ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:47 - 25/04/2020

خاڵە چاودێریە نوێیەکانی تورکیا دەبنە هۆی هەڵگیرساندنەوەی شەڕ‌

پەیسەر

هەرچەندە لە ئێستادا ئاگربەست لە پارێزگای ئیدبلی سوریا کە وەک سوریای بچووک ناسراوە، ڕاگەیەنراوە، بەڵام پێشکەوتنەکانی ڕژێمی سوریا بە پشتگیری ڕووسیا بەردەوامە و چاودێران دەڵێن، لە کۆتاییدا پێویستە تورکیا سوریا بە تەواوی جێبهێڵێت.

ماڵپەڕی دوێچەڤێلای ئەڵمانی ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئیدلب و هەوڵە نوێیەکانی تورکیا لە سوریا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەیە کە پێویستە تورکیا ئیدلب بەجێبهێڵێت.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا باسی ئەوە دەکرێت، پرسی ئیدلب بەهۆی ئەوەی هاوکێشەیەکی گەورەی هەرێمی و ناوچەییە و دەستی زۆر لایەن لەو پرسەدا هەیە، چارەسەرکردنی دۆخەکە زۆر زەحمەتە.

لە مانگی شوباتدا سوپای سوریا جارێکیتر دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە دەوروبەری ئیدلب کردووە، هەروەها هەموو رێگا سەرەکیەکان و ڕێگای ئێم٤ و ئێم ٥ی کۆنتڕۆڵ کرد و سوپای تورکیا جارێکیتر دەستی بە دروستکردنی خاڵی چاودێری کردەوە.

ئەوەش وایکردووە هێزەکانی سوریا و ڕووسیاش لە ناوچەکە بکەونە ئامادەباشێ تەواوەوە. هەرچەندە لە ٥ی ئازاردا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و شاندێکی باڵای تورکیا سەردانی تورکیایان کرد و هەوڵیاندا دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە، بەڵام سوپای سوریا سوورە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ئیدلب و دەرکردنی میلیشیا توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا لەو ناوچەیە.

کۆنستانتین تروڤتسەڤ پسپۆڕی سەربازی لە ئەکادیمی لێکۆلینەوەی شەڕ لە ڕووسیا بە دوێچەڤێلای ڕاگەیاندووە، سەرەتا چاوپێکەوتنەکانی ٥ی ئازار دۆخەکەی هێورکردووەتەوە و سەربازانی ڕژێمی سوریا لە هەندێک ناوچە جێگیرکران و پێشرەویەکانیان سنوردارکران. هەروەها دەوریەی سەربازی هاوبەش لەنێوان ڕووسیا و تورکیا لە ناوچەکەدا دەگەڕێن، بەڵام بە دروستکردنی خاڵێ چاودیری جارێکیتر دۆخەکە تێکچووەتەوە و ڕژێمی سوریاش دەستی بە جووڵەکردووەتەوە.

 

ئەو پسپۆڕە باس لەوە دەکات کە دۆخەکە زۆر مەترسیدارە و بچووکترین هەڵە لە لایەن تورکیاوە جارێکیتر دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ و تێکچوونی ئاگربەست.

کۆنستانتین تروڤتسەڤ باسی ئەوەش دەکات، ئەو گروپەی ئێستا لە دەوروبەری ئیدلب باڵادەستە، گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشامە کە گروپێکی زۆر توندڕەوە و لە ئێستادا ڕێگری لە دەوریە هاوبەشەکانی ڕووسیا و تورکیاش دەکات و دەبێتە هۆی تێکچوونی دۆخەکە.

چەند سالێ ڕابردوو سوپای تورکیا ١٢ خاڵێ چاودێری لە باکووری ئیدلب دروست کردبوو و بەهۆی هێرشەکانی سوپای سوریاوە ناچار ببوو چەند خاڵێک چۆڵ بکات، بەڵام دوای ئەوەی کە ڕێککەوتن لەنێوان تورکیا و ڕوسیا ئیمزاکرا، تورکیا دەستی بە دروستکردنی خاڵی چاودێری زیاتر کرد و لە ئێستادا نزیکی ٥٧ خاڵێ چاودیری دروست کردووە.

 

ژمارەیەک ئەو خاڵانەی تورکیا لەو هەرێم و ناوچانەن کە لە ئێستادا لە لایەن سوپای سوریاوە کۆنتڕۆڵ کراونەتەوە و ئەمەش وا دەکات کە بەرکەوتن لەنێوان هەردوولادا دروست ببێت و جارێکیتر شەڕ هەڵبگیرسێتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا دەوترێت لە ئێستادا ڕووسیا سەرقاڵی ئەوەیە کە لەنێوان هێزەکانی سوریا و سوپای تورکیادا ژمارەیەک خاڵێ چاودێری دروست بکات و پۆلیسی ڕووسی تێدا جێگیر بکات و بەو شێوەیە رێگری لە بەرکەوتنی سوپای هەردوولا بکات.

تورکیا لە ئێستادا لە ئیدلبەوە تا عەفرین سەربازی خۆی جێگیر کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدەدرێت، تورکیا ناتوانێت تا سەر لە سوریا بمێنێتەوە. لەبەرئەوەی مۆسکۆ، دیمەشق و تاران لەسەر یەک خاڵ رێککەوتوون، ئەویش ئەوەیە کە نابێت، هیچ گروپێکی توندڕەو لە سوریا بمێنێتەوە و نابێت هیچ هێزێکی بیانووش دەستوەردان لە کاروباری سوریادا بکات.

لە ئێستادا هاوکاری هەندێک وڵاتی ناوچە و جیهان بۆ گروپە جیهادیەکان زۆر کەمیکردووە و ئەو گروپانە لە دۆخێکی سەختدان. هەروەها لە لایەکی ترەوە ئەوروپا و جیهان وەک ڕابردوو گوێ بە پرسی پەنابەران نادەن کە تورکیا وەک کارتێکی فشار لەبەرانبەر ڕۆژئاوادا بەکاری دەهێنا بۆ ئەوەی لە سوریا هاوکاری بکات. ئەوانەش بوونەتە هۆی ئەوەی تورکیا هیچ کارتێکی فشاری بەدەستەوە نەمێنێت و ناچاری دەکات وردە وردە لە ئیدلب و دواتر لە ناوچەکانی تری سوریا بکشێتەوە.