ڕاپۆرتی کوردستانی

01:59 - 22/04/2020

هەموو هەوڵێکی ئاکەپە ئەوەیە دەمیرتاش لە زیندان بهێڵێتەوە‌

پەیسەر

حکومەتی داد و گەشەپێدان ئاکەپە هەموو هەوڵێک دەدات کە سەڵاحەدین دمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەز زیندان ئازاد نەکرێت و لەو چوارچێوەیەدا دۆسیەی تری لەدژی ئامادەکردووە.

بە بیانۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٦ دا لە کۆنگرەی دووی پارتی ئاشتی و دیموکراسی، دوومین کۆنگرەی هەدەپە، سێیەمین کۆنگرەی گەورەی هەدەپە، چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەی Süddeutsche Zeitungی ئەڵمانی لەدژی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی تورک قسەی کردووە و بڵاوبوونەوەی وێنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل کە وەک نێوەنگیرێک سەردانی قەندیلی کردبوو، ١٧مین دادگای سزا قوڕسەکانی ئەنقەرە دۆسیەیەکی لەدژی سەلاحەدین دەمیرتاش جووڵاندووە.

دۆسیەکەی دژی دەمیرتاش لە ٥٤ لاپەڕە پێک دێت و ٢٧ لاپەڕەی باسی پەیوەندیەکانیی لەگەڵ پەکەکە/کەجەکە دەکات. لە دۆسیەکەدا دەمیرتاش بەوە تۆمەتبارکراوە کە لە قسەکانیدا وشەی وەک 'کوردستان، ڕاستی کورد و کوردستان، گەورەیی مەزڵۆم دۆغان یەکێک لە سەرکردە شەهیدەکانی پەکەکە، قاڕەمانێتی موسا ئانتەر نووسەری کورد کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کوژراوە، بەڕێز ئۆجالان، گەلی کورد و سووکایەتی بە پۆلیسی تورکیا بەکارهێناوە.

کۆنگرەی پارتی ئاشتی و دیموکراسی لە ساڵی ٢٠١٢دا
لە دۆسیەی ١٧مین دادگای سزا قوڕسەکانی ئەنقەڕەدا دەمیرتاش بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە لە چوارچێوەی قسەکانیدا، باسی لە پارچەکردنی خاکی کۆماری تورکیا کردووە کە بە پێی یاسای بنەڕەتی تورکیا ئەوە تاوانێکی گەورەیە. هەروەها بانگەشەی بۆ بیر و ئایدۆلۆژیای پەکەکە کەوتووە. تێشکی خستووەتەسەر ئەوەی پێویستە ڕێگایەک بدۆزرێتەوە کە لە جیهاندا ڕەوایەتی بە پەکەکە بدرێت و داوای ئازادیکی عەبدوڵلا ئۆجالان کردووە کە لە چاوی دەوڵەتی تورک سەرۆکی ڕێکخراوێکی تیرۆریستیە.

 

هەروەها تاوانی ئەوە دەدرێتە پاڵ دەمیرتاش کە لە کۆنگرەکەدا، خەتیب دیجلە، سەلما ئیرماک، فەیسەل سارییڵدز و ئیبراهیم ئەیهان کە سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانی کورد بوون و بە تاوانی تیرۆر دەستگیرکرابوون، وەک دیلی سیاسی لەقەڵەمیداون و پرۆپاگەندەی بۆ پەکەکە کردووە.

دووەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان
تاوانێکی تر کە دەدرێتە پاڵ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئەوەیە کە کەسێک لەناو کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلاندا کە ناوەکەی پارێزراوە، دانی بەوەداناوە دەمیرتاش لە قسەکانیدا لە کۆنگرەکەدا، ڕایگەیاندووە، "ئێمە دیکاتۆرمان لە وڵاتەکەماندا ناوێ. ئێمە پێویستە داوای خۆبەڕێوەبەری بکەین و هەوڵی بۆ بدەین. لە هیچ دەوڵەتێکی ناوەندیدا، دەسەڵاتی تاکەکەسی نییە. خۆبەڕێوەبەری هەیە. ئێمە لێرە باسی مۆدێلێکی پێشکەوتوو دەکەین و هۆکاری دروستکردنی سەنگەر و خەندەقیش لە لایەن گەنجانەوە، فشاری دەوڵەتە.

چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەی Süddeutsche Zeitungی ئەڵمانی
هەروەها سەلاحەدین دەمیرتاش بەوە تۆمەتبارکراوە کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی Süddeutsche Zeitungی ئەڵمانی جارێکیتر بانگەشەی بۆ پەکەکە کردووە و دەڵێت، "ئێمە پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نابینین. ئێمە بەشێک لە پەکەکە نین بەڵام سیاسەتەکانی حکومەتیش بەرانبەر پەکەکە قبوڵ ناکەین. گەلی کورد ١٠٠ ساڵە ڕووبەڕووی تیرۆری دەوڵەتی تورکیا بووەتەوە. پەکەکە بەهۆی تیرۆری دەوڵەتەوە دروست بوو.

وێنەگرتن لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە/کەجەکە
هۆکارێکی تر کە سەلاحەدین دەمریتاش بەهۆیەوە تاوانبار دەکرێت، سەردانەکەیەتی بۆ قەندی.

دادگا سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی ئێستای هەدەپەی بۆ قەندیل و بڵاوبوونەوەی وێنەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی گەورەی پەکەکە/کەجەکە وەک تاوان لەقەڵەمداوە کە ئەو کاتە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا وەک نێوەنگیر سەردانی قەندیلیان کردبوو.

 

دادگا دەڵێت، دەمیرتاش و شاندەکەی هەدەپە لەگەڵ بەرپرسانی ڕێکخراوێک وێنەیان گرتووە کە ژمارەیەکی زۆریان لە هێزە ئەمنی و سەربازانی دەوڵەتی تورکیان کوشووە و ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە دەمیرتاش و هەدەپە کوشتنی هێزە ئەمنیەکانی تورک بە ڕەوا پیشان دەدەن و ئەمەش بانگەشەیە بۆ 'تیرۆر'.

سەرەتای تۆمارکردنی سکاڵا و دەستگیرکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش
بە هۆی لێدوانەکانی لە ساڵی ٢٠١٣دا کە هاوکاتبوو لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیادا، لەلایەن داواکاری گشتی تورکیا و بەرپرسانی ئاکپارتیەوە نزیکەی ٩٦ سکاڵا دژی دەمیرتاش تۆمارکران و داواکاری گشتی داوایكرد ده‌میرتاش ١٤٢ ساڵ زیندانی بكرێت.

 

لە ٢٠ی ئازاری ساڵی ٢٠١٦دا مافی پارلەمانتاری لە سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش سەندرایەوه‌ و لە ٤ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا دەستگیرکرا. لە ٧ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨دا دادگای سزا قورسەکانی ئیستانبوڵ سزای زیندانی چوار ساڵ و ھەشت مانگی بە سەردا سەپاند.

پارێزەرانی دەمیرتاش لە دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا سکاڵایان دژی حکومەتی تورکیا تۆمارکرد، دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپاش لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا بڕیاری ئازادکردنی دا و رایگەیاند، حکومەتی تورکیا مافی ئازادی و پاراستنی ئاسایشی دەمیرتاشی زەوتکردووە و پێویستە دەمیرتاش ئازادبکرێت و لە دەرەوه‌ی زیندان دادگاییبکرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەو کاتە لە لێدوانێکیدا داواکەی دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپای ڕەتکردەوە و گوتی: "دەمیرتاش (تیرۆریستە) و کەس ناتوانێت ئازادی بکات".