01:12 - 27/04/2020
چی عه‌بدولمه‌هدى له كورد تۆراند؟ لە دۆستایه‌تییەوە بۆ مووچه‌بڕین
ئه‌و پیاوه نه‌رمه‌ى دۆستایه‌تییه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده گه‌رم بوو له‌گه‌ڵ كورد، ده‌یگوت "ده‌ستى خۆم ببڕم، مووچه‌ى هه‌رێم نابڕم"، ته‌نانه‌ت جارێك له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره كورده‌كان گوتبووى "پۆسته‌كه‌م له‌سه‌ر دانابێت، مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان نابڕم". به‌هاتنى ئه‌و سه‌رده‌مى هه‌نگوینى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ستیپێكرد، به یاسا رێگه‌درا بەبێ راده‌ستكردنى نه‌وت مووچه بۆ هه‌رێم ره‌وانه بكرێت.
ئێستا ئه‌و دۆسته نه‌رمه، ده‌ستى گۆناكات بۆ واژۆكردنى ناردنى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان، كورد چاوه‌ڕێى واژۆیه‌كى ئه‌و كۆنه دۆسته‌یه و پێده‌چێت به‌جۆرێك دڵى له دۆستایه‌تییه‌كه‌ى سارد بووبێته‌وه، ته‌نانه‌ت پێداگرییه‌كانى پێشووى بۆ به‌ده‌مه‌وەبوونى خه‌ڵكى كوردستانی لاگرنگ نه‌مابێت.
عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌و سیاسییه ده‌گمه‌نانه‌ى عێراقه كه گوتاره دۆستانه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ كورد كردووه به كرداریش، په‌یسه‌ر زانیارى هه‌یه ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت، بابه‌تى ناردنى مووچه‌ى بۆ كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعه‌كان بڕاندووه‌ته‌وه، پێى گوتوون : نابێت به‌هانه‌ى پێ بگرن و رێگه‌ى بگرن له‌وه‌ى مووچه بۆ هه‌رێم بنێرێت.
ته‌نانه‌ت كاتێك مه‌ترسى هه‌مواركردنى ده‌ستوور و سڕینه‌وه‌ى بڕگه‌ى فیدراڵییه‌تى هه‌رێم هاته‌گۆڕێ لاى شیعه‌كانه‌وه. عه‌بدولمه‌هدى به شاندى كوردیى (به سه‌رۆكایه‌تى نێچیرڤان بارزانى) گوتبوو، ئه‌گه‌ر بۆ مافى كورد دێنه به‌غدا به یه‌كگرتوویى وه‌رن و یه‌كڕیزبن و ناكۆكییه‌كانتان وه‌لانێن. ئه‌و هاوڕێیه‌تى تایبه‌تیشى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى كورد هه‌یه و ماوه‌یه‌كى زۆر له‌سه‌رده‌مى شۆڕش پێكه‌وه‌بوون و له چیاكانى كوردستان ماوه‌ته‌وه.
پێناچێت دوورەپه‌رێزیى و خۆته‌ریككردنى عه‌بدولمه‌هدى له كوردانى دۆستى، بێ مه‌به‌ست و بێ هۆكار بێت. چه‌ند پاڵنه‌رێك له پشتى گۆڕینى هه‌ڵوێستى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ن، ئه‌م دۆسته‌یان له كورد یاخى كردووه.
فشارى شیعه‌كان
به‌شێك له لایه‌نه شیعه‌كان فشارى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ڕێكه‌ر هه‌یه، بۆ راگرتنى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وان داواى دادگاییكردن و سزادانیشى ده‌كه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ى وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، له به‌رامبه‌ر هیچدا پاره بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌هۆى فشاره‌كانه‌وه بێت بۆچى عه‌بدولمه‌هدى له"دوایین مانگ"ى كابینه‌كه‌یدا خۆى پیاو خراپ ده‌كات و مووچه‌ى كورد ده‌بڕێت، له كاتێكدا ده‌زانێت ئه‌گه‌ر كازمیى سه‌ركه‌وتووبێت كابینه‌كه‌ى كه‌متر له چه‌ند رۆژێكى كه‌مى ماوه. ئه‌مه ئه‌و گریمانه‌یه به‌هێز ده‌كات كه عه‌بدولمه‌هدى له كورد نیگه‌رانه.
دۆخیى دارایى عێراقیش خراپه، به‌ڵام به‌غدا زیاد له بژارده‌یه‌كى له به‌رده‌مه بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه. له‌و دۆخه‌شدا چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا عه‌بدولمه‌هدى دۆست، جیاوازى له‌نێوان فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و عێراق بكات. له‌پشت خراپى دۆخى داراییشه‌وه پێده‌چێت هێشتا هۆكارى دیكه هه‌بن.
رێككه‌وتن
كورد هاوكاریى عه‌بدولمه‌هدى نه‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ى له‌و هه‌ڵوێسته رزگارى بكات و له‌ژێر فشارى چڕى شیعه‌كان بیهێنێته ده‌ره‌وه، به راده‌ستكردنى بڕێك له نه‌وت، له‌بوودجه‌ى ساڵى رابردوو تا ئێستاش هه‌رێم نه‌وتى راده‌ستنه‌كرد. ته‌نانه‌ت عه‌بدولمه‌هدى له‌چه‌ند كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره كورده‌كان گله‌یى زۆری كردبوو، كه به‌هۆى كورده‌وه كه‌وتووه‌ته ژێر فشارێكى زۆره‌وه، به‌ڵام لایه‌نى كوردى هاوكارى نین، له هه‌نگاونان به‌ره‌و جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه.
ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى
كاتێك عه‌بدولمه‌هدى له كۆتایى تشرینى دووه‌مى ساڵى رابردوو ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه، له‌ژێر فشارى خۆپیشانده‌ران، لایه‌نه شیعه‌كان و مه‌رجه‌عیه‌تى شیعه‌كان، له په‌رله‌مان هیچ كام له فراكسیۆنه كوردییه‌كان ناڕه‌زایى له‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه ده‌رنه‌بڕى. ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى زۆر به‌بێده‌نگیى تێپه‌ڕیى. هیچ كام له فراكسیۆنه كوردییه‌كان ئاماده‌نه‌بوون بڵێن، ئه‌م پیاوه به به‌رپرسیار نازانین و به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئه‌م هیچ ناگۆڕێت، له‌كاتێكدا ئه‌و پێى وابوو باجى ئه‌وه‌ش ده‌دات له‌گه‌ڵ كورد باش بووه.
خواستى مانه‌وه
دواى ئه‌وه‌ى لایه‌نه شیعه‌كان چه‌ندجار نه‌یانتوانى بگه‌نه رێككه‌وتن بۆ دیاریكردنى شوێنگره‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى، خواستى دووباره مانه‌وه لاى سه‌رۆك وه‌زیران دروست بوو، ئێران و ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاش به‌چه‌ند مه‌رجێكه‌وه لارییان له‌م بژاردەیە نه‌بوو، ئێستاش دواى كاندیدكردنى سێ كه‌س باس له جارێكى دیكه شكستى كازمییش ده‌كرێت، له سه‌روبه‌ندى شكستى زورفیدا، كه هێشتا ناوى كازمیى له‌نێو شیعه‌كانیشه‌وه بڕیارى لێ نه‌درابوو، كورد به فه‌رمى رایگه‌یاند، پشتیوانى كازمیى ده‌كه‌ن.
له كاتێكدا به ئێستاشه‌وه عه‌بدولمه‌هدى خواستى مانه‌وه‌ى هه‌یه و پێى وایه كورد له‌هه‌ر لایه‌كى دیكه زیاتر ده‌بێت پشتیوانى ئه‌وبن. به‌ڵام كورد به‌فه‌رمى رایگه‌یاند، پشتیوانى هاتنى كازمیین. ئه‌وه‌ش واته كورد عه‌بدولمه‌هدیى گۆڕییه‌وه به كازمیى.
نێوانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار
به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق، وه‌ك كه‌سى یه‌كه‌مى كورده له‌به‌غدا، ئه‌و كه‌خۆشى هاوڕێى كۆنى عه‌بدولمه‌هدى بوو ئێستا خراپترین په‌یوه‌ندى هه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران، عادل عه‌بدولمه‌هدى ره‌خنه‌و گله‌یى زۆرى هه‌بوو له هه‌ڵوێستى سه‌رۆك كۆمار دواى سه‌رهه‌ڵدانى خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان، هه‌رزوو له‌گه‌ڵ لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان كه‌وته گفتوگۆى دۆزینه‌وه‌ى شوێنگره‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى. مانه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى ئه‌و دوو كه‌سه كه له لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى عێراقن، بۆ ئه‌م قۆناغه سودى خۆى ده‌بوو.
پێداگرییه‌كانى كورد
له‌دواى تێكچوونى دۆخى عێراقه‌وه، كورد پێداگرى له‌چه‌ند خاڵێك كردووه‌و هه‌ندێكیانى بۆ چووه‌ته سه‌ر، بۆ نمونه كورد یه‌كه‌م لایه‌ن بوو محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوییان ره‌تكرده‌وه‌و دواتر ئه‌و پیاوه خزاو وازى له پێكهێنانى حكومه‌ت هێنا، ئێستاش پێداگریى هه‌یه بۆ چه‌ند وه‌زیرێك. نه‌ك هیچ كام له پێداگرییه‌كانى كورد بۆ پشتیوانى عه‌بدولمه‌هدى نه‌بوون و كورد هیچ شتێكى نه‌كردووه به مه‌رج له‌م بابه‌ته‌دا، به‌ڵكو پشتیوان و هاوكارى نه‌بوون، كاتێك ئه‌و پیاوه كه‌وته ته‌نگانه‌و هه‌موو شه‌قام و لایه‌نه شیعییه‌كان به‌گژیدا ده‌چوونه‌وه، كورد خۆى دووره‌په‌رێزو بێلایه‌ن گرت و پشتیوانی‌یان نه‌كردو جۆرێك له بێباكى و بێمنه‌تى پێوه دیاربوو بۆ دۆستایه‌تى سه‌رۆك وه‌زیران.
كورد لێى بێ منه‌ت بوون
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى:"مانگى یه‌ك، دوو و سێى مووچه‌ى داوه، خۆیشى ده‌ستى له‌كاركێشاوه‌ته‌وه، ئه‌بێ چى بێت واكارى كردووه؟ من بڕوام وایه فشارێكى زۆر هه‌یه و داهاتى عێراقیش به‌ش ناكات، خاڵێكى كه‌ش ئه‌وه‌یه كورد بێ مه‌نت بوون له عه‌بدولمه‌هدى".
گوتیشى:"كاتێك ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى خرایه هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه، یه‌ك كورد ئاماده نه‌بوو ده‌نگ بدات به پشتیوانى عه‌بدولمه‌هدى، كاتى خۆى من له نزیكه‌وه بینیم وتى، ده‌ستم ده‌بڕم ده‌ست نابه‌م بۆ مووچه‌ى هه‌رێم، مووچه‌و بوودجه‌ى هه‌مووى به ده‌ستى عه‌بدولمه‌هدیه، تموحى هه‌یه بۆ مانه‌وه هێشتا. پەرلەمانتارەكەی كورد گوتیشی: ئه‌گه‌ر كازمیى شكست بهێنێت، عه‌بدولمه‌هدى كاندیدێكى به‌هێزه".