ڕاپۆرتی کوردستانی

03:34 - 29/04/2020

ئۆجالان: کورد پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە، نەک شەڕی ناوخۆ‌

پەیسەر

ماوەیەكە لە زینی وەرتێ گرژیی و ئاڵۆزییەك درووست بووە كە زۆرینەی خەڵك وابیری دەكردەوە كە دەبێتە سەرەتایەكی دیی بۆ سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆی كوردستان بەڵام لە قاڵبێكی دیكەدا، زۆر كەس و لایەنیش لەوبارەیەوە بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام هەمووان لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوون كە عەبدوڵا ئۆجەلان لەو بارەیەوە چی دەڵێت، بەڵام عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە دوای زیاتر لە مانگ و نیوێک توانی لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برای بە تەلەفۆن قسە بکات و سەرجەم بۆچوونەكانی لە چوارچێوەیەكی گشتیدا بخاتە ڕوو.

محەمەد ئۆجالان لەبارەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان برایدا بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیای باکووری کوردستان قسەی کرد و ناوەڕۆکی قسەکانی نێوانیانی ئاشکرا کرد.

 

محەمەد ئۆجالان دەڵێت، لە گفتوگۆکانیاندا، ئۆجالان ئاماژەی بە سێ پرسی سەرەکی ڕۆژەڤی کوردستانی کردەووەو بەم شێوەیە باسی ناوەڕۆکی گفتوگۆی تەلەفۆنیەکەی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان کرد.

ئۆجالان باسی سێ بابەتی سەرەکی کردووە کە ئەمانەن:
١-کێشەکانی زینی وەرتێ لەنێوان پارتە کوردیەکانداو زیندووکردنەوەی پرۆتۆکۆلی نێوان پەکەکە و پارتی لە ساڵی ١٩٨٢.
٢-دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان.
٣-هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە ڕژاندنی خوێن.

١-کێشەکانی زینی وەرتێ لەنێوان پارتە کوردیەکاندا و زیندووکردنەوەی پرۆتۆکۆلی نێوان پەکەکە و پارتی لە ساڵی ١٩٨٢
ئەوە سیاسەتێکە کە کورد بە دەستی کورد بە کوشتن دەدات. کورد هیچ سوودێک لەو سیاسەتە بەدەستناهێنێت. ئەو سیاسەتە سوود بە گەلی تورکیاش ناگەیەنێت.

پێویستە پەدەکە و یەنەکە و پارتەکانی تر و بزوتنەوە کوردیەکان دەست بە کارێکی وا نەدەن، پێویستە بەم شێوەیە بیر نەکرێتەوە کە 'ئێمە شەڕ دەکەین و لەبەرانبەری دەوڵەتمان دەدەنێ' پێویستە یەکێتی نەتەوەیی بەبنا‌غە وەربگیرێت.

 

٤٠ ساڵ لەمەوبەر پێویست بوو یەکێتی کورد هەبوایە. ئەوانەی لەوێ دەژین کوردن. ئەگەر خوێن بڕژێت، کەس ناتوانێت باجەکەی بدات.

ئەمە پەیامی منە بۆ قەندیل و لە هەمان كاتدا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمە پەیامی منە بۆ خانەوادەی بارزانی و خانەوادەی تاڵەبانی، کەسایەتی و هەموو خەڵکی باشووری کوردستان. کورد پێویستی بە شەڕ و خوێنڕشتن نییە. کورد پێویستی بە یەکڕیزیی هەیە. پێویستی بە سیاسەتی ئەم شوێنە بۆ من ئەو شوێنە بۆ تۆ نییە. پێویستی بە ئاشتی و یەکێتی هەیە. بەبۆچوونی من گەورەترین پەیام ئەمەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، خانەوادەی بارزانی ، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە پشتگیری لە حکومەت دەکات و جەلال تالەبانیش پرۆتۆکۆلەکەی ساڵی ١٩٨٢یان بۆ یەکێتی نێوان هێزە کوردیەکەیان قبوڵ کردووە. سڵاوی خۆم بۆ ئەو خانەوادانە دەنیرم.

ڕژاندنی خوێنی کورد بە دەستی کورد قبوڵناکرێت. گەل و ئێمەش قبوڵی ناکەین. ئەگەر کەموکورتیەک هەبێت، پێویستە بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت. پێویستە ئیدی کورد لەسەر خاڵێک ڕێکبکەوێت و کێشەکانی نێوانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. ئەو کەسانەی کە دەتوانن ئەمەش بکەن خانەوادەی بارزانی و تاڵەبانی و هەڤاڵانی قەندیلن. هیوای ئێمە و هیوای گەلەکەمان ئەوەیە کە خوێنی کورد بە دەستی کورد نەڕژێنرێت.

٢-دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان
وەک ئەوەی ئاگادارم دۆخی ڕۆژئاوا باش نییە، بەڵام زۆر خراپیش نییە. سەرۆک و دەزگاکانی ڕۆژئاوا خۆڕێكخستنەوەی دیمۆکراسیی لەگەڵ لایەنەكانیان گەورە نەکردووە، زۆر بچووک ماونەتەوە. بەو بچووکیە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت، تا هێزێک دروست نەبێت، چارەسەری دروست نابێت. بۆیە پێویستە ڕێکخستنێکی زیاتر بکرێت، لە هەمانکاتدا پێویستە لە چوار پارچە ڕێکخستنەكان بەهێزتر بکرێت. لە دۆخی ڕێکخستن و بەهێزبووندا چارەسەر دروست دەبێت.

 ئێمە ئەو هەڵوێستەی کە 'با دوکان بچوک بێت و هی من بێت قبوڵ ناکەین'.

ئەو عەقلیەتەی كەكاری دوکانی بچوک دەكات نە بۆ کورد و نە بۆ گەلانی تر پێویست ناکات. پێویستە دوکان گەورە بێت و نوێنەرایەتی هەموو کەسێک لەناو دوکانەکەدا هەبێت. ئەو دوکانە هی نەتەوە و مەزهەبێت و پارتێک نەبێت و ئەوە قبوڵ ناکرێت. سەر بە نەتەوە و مەزهەب و رێکخستنێک نەبێت.

٣-هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە ڕژاندنی خوێن
بە پێی پێشبینیەکانم لەناو هێزەکاندا، هەندێک کەس بە باشی لەبەرانبەرم ناجووڵێنەوە. جیهان هەمووی دەزانێت کە من ٥٠ ساڵە چیدەکەم. من و هاوڕێکانم کە لە لای منن، لە زیندانە تاکەکەسیەکاندا تا دەتوانین کاری باش دەکەین. هەر کەسێک بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لەبەرانبەرم نەجووڵێتەوە، واتە خیانەت دەکات. ئەو هەڵوێستانە ڕاست نییە و قبوڵنەکراوە. هەموو شتێک ئاشکرایە. شتێکی شاراوە نییە. کێشەیەکی گەورە هەیە و پێویستە هەموو کەسێک بە شێوەیەکی ڕاست هەوڵی چارەسەرکردنی بدات. لە ئێستادا خوێن دەڕژێت، (ئەگەر)هێزێک هەبێت دەتوانرێت ڕێگا لە ڕژاندنی خوێن بگیرێت. لەبەرئەوەش پێویستە هەموو کەسێک لەسەر بناغەی ئەم بناغەیە کار بکات.