و سه‌ردانى لایه‌نه‌كانى باشورى كوردستان بكه‌ن، چونكه هیچ لایه‌نێك بۆ گه‌یاندنى هه‌ڵوێستى خۆیان سه‌ردانى نه‌كردوون، ته‌نها یه‌كێتى له رێگه‌ى به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر رۆژئاواى كوردستان ده‌ربڕیوه، به‌كردار هیچ لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێك هه‌نگاوى نه‌ناوه.
بۆ نوێنه‌رانى رۆژئاواى كوردستان بێده‌نگى ده‌سه‌ڵاته‌كانى باشور شتێكى نوێ نییه، پێشتر له‌زۆربه‌ى ئه‌و ته‌نگه‌ژانه‌ى به‌رۆكى رۆژئاواى كوردستانى ده‌گرت، ده‌رگاى ده‌روازه‌ى سێمێڵكاى نێوان باشور‌و رۆژئاوا كڵۆم ده‌درا، و له شه‌ش ساڵى رابردوو هه‌ماهه‌نگى راگه‌یه‌ندراو له‌نێوان ئه‌و دووپارچه‌یه‌ى كوردستان نه‌بووه، نزیكى هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره نزیكى كوردانى ئه‌و دوو پارچه‌یه‌ى كرده خه‌ون.
نوێنه‌ره‌كه‌ى هه‌سه‌ده گوتى"سه‌رى هه‌ره‌مه‌كه كه حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه هه‌ڵوێستێكى نیه، بۆیه فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ده‌زگاكانى دیكه ناتوانن هه‌ڵوێستان هه‌بێت، حكومه‌ت زیاتر ره‌نگى پارتى تێدا زاڵه و ناتوانێت له‌به‌ر توركیا هه‌ڵوێستى هه‌بێت، ئێستا هاوكێشه‌كان له سوریا گه‌وره‌ن یارى به‌رژوه‌ندییه‌كان زۆر گه‌وره‌یه، حكومه‌ت و لایه‌نه‌كانى باشورى به‌رپرسیارێتى ئه‌خلاقییان له‌سه‌ره به‌رامبه‌ر رۆژئاواى كوردستان".
ئه‌گه‌رچى پێگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌كانى باشور له ئاستێكى ئه‌وتۆدا نییه‌و كێشه‌و ناكۆكى ناوخۆیى زۆر له باشور هه‌ن، به‌ڵام هۆشه‌نگ ده‌روێش پێى وایه، حكومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت له‌سه‌ر ئاستى دیبلۆماسى كار بكات و په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆیان به‌كارهێنن،"لایه‌نه‌كانی باشور مێژویان هه‌یه و په‌یوه‌ندى نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه، ئه‌مه ئه‌ركێكى كوردستانى و ئه‌خلاقییه كه پشتیوانى رۆژئاوا بن".
ئه‌وه‌ى زۆرتر وایكردوو باشورى كوردستان كشومات ببینرێت له هه‌مبه‌ر دۆخى پڕ دودڵى و قه‌له‌قى رۆژئاوا، نێوان توركیا‌و هه‌رێمه، ده‌روێش گوتى"په‌یوه‌ندى توركیا و پارتى دواى ریفراندۆم به‌ره‌و چاكبوونى زیاتر رۆشت، پارتى هیچ هه‌ڵوێستێك راناگه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى سیاسى و ئابورى ره‌چاو نه‌كات، واقعێك لێره هه‌یه له باشورى كوردستانیش ناكۆكى زۆره‌و دۆخى ناوخۆیى پڕ كێشه‌یه هه‌روه‌ها هه‌ندێك له پارته‌كان به‌رژوه‌ندى هاوبه‌شیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى هه‌رێمى".
ئێستا رۆژئاواى كوردستان له‌به‌رده‌م چه‌ند بژارده‌یه‌كى جیاوازه بۆ ره‌وینه‌ى مه‌ترسییه‌كان، خۆڕ‌اگرى، په‌رژینى میللى، دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌دو سوریا، دانوستان له‌گه‌ڵ وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان، به‌ڵام بۆ راكێشانى هه‌ركام له‌و بژاردانه پشتیوانى شه‌قامى كوردى و لۆبیكردن پێویستن، ئه‌گه‌ر له هه‌ركام له‌و بژاردانه‌دا پشتیوانى میللى و گروپه‌كانى فشار به‌گه‌رنه‌خرێن رۆژئاوا له‌سه‌ر مێزى دانوستان و سه‌نگه‌ره‌كانى شه‌ڕیشدا پێگه‌ى جیاوازتر ده‌بێت، هه‌رێمى كوردستانیش ده‌روازه‌یه‌كه گرنگه بۆ ده‌ستخستنى لۆبى رۆژئاوا.
كه‌مال چۆمانى توێژه‌ر له په‌یمانگاى ته‌حریرى ئه‌مه‌ریكى، پێى وایه له‌به‌رئه‌وه‌ى ئابورى هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر ده‌ستى توركیایه ئه‌سته‌مه حكومه‌تى هه‌رێم بتوانێت هه‌ڵوێستى هه‌بێت،"ده‌زگا حكومه‌تییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نیشتیمانى نین و حزبى و سیاسین ستراتیى نیشتیمانى له پشتیانه‌وه نییه، بۆیه ناتوانن رۆڵى نیشتیمانى خۆیان بگێڕین، و هه‌ڵوێستێك وه‌ربگرن دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان بێت".
ئابورى هه‌رێمى كوردستان ماوه‌ى چوار ساڵى ته‌واوه په‌یوه‌سته به توركیاوه و ته‌نها بۆرییه‌ك سه‌رچاوه‌ى داهاتى هه‌رێمه ئه‌ویش به‌ناوخاكى توركیادا بۆ به‌نده‌رى جه‌یهان ده‌ڕوات، چۆمانى گوتى"حكومه‌تى هه‌رێم بۆ هه‌میشه له‌ژێر كۆنتڕۆڵى ده‌وڵه‌تى توركیادا ده‌مێنێته‌وه، له‌لایه‌كى دیكه‌وه په‌رله‌مانى كوردستان زۆر ناكارایه‌و پارتى تێدا زۆرینه‌یه‌و تا ئێستا نه‌یتوانیوه كۆببێته‌وه دانیشتنه‌كانى ده‌ستپێبكات".
ساڵێك پێش ئێستا بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له رۆژهه‌ڵاتى كوردستان روویدا و سه‌دان قوربانى لێكه‌وته‌وه، كوردان له سێ پارچه‌كه‌ى دیكه‌وه هاوسۆزبوون و چه‌ندین كه‌مپینى هاوكاریان راگه‌یاند بۆ ئه‌و كاره‌ساته سروشتییه، به‌ڵام كاتێك بوومەلەرزەیەکی سیاسى مه‌ترسى سڕینه‌وه‌ى ئه‌زمونى كوردانه‌ى پارچه‌یه‌كى كوردستانى لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌رژوه‌ندییه‌كان كاردانه‌وه‌و كه‌مپین ناهێڵن.
ئه‌و توێژه‌ره بۆ په‌یسه‌ر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو"پارتى و یه‌كێتى به‌سه‌ر هه‌ردوو بلۆكى توركیا و ئێران-دا دابه‌شبوون، هه‌رچه‌نده به‌هۆى فشاره‌كانى پارتى و توركیاوه یه‌كێتى ورده ورده خۆى ده‌خزێنێته به‌ره‌ى توركیا، به‌هۆى ئه‌وه بۆرى نه‌وت به توركیا ده‌ڕوات و یه‌كێتى ده‌یه‌وێت له‌و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوریانه په‌راوێزنه‌خرێن و په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ توركیا باش بكاته‌وه، یه‌كێتى و پارتى ترسیشیان له‌وه هه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستى جددى بنوێنن توركیا هه‌مان هه‌ڵوێستیش به‌رامبه‌ر ئه‌وان بنوێنێت، حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش توانایه‌كى ئه‌وتۆیان نییه‌و ناتوانن هه‌وڵى جدى بده‌ن".
كێشه‌یه‌كى دیكه كه هه‌رێمى كوردستانى زیاتر بێده‌نگكردووه، ناكۆكى ئه‌نجومه‌نى نیشتیمانى كورد له سوریا(ئه‌نه‌كه‌سه) و یه‌په‌گه‌یه، پارتى له‌و هاوكێشه‌یه‌ى ده‌ستى گه‌وره‌ى هه‌یه و پشتیوانى ئه‌نه‌كه‌سه‌یه كه له‌لایه‌ن یه‌په‌گه‌وه ئه‌و ئه‌نجومه‌نه به نزیك له توركیا وه‌سف ده‌كرێن، كه‌مال چۆمانى گوتى"هۆكارى هه‌ره سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه پارتى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێى ناخۆش نییه توركیا هێرش بكاته سه‌ر رۆژئاواى كوردستان پارتى پێى وایه راسته ره‌نگه له‌سه‌ره‌تادا دۆخێكى خراپ دروست بێت، به‌ڵام له دورمه‌ودادا ئه‌نه‌كه‌سه ده‌بێته هێزێكى به‌هێز."